سبەینێ فێستیڤاڵی هەنار و پاییزەی هەڵەبجە دەستپێدەکات
3 كاتژمێر لەمەوپێش
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى پارێزگارى هەڵەبجە، سبەینێ پێنج شەممەـ 11هەمین فێستیڤاڵی پایز و هەناری هەڵەبجە دەستپێدەکات و بڕیار وایە سێ رۆژ بەردەوام بێت.
بەبۆنەی بەڕێوەچوونی "فێستیڤاڵی هەنار و پاییزەی هەڵەبجە" و بەمەبەستی كارئاسانی بۆ بەشداریکردنی فەرمانبەران و هاووڵاتییان لەو بۆنەیە، بەیانی لە پارێزگاکە پشووە.
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بڕیاریدا سبەی پێنجشەممە، 30-10-2025 لە هەموو فەرمانگە و دامودەزگا حکومییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بکرێتە پشووی فەرمی.
ئەم پشووە ناوەندەکانی خوێندنیش دەگرێتەوە، بەمەبەستی رەخساندنی دەرفەت بۆ خوێندكاران و مامۆستایان تا بەشداری لەم چالاکییە کلتووری و ئابوورییە گرنگەی شارەکەیاندا بکەن.
لەلایەکى دیکەوە گەشتوگوزاری هەڵەبجە ئامادەکارییەکانی بۆ بەڕێوەچوونی 11مین فێستیڤاڵی هەنار لەو پارێزگایە ڕاگەیاند و ئاماژە بەوە دەکات، ئەمساڵ جیاواز دەبێت و باشترین و گەورەترین هەنار، خاوەنەکەی خەڵات دەکرێن.
هەورامان جەلال، گوتەبێژی گوشتوگوزاری هەڵەبجە، ڕاگەیاند: ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە کۆتاییهاتووە و پلان وایە بە باشترین شێوە فێستیڤاڵەکە بەڕێوەبچێت.
گوتەبێژی گەشتوگوزاری هەڵەبجە گوتی: 500 کەپر ئامادەیە سەرجەمیان بەکرێ دراون بۆ هەر کەپرێک 100 هەزار دینار دیاریکراوە لە یەکەم ڕۆژی فێستیڤاڵ کۆنسێرتی هونەری بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ چەندین پێشانگەی شێوەکاری و هونەری دیکە، هەروەها لیژنەی تایبەت هەڵسەنگاندن بۆ تەواوی فێستیڤاڵەکە دەکات، هاوکات باشترین هەنار و گەورەترین هەنار خاوەنەکەی خەڵات دەکرێت، بەڵام دوای لەتکردن و بەدواداچوونی لیژنە.
هەورامان جەلال، باسی لەوە کرد، بەهەموو شێوەیەک ڕێگری دەکەن، لە هێنانی بەرهەمی خراپ و ساغکردنەوەی لە نێو فێستیڤاڵەکە، هەروەها ئامانجمان ئەوەیە فێستیڤاڵی هەنار بە نێودەوڵەتیی بکرێت، چونکە ساڵانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیاری بیانی سەردانمان دەکەن.
