عەلی حوسێن: خەڵکی سلێمانی دەنگی زل و ھات و ھاواری ناوێت
3 كاتژمێر لەمەوپێش
عەلی حسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی سلێمانی – ھەڵەبجە دەڵێت: خەڵکی سلێمانی دەنگی زل و ھات و ھاواری ناوێت، بەڵكو پێویستی بە خزمەتگوزاریی و ئاوەدانی و ئارامییە.
بە ئامادەبوونی عەلی حوسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - ھەڵەبجە - ڕاپەڕین و شاندێکی مەکتەب و بەرپرس و ھەڤاڵانی لقی ٤ و سکرتێری یەکێتی قوتابیان و لاوان و ژمارەیەکی بەرچاو لە قوتابیان و لاوان و ئافرەتان و کاندیدانی لیستی ٢٧٥ی بازنەی سلێمانی، لقی سلێمانی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان ئاھەنگێکیان بۆ سەرخستنی لیستی ٢٧٥ی پارتی سازکرد.
لەو ئاھەنگەدا عەلی حوسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی وتەیەکی پێشکەش کرد و لە بەشێکی وتارەکەیدا، جەختی لە پەیامی ئاشتی و بانگەشەی نەرم و ھێمنانە کردەوە و گوتی، "لە بازنەی سلێمانی بە ڕێنمای سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتیمان ھەوڵمانداوە بانگەشەیەکی ھێمنانە و ئارام بکەین، لێرە و لەوێ دەستکاری شیعارات و پۆستەرەکانمان دەکرێت، بەڵام ئەوانە نەبوونەتە کێشە، چونکە پەیامی پارتی پەیامی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانییە، لە ڕابردوو پارتی بە ڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی پێشەنگ بووە لە خەبات و قوربانی دان، لە ئێستاشدا پارتی پێشەنگە لە خزمەتکردن و ئاوەدانی.
عەلی حوسێن گوتیشی، "شاری سلێمانی شاری ھەڵمەت و قوربانی و ڕۆشنبیری و خەبات و قوربانییە، خەڵکی سلێمانی دەنگی زل و ھات و ھاواری ناوێت خەڵکی سلێمانی و دەور و بەری پێویستیان بەخزمەتگوزاریی و ئاوەدانی و ئارامییە، بۆیە گومانمان نییە خەڵکی تێکۆشەری سلێمانی و دەوروبەری وشیارن و دەنگ بە لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن، چونکە دەزانن پارتی و بارزانی بەھێز بێت کورد بەھێز دەبێت و مافەکانی گەلی کوردستان زیاتر بەدەست دێت، بۆیە لامان ڕوونە دەنگ و کورسی پارتی لەم سنوورە زیاد دەکات، ئەوەی جێی نیگەرانی ئێمەیە خەڵکانێک بۆخۆیان خزمەتی ئەم سنوورە ناکەن و ناھێڵن پارتیش خزمەتیان بکات، بۆیە دەبێت خەڵکی دەنگ بە لیستی ٢٧٥ بدات بۆئەوەی خزمەتی زیاتریان پێبکرێت.
