هاوسەرۆکی کەنەکە: کورد لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاراکتەرێکی چالاکە

5 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەحمەد قەرەمووس، هاوسەرۆکی کەنەکە لە کەنەدا لەگەڵ کوردستانییان کۆبووەوە، و بانگەوازی خاوەنداریکردن لە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیکی کرد و وتی: "کورد بە ئومێدن، ڕێکخراون و لە هەموو کاتێک زیاتر لە ئازادی نزیکن."

لە شاری مۆنتریالی کەنەدا، لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی(Fondation Kurde du Québec) کۆبوونەوەی گەل بەڕێوەچوو. چالاکییەکە بە ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان و سرودی "ئەی ڕەقیب" دەستیپێکرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بە بەشداری هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ئەحمەد قەرەمووس بەڕێوەچوو، کە بۆ کۆبوونەوە و چاوپێکەوتن لەگەڵ کوردستانییەکانی کەنەدا سەردانی وڵاتەکەی کردبوو، بابەتەکانی وەک پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک کە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە دەستیپێکردووە، دانانی چەک لەلایەن پەکەکە و کشانەوەی هێزەکانی لە تورکیا تاوتوێ کران.

قەرەمووس لە وتارەکەیدا سەرنجی خستە سەر ڕۆڵی گەلی کورد لە پڕۆسەکەدا و وتی: "کورد ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخوێننەوە و شیکاری دەکەن، هەنگاو و ستراتیژی خۆیان بەپێی ئەوە دیاری دەکەن. ئەم کشانەوەیە، هەنگاوێکە بۆ ئەوە نراوە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک تێک نەچێت و سەرکەوتوو بێت. ئەمەش دەرخەری پەیوەستبوونی گەلی کوردە بە ڕێبەرێتییەوە."

ئاماژەی بەوەدا کە کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان خەباتی ئازادی و دیموکراسی بەردەمی پێ دەدات و وتی: "کورد لە ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات، باکوور و باشوور باوەڕیان بە ڕێبەرێتیی هەیە؛ بە پارت و شەهیدەکانیانەوە پەیوەست ماونەتەوە. بێ ئومێد نین، بەڵکو زیاتر بە ئومێدن و ئێستا زیاتر لە ئازادی نزیک بوونەتەوە. نابێت گوێ بە پڕوپاگەندەی ئەو کەسانە بدرێت کە دەیانەوێت پڕۆسەی ئاشتی پووچەڵ بکەنەوە. کوردستانییان دەبێت یەکبگرن، دەبێت پشتگیری ئەو خەباتانە بکەن کە بەرەو ئازادی و ئاشتی دەڕۆن. ئێستا کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاراکتەرێکی ڕێکخراو و چالاکن."

چالاکییەکە بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی کوردستانییان لەلایەن ئەحمەد قەرەمووسەوە کۆتایی هات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار