بافڵ تاڵەبانی: لەهەولێر باڵەخانەو شەقامى زۆر دروستکراوە بەڵام ئازادى تیادا نییە

6 كاتژمێر لەمەوپێش



لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەریدا لە هەولێر، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، زنجیرەیەک بەڵێن و هەڵوێستی ئاراستەی خەڵکی کوردستان و هەولێر کرد و جەختی کردەوە، "قەڵای هەولێر سەوزە و دڵنیام ڕۆژی دەنگدان خەڵکی هەولێر سندوقەکان سەوز دەکەن."

سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، "زیان بە ئابووری خەڵک گەیەندراوە و لەبەرانبەردا هەندێک کەس بوونەتە فیرعەون،" و بەڵێنی دا، کە "کۆتایی بە پاوانخوازی و قۆرغکردنی ئابووری کوردستان دەهێنین." ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "دامەزراندن بۆ خەڵکی کوردستان نییە، بەڵام بۆ نزیکی فیرعەونەکان بەردەوامە." هەروەها وتی، "ڕزگارتان دەکەین لە پاڵاوگە نایاساییەکان و بەهۆی کاری قاچاخچێتی و دزییەوە کارەبا و سووتەمەنی گران بووە."

بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی کردەوە کە یەکێتی "دەنگی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستانە لە بەغداد" و "هێزی خەڵکی کوردستانە لە بەغداد." بەڵێنیشی دا کە "لە بەغدادەوە بودجەی کوردستان وەک ساڵانی 2004 لێدەکەینەوە" و "پرۆژەی گەورە لە بەغدادەوە دەهێنینەوە بۆ کوردستان." هەروەها وتی، "لە بەغدادەوە کار دەکەین سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ خەڵک دابین بکەین" و "بازرگانی لە نێوان هەولێر و هەموو عێراق دەبوژێنینەوە." تاڵەبانی ڕوونیکردەوە کە "یەکێتی پردی پەیوەندیی هەرێم و بەغداد دروست دەکات" و دەیەوێت "ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی لەبارەی پرسە گرنگەکان لەگەڵ بەغداد بکات."

سەرۆکی یەکێتی بە توندی باسی لە مافی پێکهاتەکان کرد و وتی، "دەبێت پێکهاتەکان لە هەرێم نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەبێت." ئاماژەی بەوەدا کە "هەندێک کەس بە دزین و دەستبەسەرداگرتنی زەوی پێکهاتەکان دەوڵەمەندبوون" و بەڵێنی دا "دەبین بە پارێزەری کریستیانەکانی کوردستان" و "دەبین بە نوێنەری ڕاستەقینەی پێکهاتەی تورکمان." بافڵ جەلال تاڵەبانی هەروەها ڕایگەیاند، "پرسی گەڕاندنەوەی مافی پێکهاتەکان لە عێراق و هەرێم دەکەینە پرسێکی نێودەوڵەتی و لە ئەمریکاوە دەست پێدەکەین."

بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی تایبەتی ئاراستەی خەڵکی هەولێر کرد و وتی، "هەولێر بەجێناهێڵین و وەک سەفین لە پشتی خەڵکی هەولێر دەوەستین." ناوبراو ڕەخنەی لە شێوازی ئاوەدانی گرت و وتی، "بینای بەرز و پان هیچ قیمەتی نییە ئەگەر خەڵکی هەولێر ئازاد نەبێت" و "لە هەولێر باڵەخانە و شەقامی زۆر دروستکراوە، بەڵام ئازادی تیادا نییە." هەروەها وتی، "هۆڵی گەورەمان بۆچییە ئەگەر ئەکتەرێک نەتوانێت ڕەخنە لە دزێک بگرێت؟" و بەڵێنی دا "دەمانەوێت هەولێر لە دوکەڵ و پیسی ژینگە پاکبکەینەوە."

سەبارەت بە بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتوو، سەرۆکی یەکێتی هەڵوێستی حزبەکەی ڕوونکردەوە و وتی، "ناچینە ناو حکومەتێک کە جیاکاری لەنێوان شارەکان بکات، دەچینە ناو حکومەتێک، کە خزمەتی هەموو هاوڵاتییان بکات." هەروەها جەختی کردەوە، "ئیتر غەدر لە کەس قبوڵ ناکەین و شەڕدەکەین تاوەکو ئێوە وەک پێویست مافی خۆتان وەربگرن."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار