سەڵاحەدین بەهادین: لە بادینان دەسەڵات هیچ نەما بەرامبەر یەكگرتوو نەیكات
8 كاتژمێر لەمەوپێش
سەڵاحەدین بەهادین، ئەمیندارى گشتیى یەکگرتووى ئیسلامى ڕایگەیاند، لە بادینان دەسەڵات هیچ شتێک نەماوە بەرامبەر حیزبەکەى نەیکات و بارەگاى سووتاندووە و سەرکردەکانى "شەهید" کردووە.
سەڵاحەدین بەهادین لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مەڵبەندی 3ـی حیزبەکەى گوتى "یەكگرتووەكانی بادینان بارەگایان سووتێنرا و خوێنیان ڕژا، بەڵام خۆڕاگر بوون".
ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو، تیشكیشى خستووەتەسەر ئەو ترسانەی دەسەڵات لە یەكگرتوو هەیەتی لە بادینان و گوتی "یەكگرتوو لە بادینان بەردەوامە لە خەباتی مەدەنی و كاری میانڕەوی، دەسەڵات هیچ نەما نەیكات بەرامبەر یەكگرتوو لە بادینان بارەگای سووتاند و سەركردە و کادری پێشكەوتووی لێ شەهید كرد".
لەلایەکى دیکەوە ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو لە وتەیەکی بۆ بەشێک لە کادیرانی پێشکەوتوی سنوری مەڵبەندی بەردەرەشى حزبەکەى رایگەیاند: بارودۆخی عێراق جیاوازە و ئێمە وەکو یەکگرتوو لە بابەتی نیشتمانی و نەتەوایەتی لەگەڵ لایەنە کوردیەکان کۆکین و لەگەڵیان دەبین، بەڵام لە بابەتی حزبی و سەفەقاتی بازرگانی و دروستکردنی کێشە بۆ فەرمانبەران و موچەخۆران لەگەڵیان نابین، بۆ ئەم مەبەستە کاندیدانی یەکگرتوو یار و نەیار شایەدی دڵسۆزی و پاکی یان بۆ دەدەن و هەموو کەس دەیاناسێ.
