مەسرور بارزانی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران و وڵاتان پتەوتر دەکەین

7 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی دیکەی جیهان دەکاتەوە. 

ئه‌مڕۆ دووشەممە، 03ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمه‌رانی کردەوە و لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، "لە ڕووی بازرگانییەوە بۆ ئێمە گرنگە پەرە بە بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بدەین".

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە هەڵکەوتەی جوگرافیای شارەدێ و دەروازەی سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دا و گوتی: "ئێرە شوێنێکی گرنگە، چونکە دەروازەیەکیشە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە پێویستە بۆ ئێمە گرنگی بەو پەیوەندییانە بدەین و ئاسانکاریش بۆ ھاتوچۆی ھاووڵاتییان بکەین."

مەسرور بارزانی دوای کردنەوەی رێگەی دووسایدی حاجی ئۆمەران رایگەیاند، "زۆر خۆشحاڵم سەردانی حاجی ئۆمەران دەکەم کە سەردەمێک پایتەختی شۆڕشی ئەیلوول بوو، شوێنەواری بارزانی نەمرە. شوێنی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەیە کە ئێمە ئێستا بەرهەمی دەستی ئەوان دەبینین و لە سایەی زەحمەتی ئەوان ئێستا کوردستانێکی ئازادمان هەیە".

مەسرور بارزانی گوتی، "جێی دڵخۆشییە کە لێرەین بۆ کردنەوەی بەشێک لەو رێگەیە کە بەشێوەیەکی سەردەمیانە و رێکوپێک دروستکراوە و خراوەتە خزمەتی هەموو هاووڵاتییان. بێگومان خەڵکی ئەم دەڤەرە شایەنی خزمەتی زۆر لەوە زیاترن، ئەوەی لە دەستی حکومەت بێت بەپێی توانا لە خزمەتتان دەبین و پەرە بە گەشەسەندن و پێشخستنی وڵاتەکەمان دەدەین".

درێژیی رێگەکە 2.5 کیلۆمەترە و تێچووەکەی زیاتر لە 35 ملیار دینارە.

دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران کە هەردوو پارێزگای هەولێری هەرێمی کوردستان و پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیەکەوە دەبەستێتیەوە، دەروازەیەکی بەردەوام پڕجووڵەی نێوان هەردوو پارێزگایە، کە لە ڕووی هاتوچۆی گەشتیارییەوە 24 کاتژمێرەیە و لە لایەنی بازرگانیشەوە ڕۆژانە لە کاتژمێری هەشتی بەیانییەوە تاوەکوو حەوتی ئێوارە جموجووڵی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان دەکرێت.

لەبارەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان لە دەروازەی حاجی ئۆمەران، پێشتر پارێزگاری ورمێ، ڕەزا ڕەحمانی لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاندبوو، بە گوێرەی تۆمارەکان لە ساڵی 2024دا بە قەبارەی هەشت ملیار دۆلار هەناردە و 19 ملیار دۆلار کاڵا بە ترانزێت هەناردەی سنووری هەرێمی کوردستان کراوە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار