بافڵ تاڵەبانى: هەموو بڕیارێکى ستراتیژى عێراق دەبێت لەناوخۆوەبێت نەک لەوڵاتانى دەرەوە
6 كاتژمێر لەمەوپێش
بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەیدا لە موسڵ وتى: هەموو بڕیارێكی ستراتیژی عێراق دەبێت لە عێراق بدرێت، نەك لەم وڵات و ئەو وڵات.
لە وتارێکی لە شاری مووسڵ، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وێڕای ستایشکردنی خۆڕاگریی خەڵکی نەینەوا، نەخشەڕێگا و پڕۆژەی حزبەکەی بۆ بونیادنانەوەی شارەکە و گەڕاندنەوەی شکۆی بۆ خستەڕوو و جەختی کردەوە کە بەبێ سەقامگیریی مووسڵ، عێراق سەقامگیر نابێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی وتارەکەی بە ستایشکردنی مێژوو و قوربانیدانی مووسڵ دەستپێکرد و وتی: "مووسڵ هێمای هێز و خۆڕاگرییە، ئێمە شانازی بە خوێن و مێژووی مووسڵ دەکەین." ئاماژەی بەوەشکرد کە تیرۆرستانی قاعیدە و داعش نەیانتوانی ئەم شارە بڕوخێنن، چونکە "خەڵکی نەینەوا دیواری ئاسنین و خۆڕاگریین لە عێراق." ئەو نەینەوای بە "نموونەی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال" وەسف کرد کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان پێکەوە دەژین، جەختیشی کردەوە کە "داینەمۆی نوێبوونەوەی عێراق مووسڵە" و "بەبێ سەقامگیریی موسڵ، عێراق سەقامگیر نابێت."
سەرۆکی یەکێتی دڵنیایی دایە خەڵکی نەینەوا کە "یەکێتیی پرۆژەی هەیە بۆ نوێبوونەوەی نەینەوا" و بەڵێنی دا: "ماڵ و گەڕەک و خەونەکانتان بونیاد دەنێینەوە." ئەو ڕایگەیاند کە دەزانن "هاووڵاتیانی نەینەوا نەهامەتی زۆریان چەشتووە،" بەڵام جەختی کردەوە کە ئەوان "بڕوایان بە دادپەروەرییە نەک تۆڵەکردنەوە." لەم چوارچێوەیەدا، بەڵێنی دا کە کار بۆ گەڕاندنەوەی مافی گیراوە بێتاوانەکانی نەینەوا دەکەن و پێویستە هەموو ئاوارەکانیش بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی گرنگییەکی تایبەتی بە دۆخی کوردانی ئێزدی دا و وتی: "کار بۆ گەڕانەوەی کوردانی ئێزدی دەکەین" و "خەبات دەکەین بۆ ئەوەی خوشک و برا ئێزدییەکان سەربەرزانە بژین" و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی تیشکی خستە سەر گرنگیی زانست و خوێندن و ڕایگەیاند: "پێویستە گرنگی زیاتر بە زانکۆی مووسڵ بدرێت." بەڵێنی دا کە "کار بۆ پێشکەوتن و نوێکردنەوەی زانکۆی مووسڵ دەکەن" و پێشنیازی کرد: "داوای دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان زانکۆکانی مووسڵ و سلێمانی دەکەم" بۆ ئەوەی ببێتە پردێکی زانستی و ڕۆشنبیری.
لە کۆتاییدا، سەرۆکی یەکێتی پەیامێکی سیاسیی ڕوونی ئاراستە کرد و وتی: "نەینەوا پێویستی بە سیاسەت و ڕێبازی مام جەلالە." جەختی لەسەر سەروەریی عێراق کردەوە و ڕایگەیاند: "پێویستە تەواوی بڕیارە ستراتیجییەکانی عێراق لە ناوخۆی وڵات بدرێت" و "نەینەوا شوێنی ئەجێندای هیچ لایەن و وڵاتێک نییە." دڵنیاییشی دا کە "یەکێتی لە نەینەوا نوێنەرایەتی تەواوی پێکهاتەکان دەکات" و "لیستی هاوپەیمانی خەڵکی نەینەوا نوێنەرایەتی هەمووان دەکات.
