ئەوانە پڕبوون، پوچ نەبوون 

3 كاتژمێر لەمەوپێش



 فارس نەورۆڵی 

جوانی دیموكراتییەت ئەوەیە ڕەنگاوڕەنگە، بەهەر شێوەیەك خۆت بتەوێ دەتوانی لە پرۆسەی سیاسییدا بەشدار بیت، یان بەشدار نەبیت،  بە ویستی خۆت تەعبیر لە ڕای خۆت بكەیت، نموونە لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگداندا، دەتوانی پەیامی ڕازی بوون یان ڕازینەبوون لەو واقیعە بگەیەنیت.

لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی پەرلەمانی عێراقدا ڕێژەیەكی بەرچاو لە دەنگدەر ئامادە نەبوون دەنگ بدەن بە هیچ حزبێك نە ئۆپۆزسیۆن و نە دەسەڵات، یاخود بایكۆتیان كرد یاخود بەشدار بوون و دەنگیان بە هیچ لایەنێك نەدا،  كە نزیكەی 48 % دەبێتەوە، ئەمەش هۆكاری جیاجیای سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و بێمتمانەیی هەیە.

ئەودەنگانە پێیانوایە نە ئۆپۆزسیۆن و نە دەسەڵات وەڵامی پرسیارەكانی ئەوانی نەداوەتەوە، دابڕانێك لەنێوان ئەوان وحزبە سیاسییەكاندا هەیە، ئەمەش وایكردوە ئەو دەنگانە بێهیوا بن لەهەر گۆڕانكارییەك. خراپترین دۆخ لە سیاسەتدا بێهیوابوونی خەڵكە، بۆیە ئەو دەنگانە نامەیەك بوو ئاراستەی هەموو حزبە سیاسییەكانیان كرد. دەبێ حزبەكانیش ئەوە بزانن ئەو دەنگە سپیانە تەنها ژمارە نەبوون، بەڵكو پرۆسەیەك یاخود گۆڕانێكی سیاسی و كۆمەڵایەتییە پێمان دەڵێ ژمارەیەكی بەرچاو هەست دەكەن پەراوێزخراون.  پرسیاریان لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی هەیە. لێرەدا پێویستە ئەو گروپ و لایەنانەی كە لیستیان نەبووە بۆ هەڵبژاردن دڵنیابن ئەم دەنگانە دەنگی ئەوان نییە، بۆیە هیوای لەسەر بنیاد نەنێن.

لێرەدا دەمەوێ بڵێم ئەودەنگانە دەنگی ناو ئەم نیشتیمانەیە و لە ناخۆشیەكانی ئەم نیشتیمانەدا بەشداربوون.  دڵنیام ئەگەر هێرشێك ڕووبەڕووی نیشتیمان ببێتەوە ئەوان قەڵغانی بەرگرین، بۆیە پێویستە هەموو حزبەكان بەخۆداچونەوە بكەن بۆ ئەوەی ئەودەنگانە بەشدار ببنەوە و متمانە پەیدا بكەن ئیتر بەهەر هێزێك كە دەبێتە جێگای متمانەیان بەتایبەتی پارتی كە لەم هەڵبژاردنەدا سەروی یەك ملیۆن دەنگ متمانەیان پێدا. پێویستە هەردوای هەڵبژاردن خوێندنەوەییەكی كۆمەڵناسانە بۆ ئەودەنگانە بكات و توێژینەوەی لەسەر هۆكارەكانی بێمتمانەی ئەودەنگانە بكات و بكەوێتە گفتوگۆیەكی كراوە و ڕاشكاوانە لەتەكیاندا.

بیربكاتەوە بۆ ئامادەكردنی وەڵامی پرسیارەكانیان، چونكە دواجار ئەو دەنگانە هاونیشتیمانی ئەم كوردستانەن  و پارتی لەم قۆناغەدا خاوەندارییەتی و ڕابەرایەتی دۆزی كورد دەكات. بۆیە دەبێت گوێبیستی پرسیارەكانی هەموو هاوڵاتییەك بێت بەبێ جیاوازی ڕەنگ و دەنگ، وەڵامی پرسیارەكانیشیان بداتەوە.  كەواتە ئەو ناوە هەڵەیە كە دەڵێن دەنگی پووچ، بەڵكو ئەوانە دەنگی پڕن بە جیاوازتر.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار