مەحمود محەمەد وتەبێژى پارتى: خەڵک متمانەى دایەوە پارتى و ئەرکى ئێمە قورستربوو

3 كاتژمێر لەمەوپێش



وتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموکراتى کوردستان، ڕایدەگەیەنێت  لەسەردانەكەی محمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە رۆژی سێ‌ شەمە دەگاتە دهۆك، بە دڵنیایی باسی پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەكرێت و بەشێكە لەو گفتوگۆیانەی لەومەودا دەستپێدەكات.

 لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی ڕووداو، ئەمڕۆ شەممە مەحمود محەمەد، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، وتى: بەداخەوە هەر لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی پارتی هەوڵی خۆیداو سەردانی هەموو لایەنەكانی كرد بۆ ئەوەی كابینەی شەرعی خۆمان پێكبهێنین، لایەنەكان لەخەمی ئەوە نەبوون دامەزراوەكانی حكومەت و كابینەكەی پێكبهێنرێت.

وتیشى: ئێمە لەئەنجامەکانى هەڵبژاردن خەڵکى کوردستان متمانەى نوێکردەوە بۆ پارتى و ڕێبازى بارزانى و ئەرکى ئێمەى قورستر دەخاتەسەرشانى ئێمەو سوپاسى هەموو هاوڵاتیان دەکەین، پرۆسەکەش بەبێ هیچ ڕوداوێکى ناخۆش تێپەڕى.

ئەو ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە دەبێت دەست بە گفتوگۆبكەینەوە، بەڵام هیچ بەرنامەیەكی دیاریكراومان دانەناوە بۆ كۆبونەوە لەگەڵ لایەنەكان، دەشڵێت:  ئەگەر لەگەڵ یەكێتی رێكنەكەوتین ئەوسا قسەی خۆمان دەبێت.

لەبەشێکى دیکەى دیدارەکەى لەگەڵ ڕووداو وتەبێژەکەى پارتى ئەوەى خستەڕوو  تائێستا قسە لەسەر دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نەكراوە و ئومێد دەكەین نەگاتە ئەوە.

ئەو وتیشى: بەگوێرەی رێككەوتنێكی نەنوسراو پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كورد دەبێت، عەرەبەكان گلەیی ئەوە دەكەن كورد كەسایەتیەكی لێهاتوویی خۆی پێشكەش ناكات بۆ ئەو پۆستە، ئومێد دەكەین ئەمجارە ئەم گلەییە دووبارە نەبێتەوە.

سەبارەت بە پۆستى سەرۆک کۆمار لە کابینەى داهاتوو، مەحموود محەمەد دەڵێت: پێدانی پۆستی سەرۆك كۆمار بە یەكێتی عورف نییەو بەپێی رێككەوتنێكی پێشتری نێوان جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی كراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار