ئێران و ئاینگەرایی
5 كاتژمێر لەمەوپێش
سەردار عەزیز
دوو ڕۆژنامەنوسی گۆڤاری بە ناوبانگی ئیکۆنۆمیست، کە گۆڤاری ناسراوی دیدی لیبرالیزمە بۆ دونیا، سەردانی ئێرانیان کردوە. لە گفتوگۆکەیاندا باس لە دوور کەوتنەوەی کۆمەڵگای ئێرانی دەکەن لە ثیوکراسی، (لێرەدا تەنها حوکمی دینی ناگەیەنێت بەڵکو ئاینگەرێتیش دەگرێتەوە) بەوەی زۆرینەی خەڵکی ئێران دەیانەوێت ژیانی ڕۆژانەیان بژین و هەمویان دینی و توندڕەو ڕادیکاڵ نین. یان وەک یەکێکیان دەڵێت هەمویان ڕۆژی سێ جار نوێژناکەن، دیارە بە هەڵە تێگەیشتوە مەبەستی پێنج جارە.
نەک تەنها ئەم هەڵە بچوکانە، بەڵکو لەم بەشە کورتەی دیدارەکەدا، هەڵەی زەقی گەورە هەیە کە کاریگەری زۆری لە تێگەیشتن لە ئێران و ناوچەکە هەیە.
شۆرشی ئیسلامی ئێران هەرگیز ئیسلامی نەبوە. بەڵکو ڕەگی لە چەمکی سەروەریی یان سۆڤرندا هەیە. لەم ڕوەوە لە کاتێکدا نەیویستوە لە گەڵ ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا بێت بەڵام کەوتەوەتە بەرەی دژەوە. کرۆکی ناعەقلانی سیستەمی ئێرانی لە دژایەتیدایە. کرۆکی ئەم پرسە ئەوەیە ئایا دەتوانیت سەروەریت هەبێت و بەشێک بیت لە دونیا، یادەوەری ئێرانی لە سەر بنەمای ئەزمونی شایە، بە نەخێر وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە.
بۆیە سەروەربون وەک نەبونە بەشێک لە سیستەمی جیهانی دەبینێت. ئەمەش کرۆکی کۆمەڵێک هەڵە و ترسی گەورەیە. یەکێک لەوانە تارمایی گۆڕینی ڕژێم.
ئێرانی ئەمڕۆ عەلمانی نیە. بەڵکو وەک چۆن ڕژێمی ئیسلامی پەرچەکرداری شایە، لە هەمانکاتدا خەڵکی ئێران پەرچەکرداری ڕژێمی ئیسلامین. عەلمانیەت پەرچەکردار نیە، بەڵکو دیارییکردنی پانتایی ئاین و دونیا و دەسەڵات و شەخسە. عەلمانیەت دژ بە بەکارهێنانی ئاینە بۆ بەرژەوەندی شەخسی و کردنی بە ئامرازی سەپاندنی بەرژەوەندی تایبەت لە هەناو چوارچێوەی دیندا.
دیارە کردار و پەرچەکرداری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست عەقلانیەتی لەم ناوچەیەدا کوشتوە. تورکەکان لە عەلمانیەوە چون بۆ ئیسلامی، ئێستا ئیسلامی بوەتە حوکمی شەخسی و لە کۆڵیان نابێتەوە.
بەشی زۆری تێگەیشتنەکانی پەیامنێر و کۆمێنتارەکان ئۆریەنتالیزمانەیە. کە یانی لە ئاگاییاندا وێنایەک هەیە بۆ شوێنێک، ئەو وێنایە نەگۆڕە، بەڵام کاتێک ڕوبەڕوی واقیعێکی جیاواز دەبیتەوە، ئەوا توشی حەپەسان و سەرسوڕمان دەبیت، بۆیە بە هەڵە تێدەگەیت.
لێرەدا، میشێل فۆکۆ و ئیدوارد سەعیدم تێکەڵکردوە.
باوەڕی ئاینی جیاوازە لە سیاسەتی دینی. بە سیاسەتکردنی دین لە سودی باوەڕی دینی نیە. چونکە خەڵک به هۆکاری جیاواز دیندارن. کیرکیگارد دەڵێت بۆ زۆرینەی خەڵک ئازادی مایەی دڵەڕاوکێیە. دین بۆ زۆرینە دامرکێنەوەی ئەو دڵەڕاوکێیە.
