مەزڵوم عەبدی لە دهۆکەوە نەیارانی پارتی توڕە کرد؛ دیوی پشتەوەی گوتارە نەرمەکەی عەبدی
کاتژمێرێک لەمەوپێش
پەنجەرە
کاتێک مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە لەشاری دهۆکەوە تەبایی نێوان هێزە سیاسییەکانی لە "کەسایەتی مەسعود بارزانیدا" چڕکردەوە، ناوبراو کەوتەبەر ڕەخنەی ئەو کەس و لایەنانەی نەیاری سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانن.
چاودێرانی سیاسی، پێیانوایە گوتارەکەی مەزڵوم عەبدی لە کۆڕبەندی "مێپس" لە شاری دهۆک، "موجامەلە" کردنی پارتی دیموکراتی کوردستانی پێوە دیاربوو، بەڵام ئاماژە بەوەش دەکەن کۆدی نهێنی لە پشت گوتارەکەوە هەیە.
سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی لە هەرێمی کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هەسەدە پێویستی بە نزیکبوونەوەیە لەگەڵ پارتی چونکە هاوسنورن لەگەڵ یەکتریدا.
سەرچاوەکە دەڵێت: هەسەدە چاوی لەوەیە پەرە بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بدرێت لەنێوان هەرێم و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا، ئەمە جگە لەوەی خوازیارە پارتی ڕۆڵی هەبێت لە نێوەنگیریکردنیان لەگەڵ تورکیا.
پەیوەندی نێوان هەسەدە و پارتی لەڕابردوودا وەکپێویست نەبووە، لەکاتێکدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی لە قۆناغێکی پێشکەوتوودا بووە، بەڵام گەورەترین گرفتی بەردەم هەردوو هێزەکە دابڕانی نێوانیانە لەڕووی جوگرافیاوە.
سەرچاوەکە دەڵێت: هەماهەنگییکردن لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان بەشێکبوو لە بانگەشەی یەکێتی، بەپێچەوانەوە بەردەوام لۆمەی پارتی دەکرێت کە نەیاری ئەزمونی ڕۆژئاڤا و هەسەدەیە، بۆیە پارتی لەڕێگەی داوەتکردنی عەبدییەوە هەوڵیدا ئەم ڕەخنەیە لەسەر خۆی لاببات.
