نوێژە بارانە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
د. هیوا جاف (ناوەندی ئەکادیمای توێژینەوەی نیشتمانی)
زۆرێکمان چیرۆکی باوک و حەوت کوڕەکەیمان بیستوە، دەگێڕنەوە جارێکیان باوکێک بۆ ئەوەی وانەیەک فێری کوڕەکانی بکات، حەوت شووڵ دەهێنێت و بانگی کوڕەکانی دەکات و داوایان لێ دەکات هەریەکە و شوڵێک بشکێنن، ئەوانیش شوڵەکان بەئاسانی دەیشکێنن، پاشان باوکە داناکە حەوت شووڵ پێکەوە دەبەستێت و داوایان لێ دەکات بیشکێنن، کوڕەکانی دەستی دەدەنێ و هەرچەند دەکەن ناتوانن بیشکێنن. باوکەکە وانەیەکیان فێردەکات ودەڵێت: کوڕینە ئەم شووڵانە ئێوەن ببینە بەتەنیا چۆن دەشکێن و ئەگەر یەکڕیزبن هێز نییە بتان شکێنێت.
گەرچی ئەمە چیرۆکێکی کۆنە، بەڵام ڕاستییەکی نەگۆڕی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە لە هەموو سەردەمێکدا بەها و گرنگی خۆی هەیە. ئەو پەندەی کە باوکە دانا فێری کوڕەکانی کرد، وانەیەکی گەورەیە بۆ هەموو نەتەوە و گەلێک: یەکڕیزی هێزە، دابەشبوون لاوازییە.
ئەمڕۆ، کە کورد لەسەر ڕێڕەوێکی مێژوویی و قۆناغێکی ورد و حەساس دەڕوات، ئەم پەندە کۆنە دەبێتە ڕێنیشاندەرێکی سەرەکی بۆ داهاتوومان. وەک ئەو شووڵانەی کە بە تەنیا ئاسان دەشکێن، بەڵام کاتێک پێکەوە دەبەسترێنەوە دەبنە هێزێکی نەشکێنراو، هێزە سیاسییە کوردییەکانیش بە تەنیا لاوازن، بەڵام بە یەکڕیزی دەبنە هێزێکی بەرگری لە بەرژەوەندی نیشتمانی.
بانگەشەی یەکێتی بۆ یەکڕیزی – دەستپێشخەریی مێژوویی
لە قۆناغێکدا کە کورد لە بەغداد پێویستی بە دەنگێکی یەکگرتوو هەیە، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە بەرپرسیارانەترین شێوە دەستپێشخەری کردووە و ڕایگەیاندووە: “بەهێزی کورد پەیوەستە بە یەکڕیزیمانەوە لە بەغداد.” ئەم وتەیە نەک تەنها هەڵوێستێکی سیاسییە، بەڵکو بانگەشەیەکە بۆ هەموو لایەنە کوردییەکان کە لە هەستی نەتەوایەتی و بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە سەرچاوە دەگرێت.
یەکێتی، وەک یەکێک لە دوو حزبە سەرەکییەکانی کوردستان، تێگەیشتووە کە کاتی تێپەڕاندنی کێشە حزبی و دابەشبوونی مێژوویی هاتووە. ئەم دەستپێشخەرییە نیشانەیەکی ئەوەیە کە لایەنە کوردییەکان دەستیان کردووە بە گرنگیدانی بەرژەوەندی نیشتمانی لە سەروو بەرژەوەندی حزبی یەک دەنگی نەک تەنها پێویستە بەڵکو ستراتیژییەتێکی نیشتمانییە کە دەتوانێت داهاتووی سیاسیی و ئابووری هەرێمی کوردستان و کورد لە عێراق بگۆرێت وبەهێزکردنی توانای مامەڵەکردن وبەدەستهێنانی هاوهێزی لە حکومەتی فیدراڵدا لە مەسەلەی نەوت و بودجە هەرێمی کوردستان و پشتگیریکردن لە پێکهاتەی هێزە چەکدارەکانی هەرێم.
هەڵوێستی هاوبەش لە بەرژەوەندییە ئەمنییەکاندا دەتوانێت یەکگرتنەوە و بەهێزترکردنی هێزەکانی پێشمەرگە وباشترکردنی هاوکاری ئەمنی لەگەڵ بەغداد و پاراستنی سنوورە کێشەلەسەرەکان و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان یەکگرتوویی کورد جگە لە کاریگەری ناوخۆیی، باشتر دەتوانێت پێگەی نێودەوڵەتیی هەرێم بەهێز بکات. کوردستانێکی یەکگرتوو وەک هاوبەشێکی باوەڕپێکراوتر دەردەکەوێت ودەتوانێت پەیوەندی باشتر لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا دامەزرێنێت و توانای زیاتری هەیە بۆ بەرژەوەندیخوازی لە فۆرمە نێودەوڵەتییەکاندا و دەتوانێت ڕۆڵێکی باشتر لە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەدا بگێڕێت.
ئاستەنگەکان و چارەسەرەکان
بە هۆی بوونی چەند ئاستەنگێکەوە وەک جیاوازی بەرژەوەندی حزبی و کێشەی مێژووی نێوان لایەنەکان و هەندێ فشاری دەرەکی لەسەر هێزە کوردییەکان و بەشێوازێکی کەمتریش کێشەی کۆمەڵایەتی کاریگەری خۆی هەیە بۆ چارەسەری ئەم ئاستەنگانە پێویست بە دیالۆگە تێیدا بەرژەوەندی نیشتمانی لە سەرو هەموو بەرژەوەندییەکانی ترەوە دانانێن ئەمەش پێویستی بە دروستکردنی میکانیزمی هاوبەشی بڕیاردان و ئامادەکاری و لێبوردەیی و کەمێ قوربانی (ئازاییەتی) دەوێت.
حزبە کوردییەکان هاوبەشی پێویستن بۆ هەر هاوپەیمانێکی حکومڕان، بەتاییبەتی بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی شیعی کە چاوەڕوان دەکرێت دەسەڵاتی بهێڵێتەوە. رونە کە بەبێ بەشداری کورد، پێکهێنانی حکومەت لە بەغداد سەختە.
داواکارییە سەرەکییەکان لە مامەڵەکاری دانوستانەکاندا، چەندین داواکاری گرنگ کە دەبێت هەبێ وەک:
جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ وچارەسەرکردنی دۆخی ناوچە کێشەدارە کان دەکات، بەتایبەتی کەرکووک. ئەم مادەیە فەرمانی بە ئەنجامدانی ژمارەیەک هەنگاو دەدات وەک ئاساییکردنەوە، سەرژمێری، و ڕیفراندۆم. سەرەڕای دەستووریی بوونی، ئەم مادەیە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە جێبەجێ نەکراوە.
پاراستنی مافی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردنی سامانە نەوتییەکانی. کورد داوا لە بەشێکی دادپەروەرانە لە داهاتی نەوتی عێراق دەکات.
مسۆگەرکردنی دابینکردنی ڕێژەی ١٢.٧٦% لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان. ئەم بابەتە بەردەوام کێشەی لە نێوان هەولێر و بەغداد دروستکردووە.
چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هێزەکانی پێشمەرگە. بەغدا پێویستە بەڵێنی خۆی بەجێبهێنێت لە گەیاندنی مووچە لە کاتی خۆیدا.
دڵنیابوون لە بەشداریی کورد لە دەسەڵاتی فیدراڵیدا بە شێوەیەکی هاوسەنگ، لەوانە جێگری سەرۆک وەزیران وژمارەیەک وەزیر.
قەرەبوو کردنەوەی کەسوکاری زەرەرمەندانی ئەنفال وکیمیا بارانی هەلەبجە هتد.....
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعی پلانی هەیە بۆ دەستپێکردنی خێرای دانوستانەکان دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان. کورد پێویستە بەشداری چالاکانەی ئەم دانوستانانە بکات لە سەرەتاوە پابەندبوون بە ڕێکەوتنەکان وجێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی پێشوو لەگەڵ بەغداد، وەک دەستبەجێکردنی نەوت و داهاتی گومرگ.
هەڕەشەکان لەسەر کورد کە دەبێت ئاگاداربین ئەمانەن:
فشار بۆ دەستبەرداربوون لە مافە دەستووریییەکان لە بەرامبەر بەشداری لە دەسەڵاتدا
درێژەکێشانی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت کە دەتوانێت کارایی کورد کەمبکاتەوە هەوڵی لایەنە عەرەبییەکان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری کوردی لە بڕیارە گرنگەکاندا ستراتیژی کورد لە بەغداد دوای هەڵبژاردنەکان پێویستە هاوسەنگ بێت لە نێوان بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی وپاراستنی بەرژەوەندی نیشتمانی. یەکگرتوویی کوردی کلیلی سەرکەوتنە لەم قۆناغەدا.
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعی بەرەیەکی یەکگرتوی شیعەیە وبەهێزەوە نوێنەرایەتیدەکات
سونەکان بەرەیەکی فراوانی لە برا دژەکان پێک هێناوە بەناوی چوارچێوەی سونیەوە
پرسایرەکە ئەوەیە ئەی کورد چی وە بیر لە چی دەکاتەوە؟ خۆزگە وەک چۆن نوێژە بە بارانە هەیە نوێژی یەکگرتن و یەک دەنگیش هەبوایە .
