سیاسیەکان و راگری سیاسی
2 كاتژمێر لەمەوپێش
مەلا فرمان
عێراق دوای ٢٠٠٣ بە هۆی دەستێوەردانی زیاتر لە لایەنێکی دەرەکی نەیتوانی لە روی بڕیاری سیاسیەوە بکەوێتە سەرپێی خۆیی و سەربەخۆبێت. بەدرێژایی رۆژگار ململانێ و ناکۆکی نێوان نوێنەرانی سێ پێکهاتەی عێراق : کورد، سونە و شیعە لەگەڵ یەکتر و نەسازی لایەنەکانی خودی پێکهاتەکانیش هێندەیتر رێگەی بۆ دەستێوەردان خۆشترکد.
شەڕی مەزهەبی نێوان شیعە و سونەی عەرب و هاتنی داعش ، شەڕی خۆبەخۆی لایەنە کوردیەکان هێندەیتر خۆیان وعێراقیان لاوازترکرد، تا ئەو رادەیەی وەک پیرەمێردە نەخۆشەکە نەتوانێ بەر کزەبایەکی پایز بگرێ.: هاتنی داعش، هاتنە ناوەوەی سوپای تورکیا و فشارەکانی ئێران. بەڵام بۆ خۆبەهێزکردن و بەرزکردنەوەی بەرگری لەش ، لە کاتی لێکتێنەگەیشتن، کێشە و گرفت و پەرتەوازەیی هەر یەکێ لەو سێ ماڵە هاوشێوەی کۆنە لادیوار بەڕاگر خۆیان دەگرنەوە ، راگرە سیاسیەکانیش بریتین لە:
١- ماڵی شیعە: لە کاتی کێشە و گرفت و پەرتەوازەیی پەنا دەبەنە بەر هەردو راگری کۆماری ئیسلامی ئێران و مەرجەعی باڵای شێعە. بینیمان، بەبونی ئەم دو راگرە دورکەوتنەوەی کیتلەی سەدری وەک گەورەترین کیتلەی شیعی لە پرۆسەی سیاسی کاریگەری نەرێنی گەورەی نەکردە سەر ئەم ماڵە، یان لە کاتی پیکهێنانی حکومەت و دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ سەرۆک وەزیران.
٢- ماڵی سونە: ئەم پێکهاتەیە هاوشێوەی شیعە مەرجەعێکی ئایینی سوننیان نیە، بۆیە لە هەنگاوی یەکەم پەنا دەبەنە بەر وڵاتانی سونە مەزهەب: تورکیا و سعودیە بە نمونە. لێرەوەش هەوڵدەدەن خۆیان رێکبخەن و خۆیان بۆ ئاڵەنگاریەکان ئامادە بکەن.. ئێستا بەرەبەری پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقە، لایەنە سونیەکان بەم شێوەیە خۆیان ئامادە دەکەن: سەرکردایەتی هاوپەیمانی ولایەنە سونیەکان: حیزبی تقدم، حیزبی عەزم،هاوپەیمانی سیادە، هاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی و حیزبی جەماهیر. ئەم پێنج لایەنە پێکەوە ( ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی) یان پێکهێناوە.
٣- ماڵی کورد: جگە لە پشتیوانی بچڕپچڕی هاوپەیمانان، هیچ یەکێ لەو راگریانەی شیعە و سوننەیان نیە، لە ناو خودی خۆشیان دور لە ویستی شەقامی کوردستان نەساز و ناتەبا و بەدن. هیچ بەرنامەیەکی هاوبەش و بەرەیەکی هاوبەشیان نیە. هاوشێوەی ئەسپی سەرشێتی بێجڵەو هەریەک بەلایەکدا رمپەی پێی دێ.
جگە لەبونی ئەم راگرە سیاسیە گرنگانە، هێز، سەرمایە، دامەزراوەکانی دەوڵەت، بزواندن و ختوکەدانی بیری مەزهەبی و نەتەوەیی چەند راگرۆکەیەکن بۆ لارنەبونەوەی یەکجارەکی ئەو کۆنە دیوارە.
بۆ گێڕانەوەی سەربەخۆیی لە بڕیاردان و شکۆ و سیادەی وڵات و دروستکردنی دێوارێکی بتەوی راست و دروست تاکە رێگەچارە خوێندنەوەی یەکترە، چارەسەرکردنی کێشەکانە لە ماڵی خۆیان و پەنا نەبردنە بۆ ئەو راگرانە.
