دوو بژاردە هەیە بۆ پاراستنی کیڵگەی کۆرمۆر

42 خولەک لەمەوپێش



ئەو شوێنەی هێرشیکراوەتەسەر بەمەبەست بووە و بێجگە بڕینی کارەبا ئامانجێکی دیکەی لەپشت بووە

ئامادەکردنى: هاوڵاتى

عێراق دەزانێت بکەری هێرشەکە کێیە و دەریناخات
لەدوای هێرشەکەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر زۆر پرسیار دروست بوون لەبارەی هێرشەکەوە، بەڵام گرنگترینیان ئەوەیە چۆن پارێزگاری لە کیڵگەکە بکرێت تا هێرشی دیکەی نەکرێتە سەر. 

بەگوێرەی روانگەی "ئیکۆ عێراق"، دوو بژاردە هەیە بۆ پاراستنی کێڵگەکە. یەکەمیان بڵاوەپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگەیە بەنێو کیڵگە هەستیارەکانی غاز و نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە تەکنەلۆجیا و چەکی پێشکەوتوو پڕچەک بکرێن تاوەکو توانای پاراستنی کیڵگەکەیان هەبێت. 

دووەمیان ئەوەیە ئەرکی پاراستنی کیڵگە نەوتی و غازییەکان بدرێت بە کۆمپانیا ئەمنییەکان بەشێوەی گرێبەست و پێشتر حکومەتی عێراق ئەزموونی لەگەڵ ئەم کۆمپانیایانەدا هەبووە. روانگەی ئیکۆ دەڵێت، ئەمە بەرمەرجێکە کە حکومەتی عێراق تێچووی دارایی ئەو کۆمپانیا تایبەتانە لەئەستۆ بگرێت. 

کیڵگەی غازی کۆرمۆر یەکێکە لە کێڵگە گەورەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژانە 750 ملیۆن پێ سێجا غاز بەرهەمدەهێنێت و بەشێوەیەکی سەرەکی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێم بەرهەمدەهێنێت.

پێشتر کێڵگەکە 375 ملیۆن پێ سێجا غازی رۆژانەی بەرهەمدەهێنا، بەڵام ئەو کۆگایەی هێرشی کراوەتەسەر ئامانجی سەرەکی بووە و مەبەستی سەرەکی هێرشەکە بە وردی ئەو کۆگایە بووە. ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، ئەو کۆگایە بەشێکە لە پرۆژەی کەی ئێم 250 کە ئەمساڵ لە کیڵگەکە بەگەڕخراوە. سەرچاوەیەک بە رۆیتەرزی گوتووە، دامەزراوە نوێیەکانی پڕۆژەی کەی ئێم 250 بەشێکی لەلایەن ئەمریکاوە پارەی بۆ دابین کراوە و لەلایەن بەڵێندەرێکی ئەمریکییەوە دروستکراوە. 

ئامانجی هێرشەکە زۆر دیاریکراوە و بەرژەوەندی ئەمریکا بەئامانجگیراوە. بەناراستەوخۆ میلیشیاکانی عێراق کە سەر بە ئێرانن تۆمتبار دەکرێن بە ئەنجامدانی هێرشەکە، بەڵام رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە راپۆرتێکیدا باس لەوە دەکات ئەو لیژنەیەی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە چووە کێڵگەکە تائێستا نەگەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی کێ لە پشت هێرشەکەوەیە و تەنها دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەی لیژنەکە ئەوەیە کە بە دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و لە دووزخورماتووەوە هێرشەکە ئەنجامدراوە.

کیفاح مەحمود، کە یەکێکە لە راوێژکارەکانی سەرۆک بارزانی دەڵێت، حکومەتی عێراق و هەواڵگریی وڵاتەکە بكەران و ئەو گرووپانە دەناسن هێرش دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا بێدەنگن، ئەنجامی هێرشەکە راناگەیەنن و یەک تاوانبار دەستگیر ناكەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار