چەمچەماڵ لە نێوان مزگەوت و قوتابخانەدا

کاتژمێرێک لەمەوپێش



لەتیف فاتیح فەرەج 

پێش ئەوەی هەر قسەیەك لەو بارەیەوە بكەم ئاماژە دان بە یەك دوو خاڵ گرنگە.

یەكەم : كەمی قوتابخانە نیشانەی دواكەوتویی كۆمەڵگەیە ، زۆری مزگەوت نیشانەی موسوڵمانەتی و لە خوا نزیكی نیە، كەس نەڵێت ئەم بەراوردەی خوارەوە بۆ؟
دوەم: ئێمە ئاگاداری وردو درشتی ئەوەین كە ڕوودەدات و ئەو پارە خەیاڵیەی كە بە بۆنەی نەوت و غازەوە دەخورێت وقەزاكەش لەو پەڕی بێخزمەتی و فەرامۆشكردندایە.

سێیەم : دۆستێك نامەیەكی بۆ ناردم كە بۆ بیر لەوە نەكرێتەوە چەمچەماڵ ببێتە یەكەیەكی سەربەخۆ ، وەك گەرمیان ، سۆران و شوێنگەلی دیكە ، خۆ چەمچەماڵ لە ژنە دۆمەكە نیە، بە هەموو پێوەرێك شایانی ئەوەیە.

چەمچەماڵ یەكێك لە قەزا هەرە دێرینەكانی هەرێمی كوردستانە، لە سەردەمی عوسمانیدا قەزا بووە، خەڵكی چەمچەماڵ و گوندەكانی دەورو بەری هەرگیز ملیان بۆ ستەمكاری نەچەماندوە، عوسمانیەكان و دواتر ئینگلیزیش بە دەست خەڵكی هەمەوەندو شوان و جەباریەوە زەلا زەلایان بووە، خاوەنی زۆرترین شەهیدو قوربانیە ، ئێستا ئەو قەزایە قەزایەكی زۆر فراوانەو هەشت ناحێ‌ و سەدان گوندی نیوە ئاوەدان و بێخزمەتی لەسەرە، یەكێكە لە پەناو پەناگەكانی خەڵكی پارێزگای كەركوك و ئاواییەكانی ئەو پارێزگایە.

لەم ڕۆژانەدا دۆستێكی خەمخۆری خوێندن و پەروەردە پێی وتم كاكە تكایە شتێ‌ بنوسە، ئاخر گەڕەكی ئاسودە ، كە ناوە میلیەكەی ئەنفالەكانە، شەش مزگەوت و دوو نوێژگە" جێنوێژ"ی تیایە كەچی دەیانەوێت مزگەوتی دیكەی بۆ بكەن ، لە كاتێكا تەنها دوو قوتابخانەو فێرگەی تیایەیەكێكیان دوو دەوامی هەیە، خوێندنگاكانی " ئاسودەو خەزان ئەوی دوەمیان دوو دەوامە" خۆ ئەگەر مزگەوتەكان یەك دوانێكیان وەك ئەوانەی سەردەمی پێشوو فێرگەی پێگەیاندنی فەقێ‌ و سوختەو پێگەیشتوانی وەك نالی و قانع و مەحوی بونایە هەر نەیسە.

ناو قەزای چەمچەماڵ خۆی 35 مزگەوتی تیایە بە گشتی بە ناحێ‌ و گوندەكانەوە 206 مزگەت هەیە لە بەرانبەردا 198 قوتابخانەو خوێندنگە هەیە كە بەشێك لەوانە دوو دەوامیان تیایە واتە تەلاری قوتابخانەلەو ژمارەیە كەمترە كە نوسیومانە، مامۆستایەكی دۆست كە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەكە لە تەكێ‌ پێی وتم تا ئێستا 15 قوتابی قوتابخانە بنەڕەتیەكەم " سەرەتای" وازیان لە خوێندن هێناوە لە سەرەتای دەستپێكی ئەمساڵی دەستپێكردنی خوێندنەوە، خوێندنیش مەگەر هەر خوداو وەزارەتی پەروەردە و جەنابی وەزیر بزانن لە چ دەردو حەلوەلایەكدایە.

باشە شار كە دەردو برینی چارەسەر نەكرێت بەرپرس و حاكم و دەسەڵاتداری بۆچیە كە هەندێكیان بە ئامان و زەمان لە كورسیەكەیان نابنەوە، شارێك بە 34 ساڵ كێشەی ئاوی چارەسەر نەكرێت، كەچی بۆ كۆرو مۆر لە بەر ئەوەی بەشە شیرینی هەمووانی تیایە هەموو بۆی هاتنە" هاوارێ‌" گوناهی چیە حكومەت بەو زل و زەبەلاحی خۆیەوە ئاوڕی لێناداتەوە، هەر لەم كوردستانەی خۆمان شوێن هەبوو هێشتا نەیاندەزانی گۆڕەپانی یاری چیە ، چەمچەماڵ تیپگەلی بە ناوی پێشەواو یەكێتی و كوردستان و راستی و نیشتمانەوە هەبوو ، كەچی ئێستا ئەوان گۆڕەپانی نێو دەوڵەتیان هەیە یاخوا پیرۆزیان بێت وەرە سەیری یاریگاكانی چەمچەماڵیش بكە، بەتایبەت یاریگا گەورەكە.

كۆڵانی واهەیە لەم شارەلە زەمانی دەقیانووسەوە چەگلی نەدیوە چ جای قیر.
قسە زۆرە بۆ وتن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار