دانەگاز: سودانی داوای راگرتنی بەرهەمهێنانی گازی نەکردووە
کاتژمێرێک لەمەوپێش
دانەگاز رەتیدەکاتەوە لەلایەن ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە داوای راگرتنی بەرهەمهێنانی گازیان لێکرابێت لە هەرێمی کوردستان.
دانەگاز هەواڵەکەی ماڵپەری ئەمریکی ( ئەلمۆنیتۆر) بە تەواوەتی بە "هەڵە و بێ بنەما" ناودەبات و دەڵێت، "سەرۆکوەزیرانی عێراق بە روونی ئارەزووی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گاز بە زووترین کات راگەیاندووە."
دانەگاز دەڵێت، "سوپاسی تایبەتی سەرۆکوەزیران و نووسینگەکەی دەکەین بۆ پاڵپشتییەکانیان و بۆ وەڵامدانەوەی خێرایان و سوپاسی بەرپرسانی دیکەی عیراق دەکەین بۆ سەردانی بەپەلەیان بۆ کێڵگەی کۆرمۆر و لێکۆڵینەوەی بەپەلە لەسەر روووداوەکە".
پێشتر بەرپرسێکی باڵای کورد لە عێراق کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی (ئەلمۆنیتەر)ی ڕاگەیاندبوو: "تووشی شۆک بووین لە بێباکیی سوودانی، کە داوای ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی گازی لە کێڵگەی کۆرمۆر کرد، بێنە بەرچاوەکانت دۆخمان چۆن دەبوو، ئەگەر ئەو بە ئامانجەکەی خۆی بگەیشتایە."
مشتومڕەکانی نێوان محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان تووندتر بوونەوە، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو بەغدا لیژنەیەکی وەزاریی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە مووشەکییەی 26ی تشرینی دووەم کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەهۆیەوە کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بڕا.
سوودانی فەرمانی بە کۆمپانیای دانەگاز کردووە، کە لە کۆرمۆر کار دەکات، تاوەکو لیژنەی لێکۆڵینەوە کارەکانی تەواو دەکات بەرهەمهێنانی گازی سروشتی ڕابگرێت. بە گوتەی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ ئەلمۆنیتەر کردووە، ئەم هەنگاوە کوردستان لە تاریکیدا دەهێڵێتەوە، ژێرخان پەکدەخات و دەبێتە هۆی سەختی و ناڕەحەتی بۆ هاووڵاتییان. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە سوودانی هیچ پاساوێکی بۆ ئەمە نەخستووەتە ڕوو.
سوودانی 72 کاتژمێری بۆ لیژنەکە دانابوو بۆ ئەوەی ئەنجامەکانیان بڵاو بکەنەوە، بەڵام وادەکە بەسەرچووە بەبێ ئەوەی هیچ هەواڵێک دەربارەی ئەنجامەکان هەبێت.
سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ماوەیەکی درێژە لەگەڵ بەغدا لە ململانێدایە لەسەر پشکی داهاتی نەوت و بودجەی فیدراڵی، لەگەڵ ئەمەشدا بە تووندی ڕەتیکردەوە کە بەرهەمهێنانی گاز بۆ نزیکەی شەش ملیۆن دانیشتووی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردبێتەوە. هەروەها ئێستا بەراورد بە پێشوو، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا لە هەموو کاتێک ئاڵۆزترە، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی خستووەتە سەر ئەو گفتوگۆ سیاسییە گەرمانەی ئێستا لە بەغدا هەن بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
