‎شاڵاوی شەهید عەلی عەسكەری

13 كاتژمێر لەمەوپێش



مامۆستا جەعفەر 

‎مەڵێن کەڵکی نەبوو، ڕۆیی، جەهەننەم  
‎سەرم قەڵغانە بۆ تیری قەزاتان
‎،،نالی،،

‎من تا بۆم بكرێت نامەوێت لە سەر سیاسەت بنووسم و بدوێم و بیر و بۆچوون دەربڕم ، ئەگەر شەڕی دارا و ئیسكەندەریش بێت . بەڵام هەندێك جار ئێسك پێست دەدڕێت و ناتوانیت بێدەنگی خۆت بپارێزیت . 

‎دوێنی 01.12.2025مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە راگەێنراوێكی كورتدا ، هەواڵی دەست لە كار كێشانەوەی كاك شاڵاوی عەلی عەسكەری  راگەیاند . رەنگە ژمارەیەكی زۆر كەم لە كەسانی بێسەروسایە ، بێبەخت و مایە پێیانخۆشبێت بە رۆیشتنی ئەم كەسایەتیە ،  بڵێن : با ئەمیش وەكو ئەوانی تر بڕوات!

‎من قەت ناتوانم بڵێم : دوور كەوتنەوەی كەسایەتییەكی وەكو كاك شاڵاو لە سەر شانۆ سیاسی كارێكی باش بوو ، با ئەولاتر بچێت : توونی بابا و ئاوی ئاموون چێ . پتر لە چل و پێنج ساڵە دوورو نزیك یەكتری دەناسین . ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبم دوا جار دوو ساڵ لەمەوپێش بوو ، یەكتریمان بینی  .

‎كاك شاڵاو ئەوەندەی من ناسیبێتم و بیناسم ; پیاوێكە لێوانلێو شەهامەت ، حەزی بە یارمەتیدانی خەڵك و بە سەركردنەوەی تێكۆشەرە دێرینەكانە . سروشتی خۆ نەبان كردن و لووت خواركردنەوەی لێ نەبینراوە . لە سەردەمێكدا وەفا و پەیمان و بەتەنگەوە هاتنی ئەم و ئەو وەكو دراوی زۆر دەگمەنی لێهاتووە . لە جەنگەی شەڕوشۆڕدا پێشمەرگەیەكی زۆر ئازا و دلێر بووە ، بەڵام من قەت خۆهەڵكێشان و  لاف و گەزافم لێی نەبینیوە . دەیتوانی پارەیەكی باش بەیەكەوە بنێت و بازرگانێكی سیاسی گەورە بێت و (تەعدا ) لە كەسانی بێدەسەڵات  بكات ، من هیچم لێی نەبینیوە و نەبیستووە . 

‎هەندێك كەس دەست لە  پۆستەكەیان هەڵدەگرن ، یان بە تەواوی دەكوژێنەوە ، یان دەورێكی سیاسی دزێۆ دەگێڕن . هیوادارم كاك شاڵاو درێژە بە رێبازی شەهید عەلی عەسكەری و خۆی بدات . شەهید عەلی عەسكەری لە ساڵی 1976 بەدواوە دژی زەقكردنەوەی ناكۆكی و ململانێی بێبنەما و شەڕی براكوژی بوو . ئەم لە پلە و پۆست و ئیمتیازاتی حزبی دوور دەكەوێتەوە ، هیوادارم دەنگی سیاسی دلێرتر بێت ; بە هەق بڵێت هەق و بەناهەق بڵێت ناهەق ! من پێشر وامناسیوە و حەزیش دەكەم هەروا بمێنێتەوە .

پێشتر چەند جارێك لە كۆبوونەوەی م .س بەڕاشكاوانە گوتبووی دەمەوێت واز بێنم . یەكێك گوتبووی  : تۆ بڕۆی لەمەودوا كێ پێمان بڵێت : نا ! ئێستا بەس نییە یەكێكی وەكو تۆ هەیە ، هەر بۆچوون و بڕیارێكت بە دڵ نەبێت دەستی نارەزایی بەرز دەكەیتەوە .

‎من ئەو شایەتییە بۆ كاك شاڵاو دەدەم پێش سێ ساڵ  ئەو رازەی چەند جارێك لا دركاندم ، كە دەیەوێت دەست لە م.س بكێشێتەوە ! من بەم و بە چەندین كەسی تریشم گوتوە : نەكەی دەست لە كارەكەت بكێشیتەوە ! تۆ لەوێ بیت باشترە : هەودا لە كوێ و پەتك لە كوێ ؟ بە گوێرەی شیعرەكەی نالی .

‎مامۆستا جەعفەر 
PEN ئەندامی یەكێتی نووسەرانی جیهان 
ئەندامی پێشووتری مەكتەبی سیاسی 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار