ئەو هەڵانەی کە کورد نابێت دووبارەیانبکاتەوە!
10 كاتژمێر لەمەوپێش
عادل باخەوان
1. بەهیچ شێوەیەک، نە بەڕاستەوخۆ و نە بە ناڕاستەوخۆ، بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران، دەستوەردان لە ماڵی شیعەدا نەکرێت و ئەو جەنگە ناوخۆییە بۆ خۆیان بەجێبهێڵدرێت. هەرکاتێک خۆیان یەکلاییکردوە، کورد دانوستانیان لەگەڵدا بکات.
2. بەهیچ شێوەیەک، نەبەڕاستەوخۆ و نە بە ناڕاستەوخۆ، هیچ یەکێک لەو کوردانەی کە لە سێ ساڵی ڕابوردودا پۆستیان لە بەغدا هەبووەو لەڕوی ئەخلاقی و دەزگاییەوە بەرپرسن لەوەی کە بەغدا بە هەرێمی کرد، دیسان ڕەوانەی بەغدا نەکرێنەوە، گەرنا دەبێت خۆمان بۆ چوار ساڵ لە شکستی دیکە ئامادەکەین.
3. ئەوانەی کە دەبن بە ئەندامی وەفدی دانوستان لە بەغدا، نابێت بەهیچ شێوەیەک کاندیدبن بۆ پۆست لە بەغدا، هەر لە سەرۆککۆماریەوە تا دەگاتەوە فەڕاشی وەزارەتێک، بۆئەوەی لەپێناوی خۆیاندا سازش لە بەرژەوەندیەکانی جەڵکی کوردستان نەکەن.
4. بەهیچ شێوەیەک، کورد ڕێگای بەغدا نەگرێتەبەر تا تەواوی پۆستەکانی خۆی لە بەغدا و هەولێر یەکلایینەکردبێتەوە. واتە نابێت بەهیچ شێوەیەک سیناریۆی سێ ساڵ لەمەوپێش لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار و پۆستەکانی دیکە دوبارەببێتەوە. گەرنا زۆر بە ئاسانی لە بەغدا یاری هەم بە پارتی و هەم بە یەکێتی دەکرێت.
5. هەر ڕێکەوتنێک لەگەڵ حکومەتی نوێی بەغدا بەبێ گەرەنتی لایەنی سێهەم، بۆنموونە نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەمەریکا، عەرەبی سعودیە، تورکیا یان ئێران، یەکسانە بە ئامادەکردنی چوار ساڵی دیکە لە شکست.
6. هەر ڕێکەوتنێک لەگەڵ بەغدا، بەبێ یەکلاییکردنەوەی نەخشەڕێگایەک بۆ پرسی خاک، ناوچە جێناکۆکەکان، لەکۆتاییدا کورد سەرقاڵدەکات بە یاریی لە پەراوێزەکاندا.
7. کورد شەسەد پۆستی لە دەوڵەتی عێراقیدا هەیە، کە نزیکەی بیست لە سەدی کۆی پۆستەکان دەکات. لەبەر چەندین هۆکار، زیاد لە پەنجا لە سەدی ئەو پۆستانە پڕنەکراونەتەوە. لەکاتێکدا پڕکردنەوەیان بە کەسانی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر، دەکرێت خزمەتی گەورە بە هەرێمی کوردستان بکات.
8. هەموو ئەوانەی کە دەیاننێرین بۆ بەغدا، تەنها و تەنها لەبەر یەک هۆکارە و بەس : نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندیە باڵاکانی هاوڵاتیانی کوردستان و ململانێ لەپێناویاندا. دانانی لیژنەیەکی لێپرسینەوەی شەش مانگ جارێک بۆ کۆی ئەو کەسانەی کە ئەم شەسەد پۆستەیان پێ پڕدەکرێتەوە. هەر کەسێک لە ئیمتحانە گەورەکە دەرنەچوو، بهێنرێتەوە بۆ کوردستان و کەسێکی دیکە لە شوێنەکەیدا دابنرێت.
9. بێگومان هیچ یەکێک لەم خاڵانە بەهیچ شێوەیەک جێبەجێ ناکرێت، گەر بێت و حیزبەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی، بڕیارنەدەن کە کوردستان بخەنە پێش حیزبەوە و بەرژەوەندیە باڵاکانی کوردستان بخەنە پێش بەرژەوەندیە باڵاکانی کەس و لایەن و ناوچەگەرایەتیەوە.
