سيناريۆكانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا
7 كاتژمێر لەمەوپێش
د.گه‌نجۆ خه‌سره‌و محمد
زانكۆی كۆیــه
له مێژووی ئاڵۆزیی و پێكدانانه‌كانی (توركیا و په‌كه‌كه) چه‌ند جارێك هه‌وڵی ئاشتی نێوانیان دراوه دیارترینیان پرۆسه‌ی ئاشتی (1993)ی توركت ئۆزاڵ و پرۆسه‌ی ئاشتی (2013) و دواهه‌مینیان پرۆسه‌ی ئاشتی (2024)ی ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی سه‌رۆكی نه‌ته‌وه‌په‌رستی توركیه، دوو هه‌وڵی سه‌ره‌تا هه‌ریه‌كه‌و به بیانی دروستكردنی ئاڵۆزیه‌ك له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی قوڵی توركی و باڵی ڕادیكاڵی نێو په‌كه‌كه شكستی پێ هێنراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا (2024) له دۆخێكی جیاوازی جیۆپۆڵتیكی و ئاڵۆز له دایك بووه.
كه‌وا پێده‌چێت ئه‌م پرۆسه‌یه به زه‌روره‌ت ناچاری ببینن به تایبه‌ت توركیا، چونكه گۆڕانكارییه‌كانی دوای حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌گه‌ری گۆڕینی سنوری ووڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ندێك له سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ووڵاتانی ناوچه‌كه بۆته مۆته‌كه و كابوس و خه‌وی له ده‌سه‌ڵاتداران زڕاندووه، بۆیه ناچاریان ده‌كات هه‌ندێك گۆڕانكاری بكه‌ن له پێناو پاراستنی كیانه سیاسیه‌كه‌یان و كورسی ده‌سه‌ڵاتیان.
پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌م جاره‌ی توركیا خوێندنه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵده‌گرێت به‌هۆی قورسی و ئاڵۆزی بابه‌ته‌كه و ئه‌و ئاڵه‌نگارییانه‌ی به‌رده‌می بۆیه ده‌كرێت ئه‌م پرۆسه‌یه له كۆمه‌ڵێك سیناریۆ كوورت بكه‌ینه‌وه:
سیناریۆی یه‌كه‌م// ترسی توركیا له گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه و هه‌ژمونی ئیسڕائیل: ڕووداوه‌كانی حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ر باشترین بیانوی دایه ده‌ست ئیسرائیل بۆ ڕاماڵینی هه‌موو ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی كه هه‌ڕه‌شه بوون له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ئیسرائیل هه‌ر له حه‌ماس و كه‌رتی غه‌زه بگره تا ده‌گاته حزب الله و به‌شار الاسد و حوسیه‌كان تا ده‌گاته خودی ئێران كه به باوكی سیاسی و سه‌ربازی ئه‌م هێزانه ناسرابوو، بۆیه هه‌رزوو له‌گه‌ڵ ده‌ست پێكردنی شه‌ڕی (12)ڕۆژه‌ی نێوان (ئێران - ئیسرائیل) ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی ڕایگه‌یاند ئامانجی كۆتایی مالملانێكانی ناوچه‌كه توركیایه و ده‌بێت خۆمانی بۆ ئاماده‌بكه‌ین.
هه‌ر بۆیه له ڕێگه‌ی هاوپه‌یمانه‌كه‌ی ئه‌ردۆغانه‌وه ده‌ست پێشخه‌ری پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا ده‌ستی پێكرد چونكه توركیا ترسی هه‌بوو ئیسرائیل له ڕێگه‌ی په‌كه‌كه‌وه دۆخی ناوخۆی توركیا ئاڵۆزبكات ئاماده‌سازی بكات بۆ گۆڕانكاری له توركیا، بۆیه هه‌وڵده‌دات كارتی په‌كه‌كه له ده‌ست نه‌یاره‌كانی به‌تایبه‌ت ئیسڕائیل بسوتێنێت كه له دواین لێدوانه‌كانی به‌ڕیز ئۆجه‌لان به ڕوونی دیار بوو كاتێك مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ی ئیسرائیلی بۆ توركه‌كان ڕوونده‌كرده و به ناڕاسته‌خۆ هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كردن.
سیناریۆی دووه‌م// پرۆسه‌ی ئاشتی ته‌كتیكه یان ستراتیژ: هه‌نگاوه‌كانی ده‌وڵه‌ت زۆر هێواش و له‌سه‌ر خۆن و له ئاستی پێویست نین بۆیه له فۆرمێكی ته‌كتیكی ده‌چێت بۆ ڕزگاربوون له ئاڵنگارییه‌كانی ناوچه‌كه هه‌روه‌ك باڵی ڕادیكاڵی په‌كه‌كه ده‌ڵێن كه توركیا نیازی ئاشتی و چاره‌سه‌ری نیه و هه‌نگاوه خێراكانی په‌كه‌كه به هه‌ڵه ده‌زانن.
له به‌رامبه‌ردا هه‌نگاوه‌كانی په‌كه‌كه بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی پرۆسه‌كه خێرا و چوست و چالاكن وه‌ك بڵێی به تامه‌زرۆوه هه‌وڵی چاره‌سه‌ریان ده‌وێـت چونكه له (22/10/2024) ده‌وڵه‌ت باخچه‌ڵی بانگه‌وازه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند به ڵام ته‌نها دوای 4 مانگ له (27/2/2025) به‌ڕیز ئۆجه‌لان بانگه‌وازی ئاشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیكی ڕاگه‌یاندو داوای ئاگه‌ربه‌ستی كرد وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ی باخچه‌لی، دوای مانگێك له (1/3/2025) قه‌ندیل ئاگه‌ربه‌ستی تاك لایه‌نه‌ی ڕاگه‌یاند وه‌ك به‌ده‌مه‌وه هاتنی بانگه‌وازی ڕیبه‌ره‌كه‌یان، هه‌ر دوای چوار مانگ له (5/7/2025) ئه‌م جاره په‌كه‌كه له كۆنگره‌یه‌كی نائاسیی خۆی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و بڕیاری چه‌كدانانی دا‌و كۆتایی به خه‌باتی چه‌كداری هێنا، ته‌نها دوای چوار ڕۆژ له (9/7/2025) ڕیبه‌ره‌كه‌یان له په‌یامێكی ڤیدیۆی له زیندانه‌وه ده‌ستخۆشی لێ‌كردن و جاڕی بانگه‌وازی ئاشتی دا‌و داوای چه‌كدانانی یه‌كجاره‌كی گه‌ریلاكانی كرد.
بۆیه دوای دوو ڕۆژ له (11/7/2025) له‌لایه‌ن (30) گه‌ریلاوه پرۆسه‌ی سوتاندنی چه‌كه‌كان له ئه‌شكه‌وتی جاسانه ده‌ستی پێكرد وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ داوای سه‌رۆكه‌كه‌یان، له كۆتا هه‌نگاوی كرداری په‌كه‌كه له (26/10/2025) بڕیاری كشانه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل له باكوری كوردستان ڕاگه‌یاند به‌تایبه‌ت ناوچه گه‌رمه‌كانی پێكدادان له هه‌رێمه‌كانی شرنا‌خ و جۆله‌مێرگ و سه‌رحه‌د و باتمان، هه‌روه‌ها هێڵی ته‌ماسی پێكدادانی فراوانتر كرد له هه‌رێمی زاپ و قه‌ندیل و حه‌فتانین كه په‌كه‌كه پێی ده‌ڵێت (هه‌رێمی به‌رگری میدیا) به ئامانجی دووباره نه‌بونه‌وه‌ی ڕووداوی (شه‌مدین ساكیك) ئه‌ندامی كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌كه‌كه كاتێك له گه‌رمه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی ساڵی (1993) هێرشی كرده سه‌ر باره‌گایه‌كی هێزه‌كانی توركیا (33) سه‌ربازی كوشت به‌مه‌ش پرۆسه‌ی ئاشتی هه‌ڵوه‌شایه‌وه. بۆیه په‌كه‌كه ترسی له فه‌رمانده و گه‌ریلا ڕادیكاڵه‌كانی خۆی هه‌یه كه له فه‌رمانی حزب ده‌ربچن و پرۆسه‌كه له بارببه‌ن.
به‌هه‌مان شێوه توركیاش ترسی له ڕه‌د فعلی شه‌قامی توركی هه‌یه و به‌شێك له ژه‌نه‌ڕاڵه توندره‌وه‌كان كه وه‌ك بۆمبێكی ته‌وقیتكراون له نێو سوپای توركیا كه دژی هه‌ر هه‌نگاوێكن بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد له توركیا.
به گشتی هه‌نگاوه‌كانی په‌كه‌كه زۆر ستراتیژیانه دێنه‌به‌رچاو كه نیازی چاره‌سه‌ری ڕاسته‌قینه و ئاشتی گه‌لانی توركیایان بوێت، پێچه‌وانه‌ی توركیا كه تاكتیكانه هه‌نگاو ده‌نێت مه‌یلی ڕاسته‌قینه‌ی ئاشتی ناكاته ستراتیژ زیاتر ئامانجی له كات كوشتن و لاوازكردنی په‌كه‌كه و بچوككردنه‌وه‌ی ناوچه‌ی هه‌ژموونی گه‌ریلا ده‌چێت.
سیناریۆی سێیه‌م// به‌كارهێنانی ئۆجه‌لان له ڕێگه‌ی فشار: یه‌كێكی تر له سیناریۆكان كه به‌شێك له سه‌ركردایه‌تی په‌كه‌كه ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه به‌ڕیز ئۆجه‌لان له ژێر فشارێكی گه‌وره‌ی (فیزیكی و ده‌روونی) دابێت و ئه‌م پرۆسه‌یه به ته‌واوی نه‌خشه داڕیژراوی ده‌زگای هه‌واڵگری (میت) بێت، چونكه ئۆجه‌لانیش وه‌ك هه‌ر مرۆڤێكی ئاسایی ئاستی به‌رگه‌گرتنی ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌ی سنورداره، كه‌سێك (26) ساڵ له زیندابێت ئه‌گه‌ری گۆڕانكاری هه‌یه به تایبه‌ت له ژێر كاریگه‌ری ده‌زگایه‌كی گه‌وره‌ی میت، بۆیه ترسی به‌كارهێنانی ئۆجه‌لان بۆ له ناوبردنی پرسی ڕیێککه‌وتنێك پیشانی توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانی بدات كه تیرۆری بنه‌بڕ كرد.
سیناریۆی چواره‌م// پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا به ئامانجی له ناوبردنی ڕۆژئاڤا: پرسیی كوردانی ڕۆژئاڤا و هه‌سه‌ده كه توركیا پێی وایه گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ن له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی توركیا بۆیه پرسی ئاشتی ده‌بێته سیناریۆیه‌كی تر كاتێك توركیا له‌ڕێگه‌ی ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه به پێدانی چه‌ند مافێكی سه‌ره‌تایی مه‌ترسیه‌كانی ڕۆژئاڤا له‌سه‌ر توركیا بڕه‌وێنێته‌وه له ڕێگه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی خۆبه‌ڕیوه‌به‌ری و داماڵینی چه‌ك له ده‌ست هه‌سه‌ده و هێزه كوردیه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی احمد شه‌رع بۆ ئه‌و ناوچانه، ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی توانا و هێزی نه‌رمی كرداره‌كی ئۆجه‌لان، چونكه ئۆجه‌لان وه‌ك ڕێبه‌ر و بیرمه‌ندێكی سیاسی و سه‌ربازی كاریگه‌ر به‌سه‌ر ڕۆژئاڤای كوردستانه‌وه ده‌بینرێت و توانای گۆڕانكاری تا ئاستی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه هه‌یه، بۆیه ترسه‌كان له به‌كارهێنانی ئۆجه‌لان بۆ له‌باربردنی دۆزی كورد له سوریاش بۆته ئه‌گه‌ر و لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێـت، چونكه له هه‌موو كۆبونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان مه‌له‌فی ڕۆژئاڤا و هه‌سه‌ده بابه‌تی سه‌ره‌كین به‌ڵام تا ئێستا سازشی له‌سه‌ر نه‌كردووه و هیچ داواكاریه‌كی له‌م جۆره‌ی نه‌كردووه.
سیناریۆی پێنجه‌م// تواندنه‌وه‌ی په‌كه‌كه له پێناو ڕۆژئاڤا: بۆچونێك هه‌یه كه ده‌ڵێت ڕه‌نگه په‌كه‌كه له پێناو ڕۆژئاڤا بڕیاری خۆ كوشتن (الانتحار)ی دابێت، چونكه هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانی ڕۆژئاڤا به هی خۆی ده‌زانێت و خۆی داڕێژه‌ری پێكهاته‌ی سیاسی و سه‌ربازی ڕۆژئاڤای كوردستانه، به‌مه‌ش ڕه‌نگه پرسی ئاشتی خۆی له چه‌ك دانان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌كه‌كه و چه‌ند مافێكی سه‌ره‌تایی بۆ كورد ببینێته‌وه له به‌رامبه‌ر مانه‌وه‌ی ڕۆژئاڤایی كوردستان به‌ڵام به‌بێ مه‌ترسی بۆ سه‌ر توركیا، هه‌ر وه‌ك له بۆچون و وه‌ڵامه‌كانی ئۆجه‌لان دیاره كه هێنده‌ی به‌رگری له ڕۆژئاڤا و هه‌سه‌ده ده‌كات هێنده له په‌كه‌كه ناكات، به‌مه‌ش توركیا ئامانجیه‌تی پرسیی كورد و مه‌ترسی په‌كه‌كه له‌سه‌ر توركیا نه‌هێڵێ و شه‌قامی توركی به‌ته‌واوی ئارام بكاته‌وه و خه‌رجی شه‌ڕ تا نزیكه‌ی كۆتایی كه‌م بكاته‌وه له‌هه‌مان كات وه‌ك سه‌ركه‌وتنێك پیشانی توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانی بدات كه تیرۆری بنه‌بڕ كرد.
سیناریۆی شه‌شه‌م// پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی (2028) و جه‌هه‌په: له كۆتا هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی (28/5/2023) رۆژی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی توركیا بوو به‌ڵام به‌سه‌ركه‌وتنی (ئه‌ردۆگان به ڕیژه‌ی (52.18%)) به‌رامبه‌ر ڕكابه‌ره سه‌رسه‌خته‌كه‌ی (كمال كلچدار اوغلو به ڕیژه‌ی (47.82%)) كۆتایی هات، ئه‌م نزیكیه له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ترسێكی گه‌وره‌ی خسته دڵی ئه‌ردۆغان و حزبی داد و گه‌شه‌پێدان چونكه:
له‌م هه‌ڵبژاردنه (2023) كورد هاوپه‌یمانی جه‌هه‌په‌ی كرد و زۆرینه‌ی ڕه‌های ده‌نگه‌كانی باكوری كوردستان بۆ جه‌هه‌په مسۆگه‌ركرد به‌هۆی پاڵپشتی (ده‌م پارتی) و بێ ده‌نگی په‌كه‌كه كه به مانای ڕازی بوون ده‌هات بۆ سه‌ركه‌وتنی كڵچدار.
هه‌ڵبژاردنی داهاتوو (2028) مه‌ترسیه‌كه زیاتر ده‌بێته به تایبه‌ت ئه‌م جاره كاندیدی جه‌هه‌په (ئه‌كره‌م ئیمام ئۆغڵو)ه كه سه‌رۆكی گه‌وره شاره‌وانی ئیسته‌مبۆڵه (هه‌مان ڕێگه و پلیكانه‌ی سه‌ركه‌وتنی ئه‌ردۆگانه بۆ كۆشكی چانكایه)، بۆیه له ئه‌گه‌ری دووباره پشتگیری كورد بۆ جه‌هه‌په گلۆره‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ردۆگان به ته‌واوی ده‌كه‌وێته لێژی، بۆ به‌رگرتن له‌م مه‌ترسیه‌ش باشترین چاره‌سه‌ر دورخستنه‌وه‌ی جه‌هه‌په‌یه له كورد له ڕێگه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی چونكه جه‌هه‌په تا ئه‌م ساته به‌ته‌واوی خۆی یه‌كلانه‌كردۆته‌وه بۆ پشتگیری له‌م پرۆسه‌یه له ترسی له ده‌ستدانی ده‌نگی نه‌ته‌وه په‌ره‌سته‌كان هه‌ربۆیه بایكۆتی ئه‌و لیژینه په‌ر‌له‌مانیه‌یان كرد كه چونه ئیمرالی بۆ كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ به‌ڕیز ئۆجه‌لان.
له‌لایه‌كی تر نزیككردنه‌وه‌و ڕاكێشانی ده‌نگی كورد و پارته كوردیه‌كان له هاوپه‌یمانیه‌تی (ئه‌كه‌په و مه‌هه‌په) تا ئاستی هاوپه‌یمانیه‌تی و به‌شداری پێ كردنی كورد له حكومه‌تی داهاتوو، به‌مه‌ش پرۆسه‌ی ئاشتی باشترین ڕیگه‌یه بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی كورد له‌گه‌ڵ خۆیان.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێبینی و هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كردنه بچوكی مه‌ودای پرۆسه‌كه‌یه كه ته‌نها له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی توركیایه و هیچ نێوه‌ندگیرێك له ئاستی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و یه‌كێتی ئه‌وروپا و ووڵاتی به‌هێزی سێیه‌م نه‌هاتونه‌ته ناو پرۆسه‌كه و به‌ڵكو له دووره‌وه چاودێری ده‌كه‌ن، چونكه پرۆسه‌یه‌كی ئاوا گه‌وره و پڕ له مجازه‌فه به‌بێ بوونی نێوه‌ندگیرێك گومان ده‌خاته سه‌ر كۆی پرۆسه‌كه و سیناریۆی هه‌مه‌چه‌شنی بۆ داده‌تاشرێ چونكه بنه‌مای سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه بریتیه له متمانه و دڵنیایی و نێوه‌ندگیری به توانا بۆ نمونه:
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و چه‌كدادانی جوڵانه‌وه‌ی ئاچێ (Free Aceh Movement): كه كورتكراوه‌ی (GAM) بوو له ئه‌نده‌نوسیا له (2004 - 2005) به چاودێری و نێوه‌ندگیری فیلندا له هێلسنكی به چاودێری ڕاسته‌وخۆی سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی فینلاندا (مارتی ناهاتیساری) ڕیككه‌وتن كرا هه‌روه‌ها هه‌ریه‌كه له ڕێكخراوی (Crisis Management Initiative) كه كورتكراوه‌ی (CMI)، هه‌روه‌ها ڕێككخراوی یه‌كێتی ئه‌وروپا (European Union) و یه‌كێتی ئاسیا (ASEAN (AMM چاودێری ده‌كرا، له ئه‌نجادا حكومه‌تی ئه‌نده‌نوسیا دانی به خۆ ڕیبه‌ری ئاچیه‌كان دان.
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و چه‌كدانانی ڕێككخراوی ئازادی و نیشتمانی باسك (2017) له ئیسپانیا: دوای زیاتر له (50) ساڵ خه‌بات دواتر گه‌ریلاكانی باسك چه‌كیاندا له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی ئیسپانیا‌و فه‌ڕه‌نسا ڕیككه‌وتن به نێوه‌ندگیری ووڵاتی ئه‌وروپا به‌گشتی و حكومه‌تی نه‌رویجی و سویسڕی به تایبه‌تی هه‌روه‌ها ڕێككخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌ك (ICG – HD - Locarri)، كه دواجار دان به خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری هه‌رێمی باسك نرا.
پرۆسه‌ی چه‌كدانانی هێزه‌كانی ئازادی ئێرله‌ندا: دوای زیاتر له (30)ساڵ خه‌بات و (13) ساڵ دانوستان، دواجار له (1998 تا 2005) به یه‌كجاری چه‌كیان دانا كه ئامانجی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه بریتی بوو له یه‌كخستنی (ئێرله‌ندای باكور و باشور بوو)، دواتر به نێوه‌ندگیری (ئه‌مریكا و كه‌ندا و یه‌كێتی ئه‌وروپا و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان) گه‌یشتنه ڕیكه‌وتن و چه‌كیان دانا له‌به‌رامبه‌ر خۆبه‌ڕیوه‌به‌ری ئێرله‌ندای باكور و دامه‌زراندنی حكومه‌ت و په‌رله‌مان.
پرۆسه‌ی چه‌كدانانی یه‌كێتی شۆڕشگێرانی نیشتمانی گواتیمالا: كه دوای زیاتر له (36) ساڵ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت له ساڵی (1996) گه‌شتنه ڕیكه‌وتن به نێوه‌ندگیری (نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و مه‌كسیك و نه‌رویج).
پرۆسه‌ی چه‌كدانانی گه‌ریلاكانی فارك له كۆڵۆمبیا له (2016): دوای زیاتر له (52) ساڵ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی كۆڵۆمبیا گه‌یشتنه ڕیككه‌وتن و چه‌كیان دانا به چاودێری نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و حكومه‌تی كوبا كه ڕێككه‌وتنه له هاڤانا مۆركرا، بۆیه بوه زامنی سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی ئاشتی له كۆڵۆمبیا.
