لە کونسوڵخانە گەورەترو مەزنترین ئەرکی ئێمە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەبو بەکر کاروانی
وادەبینم کردنەوەی کونسوڵخانە نائاساییەکەی ئەمریکا لە هەولێر، بەرەنجامی خوێندنەوە بۆ ڕابردوو، وەسفی ئێستاو وێناکردنی ئایندەی هەرێم و کۆی مەسەلەی کوردو عێراق و خۆر هەڵاتی ناوەراست بێت. کردنەوەی کونسوڵخانەکە لەکاتێکدایە، باڵوێزخانەی واشنتۆن لە بەغدا ناکارایە، لەروانگەی نوێنەرەکەی ترەمپەوە، عێراق لەبەردەم دورێیانێکدایە، ئەویش یان بەدەستهێنانەوەی سەروەری و سەربەخۆیی بریارو قەتیسکردنی چەك لەدەستی دەوڵەت و خۆگونجاندن لەگەڵ پێوەرەکانی خۆرهەڵاتی نوێدا، یاخود گەرانەوە بۆ خاڵی سفرو جەنگی هەمووان دژبەهەمووان.
لەدیوێکی ترەوە، بۆهەر چاودێرێکی سیاسی ئەوە روونە، کە مەسەلەکە لەکونسوڵخانە گەورەترە، ئاماژەیە بەمەڵبەندێکی نوێی هەمە لایەنەی واشنتۆن بۆ ئیدارەدانی ستراتیژەکانی لەعێراق وناوچەکەدا بەگشتی.
لەرووی جیۆسیاسی و دووبارە داڕشتنەوەی هاوکێشەی هێزو بەرەبەندییەکانیشدا یەکلا کردنەوەی ناسنامەی سیاسی و سەربازی هەولێرە شوێنگەی ئایندەیەتی.ڕەنگە ئەوەش لەنزیك مەودادا بیکاتە سەرچاوەی هەرەشەو لەدوور مەودادا گەرکورد خۆی هەبێت، هۆکارێکی بوونەوە بەهاوبەشێکی ژیاری و سەربازی وسیاسی ناوچەکە.
ئەم هەنگاوە گەشبینیی ومتمانەیەکی زۆرتر، بەهەرێم کوردی پارچەکانی تریش دەبەخشێت.قەناعەتێکی قووڵتریان لا درووست دەکات کەئەمریکا وەبەرهێنان بۆ ئایندە لەهەولێردا دەکات و مامەڵەیەکی کاتی وڕاگوزەری لەگەڵدا ناکات ، کورد بەپێچەوانەی جارانەوە تەنها وەك کارت وئامرازی سات و سەوداو سازشی سیاسی سەیری ناکرێت، لەبەرئەوەی لەئاستێکیشدا بێت هێزو بکەری سیاسی وسەربازی وئابووریشە. لەم جیهانەشدا بۆئەوەی حسابی هاوبەشت بۆ بکرێت و رێزت لێبگیرێت و گرەوت لەسەر بکریت، دەبێت هێزبیت، جگەلەوە خوێندنەوەشت بۆ ئاراستەی هێزەکان و هاوکێشەی هێز لەداهاتوودا وردبێت. بەحوکمی ئەوەی هەندێك جار هێزی گەورەش لەسۆنگەی هەڵە خوێندنەوەی واقیعی سیستمی نێو دەولەتی و گۆرانەکانی ناوی و جەمسەربەندیی وململانێ جیهانییەکان ودیاریکردنی پێگەو شوێنگەو رۆڵی خۆی لەونێوەندەدا، دووچاری داڕووخان و گلان دەبێت.
هێزی ڕاستەقینەش بەتایبەتیش بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەت، لەناوخۆوە سەرچاوە دەگرێت، هێزی یەکگرتوویی وسازانی نیشتیمانی ودڵخۆشبوونی گەل و پەیوەندی توندوتۆڵی نێوان هاوڵاتیانی و حکومەت و بەکارهێنانی سەرچاوە نیشتیمانییەکانە بۆ چاکەی گشتی. هەروەها بوونی دامەزراوەی نیشتیمانی بەهێزی سەرو ناوچەیی و دەڤەرو حیزب وپێکهاتەو هێزێکی تۆکمەی نیشتیمانی و دڵ گەرمە بۆ راپەراندنی ئەرکە نیشتیمانییەکان. نەبوونی هەریەك لەمانە لەمپەرێکی گەورەیە لەبەردەم گەورەکردنی هێزەکەمان ومەحکەمترکردنی هەنگاوەکانمان ورێزگرتنێکی زۆرتری هاوبەشەکان بۆمان.
بۆیە ئەگەر کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا گەشبینمان بکات، بەرۆژێکی مێژوویی بزانین، دەبێت لەبیرمان نەچێت مەزنترینی مەزنەکان بۆ ئێمە بوێری کۆتاییهێنانە بەوناکۆکی ودابەشبوونە ناوخۆییەی لەشەستەکانەوە دەستی پێکردوەو تاکوئێستاش لەفۆرمی جۆراوجۆردا درێژەی هەیە، کەبەشێکی گەورەی سەرچاوەو توخمەکانی هێزو گەورەبوون وهەڵسانەوەی لەناو ئێمەدا تیابردووە. کوردستان و گەلەکەی لەباشور دابەشکردووە، رێگرە لەوەی دەسەڵاتێکی ناوەندی ودامەزراوەی نیشتیمانی ڕاستەقینەو هەرێمێکی یەکگرتوو بەهێزو خاوەن ستراتیژێکی روون وسازان لەسەرکراومان هەبێت.
هەربۆیە درێژەکێشانی ئەم دۆخە ونەگەیشتنە سازشێکی مێژوویی وکۆتایهێنان بەدۆخی فرەدەسەڵاتی و لەهەندێ رووشەوە نانەتەوەیی ئێستا، ناتوانین وەك پێویست سوود لەدەرفەتە مێژووییەکان وەربگرین. لەکاتێکدا مێژووی ناوچەکە لەبەردەم سەرەپێچێکی گرنگی خۆیدایە، کەلەیەککاتدا تەحەداو دەرفەتی گەورەی لەگەڵ خۆیدا سەبارەت بەنەتەوەکەمان و دۆزەکەی هەڵگرتووە.
