دیناری دیجیتاڵی عێراقی وەک بەدیلێک بۆ پارەی کاغەز

2 كاتژمێر لەمەوپێش



د.پیرۆت محمد امین 

لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵی بانکە ناوەندییەکان لە سەرانسەری جیهاندا لە تەنها پارێزەرانی سەقامگیری دراوەوە گۆڕاوە بۆ یاریزانە سەرەکییەکان لە دووبارە داڕشتنەوەی سروشتی پارەدا. لەگەڵ خێرابوونی بزووتنەوەی جیهانی بەرەو دیجیتاڵکردنی دراوە نیشتمانییەکان، ئەم دامەزراوانە بوونەتە پێشەنگی پێشبڕکێیەک کە بە تەکنەلۆژیا و سیستەمی دارایی مۆدێرن دەجووڵێت. 

ئەم گۆڕانکارییە نەک هەر گوزارشت لە خواستی وڵاتان دەکات بۆ هاوسەنگ بوون لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان بەڵکو بەرجەستەی هەوڵێکە بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی جەوهەری دراو و ڕۆڵی حكومەتەكان و سنوورەکانی سیستەمی دارایی لە سەردەمێکی دیجیتاڵیدا کە خەریكە  جێگەی کاغەزی  تیادا نامێنێت.

ئەم پەرەسەندنە لە تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی و ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە لە چەمکی پارە و مامەڵە داراییەکاندا ڕوویانداوە، بەشدارییەکی بەرچاویان کردووە لە خستنەبازاڕی ئەو شتانەی کە بە دراوی کریپتۆ ناسراون، کە دراوی لامەرکەزین کە مەحاڵە بەدواداچوون بۆ جوڵەکانیان بکرێت. هەروەها بەکارهێنانی ئەم جۆرە دراوە لە کارەکانی پارەدانی دیجیتاڵی و گواستنەوەی دارایی، کە دوور لە چاو و کۆنترۆڵ و ڕسوماتی سیستەمی بانکی تەقلیدی ئەنجام دەدرێت.

ئەم جۆرە لە دراوی کریپتۆ تەحەددایەکی گەورەی پێکهاتەیی بۆ سیستەمی دراوی فەرمی تەقلیدی لە سەرانسەری جیهاندا دروستکردووە، بەتایبەتی بانکە ناوەندییەکان، ئەمەش وای لێکردوون كە ئەم بانكانە هەنگاوی جددی بگرنەبەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسییەکانی دراوی کریپتۆ بۆ ئابووری جیهانی، بە دەرکردنی پاکێجێکی یاسا بۆ ڕێکخستن و کۆنترۆڵکردنی بازرگانی ئەو دراوانە، ئەمە جگە لە دەستپێشخەریی زۆرێک لە بانکە ناوەندییەکان بۆ خستنەبازاڕی دراوی دیجیتاڵی فەرمی کە بریتین لە جێی متمانەوجێگیر، و یەکدەنگ لەگەڵ سیاسەتە ئابوورییە گەورەکان، لە چوارچێوەیەکی ناوەندی کە دڵنیای دەدات لە پاراستنی ڕۆڵی چاودێری و ڕێکخستنی بانکە ناوەندییەکان.

چین لە ساڵی ٢٠٢٠دا  "یوان دیجیتاڵییەکەی " لە چەند شارێکی گەورەدا خستە بازاڕەوە، ئێستاش لە قۆناغێکی پێشکەوتووی جێبەجێکردنیدایە و بەکارهێنانی فراوانتر دەبێت بۆ ئەوەی پارەدانی ڕۆژانە و مامەڵەی حکومەت بگرێتەوە. هەروەها دەتوانرێت بۆ پارەدانی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی ئەپەکانی مۆبایلە زیرەکەکانەوە بەکاربهێنرێت. 

یەکێتی ئەوروپا کار لەسەر خستنەبازاڕی دراوێکی دیجیتاڵی ئەوروپی یەکگرتوو دەکات بە ناوی "یۆرۆی دیجیتاڵی" و هەمان شت بۆ ئەمریکا و بەریتانیاش دەگونجێت کە ئەوانیش هەوڵدەدەن بۆ دروستکردنی "دۆلارێکی دیجیتاڵی" و " پاوەندی دیجیتاڵی". لە وڵاتانی سکاندیناڤیا بەتایبەتی سوید کار لەسەر گۆڕینی کرۆنی کاغەزی دەکات بە "کرۆنی دیجیتاڵی" بەهۆی کەمبوونەوەی بەکارهێنانی پارەی نەختینەی تەقلیدی و گۆڕانکاری نزیک لە تەواوبوون بەرەو پارەدانی ئەلیکترۆنی. 

هیندستان لە ساڵی ٢٠٢٢دا پڕۆژەیەکی تاقیکاریی بۆ "ڕوپیەیەکی دیجیتاڵی" دەستپێکرد، بە ئامانجی بەهێزکردنی سیستەمی دارایی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پارەی کاغەز. هەروەها کۆریای باشوور پلانەکانی بۆ خستنەبازاڕی دراوی دیجیتاڵی تا ساڵی ٢٠٢٥ ڕاگەیاندووە، وەبەهەمان شێوە حكومەتی ئیمارات كە بوە بە ناوەندێکی دارایی جیهانی.

ئەم جوڵە جیهانییە بەرەو دیجیتاڵکردنی دراوە نیشتمانییەکان وایکردووە بانکی ناوەندی عێراق نیازی دەرکردنی دراوێکی دیجیتاڵی عێراقی ڕابگەیەنێت، کە ئەگەری هەیە ناوی "دیناری دیجیتاڵی عێراقی" بێت، وەک بەدیلێک بۆ پارەی کاغەز. ئەم هەنگاوە دەتوانێت نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی شۆڕشگێڕانەی سیستەمی دراوی و بانکی عێراق بکات. ئامانجی دەستپێشخەرییەکە بەرزکردنەوەی کارایی دارایی و کەمکردنەوەی دزەکردنی پارە و ڕاکێشانی پارەی کۆکراوە بۆ ناو سیستەمی بانکی. هەروەها هەوڵدەدات کۆنترۆڵی مامەڵە داراییە نافەرمی و نایاساییەکان بکات. 

لە کاتێکدا بەشێک لە بازنەی دارایی و ئابووری عێراق پێشوازییان لە دەستپێشخەریی دیناری دیجیتاڵی کردووە، گرنگە تیشک بخرێتە سەر چەند تەحەددایەک کە ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکی پێکهاتەیی گەورەی لەم شێوەیە دەبێتەوە. لە گرنگترین ئەو تەحەددایانە، نەبوونی چوارچێوەی یاسایی و ڕێکخراوەیی گونجاوە  بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوون بە یاسا داراییەکان، وەک ئەوانەی پەیوەندییان بە بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارەوە هەیە، هەروەها پاراستنی تایبەتمەندی تاکەکان وبازرگانەكان و دامەزراوەکان. ئەمەش بەهۆی واقیعی سەختی سیستەمی بانکی تەقلیدی عێراقیەوەیە.

بوونی کێشەی درێژخایەنی لاوازی متمانەی گشتی بە تەواوی سیستەمی بانکی عێراق و لاوازی توانای گونجاندنیان لەگەڵ مامەڵە دیجیتاڵییەکان و دراوەکان بابەتێكی هەستیاری دیكەیە لەم بوارەدا. هێشتا زۆر کەس پێیان باشە پارە کۆبکەنەوە و مامەڵە بە پارەی کاغەزەوە بکەن بە هۆکاری پەیوەست بە گومرگی، یان نەبوونی متمانە بە تەکنەلۆژیا. ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی بەرەنگاربونەوەی دیناری دیجیتاڵی.

 ئەمە جگە لەوەی ژێرخانی تەکنەلۆژی لاوازە لە عێراقدا، کە توانای تاک و بازرگانان بۆ بەدەستهێنانی ئینتەرنێتی خێرا و سەقامگیر بەشێوەیەکی بەرفراوان بەرتەسک دەکاتەوە، بەتایبەتی لەدەرەوەی شارە گەورەکان، کە ڕەنگە ببێتە ڕێگر لەبەردەم بەکارهێنانی کاریگەری دراوی دیجیتاڵی. ئەمەش ڕەنگەپشتبەستن بە دیناری دیجیتاڵی بکاتە بارگرانییەکی دارایی و کارگێڕی و تەکنیکی لەسەر بانکی ناوەندی و سیستەمی بانکی.

گۆڕان بۆ دیناری دیجیتاڵی تەنیا بابەتی گۆڕینی پارەی کاغەزی بە دراوی ئەلیکترۆنی نییە؛ لە بنەڕەتدا شێوازی ژیانی هاوڵاتیان دەگۆڕێت. ئەو مامەڵانەی کڕین و فرۆشتن کە هاوڵاتیان بە شێوەیەکی نەریتی بە کاش ئەنجامیان دەدا، ئێستا لە ڕێگەی مۆبایل و جزدانی ئەلیکترۆنیەوە ئەنجام دەدرێن. بەم گۆڕانکارییە، ڕیزەکانی پارەدان و فەسڵی کاغەزی و دزی و زەرەر نامێنن.

دیناری دیجیتاڵی دەسەڵاتی زیاتر بە بانکی ناوەندی دەدات بۆ ڕێکخستنی بازاڕ و سنووردارکردنی هەڵاوسان و چاودێریکردنی ڕۆیشتنی پارە. ئەمەش تایبەتمەندییەکی سەرنجڕاکێشە لە بەرامبەر بازاڕی ڕەش و تۆڕەکانی سپیکردنەوەی پارە و گواستنەوەی نایاسایی.

بەڵام ئەم تایبەتمەندییە لایەنێکی دیکەی هەستیاری هەیە، ئەویش توانای چاودێریکردنی هەموو  وردەکارییەکی ژیانی دارایی هاووڵاتییە. هەر کڕینێک شوێنەواری بەجێدەهێڵێت، هەر گواستنەوەیەک تۆمار دەکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە نهێنی دارایی بچێتە ناو سیستەمی  سیاسیەوە ،  بەتایبەتی لە توانای پاراستنی زانیارییەکان و هەروەها خراپ بەکارهێنانی.

یەکەم شت کە هاووڵاتیان هەستی پێدەکەن، زیادبوونی خێرایی و ئاسانکاری مامەڵەی داراییە. جا چ وەرگرتنی مووچە بێت یان پارەدان بۆ خزمەتگوزارییە گشتیەکان. هەروەها چیتر پێویست ناکات پارەی کاش هەڵبگرن و زۆرجار سەردانی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕکردن بکەن. هەموو مامەڵە داراییەکانی ڕۆژانە، لە کڕینی پێداویستیە سەرەتاییەکانەوە تا دەگاتە پێدانی حەسابەکان، دەتوانرێت لە ڕێگەی مۆبایل یان کارتی زیرەکەوە ئەنجام بدرێت، لەگەڵ کەمکردنەوەی کاتەکانی چاوەڕوانی و قەرەباڵغی و کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییە دەروونییەی پەیوەستە بە مامەڵەی نەختینەی تەقلیدییەوە.

بەپێی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، دراوە دیجیتاڵییەکانی بانکی ناوەندی  دەتوانن گشتگیری دارایی و کارایی پارەدان بەرزبکەنەوە، ئەمەش بە ئەگەرێکی زۆرەوە تێچووی مامەڵەکان کەمدەکاتەوە و گواستنەوەی دارایی خێراتر دەکات. بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە دەرکردنی دراوی دیجیتاڵی ڕەنگە تاکە چارەسەر نەبێت بۆ قەیرانی کەمیی پارە کە لە ئەنجامی خەرجکردنی زیادەڕۆیی و کۆنترۆڵنەكردنەوە دروست دەبێت.

عێراق کە هێشتا ڕێگەی خۆی بەرەو سەقامگیری دارایی دەدۆزێتەوە، خۆی لەبەردەم بازدانێکی چۆنایەتیدا دەبینێتەوە کە نەک هەر فۆرمی دراو دەگۆڕێت بەڵکو پەیوەندی هاوڵاتی لەگەڵ پارە و حكومەت و بازاڕیش دەگۆڕێت. لە وڵاتێکدا کە ئابوورییەکەی بە مامەڵەی ڕاستەوخۆی کاش ڕاهاتووە، گۆڕانکاری دیجیتاڵی کاریگەری قووڵی دەبێت کە لە دەرەوەی کایەی تەکنەلۆژیا درێژدەبێتەوە بۆ ئەوەی بچێتە ناو ناوەکی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیەوە.

پسپۆڕی : دارایی گشتی

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار