حاخامەکانی ئیسرائیل لە حەڵەبن: ئەگەر لە قامیشلۆ یان هەولێر بونایە چ  قیامەتێک بەرپا دەبوو...؟

3 كاتژمێر لەمەوپێش



ئارام ڕەفعەت

١٠ی ئەم مانگە شاندێکی گەورەی حاخامە جووەکان لە ئیسرائیلەوە گەیشتنە حەڵەب. بۆ دڵنیا بوون لە سەلامەتییان، باندەکانی جۆلانی پاسەوانییەکی توندی کەم وێنەیان بۆ دابین کردبوون.

ئەم گەشتەی حاخامە جووەکان بۆ حەڵەب گەشتێکی راگوزەری نەبوو، بەڵکو گەشتێکی درێژ خایەن و بەردەوامە و بەشێکیشە لە تەنازول و سازانی جۆلانی لەگەڵ دەوڵەتی یەهویدا.

بەگوێرەی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، جۆلانی خوێندنگەیەکی ئایینی یەهوودی لەگەڵ کەنیسەیەک (سیناگۆگ)ی لە حەڵەب بۆ جووەکان کردەوە و حاخامەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەرپەرەشتی ئەو خوێندنگەیە و کەنیسەیە هاتوون.

لە دوای راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ١٩٤٨ تا ئێستا، واتە لە ٧٧ ساڵی رابردوودا، بە خەیاڵی هیچ کەسێکدا نەدەهات رێگە بە جوەکان بدرێت کەنیسەیەک لەو کیانە فاشی و دەسکردەی سوریا بکەنەوە، چ جای ئەوەی خوێندنگەیەکیش بکەنەوە و حاخامیش بۆ لە ئیسرائیلەوە هاوردە بکرێت...

ئافەرین جۆلانی، ئافەرین فەوجێ عەسکەر.. 
کوردە بۆرە مەوالییەکانی باشور چاویان لەدەست و قامی تۆی "حەکیم" و "موجاهید" بوو تا بە هوتافی "خەیبەر، خەیبەر" یا یەهود قودسیان بۆ رزگار بکەیت و ئەوانیش مەقلوبەی تێدا بخۆن. 
کەچی تۆ بە حیکمەت و جیهادی خۆت مەقلوبە خواردنەکەی ئەوانت ئاسانتر کرد و هێنات بۆ حەڵەب.

بەڵام بەهەموو پێوانە عاڕەبییەکان، جۆلانی کارێکی ناماقوڵی نەکردووە.. 

یەکێک لەو ئاماژانەی کە جۆلانی کارێکی ماقوڵانەی کردووە، ئەوەیە کە هیچ سەرۆک یان پادشایەکی ماقوڵی هەر ٢٢ وڵاتە عاڕەبیەکە نییە، کە بنهێنی یان ئاشکرا دەستی لەگەڵ دەستی پادشاکەیان، ناتانیاهۆ، تێكەڵ نەکردبێت... جۆلانیش یەکێکە لەو ٢٢ سەرۆک و پادشایە، خۆ گەندە لەمەندە کەمتر نییە.

ئاماژەیەکی دیکەش ئەوەیە کە جۆلانی کارێکی ماقوڵانەی کردووە ئەوەیە کە لە جەزیرەی قەتەڕییەوە تا ئەنادۆڵوی تورکەکان، لە ئەردۆغان و بن زاید و عەرعورەوە تا مەواڵیەکانیان لە ئەمسالی عەلی ئەلقەرەداغی و کاک سەڵاح و عەلی باپیری لەمەڕ خۆمان، هەر هەموویان لە ئاست ئەم روداوەدا، وەک بوتی شکاو، نە جوڵەیەک، نە دەنگێک و نە سەنگێکیان لیوە نەهات.

پرسیار ئەوەیە ئەی ئەگەر لە بری حەڵەب، حاخامە جووەکانی ئیسرائیل هاتبان بۆ هەولێر یان قامیشلۆ و لەوێ کەنیسە و قوتابخانەی خوێندنی ئیسرائیلیان کردبایەوە...؟

وەڵامەکەی رۆشنە...؟ ئەم نموونەیەی خوارەوە دەکرێت بکرێتە پێوانە...

لە شەش مانگی رابردوودا، هەم خودی جۆلانی و هەم شیبانی وەزیری دەرەوەی و هەم کۆمەڵێک ژەنەڕاڵی باندەکەی چەندین جار و لەبەرزترین ئاستدا دیداریان لەگەڵ مەقاماتی بەرزی ئیسرائیلی ئەنجام داوە. ئەم دیدارانە لە ئازەربایجان و تورکیا و فەرەنسا و ئەمریکا و تەنانەت لە ناو ئیسرائیلیشدا روویان داوە... 

لەبەرامبەر ئەم دەست تێکەڵکردن و ژوانە تەسلیمئامێزانەی جۆلانی و باندەکەی لەگەڵ وەزیر و ژەنەراڵەکانی ئیسرائیلدا، لات و عوزات و مەناتەکانی قورەیش چەندە نقەیان لێوە هات، سەرتاپای خێڵی ئیخوانی، لە عارەبەکان و مەوالیە کوردیەکانیان، ئەوانەی پەلاماری خاتو ئیلهامیان دا، هەر هێندە. 

ئەی بیرتان دێت کە خاتو ئیلهام ئەحمەدی هاوسەرۆکی پەیوەندیەکانی دەرەوەی رۆژاڤا تەنها پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیلدا ئەنجام دا، عاڕەبە ئیخوانییەکان و مەوالییە کوردەکانیان چ حەشرێکیان کرد...؟ 
ئەمە لەکاتێکدا بوو، کە خاتو ئیلهام لە ئان و ساتی پەیوەندییەکەیدا، نەتەوەکەی و ئیدارەی رۆژاڤاش لە ژێر هەڕەشەی مەرگ و لەناوچوندا بوون.

هەمان پێوانە بۆ ئەگەرێکی وا، واتە ئەگەر لە بری حەڵەب حاخامەکانی ئیسرائیل بهاتنایە هەولێر یان قامیشلۆ راستە و خێڵی ئیخوان و داعش و مەوالیە کوردیەکانیان هەمان حەشریان دەکرد کە دژی ئیلهامی کوردانیان کرد.    

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار