چیاکان دۆستمانن، یان مێزی دانووستان؟ 

3 كاتژمێر لەمەوپێش



شارۆ شاهۆ 

یەکێک لەو بەڵگەنامە سەرنج ڕاکێشانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە لەناو بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی ویکلێکس لە ماوەکانی ڕابردوودا بەرچاووم کەوت، بەڵگەنامەیەکە سەبارەت بە بروسکەنامەیەکی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ئێراق کە بۆ باڵوێزخانەی ئەنکەرە لە تورکیا نێردراوە بە کۆدی ژمارە (1977BAGHDA00019_c).

مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٤ی ڕێبەندانی ١٩٧٧، بەناونیشانی (تیرۆر لە باکوری ئێراق).  ناوەڕۆکەکەی هەواڵدانە سەبارەت بە دەنگۆی کوژرانی پارێزگاری ئەو کاتەی سلێمانی پاش ماوەیەکی کورت بە تێپەڕبوونی ئاهەنگی کریسمس لە ١٩٧٦. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە دراوە بەوەی پارێزگار بەهۆکاری ڕەتکردنەوەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئاسایشی تووند، کەوتۆتە ناو بۆسەی کەسێکی ماتۆڕسوار کە دەستڕێژی لێکردووە. ئەمەش لە تۆڵەی لەسێدارەدانی پۆلێک گەنجی ڕۆشنبیر لەلایەن ڕژێمی پێشووی ئێڕاقەوە، کە فەرمانی لەسێدارەدانیان لە ئەستۆی پارێزگاری سلێمانی بووە بەگوێرەی ڕێکارە کارگێڕییەکان. بەگوێرەی گوتەی یەکێک لە ژێدەرە باوەڕپێکراوەکانی باڵوێزخانە. 

ئەو گروپەی کە بەرپرسیاربوون لەم چالاکییە هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان بەو گروپانەوە نەبووە کە لەژێر سەرپەرشتی (جەلال تاڵەبانی)بوون، هاوکاری ڕاستەوخۆیان لەلایەن حکومەتی سورییەوە بۆ دابینکراوە. لە ڕاپۆرتەکەشدا تەواوی پەنجەی تۆمەت بۆ حکومەتی سوریا ڕاکێشراوە لە هاوکاریکردنی گروپە چەکدارییەکان بۆ دروستکردنی پشێوی و تیرۆر لەناو باکوری عێراقدا، ئەو گروپە گەنجەشی وەک کەسانی ڕۆشنبیر و سەربەخۆ ناساندووە ( مەبەستی لە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانە، بەڵام ڕاستەوخۆی ئاماژەی بەناویان نەکردوە). 

لە ڕاپۆرتەکەدا، باسی مامەڵەی بەعسییەکان دەکات لەگەڵ کوردەکاندا وەک ئەوەی هاوڵاتی وڵاتێکی داگیرکراوبن. ئەمە سەرباری لاوازی ئەدای پۆلیس و کارەکتەرە ئەمنیەکان لەڕەچاوکردنی حاڵەتی ئامادەباشی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە کردەیەکی تیرۆر! ئەوەی جێگای سەرنجە، بروسکەنامەکە ڕەوشی بیانییەکانی لەلا گرنگترە لەو نەهامەتییانەی کە بەسەر کوردەکاندا دێت بەدەستی ڕژێم. هەروەتر، باس لەوە دەکات لە دەربەندیخان ٣ پۆلیس ڕفێندراون لەبەرامبەر بڕێک پارە ئازادکراون، سەرباری ڕووتاندنەوەی کەسێکی فەرەنسی و گێچەڵکردن بە گروپێک لە تەکنیکاری سویدی کە کاریان کردوە لە بواری هێڵەکانی پەیوەندییدا لەلایەن کۆمەڵێک میلیشاوە. 

ئەوەی جێگای سەرنجە، باس لەبوونی کۆنتڕۆڵی تەواو حکومەت دەکات بەسەر باکوری ئێراقدا، تەواو گروپە ڕزگاری خوازییەکانی ئەو کاتەش بە گروپی تیرۆرستی پۆلێنکردوە! بەڵام ئاماژەی بەوەشداوە کە حکومەتی ئێراق، وەفدی دانوستانکاری لەئاستی باڵادا ناردووە لەو کەسە کوردانەی کە پاڵپشتی حکومەتیان کردوە بۆ نەتەوەیەگرتووەکان و ئەوروپا هەتاکو لەگەڵ کوردانی تاراوگەدا گفتووگۆبکەن و بگەنە رێگاچارەیەک، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ نیگەرانی حکومەت لەو هەلومەرجانەی کە هاتوونەتەپێش و پەیوەندیدارن بە دۆزی کوردییەوە. 

ئەوەی بۆمن لەم ڕاپۆرتەدا جێگای سەرنجە، خەباتی بزاوتی ڕزگاری خوازی نەتەوەی کورد لەو ساڵانەدا لەبەردەم ئاڵانگاری گەورەدابووە بۆ بەدیهێنانی مافی ڕەوای چارەی خۆنووسین، بەڵام ئەمریکا ئەم خەباتەی بە کردەوەیەکی تیرۆرستی پۆلێنکردوە! بە کرێگرتەی سوریای زانیوون. بێگومان ئەمەش حکومەتی ئەو کاتەی عێراقی دەستکراوە کردووە لە سەرکوتکردنی هەر جوڵانەوەیەکی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی! بەبیانوی جەنگی تیرۆرەوە. دواجار لێرەدا گرنگە لەوە تێبگەین ئەگەر لەڕابردوودا کورد هیچ دۆستکی نەبووبێت جگە لە چیاکان، ئەبێ ئێستا تێبگەین لەوەی کە دەبێ ئێمە لەکوێ بەرژەوەندی ئەو وڵاتە زلهێزانەدابێت کە زۆر ئاسان دەتوانن وەک تیرۆرست کاتیگۆرایزمان بکەن. 

بۆ مەگەر ئەوان نین خاوەن تەکنەلۆژیای زۆر پێشکەوتوون کە زیرەکی دەستکرد مانیفێستی ئەو نموونە لەدەسەڵاتیان دەکاتەوە کە بێ هەست و هاوخەمییە، جگە لە بەرژەوەندی.داخۆ ئەی دەبێ ئێمە چیمان هەبێت؟  ئایا هێشتا چیاکانمان هەیە بۆ خەبات یاخود مێزی دانووستانەکان؟ ڕاستە سەرکردەکانمان بە بەرگی جوان و گرانبەهاوە لەگەڵیان دەکەونە دانووستان، بەڵام ئایا دەهێڵن مێژووی نوێی خۆمان بەو دونیابینیە بنووسینەوە کە هەزاران ڕۆڵەی ئەم نەتەوەیە خوێنیان بۆ ڕشتووە؟ لەکاتێکدا ئەرکی تازەی ئێمەی کورد فراوانکردنی بازاڕی ئەوانە بۆ ناوچەکە، هاوتەریب بە پاراستنی ئاسایشی وزەی ئەم بازاڕە!

سەرچاوەی بەڵگەنامە:
WikiLeaks,“Cable:1977BAGHDA00019_c,”, https://wikileaks.org/plusd/cables/1977BAGHDA00019_c.html

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار