بەر پرسیاریەتی هاوبەش

2 كاتژمێر لەمەوپێش



یەڵدا هەرکی 
 
پانزە ساڵ لەمەوبەر، پێشنیاری پڕۆژەیەکم خستە ڕوو کە ئەو کاتە بە جیدی وەرنەگیرا. ئێستاش تێنەگەیشتم هۆکار چیبوو، لاوازیی بیرۆکەکە، یان لەبەر ئەوەی پێویستی بە بەرپرسیارێتییەکی ڕاستەقینە هەبوو؟❗ 
ئەمڕۆ دوای ئەم هەموو قەیرانە کەڵەکەبووانە، هێشتا بڕوام وایە ئەم پڕۆژەیە شایانی بیستن و جێبەجێکردنە.
​سەرەتا دەبێت ئەمە بە ڕوونی بوترێت:

بەرپرسیارێتی سەرەکیی ڕووبەڕووبوونەوەی هەژاری، بێکاری، چارەسەری پزیشکی و هتد...، بە تەواوی لە ئەستۆی حکوومەت و دامەزراوە ناوچەییەکانە.
نە خەڵک، نە خێرخوازان و نە تۆڕە نافەرمییەکان، جێگەی دەوڵەت ناگرنەوە و نابێت بیگرنەوە.

کێشەکە لێرەدایە کە دامەزراوە ناوچەییەکان، لەجیاتی ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرکە حاکمییەتییە، ساڵانێکە تێوەگلاوی لۆژیکی حزبی، پشکپشکێنەی سیاسی و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنن. ئەو ڕێکخراوانەی دەبوو بازووی ناسینی کۆمەڵگا بن، بەڵام بە تێگەیشتنی هەڵەیان لە سیاسەت و حزبایەتی بە کردەوە لە کارکردی سەرەکیی خۆیان خاڵی بوونەتەوە. ئەنجامەکەش ڕوونە: بڕیاردان بەبێ داتا، یارمەتی بەبێ پلان و سیاسەت بەبێ کاریگەریی بەردەوام.
​ئەرکی سەرەتایی حکوومەت ئەوەیە کە لە هەر ناوچەیەکدا، زانیاری ورد و نوێی هەبێت:

ناسین و تۆمارکردنی هەموو خێزانەکان.
​تۆمارکردنی دۆخی کار، تەمەن، نەخۆشی و کەمئەندامی.
​پۆلێنکردنی شەفافی دۆخی بژێوی (لە ئاستی جێگەی تەحەممول تا ئاستی قەیران).

داڕشتنی ڕێگایەکی سەربەرزانە بۆ دەربازبوون لە هەژاری.
​ئەم قۆناغە نە دەسپێردرێت بە خەڵک و نە دەتوانرێت پشتگوێ بخرێت. بەڵام دوای ئەنجامدانی ئەم ئەرکە، ئەڵقەیەکی تەواوکاری پێویست هەیە: بەشداریی ڕێکخراوی کۆمەڵگا. نەک وەک جێگرەوەی دەوڵەت، بەڵکوو وەک بەشێک لە چارەسەرێکی بەردەوام.

لە ناو ئەم چوارچێوەیەدایە کە دروستکردنی میکانیزمی ناوخۆیی وەک "ژووری یارمەتیدەر" مانا پەیدا دەکات؛ بۆ نموونە لە هەر ناوچەیەکدا:
​شوێنێکی دیاریکراو سەر بە مزگەوت یان ناوەندێکی گەڕەک، 
​چەند سەلاجە و بەفرگرێکی گشتی  و هتد... دابین دەکرێت و 

لە تەنیشتی ژوورێک لەژێر چاودێریدا.
بەناوی ژووری یارمەتی" یان "سەلاجەی میهرەبانی" لە دروشمێک تێدەپەڕێت کاتێک دەبێتە پێکهاتەیەکی ناوخۆیی.
​کارکردی ئەم شوێنانە ڕوونە: دابینکردنی یارمەتی بەبێ ناو،  
ئەوەی خەڵک بتوانن بەبێ سوکایەتی، بەبێ ناوهێنان و بەبێ منەت هاوکاریی یەکتر بکەن.

جلوبەرگی بێ‌کەڵک بەڵام ساغ،  پێڵاو، بەتانی، پێداویستییە سەرەکییەکانی ماڵ و ژیان؛ 
یان ئەو خواردنەی بە نییەتی هاوکاری ئامادە کراوە.
کەس نەپرسێت هی کێیە، کەس نەپرسێت بۆ کێیە.
تەنیا ئەوە گرنگ بێت کە کەسێک ئەمشەو، کەمتر برسی بێت و کەمتر هەست بە تەنیایی بکات.

ئێمە گەلێکین کە لە کۆنەوە ڕەسممان وابووە خواردن قاپێک زیاتر لێ بنێین. ئەم کەلتوورە، سەرمایەیە. ئەگەر بە دروستی ئاراستە بکرێت، دەتوانێت زنجیرەیەک لە هاوخەمیی ڕاستەقینە دروست بکات، نەک تەنها یارمەتیی ڕواڵەتی و بۆ نمایش. ئەمانە "سیاسەتی کۆمەڵایەتین"، نەک تەنیا کاری خێرخوازیی کاتی.

لە پاڵ ئەمەشدا، دەبێت سندووقی بەشداریی ناوخۆیی هەبێت؛ نەک بە زۆر، بەڵکوو بە دادپەروەری. هەرکەس بەپێی توانای خۆی بەشدار دەبێت و ئەم سەرچاوە داراییانە تەنیا بۆ هەمان ناوچە و بە شەفافییەت خەرج دەکرێن.
لە زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەوتوودا، مۆدێلی "ساردکەرەوەی کۆمەڵگە" ڕێک بەم فەلسەفەیە کاردەکات. دروشمی ئەوان ئەوەیە: "ئەگەر هەتە، بیدە، ئەگەر پێویستت بوو، هەڵگرە، یان وەرگرە." 

لێرەدا، ئیتر پرسی هەژار و دەوڵەمەند  نییە، بەڵکو بابەت لە ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدان و بەشداریکردنی نیعمەتە.

​و لەکۆتاییدا نۆرەی بەرپرسیارێتی ئێمەی خەڵک دێت.
لەم خاڵەدا دەبێت کەمێک لەگەڵ خۆماندا ڕاستگۆ بین، ساڵانێکە ڕاهاتووین هەموو شتێک لە حکوومەت داوا بکەین و خۆمان تەنیا ناڕازی بین. "ئەم مۆدێلە لە هیچ شوێنێکی دنیا وەڵامی نەداوەتەوە".

 کۆمەڵگایەک کە چاوەڕوان بێت هەموو شتێک لە سەرەوە چارەسەر بێت، بەڵام خۆی ئامادەی بەشداریی (تەنانەت کەمیش) نەبێت، بە کردەوە هەمان خولی شکست دووبارە دەکاتەوە.
​من ساڵانێک لە ئێران ژیاوم. بۆ قیرتاوکردنی کۆڵان، بەشدارییان لە خەڵکی هەمان گەڕەک وەردەگرت. لە قوتابخانەکان، تێچووی چاککردنەوە و کتێب و خزمەتگوزاریی پەروەردەیی لە بنەماڵەکان وەردەگیرا؛
نەک وەک یەک، بەڵکوو لەسەر بنەمای توانای دارایی.
ئەمە واتای دادپەروەرییە، نەک فشار خستنە سەر هەژارەکان.

تەنانەت ئێمە کە ئەو کاتە پەنابەر بووین بێبەش نەبووین؛ بۆ قوتابخانە و خزمەتگوزارییە ناوخۆییەکان، پشکێک لەسەر شانی ئێمەش بوو و دەبوو بەپێی توانای خۆمان بیدەین.

​لە زۆر وڵاتدا، دەیان ساڵە خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەبێ بەشداریی خەڵک مەحاڵە. حکوومەت ڕێکی دەخات، چاودێری دەکات، بەڵام کۆمەڵگەش پشکی خۆی دەدات.
ڕەخنەگرتن لە حکوومەت پێویستە و من لێی ڕاناکەم؛
بەڵام کۆمەڵگەیەک کە تەنیا داواکار بێت و ئامادە نەبێت تەنانەت پشکێکی بچووکیش بدات، لە کردەوەدا خۆی دەبێتە ڕێگر لەبەردەم گۆڕانکاری
​ئەم نیشتمانە نە بە حکوومەت بەتەنیا بنیاد دەنرێت،
نە بە خەڵکێک کە تەنیا ناڕازین.
ڕێگاکە، بەشداریی هۆشیارانە و بەرپرسانەی هەموو لایەکمانە.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار