شیکپۆشە فریودەرەکان کێن؟

2 كاتژمێر لەمەوپێش



شارۆ شاهۆ 

یەکێک لەو دیاردە سەیرانەی ئەم ماوەیە بەرچاوم کەوت، پرسی دانانی قایمقامی نوێی چەمچەماڵ بوو. زۆرێک لەو سەرنجانەی تەماشم کردن ئەوەبوو کە گوایە ئێمە قایمقامێکمان ناوێ کە ڕوخساری جوان نیە! ئەوەی خۆمان  باشتربوو! پرسی جوانی بۆتە مۆتەکەیەکی ترسناک بۆ ئەم کۆمەڵگایە. بۆچی چونکە تاکەکان وێڵی ئەو سیمبولە باڵایەن کە پێی شادن. 

ئاهێک دەکات بەدڵیان لەوەی کە ڕوخسارێکی جوان ئاراستەیان دەکات! سەیریش نیە، کاندیدی زۆنی سەوز هەبوە لە زۆنی زەرد دەنگی زۆری چنگ خستووە، چونکە وەک کارەکتەر ئایکۆنیک، سەرنجڕاکێش بووە. لەیادمە لە کاتی ئامادەیی زۆرێک لە خوێندکارەکان لیڤێکسیان بەکار دەهێنا کە جۆرە جانتایەک بوو بۆ هەڵگرتنی ئەو پەڕاو پەرتوکانەی کە خوێندکارەکان وەک پرۆگارامی خوێندن بەکاریان دەهێنا. ڕووپۆشی لیڤێکسەکان، زۆرینەیان ئەو ئەکتەر و کارەکتەرە دڵخوازانە بوون کە کیژەکان پێی شادبوون. 

جۆرێکیش لە ڕازیبوونی کۆمەڵایەتی هەبوو کە کێشەی نەبوو کیژەکان شەیدای ئەو ئەکتەرانەبن کە خەونیان پێوەدەبینین. بۆچی؟ چونکە کلتوورە باوک سالارییەکە دەیزانی ئەستەمە پێی ڕابگەن، شتەکە زیاتر لەناو خەیاڵ و نۆستالیژیادا خۆی بەیان دەکرد. ئیتر، ڕۆژگار هات و ڕۆیشت ئەم پرسە ئاوێتەی دونیابینی سیاسی تاکەکان بوو. ئێمە لە ڕۆژگارێکداین، جوانی پێوەرە بۆ چنگ خستنی پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی. بەداخەوە کەمیشن ئەو توێژەرانەی کە لەم ڕوانگەیەوە خوێندنەوەیان بۆ ئەو کۆدەنگی و کۆبەندە هەستییە کردبێ  کە تاکەکان پێیان پەسەندە لەناو هاوکێشەکاندا بۆ دەستنیشانکردنی کارەکتەری دڵخوازی خۆیان. 

پێرێ بوو، لە پێشانگایەکی کاری دەستی تەماشام کرد بێژەرێکی پۆپۆلیستی بۆتە ئایکۆنێکی کاری دەستی لەسەر پارچە تەختەیەک، پرسیم ئایا ئەم کارە دەستییە فرۆشی هەیە؟ وەڵامی دامەوە بەڵێ ئەی چۆن هەر لەم هەفتەیە زیاتر لە ١٠ پارچەم لێ فرۆشتووە، هەر خودی سمێڵ و دەربڕینەکانی بەسن بۆ تێکردنی دیوە پەنهانەکەی بینەر وەک باوکسالارێکی ئامۆژگاریکار. 

لەکاتێکدا ئەم بێژەرە بڕیار دەدات لە دابینکردنی کەلوپەل بۆ ماڵێکی قوربانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کە هیچیان بۆ دەرنەچووە. وەک فریادڕەسێکی سەرنجڕاکێشی توڕە، خاوەن دیدگایەکی ڕەخنەگر لەو سیستەمەی کە ئامرازەکانی خۆشگوزەرانی بۆ فەراهەمکردووە.  بەبێ ئەوەی باسی ئەو دیوە پەنهانە جیاکارییەبکات کە پۆلێنبەندی هاوڵاتی کردوە لەسەر بنەمای دۆست و دوژمن. دۆستێک کە  مافی هەیە وەک مشەخۆر لەسەر سیستەمەکە بژی و سۆراغی خۆشبەختی خۆی بکات. 

دوژمنێکیش کە وەک  تاکێکی بێسود و وەلانراو کە تەنها ڕێچکەکانی مەرگدۆستی و پاڕانەوەی بەدەستەوە هەتاکو لە ڕێگەیەوە ئاوڕێکی ڕەحمەتی لێبدرێتەوە. ئەم ئارایشە بەتەنها لێرەدا چەق نابەستێت. بەڵکو لەناو دونیای ڕیکلامی کۆمپانیاکانی گەشت و گوزار و کات بەسەربردنیش ڕەنگی داوەتەوە. ڕۆژانە کیژانی جوان و دەستەبژێر،ئەوە بیری کۆمەڵێک دەوڵەمەندی هەڵتۆقیوو دەخەنەوە کە شوێنی ژیانکردنیان لێرە نیە، پێیان دەڵێن تۆ شایەنی باشترین بەڵگەنامەی کۆچکردن و پاسپۆرتی! ئەوە تۆیت کە ئێمە هەڵدەبژێریت لێرە ڕزگارت دەکەین، گرنگیش نیە لە پڕێک بووبیت بە کوڕێک تەنها ئەوە گرنگە متمانەی خۆت ببەخشیت بە ئێمە و ڕزگارت بکەین.

دواجار، ئێمە بە جوانی و کارەکتەرە شیک پۆش و سەرنجڕاکێشەکان دەوردراوین. ئەوانە زیرەکن لە یاریکردن بە هەستی تاکێک کە بەرخۆری ئەو هەواڵ و گوتارانەیە کە بەردەوام ئەوان ڕۆژانە دەرخواردی دەدەن. بەبێ ئەوەی ڕاستییەکەی پێ بڵێن، چونکە دواجار ئەوانە دەزانن بەو ڕازاندنەوە و نیشاندانە ئایکۆنیانەی کە هەیانە ڕاستییەکان وون بکەن. ئەگەر لە ڕابردوودا تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایە شوێن گوتاری ئۆپۆزسیۆن کەوتبن لەبەر ئەوەی سەرکردەکانی خاکی و دژە گەندەڵی بووبن، ئەوا ئێستا ئەو کارەکتەرە جوان و تەڵەکەبازانە هەڵدەبژێرن، چونکە دواجار ئەوان بوون بە بەرخۆری جوانی، جوانێک درۆکانت بۆ بەیان دەکات، دەشزانی دۆریە بەڵام چێژ لە بینینی وەردەگریت.  یەک پرس گرنگە لێی ڕابمێنێت، ئایا تۆ بوکەڵەی دەستی حەزەکانی کۆمەڵیت بۆ جوانی؟  یاخود ئەوە خۆتی نمیایندەی ئەو جوانییە دەکەیت  کە ئازادانە پێی شادیت؟بەبێ لە جێیەکدا هەستی نەگیشت بۆ دروستبکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار