دەستەبژێری نیشتمانیی و پرسی دەوڵەتی کوردیی

2 كاتژمێر لەمەوپێش



موفید محمد نووری

پڕۆسەی سەربەخۆیی و دروستنەبوونی دەوڵەتی کوردی لە پاڵ کۆسپە جیۆپۆلەتیکییەکان و دەستێوەردانی وڵاتانی دراوسێ و بەرژەوەندیخوازیی هێزە نێودەوڵەتییەکان،  پێویستی بە تێڕامان لە ڕەهەندێکی دیکە هەیە کە ئەویش چەمکی "دەستەبژێری نیشتمانی"یە. بەپێی پێناسە زانستییەکان، دەستەبژێر بریتییە لەو کەمینە چالاک و ڕێکخراوەی کە خاوەنی هێز و دیدگاو زانینن و لە بوارێکی دیاریکراودا توانای ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگەیان هەیە. کێشەی نەبوونی دەوڵەت لە باشووری کوردستان.

لە پاڵ لەمپەڕ و بەربەستەکانی تر، کێشەی نەبوونی ئەو جۆرە دەستەبژێرە پسپۆڕ و "دەوڵەتساز"ەیە کە بتوانێت خەونی نەتەوەیی بکاتە پڕۆژەیەکی یاسایی و دامەزراوەیی کە جیهان ناچار بە دانپێدانان بکات. دەوڵەت پڕۆژەیەکی فیکری، یاسایی و دیبلۆماسییە کە پێویستی بە عەقڵێکی ستراتیژی هەیە بۆ بەڕێوەبردن. ئەوەی ئێستا لە کوردستان هەیە، تەنها دەستەبژێرێکی حزبی و بنەماڵەییە کە شەرعییەتی خۆی لە هێزی چەک، پارە و دڵسۆزیی بۆ بنەماڵە وەردەگرێت، نەک لە لێهاتوویی زانستی و دیدگای نیشتمانی. ئەم تاقمە حوکمڕانە، هەموو کایە ئەکادیمی، یاسایی و دیپلۆماسییەکانیان پاوانی خۆیان کردووە و ناهێڵن عەقڵە سەربەخۆ و دەوڵەتسازەکان بێنە پێشەوە. کەواتە کاتێک دەڵێین کورد دەستەبژێری نییە، مەبەستمان نەبوونی ئەو نوخبەیە ڕۆشنبیرو زانستخوازەیە کە بەرژەوەندیی نەتەوە لە سەرووی دەسەڵاتی حزب و بەرژەوەندیی بنەماڵەوە دەبینێت.

ئەزموونی مالیزیا وەک بەڵگەیەکی مێژوویی ئەوە دەسەلمێنێت کە دەوڵەت بەرهەمی عەقڵە، مالیزیا کە سەرەتا بە فیدراسیۆنی مالایا ناسرابوو لە ٣١ی ئابی ١٩٥٧ سەربەخۆیی بەدەست هێنا، ئەمەش بەرهەمی هەوڵەکانی تونکۆ عەبدولڕەحمان و هاوکارەکانی بوو کە وەک "باوکی سەربەخۆیی" دەناسرێت. تونکۆ نموونەی دەستەبژێرێکی نەتەوەیی بوو کە خاوەنی دیدگایەکی زانستی بوو؛ ئەو وەک دەرچوویەکی زانکۆی کامبریج و یاساناسێکی شارەزا لە لەندەن، توانی پاشخانە ئەکادیمییەکەی بەکاربهێنێت بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی خەبات لە ململانێیەکی سەرەتاییەوە بۆ دیپلۆماسیی.

لە ڕێگەی واژۆکردنی 'پەیمانی لەندەن' لە ساڵی ١٩٥٦، سەلماندی کە دەوڵەت بەرهەمی عەقڵێکی دەستەبژێرانەیە کە دەزانێت چۆن لە پارێزبەندیی بەریتانیاوە وڵاتەکەی بەرەو سەروەرییەکی تەواو ببات.

لە پاکستان، محەمەد عەلی جەنا، نموونەی دەستەبژێرێک بوو کە بە "چەکی زانین" دەجەنگا. جەنا سەرکردایەتی 'کۆمەڵەی موسڵمانان'ی دەکرد و خوێندنی باڵای یاسای لە لەندەن تەواو کردبوو. بەهۆی تێگەیشتنی لە عەقڵییەتی ڕۆژئاوا و زمانی یاسا، توانی متمانەی بەریتانییەکان بەدەست بێنێت و وەک هاوبەشێکی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، نەک وەک یاخیبوویەک. لێهاتوویی ئەم پیاوە لە گفتوگۆدا وایکرد بەبێ ئەوەی سوپایەکی چەکداری هەبێت، تەنها بە هێزی یاسا و سیاسەت، قەناعەت بە ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا بکات کە لە ساڵی ١٩٤٧دا دەوڵەتی سەربەخۆی پاکستان دروست بکەن.

   ئەزموونی سەنگافورە و سەرکردەکەی "لی کوان یو"ە. لی کوان، کە وەک ئەندازیاری سەنگافورەی نوێ دەناسرێت، نموونەی ئەو دەستەبژێرە ئەکادیمییە بوو کە زانست و یاسای کردە بنەمای دەوڵەتداری؛ ئەو کە دەرچوویەکی باڵای بەشی یاسای زانکۆی کامبریج بوو کە یەکێکە لە زانکۆ هەرە بەناوبانگەکانی بەڕیتانیا، توانی پاشخانە فیکرییەکەی بەکاربهێنێت بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی سیاسیی مۆدێرن. لە ساڵی ١٩٦٥دا، کاتێک سەنگافورە بەهۆی ململانێی ڕەگەزی، ئاینی و سیاسی لە فیدراسیۆنی مالیزیا دەرکرا و جیاکرایەوە، لی کوان یو لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدا بوو؛ یان دەبوو ڕێگە بدات وڵاتەکەی لەناو ململانێی ناسنامەکاندا پارچەپارچە بێت، یان دەوڵەتێکی مۆدێرن دروست بکات. قۆناغی حوکمڕانیی ئەو لە ساڵانی (١٩٥٩-١٩٩٠)، بە یەکێک لە درەوشاوەترین قۆناغە سیاسی و ئابوورییەکانی سەنگافورە دادەنرێت، بە جۆرێک کە بوەتە جێگەی سەرنجی جیهان و توێژینەوەی لەسەر دەکرێت. 

لی کوان توانی سەنگافورە لە دوورگەیەکی هەژار و بێ سەرچاوەی سروشتییەوە، بگۆڕێت بۆ یەکێک لە پێشەنگترین و دەوڵەمەندترین هێزە ئابوورییەکانی جیهان، ئەم سەرکەوتنە گەورەیە دەیسەلمێنێت کە کێشەی دەوڵەتبوون پێش ئەوەی پەیوەندی بە ڕووبەری خاک و سامانە سروشتییەکانەوە هەبێت، پەیوەندی بە بوونی دەستەبژێرێکی نیشتمانییەوە هەیە کە باوەڕی بە "سیستەم" و "دامەزراوە" هەبێت و نیشتیمانەکەی خۆی خۆشبوێت.

لە وڵاتی ئەندەنوسیا، کە تێیدا دەستەبژێرێکی نیشتمانی بە سەرکردایەتی (سوکارنۆ) و هاوکارە ڕۆشنبیرەکانی توانییان سەرکردایەتی خەباتی ڕزگاریی بکەن. ئەم دەستەبژێرە تەنها گرووپێکی چەکدار نەبوون، بەڵکو خاوەنی دیدگایەکی سیاسی بوون. سەرەڕای ئەوەی نزیکەی دە ساڵ ڕووبەڕووی زیندان و دوورخستنەوە بوونەوە، بەڵام نەیانهێشت بڵێسەی بزوتنەوە نەتەوەییەکە بکوژێتەوە. ئەوان دەرفەتە مێژووییەکانیان (وەک دۆڕانی ژاپۆن لە جەنگی جیهانی دووەم) قۆستەوە و لە ساڵی ١٩٤٥ سەربەخۆییان ڕاگەیاند. گرنگی ئەم دەستەبژێرە لەوەدا بوو کە توانییان هاوسەنگییەک لەنێوان 'شەڕی پارتیزانی' و 'دانوستانی دیپلۆماسی'دا ڕابگرن، تا دواجار لە ساڵی ١٩٤٩ هۆڵەندا ناچار بوو بە فەرمی دان بنێت بە دەوڵەتەکەیاندا.

 لە باشووری کوردستان، دەبینین کە بەربەستی سەرەکی لە بەردەم سەربەخۆیی ئەوەیە کە 'دەستەبژێری حزبی' جێگەی 'دەستەبژێری نەتەوەیی' گرتووەتەوە. نەبوونی ئەم چینە هۆشیار و پسپۆڕە، کە بتوانێت لە سەروو ناسنامە ناوچەیی و حزبییەکانەوە بەرژەوەندییە باڵاکانی دەوڵەت لەبەرچاوبگرێت، وای کردووە کە کورد تەنانەت لەو کاتانەشدا کە دەرفەتی مێژوویی بۆ ڕەخساوە، نەتوانێت وەک قەوارەیەکی یەکگرتوو مامەڵە لەگەڵ جیهاندا بکات. بۆ نمونە دوای ساڵی ١٩٩١، کاتێک کورد دوای ڕاپەڕین دەرفەتێکی زێڕینی بۆ ڕەخسا خۆی بەڕێوە ببات، چەند ساڵێکی کەم دوای ئازادی، شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسا. ئەمە گورزێک بوو لە متمانەی نێودەوڵەتی. وەک دەگێڕنەوە، دیپلۆماتکارە باڵاکانی ڕۆژئاوا  لەو سەردەمەدا بە بێهیواییەوە دەیانوت: "دوای ئەو هەموو داواکردن و فاکسناردنە بۆ وەستانی شەڕ هێشتا شەڕی خۆتان دەکەن؛ ئێستا تێدەگەین بۆچی کورد دەوڵەتی نییە".
 
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣شەوە، ئابووریی پشتبەستوو بە نەوت لە باشووری کوردستان، جۆرە دەستەبژێرێکی دروست کرد کە تەنها خەریکی کۆکردنەوەی سەرمایە و دابەشکردنی پۆستن. ئەم "دەستەبژێرە ئابوورییە" هیچ پەیوەندییەکی بە خەمی دەوڵەتبوونەوە نییە، چونکە بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ مانەوەی دۆخی ئێستایە وەک خۆی. ئەم ڕووداوانە دەریدەخەن کە کێشەی سەرەکی، نەبوونی دەستەبژێرێکی پێگەیشتووە کە بتوانێت متمانەی جیهان بەدەست بێنێت. تا ئەمڕۆش، ڕۆژئاوا بەگومانەوە سەیری توانای کورد دەکات بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، چونکە هێشتا ململانێکان لەسەر بنەمای حیزبی و ناوچەیین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار