گەمەی سەرۆکەکان و فڕوفێڵەکانی پشت پەردە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



شێرکۆ کرمانج

شیعەکانی ئیتار چ جۆرە سەرۆککۆمارێک و سەرۆک پەرلەمانێکیان دەوێت؟
حەلبووسی و دکتۆر لەتیف بە نموونە

مکوڕبوونی شیعەکان لەسەر ڕێگرییکردن لە حەلبووسی کە خۆی کاندید نەکات بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق زۆر هۆکاری هەیە بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە شیعەکان نایانەوێت دوو پۆستە سەرەکییەکی عێراق، سەرۆکی عێراق و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کەسانی بەهێز پڕیان بکەنەوە، هەر لەبەر ئەوەش بوو لە خولی ڕابردوو حەلبووسی لە پۆستەکە، بەفڕوفێڵی یاسایی، حیلە شەرعی. دوور خرایەوە. لێرە قسە لەسەر حەلبووسی نییە وەک کەسێکی باش یان خراپ، ئەو یەکێک لە ڕەگەزپەرستترین و دژەکوردترین عێراقییەکانە.

هەر چۆنێک بێت، ئەوە بۆ سەرۆککۆماریش هەر ڕاستە، شیعەکان لە ئەزموونی مام جەلال (٢٠٠٥-٢٠١٤) تێگەیشتن کە کەسێکی خاوەن دەسەڵات و کاریزما خەتەرە بۆیان بۆ پلان و ستراتیجیان، بۆیە لەو کاتەوە هەمیشە پشتیوانی لە کاندید لاوازەکەی کوردەکان دەکەن، بەتایبەتی کەسێک کورد دابەش بکات نەک یەک بخات. 
شیعەکان کێشەیان لەگەڵ دکتۆر فوئاد مەعسوم (٢٠١٤-٢٠١٨) نەبوو، چونکە ئەو نەک هەر لەناو کورد بەڵکوو لەناو یەکێتییش هیچ دەسەڵاتێکی نەمابوو. 

بۆ دکتۆر بەرهەم ساڵح (٢٠١٨-٢٠٢٢) یش لەبەر ئەوەی کە یەکێتیی و پارتی کۆک نەبوون بۆیە پشتیوانیان لە د. بەرهەم کرد تاوەکوو ناوماڵی کوردی هێندەی دیکە دابەش بکەن

وەک ئاگادارن شیعەکان دیسان بە ئانقەست پشتیوانیان لە د. لەتیف ڕەشید (٢٠٢٢-ئێستا) کرد کە نە کاندیدی یەکێتیی بوو نە کاندیدی پارتی، بەڵکوو ئەوان کاندیدێکیان بەسەر کورد دا سەپاند کە بێکاریزماترین و بێتواناترین کەسایەتی کوردی بوو لەو دۆخەدا کە بتوانێت ئەو پۆستە پڕبکاتەوە.

ئەم بابەتە شرۆڤە و قسە و گفتوگۆی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام زۆر گرنگە کورد لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا دەرسێک فێر بوو بێت، ئەویش ئەوەیە ئەگەر کورد بەبێ کۆدەنگی بچنە ناو پەرلەمان ئەوە ئەو کاندیدەی کە دەردەچێت نوێنەرایەتی کورد ناکات بەڵکوو ئەوە شیعەکان دەبن کە کەسێک بەسەر کورد دا دەسەپێنن. ئەوانیش بەگشتی بەدوای ئەو کاندیدە دا دەگەڕێن کە بێکاریزماترین و بێپێگەترین و بێکەڵکترین و بێتواناترین کورد بێت.
داخۆ کورد ئەم دەرسەی وەرگرتووە؟ 

لەبەرئەوە، دەبێت کورد بە یەک کاندید بچێت بۆ ناو پەرلەمان و بەهێزترین و ناسراوترین و پڕدەسەڵاترین کەسایەتی بۆ ئەو پۆستە کاندید بکات و نەهێڵێت ئەوانی دیکە بۆ گاڵتەپێکردن ئەو پۆستە بە کوردێکی لاواز پڕبکەنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار