ئایندە... ئێمە بەڕێوەين

6 كاتژمێر لەمەوپێش



فارس نەورۆڵی 

ساڵی (٢٠٢٥)ـمان بەڕێکرد ساڵێکی پڕ قەیران و شەڕ لە ناوچەکەدا و گەلی کوردستانیش بێ بەشنەبوون لە بەرکەوتنی پشکی قەیرانەکان لەڕووی ئابوری و سیاسییەوە. بەدڵنیاییەوە هەر ڕووداوێک لەناوچەکە ڕووبدات کاریگەری لەسەر  هەرێمی کوردستان دەبێت، ساڵی (٢٠٢٥) لە جیهاندا چیرۆکی زۆر نووسرانەوە کەپێچەوانەی خەونی مرۆڤایەتی بوون  کوردستانیش بێ چیرۆک نەبوو.

چیرۆکی پاشەکشەیەکی گەورەی ئۆپۆزسیۆن چیرۆکی بێ بەهابوونی جوانیەکان و  چیرۆکی ئامانجە باڵاکانی کورد کە خەونمان پێوە دەبینین و دەیان چیرۆکی دیکە کە ئێستا چیرۆکی هات و نەهاتی مووچە  بوەتە گێڕانەوەی بەر ئاگردانی ناو ماڵەکانمان ، بەڵام نازانین  (٢٠٢٦) ئاڵنگارییە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و تەکنەلۆجیەکان بە ئەرێنی یان نەرێنی کاریگەری دەکەن لەسەر جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەوێشەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.   

بەپێی قسەی جۆرجیامیلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا بێت خۆزگەمان بەپاردەبێت! جۆرجیامیلۆنی لەئیتالیا لەیادی کریسمس وتی خۆتان بێتاقەت مەکەن ساڵی (٢٠٢٥) خراپ بوو، بەڵام ساڵی (٢٠٢٦) خراپتر دەبێت هیوادارین قسەی ئەم خانمە ڕاست دەرنەچێت بەڵام بەپێی  بەریەککەوتنی بەرژەوەندیە سیاسی وئابورییە جیهانیەکان و  بەر یەککەوتنی پرۆژەی زلهێزەکان  بێت ساڵێکی ئاڵۆزو نیمچە یەکلاکەرەوە دەبێت بەتایبەتی کە ستراتیجی نوێی ئاسایشی ئەمریکا بخوێنیتەوە تێ دەگەین کەئەمریکا بە ڕوونی قسەی نوێی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. 

پێشتر بۆ ئەمریکا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێگەی لە پێشینەو ستراتتجییەکانی بوو و  قوربانی مادی و مەعنەوی زۆری پێ بەخشی بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتە دیموکراتی و بۆ ئەم مەبەستە هەرکات بیویستایە یان بیخواستایە دەستێوەردانی دەکرد، بەڵام ئێستا لەستراتیجی ئاسایشی نوێی نیشتیمانیدا وازهێنانە لەدەسوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی چونکە لای ئەمریکا دەسوەردان لە ئەفغانستان و عێراق و سەپاندنی چەمکی دیموکراتی شکستی هێناوە و تێچوویەکی زۆری بۆ ئەمریکا هەبووەو تێچوەکەی پێچەوانەی ئامانجەکان و دەسکەوتەکانی  بووە.

بۆیە  پێی وایە دەرگای سەرکەوتن لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە کەسەرکردەکان و دەوڵەتەکان وەک خۆیان قبوڵ کەین واتە مامەڵە لەتەک دەسەڵاتدارەکان وەک ئەوەی کەهەن نەک گوشار خستنە سەریان لەپێناوی دیموکراسی بووندا ئەمەش پێچەوانە چەمکەکانی ئازادی و مافی مرۆڤە لەبەرژەوەندی گەلانی ژێردەستەو چەوساوەدانیە چونکە دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە گەر چاودێرێکیان بەسەرەوە نەبێت شای مرۆڤ خۆرن کەواتە ساڵی (٢٠٢٦) پڕ لە کێشمە کێش و جێ گۆڕکێی هێزو  و جۆری پەیوەندی ئابوری و سیاسییەکانە،  بۆئەوەی بزانین ساڵی  (٢٠٢٦) ساڵێکی ئارام دەبێ یان ئاشوب و پڕ کێشمە کێش. 

ئەوە پەیوەندی بەزاڵبوونی سیاسەتی هێڵی مرۆڤ دۆستی و ئەخلاقەوەیە لەبەرامبەر یان زاڵبوونی هێڵی بەرژەوەندی هەر چەندە  ئاماژەکان ئەوەمان پێ دەڵێ هێڵی بەرژەوەندی خواز زاڵ دەبێت کەواتە  جیهان پڕکێشمە کێش دەبێت ئەی هەرێمی کوردستان چی بکات؟ بێ چەندو چون هەڵەکانی ساڵی پار دووبارە نەکاتەوە و هەموو لایەنەکان ڕەخنە لە خۆیان بگرن و ددان بە هەڵەکانیاندا بنێن هیچ کەس تاوانی ئەو دۆخە بەسەرکەسی دیکەدا نەسەپێنێ، چونکە ئەم دۆخە سیاسییە هەر هێزێک بە قەدەر خۆی بەرپرسیارە و هیچ لایەنێکیش بێ هەڵە نەبووە کەواتە ئەم دۆخەی ئێستای هەرێم بەرەنجامەو پێشەکی هەیە و هەموشمان پێشەکیەکەمان خوێندوەتەوەو بەشداریشین لەنوسینەوەیدا. 

کەواتە کەدەڵێین ئایندە واهاتین  دەبێت ئامادەکارییەکی جدیمان کردبێت و لەناوخۆدا  بە مەنتیقی دوژمن قسە لەتەک یەکدی نەکەین چەردەیەکش لەدادپەروەری فەراهەم کەین چونکە ترسناکترین بابەتێک ڕیزەکانی کۆمەڵگا بشێوێنێت و نادادپەروەریی و نەخوێندنەوەی ئەوی دیکەیە  ڕاستە بەپێی گۆڕانکاریەکان و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاو گۆڕانی هاوسەنگی هێز لەناوچەکەدا وایکردوە بڵێین ئەم سەدەیە سەدەی کوردە، بەڵام تۆ کە خۆت نەبیت ئەوا ئەم سەدەیەش بەتاڵ دەبێ لەتۆ  بۆیە گەر دروست هەڵوێستەیەک لەسەر دوێنێمان نەکەین ئەوا (٢٠٢٦) گورزێکمان بەر دەکەوێت و ئایندەش قبووڵمان ناکات  و پێمان دەڵێ بەچی ڕوویەکەوە دێن  کاتێک ئێوە خۆتان ناخوێننەوە چۆن من بتوانم جێگاتان بۆ بکە مەوە. 

هەموو ئەمانە بەرەنجامی نائەقڵانیەتی سیاسی و بەزەلکاو بوونی فەزای سیاسی و زاڵبوونی ڕق و کینە بەسەر بیرکردنەوەمانداو نەمانی ڕێز گرتنی یەکدی وزاڵبوونی بەرژەوەوەندی کەسی وحیزبی بەسەر بەرژەوەندی گشتی دا  ، بۆدەربازبوون  لەو دۆخە  پێویستمان  بە ڕاستکردنەوەی  سیاسەت و  بە ئەقڵانیکردنی کاری سیاسی یە لە عێراق و کوردستان و پاککردنەوەی  لەو هەڵە و پۆخڵەواتانەی هێناومانەتە ناو فەزای سیاسەتەوە، ئەمەش لەڕێگەی پشتگیریکردنی کولتووری دیموکراسیانە و  هێنانەوەی ئەخلاق بۆ ناو کایەی سیاسی  و بەهێزکردنی میکانیزمە ناوەکییەکانی دیموکراسی هەیە ، لەپێناو ڕزگارکردنی کایەی سیاسی لەو وێنە ناشیرینەی کە لەوێناو زیهنی خەڵکدا چەسپیوە  ڕزگار بکەین ، لێرەوە دەتوانین لا پەڕەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦  بەڕاستگۆیی  بنوسینەوە و  (هەموشت  دوای بەرژەوەندیەکانی هەرێم) بکەینە دروشم و کردار بۆئەوەی بە باوەڕەوە بەرە و ئایندە بڕۆین  و لەتەک ئەوهەلومەرجانەی دێنە پێش خۆ بگونجێنین .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار