موسەنا ئەمین خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کاندید دەکات
23 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرچاوەیەک لە یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت، موسەنا ئەمین کاندیدیانە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، بۆ ئەو مەبەستەش، بۆچوونی کۆمەڵی دادگەری و رەوتی هەڵویستیان وەرگرتووە و رەزامەندییان نیشانداوە، بەنیازن گفتوگۆش لەگەڵ نەوەی نوێ بکەن بۆ ئەوەی ببێتە کاندیدی هەموویان و پێکەوە پشتگیری لێبکەن.
ئەمڕۆ شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2025، موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، حزبەکەی بە نیازە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندیدی بکات، بۆ ئەم مەبەستەش قسە لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن کراوە و لایەنەکانی دیکەی کوردستانی و عێراقی ماون، کە لەو بارەوە قسەیان لەگەڵ بکرێت.
سەبارەت بەوەی یەکگرتووی ئیسلامی کەی دوا بڕیار لەبارەی کاندیدبوونی موسەننا ئەمین دەدات، ناوبراو گوتی: تاوەکو لەگەڵ لایەنەکان قسە نەکرێت و یەکلایی نەبمەوە لەوەی دەتوانم دەنگی لایەنەکان بەدەستبهێنم یاخود نا، ئامادەنیم بەفەرمی خۆم کاندید بکەم و بچمە نێو کێبڕکێی پۆستی سەرۆک کۆمار.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەشدا، هێشتا یەکلانەبووەتەوە، کە کاندید دەبێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار یاخود نا.
لەلایەکی دیکەوە سەڵاحەددین بابەکر، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاندووە؛ لەناو مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی گفتوگۆیان کردووە و بە نیازن موسەننا ئەمین بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندید بکەن.
گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی گوتیشی: چاوەڕوانی هەڵوێستی فەرمی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و بەشێک لە لایەنەکانی دیکە دەکەن، ئەگەر لەگەڵیان ڕێککەوتن، ئەوا موسەننا ئەمین، کاندیدی سەرەکی حزبەکەی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەبێت.
