پارتی تا ئێستا هیچ کاندیدێکی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دیاریینەکردووە
22 كاتژمێر لەمەوپێش
لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتیدا، بڕیاردا، شاندێکی دانوستانکاری حزبەکە لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمار گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بکات.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 03ـی کانوونی دووەمی 2025، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، کۆبووەوە.
د. دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لــە پەرلەمانی عێراق، بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێک تاوتوێ کران، گرنگترینیان پرسی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بوو.
لەبارەی ئەوەی کاندیدی پارتی کێ دەبێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەو پەرلەمانتارە گوتی "تا ئێستا هیچ کاندیدێک لە لایەن پارتییەوە بۆ ئەو پۆستە دیاری نەکراوە. کاندیدی پارتی ئەو کەسە دەبێت، کە کۆدەنگی و ڕێککەوتنی گەلی کورد و خەڵکی کوردستانی لەسەرە."
بە گوتەی د. دانەر، لە یەک دوو ڕۆژی داهاتوودا شاندێکی دانوستانکاری پارتی، لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەکات، تا کورد یەک کاندیدی هاوبەشی هەبێت بۆ ئەو پۆستە.
