گێڕانەوەی ستراتیژی و میتۆلۆژیای دەوڵەتسازی؛ کوردستان وەک "چەق" لە ویژدانی مێژووییدا

دوێنێ



فرزەند شێرکۆ

لە فەلسەفەی سیاسی و ستراتیجییەتەکانی ئاسایشی نیشتمانیدا، دەوڵەت تەنیا دامەزراوەیەکی یاسایی و سەربازی نییە، بەڵکو دەوڵەت لە بنەڕەتدا لەسەر "گێڕانەوەیەکی گەورە" و میتۆلۆژیایەکی دامەزرێنەر بنیاد دەنرێت. نەتەوە بێ‌ئەفسانەکان (ئوستوورە)، نەتەوەی بێ‌ڕۆحن و لە ڕووی ستراتیژییەوە مەحکومن بە توانەوە لەناو ناسنامە سەردەستەکاندا.

بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی ئەم بابەتە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ کتێبی (Materials for the Study of the Bábí Religion) لە نووسینی ئێدوارد گرانڤیل برۆن، ڕۆژهەڵاتناس و پڕۆفیسۆری زانکۆی کامبریدج و یەکێک لە هەرە زانا گەورەکانی بواری زمان و مێژوو کە بە بێلایەنییەکی تەواو ئەرشیفی ڕاستییە شاردراوەکانی ڕۆژهەڵاتی پاراستووە. برۆن لەم کتێبەدا (لاپەڕە ١٣٣) گێڕانەوەیەکی گرنگی "ئیبراهیم جۆرج خەیروڵا"مان بۆ دەگوازێتەوە کە دەڵێت:"ئادەم بە زمانی کوردی قسەی کردووە."

ئەم لێدوانە، ئەگەرچی لە ڕووی زمانەوانییەوە هێشتا پێویستی بە سەلماندنی زانستی هەیە، بەڵام لە ڕووی ئاسایشی ناسیۆنالیزم و ستراتیجییەتی ناسنامەوە، بەهایەکی سیمبۆلیی بێهاوتای هەیە. 
ئیبراهیم خەیروڵا لە ڕێگەی ئەم گێڕانەوەیەوە، ئاماژە بە ڕاستییەکی جیۆ-میتۆلۆژی دەکات:

١. باخچەی عەدەن: بەپێی دەقە پیرۆزەکانی تەکوین لە تەوراتدا، باخچەی عەدەن لەو شوێنەیە کە چوار ڕووباری لێ هەڵدەقوڵێت؛ ئەم جوگرافیایە بە هەموو پێوەرە مێژووییەکان هاوواتای چیاکانی زاگرۆس و جەرگەی کوردستانە.

٢. پێغەمبەر ئیبراهیم: حەزره‌تی ئیبراهیم (باوکی پێغەمبەران) کە لە "ئۆری کلدانییەکان"ەوە سەری هەڵداوە، بەپێی زۆرێک لە لێکۆڵینەوە مێژووییەکان، ڕەچەڵەکێکی کوردی هەبووە و لەم خاکەوە پەیامی یەکتاپەرستی گەیاندووەتە جیهان.

زۆرێک لە دەوڵەتە زلهێزەکانی ئێستا، بەبێ هەبوونی مێژوویەکی ڕاستەقینە، لە ڕێگەی "دروستکردنی چیرۆک"ەوە بوونە دەوڵەت،  بەڵام کێشەی ستراتیژیی ئێمە لێرەدایە: کورد وەک نەتەوە، خاوەنی ماددەی خاوی مێژوویی و ئەفسانەیی ڕاستەقینەیە (لە زمانی ئادەمەوە تا باخچەی عەدەن و کێوی جودی و ڕەچەڵەکی ئیبراهیمی)، بەڵام دەسەڵاتی سیاسی و نوخبەی ڕۆشنبیری کورد نەیانتوانیوە ئەم کەرەستانە بکەنە عەقیدەیەکی نیشتمانی بۆ دەوڵەتسازی. 

ئێمە هەمیشە مێژووی خۆمان وەک قوربانی گێڕاوەتەوە، لە کاتێکدا دەبێت وەک سەنتەری شارستانییەت و سەرەتای مرۆڤایەتی بیخەینە ڕوو. دەوڵەت تەنیا سنووری جوگرافی نییە، بەڵکو ئەو سنوورە مەعنەوییەیە کە لە ویژدانی جیهاندا بۆ خۆت دروستی دەکەیت.

ئەنجام:
ناسنامەی نەتەوەیی بەبێ گێڕانەوەی میتۆلۆژی، ناسنامەیەکی لاوازە. ئەرکی ناوەندە ستراتیژییەکانی کوردە کە سوود لەو ئەرشیفانەی وەک هی ئێدوارد برۆن وەربگرن بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی پێگەی کورد لە جیهاندا. کوردستان تەنیا خاکێک نییە بۆ ژیان، بەڵکو باخچەی عەدەن و لانکەی یەکەمین زمانی مرۆڤایەتییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار