دۆخی ئێران و ناوچەکە ( باڵانسی شاماران و هەڵۆ) 

24 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەحمەد ئەمانی

دیسان مێژوو دووبارە دەبێتەوە؟ سەردەمی قازی محەمەد زلهێزەکان بەو دەرەنجامە ژئێۆپۆلێتیکیە گەشتن بۆ ڕاگرتنی بالانس لە ناوچەکە دەبێت قەوارەی ئێران وەک خۆی بمێنێت، باڵانس لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی عەرەبی، ئێستە پاکستان و ئەفغانستانیشی هاتووەتە سەر، کەواتە نەک هەر باڵانسەکە نەگۆڕدراوە کە ئاڵۆزتر و قوورس تریش بووە.

ئاڵۆزتر لەم ڕەهەندەوە کە ئیسرائیل لە ناوچەکە پێویستی بە هاوپەیمانێکی قورس هەیە، هەم لە ڕووی جوغرافییەوە، هەم مرۆڤی، واتا وڵاتێکی 90 ملیۆنی وەک ئێران لە دڵی هەموو نەیارەکانی، هاوکات هەموو نەیارەکانی ئیسرایل نەیاری ئێرانیش. ئیدی خۆتان بیخوێننەوە ئیسرائیل لە دوای چ بەرژەوەندیەکی زەبەلاحە لە ئێران. 

ئیسرائیل هەم کێشەی جوغرافی لەگەڵ تاران نییە، هەم فەرهەنگی، بە تایبەت کە خەڵکی ئێران بەرو مەدەنیەتێکی ڕۆژئاوایی لە حاڵی بازدانیش دان.

بەم وێنە بچووکە تەواو لامان ڕوون دەبێتە لە ئەگەری هەرجۆرە گۆڕانکارییەک لە ئێران سنوورەکانی نەک هەر تەکان ناخوات کە زیاترین پشتیوانیشی لێدەکرێت، ئەکتەری سیاسی کورد ئەگەر لەمە تێنەگات کارەسات ڕوودەدات.

لە مێژووی کوردا قازی محەمەد، مەلا مستەفای سەردەمی بە هەڵە ناوبراوی ئاشبەتاڵ، ئۆجالان و مام جەلالی دوای راپەرین لە گەمە نێودەوڵەتییەکان تێگەیشتن، بەڵام بەداخەوە بێجگە لە ئۆجالان کەسیان بە هۆی لافاوی ناسۆناڵیسمی بەر لووت بینی کورد دەرفەفەتی لێکدانەوەی ئەم تێگەیشتنیان نەبوو. هەر بۆیە هێشتا ئێمەی کورد چارەنووسمان ئیرلەندە لە بەرانبەر بریتانیا، نەک ئیسکاتلەند لە بەرانبەر لەندەن.

نیچە لە کتێبی وای وت زەردەشت لە زاری زەردەشتەوە ئاماژە بە دوو هاوڕێی هەمیشەیی خۆی دەکات: یەکەم هەڵۆی بەرزە فڕ، دووهەم مارێکی ئاڵقەکراو لە ملی هەڵۆکەی. بە وردیش ئاماژە دەدات کە بێ هاوڕێ مارەکەی (لۆژیک و فام کردن)، هەڵۆ واتا هێزەکەی کارەساتی زۆر جەرگبڕ دەخوڵقێنێت.

واتا دوو باڵی هاوڕێی ئەبەر ئینسان، بەڵام بەداخەوە کورد هەزاران ساڵە بەردەوام هاوڕێ مارەکەی دەکوژێت تاکوو هەڵۆکەی بە ئاسوودەیی بدات لە شەقەی باڵ و دواجار بە یەک تاپری نەیارەکانیشی دەکەوێتە خوارەوە.

کورد بێ رۆڵی شامارانی هاوڕێی، هەڵۆکەی لە داوێنی هیچ چیایەکدا ناحەسێتەوە، وەک چۆن هەزاران ساڵە نەشحەساوەتەوە و کارەساتیشی خوڵقاندووە. 

ئەو چوار سیاسییەی کورد بە دەگمەن تێگەیشتن؛ هاوڕێیی شاماران چەند پێویستە بۆیان، بەڵام هەزاران ساڵە داشەهارە بوونی هەڵۆی کورد ڕێگەی سەرهەڵدان و ژیانەوەی بە شامارانی کورد نەداوە.

هیوادارم کورد بە گشتی و بە تایبەت کوردی ئێران رێگە بدەن شاماران لە ئەگەری هەرجۆرە گۆڕانکارییەک رۆڵی مێژوویی خۆی بگێڕێت، ئەگەرنا دیسان هەڵۆ بەرزە فرەکەی کورد کارەسات لە دوای کارەساتمان بۆ دەنێتەوە.

ئەفسانەی شاماران بە وردی بخوێننەوە کە چۆن شاماران، شاری مارەکان لە شەڕ و کارەسات بە بیرکردنەوە و سیاسەت دەپارێزێت لە بەرانبەر لەشکەری پاوشا... 

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە بۆ وەها ئەفسانەیەکی گرنگ لای ئێمەی کورد گووم بووە؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار