دەستگیرکردنی مادورۆ و سیستەمی نوێی جیهانیی

18 كاتژمێر لەمەوپێش



هۆگر برایم

دەستگیرکردنی سەرۆکی دەوڵەتێکی "خاوەن سەروەریی" لەلایەن وڵاتیکی ترەوە، وەکو ئەوەی تاوانبارێکی ئاسایی، پیمان دەڵێت کە چیتر سیستەمی جیهانیی، دامەزراو بەر مەبنای دەوڵەتی نەتەوەیی خاوەن سەروەریی، کارناکات. بۆیە پێویستیی بە سەرلەنوێ دارشتنەوەهەیە. 

لە چارەگی یەکەمی ئەم سەدەیەدا شاهیدی دەستەوەردانی زلهێزەکان بۆ وڵاتانی خاوەن سەروەریی، لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی، بووین کە لە ئەڤغانستان و عێڕاقەوە دەستی پێکرد و هەرە دواییشی رۆخاندنی ئەسەد بوو(هەرچەندە روخاندنی ئەسەد وەکو دەستوەردانیی راستەوخۆ نابینرێت). ئەم مۆدێلە لە دەستوەردان، سەرەتای ئەم سەدەیەی کرد بە مێژووی بێچارەیی سیستەمی نێودەوڵەتیی لە چارەسەریی کێشە کەڵەکەبووەکانی  سەدەی رابردوو بەدەستی لینینزم و کۆڵۆنیالیزم، بەتایبەت کۆڵۆنیالیزمیی بریتانیی کە گوایا بە دروستکرنی دەوڵەتی نەتەوەیی بچوک بچوک دەتوانرێت ئیدارەی جیهانبکرێت. 

دەرئەنجامی سیاسەتیی بریتانیا و فەڕەنسا کیشوەرەکانی ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین بوون بە دەوڵەتی گوایا سەربەخۆ کە گەلان لە چوارچێوەی جارنامەکەی نیلسن دا، دەگەن بە مافی دیارییکردنی چارەنوسی خۆیان و هاوکات لە ژێر کاریگەریی لینینزم و شیعاری "کرێکاران و گەلانی ژێردەستی جیهان، یەکگرن" دا کۆمەڵێک شۆڕشی خوێناویی لەزۆرێک لەو وڵاتە تازە دروستبووەنادا دەستیان پێکرد کە لە گۆڕینەوەی کۆمەڵێک داردەستی ئیمپریالیزم بە کۆمەڵێک دیکتاتۆری ئەحمەق بەولاوە شتێکیتری لێ شین نەبۆوە. 

کاسترۆ، چاڤێز، مۆگابی، بەعسییەکان، قەزافیی و چەندانی تر، نمونەی دیار و بەرجەستەن. ئەگەر شەڕی یەکەمی جیهانیی، بەرمەبنای دروستکردنی دەوڵەتە نەتەوەییە بچوکە کۆنتڕۆڵکراوەکان لەلایەن بەریتانیا و فەڕەنسا، لە چوارچێوەی کۆمەڵەی نەتەوەکان، داڕشتنەوەی سیستەمی نێودەوڵەتیی بوبێت ئەوا شەڕی جیهانیی دووەم دابەشکردنەوەی دەستەڵات بوو بەسەر ئەم دەوڵەت نەتەوە گوایا سەربەخۆیانەدا، لەنێوان بلۆکی "سۆسیالیستیی" سۆڤیەتیی و سەرمایەداریی بریتانیی- ئەمریکیی، لە چوارچێوەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا. 

لەگەڵ روخانی سوڤیەت لە کۆتایی سەدەی رابردوودا، ئیتر ئەم سیستەمە و دەزگاکانی چیتر کارناکەن. ئەو سیستەمە ئانارشییەی کە ریئالیستەکان لە سیاسەتی نێو دەوڵەتییدا باسی لێوەدەکەن، لەو ٣٥ ساڵەی رابردوودا، لەهەرکات ئاشکراترە. چەمکی سەروەریی دەوڵەتە نەتەوەییە دامەزراوەکانی سەدەی بیستەم، درۆیەکی شاخداری سیستەمی نێودەوڵەتییە و لە پڕاکتیکدا جگە لە هێز، هیچ دەوڵەتێک کە بەرمەبنای قانونیی نێودەوڵەتیی، خاوەن سەروەرییە، ناتوانێ ئەم سەروەرییەی خۆی بپارێزێت.

دەستوەردانەکانی چارەگی یەکەمی ئەم سەدەیە لەگەڵ ئەوەی کێشە سیاسییەکانیان ئاڵۆزترکردووە، کێشەی ئابوریی، کێشەی پەنابەران و کێشەی ئاسایشی دەوڵەتانی خۆرئاواشیان بەسەرەوە زیادبوونە. واتا مۆدێلی دەستوەردانی سەربازیی و گۆڕینی رژێمەکان لەرێگەی شەڕەوە، نەبۆتە چارەسەریی. بۆیە سیستەمی جیهانیی بە سەرکردایەتیی ئەمریکای ترامپ، دەچێتە قۆناخێکیتر لە پێشێلکردنی سەروەریی " دەوڵەتە خاوەن سەروەرییەکان" کە ئەویش رفاندنی سەرۆکە بەشەیتانکراوەکانن. 

ئەگەر لە چارەگی یەکەمی ئەم سەدەیەدا، دوای بەشەیتانکردنی تالیبان، سەددام، ئەسەد و قەزافیی ئەو وڵاتانەیان روخاندن و ئەو قەیران و کێشانەیان زیادکرد کە باسمانکرد، ئەوا بەشەیتانکردنی سەرۆکێک دەتوانێ هەر بۆ ئەوەبێت کە لەرێگەی سیخوڕ و بەکرێگیراوەکانەوە، دەوڵەتەکان کۆنتڕۆڵبکرێن و کێشەی پەنابەران و ئاڵۆزیی سیاسیی دوای دەستوەردانەکان، کەمبکەنەوە. دیارە ئەمە هیچ لەوە ناگۆڕێت کە ئیتر سیستەمی نێودەوڵەتیی لە قەیەرانی ناسنامەدایە و چیتر کارناکات. ئەگەر ئەمە بۆ ئەمریکا رەوابێت ئەوا بۆ هەر وڵاتێکی تری خاوەن هێز رەوایە کە ئەمە بکات. چۆن داگیرکردنی ئەڤغانستان و عێڕاق ئاوی بۆ روسیا رشت کە بەشێک لە جۆرجیا و ئۆکڕانیا داگیربکات، ئەوا رفاندنی مادورۆ، رشتنی هەمان ئاوە کە ئەوانی تریش پێی تیا بخشێنن. 

دەرئەنجام رفاندنی مادورۆ پێماندەڵێت کە سیستەمی جیهانیی پێویستیی بە داڕشتنەوەیە. ئینجا ئایا ئەم داڕشتنەوەیە لە رێگەی شەڕێکی جیاهانیی ترەوە دەبێت؟ یان وەکو عبداللە ئۆجالان لەسەرەتای ئەم سەدەوە گوتی "شەڕی جیهانیی سێیەم دەستی پێکردووە" ئێستا لەناو شەڕەکەداین؟ یانیش سیستەمی جیهانیی دەگەڕیتەوە بۆ سیستەمی باڵادەستیی چەند ئیمپڕاتۆریێک کە پێش سەدەی بیستەم لە ئارادابوو؟ بەهەر بارێکدابێت، چارەگی دووەمی سەدەی ٢١ یەکلاکەرەوەدەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار