ساڵێكی دیكه، چه‌رخێكی دیكه و هه‌زارێكی دیكه تێپه‌ڕین
2 ڕۆژ لەمەوپێش
دكتۆر صه‌باحی غالیب
له سه‌ره‌تای بوونه‌وه مێژوو له دایك بووه، له‌و ده‌مه‌شه‌وه، ده‌ركه‌وتن، گه‌شه‌كردن، پێشكه‌وتن و به‌رده‌وامی درێژه ده‌كێشن. له گه‌ردووندا به مرۆڤ و ده‌وروبه‌ری نزیك و دووره‌وه، مرۆڤ ده‌وری سه‌ره‌كی له خۆناسین، په‌لهاویشتن، دۆزینه‌وه و خۆگونجاندن، خۆ ته‌یاركردن و خۆپاراستن ده‌بینێ، به واتایه‌كی دیكه، ئه‌وه ویست و هیممه‌تی مرۆڤه خۆی پێش ده‌خا و سه‌رفراز ده‌بێ، بچووك ده‌بێ یا گه‌وره، ئازاد ده‌بێ یا به كۆیله‌یی ده‌مێنێته‌وه، له‌و ڕه‌وتی مێژووه‌دا، پێشه‌وا و ده‌سته‌بژێری ڕۆشنبیر، كۆمه‌ڵناس، ئابووریناس و سیاسه‌تمه‌دار هه‌ر یه‌كه له بواری خۆیدا ده‌ور ده‌بینێ، له هه‌ندێ قۆناغدا، ڕۆشنبیری گه‌وره و زانای به توانا‌مان هه‌بووه، به‌ڵام سیاسه‌تمه‌داری گه‌وره‌مان نه‌بووه.قۆناغیش هه‌بووه به پێچه‌وانه‌وه، جاری واش هه‌بووه، هه‌موو ئه‌وانه‌مان هه‌بوون، به‌ڵام كۆك نه‌بوون، له ئه‌نجامدا بێ به‌هره‌ی سه‌ركه‌وتن ماوینه‌ته‌وه.
هه‌موو ڕۆژێك، هه‌رچی هه‌یه به كاریگه‌ری مرۆڤ، له دوور یا له نزیك له گۆڕان و تاقیكردنه‌وه‌دایه، له فێربوون و تێگه‌یشتنی تازه‌تردایه، مرۆڤایه‌تی داهێنان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، ئێمه ته‌نانه‌ت ناتوانین به دروستی و بۆ كه‌ڵكی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رچاوڕوونی ئێستا و دواڕۆژمان به‌كاریان بێنین، ترومبیل به هۆی سه‌رچڵی شۆفێرانه‌وه بۆته یه‌كێك له به‌ڵا گه‌وره‌كان بۆ كورد، هه‌ر بۆ كورد نا بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌های خۆیان وه‌ك مرۆڤ و مرۆڤی دیكه نازانن، مۆبایڵ، نه‌ك كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه، به‌ڵكو بۆته مایه‌ی ئازاری ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و دابه‌شبوون و بێ ئارامی كۆمه‌ڵگه، خۆده‌رخستنی ئه‌م و ئه‌و له خراپ به‌كارهێناندا، بۆته هۆكاری له خشته‌بردنی خه‌ڵكانی ساده و ساكار و دابه‌شبوونی بێ بیركرنه‌وه‌ی خه‌ڵكی، شۆڕشی زانستی و ته‌كنۆلۆژیا چه‌نده په‌ره‌ی به هیز و داهێنان داوه، زۆر له‌وه زیاتر ده‌مارتوندی و دانه‌دواوه‌ی یه‌كدی بڵاوكردۆته‌وه، كه مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئاستی تاك و كۆ، رێكخستن و حكومه‌تان دروستكردووه.
به حسابێك، ده‌ڵێن كورد شۆڕشی بۆ ئازادی كردووه، به حسابێكی دیكه‌ی دوور له زانین و له ڕووناكی، ده‌ڵێن كورد حكومه‌ت و ده‌وڵه‌تی ده‌وێ و قوربانی بێ سنووری بۆ داون، كه‌چی مانای شۆڕش و ئازادی به لایه‌كی كوێماندا تێده‌په‌ڕێ و لێكدانه‌وه‌یه‌كی وردمان بۆیان نییه و له پێناسه‌یه‌كی زانستیدا كۆیان ناكه‌ینه‌وه، چرایه‌كی حكومه‌ت و ده‌وڵه‌تێكی دواڕۆژمان بۆ هه‌ڵكراوه، كه‌چی خۆمان له دوژمنانی دوروبه‌ر زیاتر فوی لێده‌كه‌ین و له ڕوویدا ئازاترین، چه‌نده كه‌م و كه‌سری له‌و حكومه‌ته‌دا هه‌بێ، ناكرێ خۆمان هه‌وڵی ڕووخانی بده‌ین، به‌ڵام ده‌بێ و پێویسته حكومه‌ت له كاروباری فه‌رمانڕه‌وایه‌تیدا كاراتر و بۆ خه‌ڵك و خاك دڵسۆزتر و لێزانتر بێ، بۆ كاری فه‌ڕزی سه‌رشانیشی، ناكرێ منه‌ت به‌سه‌ر خه‌ڵكدا بكا.
فێری بیركردنه‌وه نه‌بووین، بۆیه به نابه‌رپرسیارنه ڕه‌خنه ده‌گرین، یه‌كدی ده‌شكێنین و سوكایه‌ی به یه‌كدی ده‌كه‌ین، كه‌م كه‌سمان تێدا ماوه له‌گه‌ڵ خۆی و له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر ڕاستگۆ بێ، ته‌نانه‌ت له‌ناو خێزاندا، له‌ناو كه‌س و كاردا، بۆ براده‌رایه‌تی و دۆستایه‌تیش كەم خۆشه‌ویستی و قه‌درزانین به‌رقه‌رار ماوه، كارێك لاوازی كه‌سایه‌تی و خۆپه‌رستی و ڕژدی له‌ناوخۆدا كردویه‌تی، ڕێگای پێشكه‌وتنی لێ ته‌نیوین و قاچه‌كانی باداوین، پێش ئه‌وانه‌ش عه‌قڵی گرێداوین و ده‌روونی كۆڵه‌وار كردووین، هه‌موو یه‌كێكمان پێویستی به به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی عه‌قڵانی و ئارامی هه‌یه.
لای ئێمه ده‌رفه‌ت گرنگی نییه، بۆیه كه بۆمان هه‌ڵده‌كه‌وێ كه‌ڵكی لێ وه‌رناگرین، كات بێ فه‌ڕ و به‌ره‌كه‌ته، ڕۆژ و مانگ و ساڵ دێن و ده‌ڕۆن، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستیان پێبكه‌ین، بۆیه ته‌مه‌نی خۆمان، ته‌مه‌نی نه‌ته‌وه و ته‌مه‌نی حكومه‌تمان به خه‌یاڵدا نایه، هه‌موو ساڵێك و به‌رده‌وام هه‌ر داره داره‌مانه و گه‌وره نابین. هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، له لایه‌كه‌وه، كورد به گشتی و سیاسه‌تمه‌دار به تایبه‌تی كه‌متر بیركردنه‌وه‌ی قووڵ و وردیان بۆ دواڕۆژ و به‌رچاوڕوونی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان هه‌یه، له لایه‌كی دیكه‌وه، چ بایه‌خێك به شاره‌زایان و تواناكانی ده‌ره‌وه‌ی حیزبایه‌تی له‌ناو نیاز و له عه‌قڵی حیزبایه‌تیدا نابینرێ.
به‌رپرسیاران تایبه‌ت ئه‌ندامانی حیزب، ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و وه‌زیر و گزیر، زۆر جار وایه كه قسه ده‌كه‌ن، خۆزگه ده‌خوازرێ، زمانیان نه‌پژایه، ده‌بنه مایه‌ی توڕه‌یی به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی گشتی، ئه‌گه‌ر زمان شیرینی مه‌رجی ئه‌و به‌رپرسیارانه بوایه، ده‌بوایه زۆربه‌یان فه‌رمانێكی حیزبی و حكومه‌تییان نه‌درایه. به هۆی ئه‌وانه‌وه، ڕۆژ به ڕۆژ له دواترین، له به‌غدا، له تاران، له ئه‌نقه‌ره و له دیمه‌شق، نانمان به دۆ ناگا، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه، له‌ناو خۆماندا، سات به سات له یه‌كدی ڕق ئه‌ستوورترین، بێ لێبوردنترین، خۆمان به ئازانر ده‌زانین، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ش كه حیزبایه‌تی ده‌كه‌ن، به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان زۆر له پێش به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه و نیشتمانه‌وه ته‌ماشا ده‌كه‌ن، به‌و ئاراسته‌یه‌دا، ده‌بێ سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كان ئه‌و حه‌قیقه‌ته بزانن كه سیسته‌م و به‌رنامه‌ی حیزبه‌كان، پێویستیان به گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی و به‌رنامه‌ی هاوچه‌رخانه له هزر و كاركردندا هه‌یه.
عێڕاق به ناو بۆته فیدرالی، به‌و ئاراسته‌یه‌دا، نه شیعه هێزی وه‌رگرتن و باوه‌ڕی به فیدرالییه هه‌یه، نه كوردیش ده‌توانێ خۆی قایم بكا و بیچه‌سپێنێ، سوننه‌ش له كوردیش و له شیعه‌ش ده‌ترسێ، زیاتر به‌ره‌و عێڕاچێتییه‌كی توندتر خۆقایم ده‌كه‌ن، زۆرتر باوه‌ڕییان به‌ره‌و بێ منه‌تی له سه‌لماندنی مافی كورد هه‌یه، زۆر جار نایشارنه‌وه كورد به بارێكی قرس ده‌زانن، به‌ڵام نایانه‌وێ له كۆڵیان بێته‌وه، خۆیان ناوه‌ته‌وه بۆ كاتێك هێزیان په‌یدا ده‌بێته‌وه، به گوڕتر دوژمنایه‌تی پڕۆژه‌ی پێشكه‌وتنی كوردستان ده‌كه‌نه‌وه، لای سوننه و شیعه هه‌میشه ناحه‌زییان به‌رامبه‌ر به كورد گه‌رمه، هه‌ڵبه‌ت حه‌قیقه‌تی ئه‌و بۆچوون و لێكدانه‌وه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌وان باوه‌ڕیان به گۆڕانكاری نه‌خشه‌ی جوگرافیای وڵاتانی خۆیان كه به‌رنامه‌ی وڵاته زل هێزه ئیمپریالیزمه‌كان بووه، نییه، بۆیه ئازادی و جیابوونه‌وه‌ی كورد یا هه‌ر نه‌ته‌یه‌كی دیكه كه به‌زۆر خزێنراونه‌ته سنووری ده‌وڵه‌تانی نه‌ته‌وه‌ییانه‌وه، به گه‌مه و بێ بایه‌خ ده‌زانن، به حوكمی ناوه‌ندی ڕاهاتوون، تا بۆشیان بلوێ له‌سه‌ر هه‌مان به‌رنامه ده‌ڕۆن، حه‌قه پارتی و یه‌كێتی بگه‌نه به‌ر‌نه‌مایه‌كی نه‌ته‌وه‌ی و نیشتمانی، با له خۆیان بپرسن: ئایا ده‌یانه‌وێ یه‌كدی له‌ناوبه‌رن، یا نا؟ ئه‌گه‌رنا تا كه‌ی له‌سه‌ر حسابی چاره‌نووسی كورد، درێژه به زۆرانبازی دژ به یه‌ك ده‌ده‌ن؟ كه‌ی مانایه‌ك بۆ ڕۆژ و ساڵ، كات و دواڕۆژ، بۆ ئازادی و حكومه‌تداری، بۆ نه‌ته‌وه و نیشتمان ده‌ده‌ن؟
ئێمه تا ئێستا له مێژوو ده‌ترسین، بۆیه لێی تووڕه‌ین، له به‌رده‌میدا ده‌له‌رزێین، بۆیه نامانه‌وێ لێیه‌وه فێربین، زۆر كه‌سایه‌تی به ناحه‌ق گه‌وره كراون، سووریش ئه‌و حه‌قیقه‌ته ده‌زانین كه‌چی غیره‌تمان نییه خۆمان ڕاستبكه‌ینه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه حه‌زده‌كه‌ین له ده‌ره‌وه‌ی مێژووی خۆمان و له ده‌ره‌وه‌ی مێژووی دراوسێ و مێژووی مرۆڤایه‌تیدا بژین، سه‌ر كزیمان له خوێندنه‌وه و له تێگه‌یشتن لا خۆشتره، گێژی و خۆفریودانمان له ددانپێدانانی حه‌قیقه‌ت و واقیع لا گرنگتره، ئێمه هه‌موو توانا‌یه‌كمان هه‌یه، هه‌ستیان پێناكه‌ین و وه‌ك پێویست بۆ ئاشتی، بۆ پێشكه‌وتن و سه‌رفرازی به‌كاریان ناهێنین.
مانه‌وه‌ی هه‌موو ده‌وڵه‌ته داگیركه‌ره‌كانی كوردستان وه‌ك ده‌وڵه‌تانی ناوه‌ندی، مه‌ترسی به‌رده‌وامن له سه‌ر به‌شه‌كانی كوردستان، ئه‌گه‌ر كورد له‌ناو خۆدا یه‌ك نه‌بن، هه‌رگیز ناتوانن له ده‌ره‌وه به سه‌ركه‌وتوویی بۆ مافه‌كان و بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان شه‌ڕ بكه‌ن. ده‌بوایه زۆر ده‌مێك بوایه كورد كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی ناو ماڵی خۆی چاره بكردایه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ڕۆژێك، هه‌موو ساڵێك و هه‌موو چه‌رخێك هه‌ست بكه‌ین كه گه‌وره بووین و ساوایمان تێپه‌ڕاندووه، دره‌ختی عه‌قڵمان ڕه‌گی داكوتاوه، ده‌روونمان خاوێن و چاومان گه‌ش و هیوامان به زیندوویی به‌ڕێوه‌یه، ئامانجه‌كانمان وه‌ك نه‌ته‌وه و وه‌ك جوگرافیا هاتوونه دی. وا نه‌بین، ڕۆژان دێن و ده‌چن، ساڵان دێن و تێده‌په‌ڕن، چه‌رخیش هه‌ست ناكه‌ین كه‌ی دێت و كه‌ی ئاوا ده‌بێ، ئێمه له جێی خۆمان له گۆڕه بزێوه‌داین. 1ی 1ی 2026
