روخانی رژێمەکەی مادورۆ، روخانی دوا سەنگەری میحوەری موقاوەمە بوو
2 ڕۆژ لەمەوپێش
ئارام ڕەفعەت
کۆتا بابەتم لە ساڵی ٢٠٢٥دا دەرهەق بە شەوە تارەکانی رژێمەکەی تاران بوو.
شەوی تار بەهۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لە دوا رۆژەکانی ساڵ دژی ئەو رژێمە.
لەراستیدا، نەک هەر دوا شەوەکانی ساڵی ٢٠٢٥، سەرتاپای ساڵەکە، شوومترین ساڵ بوو بۆ ئەو کیانە خوێناویە.
لانی کەم لەدوای شەڕی هەشت ساڵەی لەگەڵ هاوتا عيڕاقیەکەی، ساڵی ٢٠٢٥ سەختترین ساڵ بوو بۆ رژێمی عەجەمەکان.
کیانە فاشیستەکەی ئێران بە نیمچە پەڕوپۆ کراوی هاتە ناو ساڵی ٢٠٢٥ و لە مانگی تەموزیشەوە زۆر دژوارتر ئەو ساڵەی بەڕێکرد و پێی نایە ساڵی ٢٠٢٦.
پەڕوپۆ کراویەکەی لەوەدا بوو کە ئەم کۆماری سێدارەیە لە ٢٠٢٥دا هیچ کام لە پرۆکسیەکانی میحوەری موقاوەمەی ناو هیلالی شیعی لە لەبەردەست نەمابوو.
رژێمە خوێناویەکەی ئەسەد لە ٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٤دا بۆ هەمیشە چووە زبڵدانی مێژوو و خەونی ئیمپراتۆریەتی عەجەمەکانیشی، کە لە هیلالی شیعەدا بەرجەستە ببو، لەگەڵ خۆی برد.
هەرکام لە حەماس و حیزبوڵلاش، لە ٢٠٢٤دا شەلەل بوون و لە ٢٠٢٥دا وەک دوو سەنگەری چۆڵکراوی میحوەری مقاوەمە وابوون.
دوا هەڵقەی میحوەری مقاوەمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، حوسییەکانی یەمەن بوون.
لە ٣٠٢٥دا، ئەو هەڵقەیەی حوسیەکانی یەمەنیش تا رادەیەکی زۆر پچڕا، بەتایبەت دوای کوژرانی سەرۆک وەزیرەکەیان لە ئابی ٢٠٢٤دا.
پچڕانی ئەو هەڵقەیە لە ٢٠٢٥دا، لەوەدا بەرجەستە ببوو کە حوسییەکان توانای هێرش کردنە سەر کەشتییە بازرگانیەکانیان لە دەریای سۆردا، بە رێژەی ٨٤٪ کەمی کرد.
هەموو ئەو شکست و نەهامەتیانەی کیانە فاشیەکەی ئێران لە ٢٠٢٥دا ئەزموونی کرد بە لایەک و ئەو گورزانەی کە ئیسڕائیل لە ١٣ی تەمووزەوە بۆ ماوەی ١٢ رۆژ بەسەریەکەوە لەو کیانە داگیرکەرەی وەشاند، بەلایەک.
لەماوەی ١٢ رۆژدا، بێجگە لەوێرانکردنی ژێرخانی ئابووری و سەربازی و دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ئێران، ئیسڕائیل سەرجەم ماستەرمایند و ئەندازیار و سەرپەرشتیارانی پڕۆژەی میحوەری موقاوەمەی، بەتایبەت سەرانی سوپای پاسداران، لەناو برد،.
گورزەکەی ئیسرائیل دەکرێت بەگورزی سەدە ناوزەدە بکرێت. گورزێک کە کیانەکەی ئيرانی نیمچە شەلەل کرد و نزیکی کردبووەوە لە لێواری گۆڕ.
دوای لەدەست دانی چوار پرۆکسیەکە و گورزە کوشندەکەی ئیسڕائیل، رژێمەکەی مادۆرۆ تاکە هەڵقەی بەرەی موقاوەمە بوو کە کیانە نەخۆشەکەی ئێران ئومێدی مانەوە و بوژانەوەی لەسەر هەڵبچنێت.
روخانی رژێمەکەی مادورۆ، لە سێیەم رۆژی ئەم مانگەدا، رێک بە مانای روخانی دوا سەنگەری میحوەری موقاوەمە و دوا پایە ديت کە کیانی عەجەمەکانی لەسەر وەستاوە.
هەرچەند فەنزوێلا کەوتۆتە رۆژاوای گۆی زەوی و زیاتر لە ١١ هەزار کیلۆمەتر لە سنوورەکانی ئيران دوورە، بەڵام بایەخی فەنزوێلا بۆ ئەو کیانە لە هی چوار پرۆکسیەکە، ئەسەد و حیزبوڵا و حەماس و حوسیەکان، زیاتر نەبووبێت کەمتر نەبوو.
دیارترین جیاوازی نێوان فەنزوێلا و چوار پرۆکسیەکە لەوەدایە، بەردەوامی و مانەوەی چوار پرۆکسیەکە لە سەر هاریکارییە دارایی و سەربازیەکانی ئێران وەستا بوو.
هەر چواریان بەسەر یەکەوە بارگراناییەکی زۆربوون بەسەر ئابووری عەجەمەکانەوە، بەڵام لە پرسی فەنزوێلا رێک بە پێچەوانەوە بوو.
نهێنی مانەوەی ئابووری ئيران و خۆ راگرتنی لە هەمبەر ئەمبارگۆی ئابووری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی رژێمەکەی مادورۆ بوو.
فەنزویلا لەلایەک سەرزەمینی سپیکردنەوەی پارە و شوێنی ساغکردنەوەی موشتەقاتی نەوت و گازی ئێرانی.
لەلایەکی دیکەشەوە، فەنزوێلا تاکە شوێن بوو کە ئێران بە گوژمەی ملیاران دۆلار سەرمایەگوزاری لێدەکرد، بەتایبەت لەبواری پیشەسازی نەوت، سەربازی و خانوو و بەرەدا.
جگە لەوە، هاوشێوەی تورکەکان، عەجەمەکانیش لە قاچاخچێتی زێڕ بەرامبەر خۆراک لەگەڵ فەنزوێلا تێوە گلابوو و داهاتێکی بەرچاوی لەم بەتاڵان بردنەی زێڕی فەنزوێلای پێدەبڕا.
هەر ئەوە نا، جۆرەها بازرگانی نایاسایی و پشت پەردە لەگەڵ فەنزوێلادا، سەرچاوەیەکی کراوەی داهات بوو کە بۆ پشتیوانی دارایی پرۆکسییەکانی، بەتایبەت حەماس و حیزبوڵا، بەکار دێنا.
هەژموونی سیاسی و عەقیدەتی ئاخوندەکان، بەتایبەتیش تێزی دژە ئیمپریالیزمەکەی، بەسەر مادورۆ هێندە فراوان بوو، زۆر جار مادورۆ خامنەئی وەک پێشەوای خۆی وێنا دەکرد.
هە بەهۆی ئەوەی مادورۆ تەواو خزابووە ژێر باڵی کیانە فاشیەکەی ئاخوندەکان وە هەم بەهۆی پێگەەی جوگڕافی و نزیکی لە شەیتانی گەورە، ئەمەریکا، فەنزوێلا وەک سەنگەری پێشەوەی بەرەی مقاوەمە دەبینرا.
لەم رۆژانەدا ئەم سەنگەرەش رووخا.
ئێستا و دوای توناوتون چوونی دوا پرۆکسیەکەی، ئەم کیانە داگیرکەرەی پارچەیەک لە وڵاتی کوردان، بێ ئومێدانە پێی لە ئاسمان بڕاوە.
وەک هەمیشە، بێ ئومێدی داگیرکەر ئومێدە بۆ کورد و نەتەوە ژێردەست و خاک داگیرکراوەکانی تریش.
