شەقامی نافع داود و نیکۆلاس مادۆرنۆ
2 ڕۆژ لەمەوپێش
شارۆ شاهۆ
کاتێک (سەدام حسێن) لە کۆتا ڕۆژەکانی دەسەڵاتی بوو، پەناگەیەکی نهێنی دەستنیشان کرد لە گەڕەکی مەنسور لە ڕۆژئاوای بەغداد کە دەکەوتە شەقامێک کە ناوی (نافع داود) بوو. ئەوە شایەنی باسە (نافع داود) یەکێک بوو لەو ئەفسەرە نەتەوەییانەی کە لە کودەتاکەی (عبد الوهاب الشوّاف) لە موسڵ بەشداریکرد لە دژی (عەبدولکەریم قاسم) لە ئازاری ١٩٥٩ دا. (سەدام حسێن) وابەستەبوونێکی نۆستالیژی تایبەتی هەبوو بۆ ئەم شەقامە.
بە گوێرەی گێڕانەوەکانه (بەرزان تکریتی) زڕبرای سەدام حسێن لە پەرتووکی (ساڵە تاڵ و شیرینەکان)، ئاماژە بەوەدەکات: سەدام و هاوەڵێکی بەناوی(عەبدولکەریم ئەلشەیخلی) کاتێک سەرقاڵی داڕشتنی پلانی کودەتابوون لە دژی (عەبدولسەلام عارف) لە ١٩٦٤دا. خۆیان لە ماڵێکدا حەشاردابوو کە دەکەوتە نزیکی ئەم شەقامەوە. کاتێکیش پلانی ئەم کودەتایەیان ئاشکرا دەبێت لەلایەن ئامۆزایەکی سەدام بەناوی (تەها سوڵتان) کە هاوسەری کچەکەی (ئەحمەد حەسەن بەکر) بوو. سەدام و ئەلشەیخلی و کۆمەڵەیەکی گەورەی ئەندامانی پارتی بەعس دەستگیردەکرێن. دواتر، سەدام کاتێک هەڵدێت، خۆی لە ماڵێک حەشاردەدات لە گەڕەکێک بەناوی (حي داراغ)، ئەویش بەهەمان شێوە دوور نیە لە شەقامی (نافع داود)! دوای ئەوەی کە دەسەڵاتیش دەگرێتە دەست، ماڵەکەی لە گەڕەکی داراغ دەبێتە مۆزەخانەیەک بۆ بەعسییەکان. بەڵام هەرگیز باس ناکرێت لەو ماڵەی کە لە شەقامی (نافع داود) بووە.
هەڵبەتە ئەمەش بەبێ هۆکار نەبووە. چونکە (سەدام حسێن) نیازمەندبووە مۆڵگەی نهێنی خۆی تێیدا بونیادبنێ لە ئەگەری هێرش بۆسەری لەلایەن ئەمریکاوە. هەر واشدەبێت، چونکە لە سەردەمی دەسەڵاتییدا بە گوێرەی گێرانەوەی (كامل عبد الرحيم) کە بیرمەندێکی عێراقییە، لە نووسینێکیدا ئاماژەی بەوەداوە؛ ماڵەکانی ئەم ناوچەیە تەژی بوون بەو ئەفسەرە بەعسیانەی کە دڵسۆزی ڕژێم بوون. هەروەتر، کرێی خانوو و نرخی موڵکیش بەجۆرێک بەرزبوون کە کەم کەس هەبووە خۆی لە قەرەی بدات. ئەمەش بۆ ئەوەی ناوچەکە تەواو پارێزراوبێت وەک پەناگەیەک بۆ ڕۆژانی جەنگ. ئەوەی جێگای سەرنجە، سەدام حسێن بێ ئاگابوو لەوەی هەمان بەخت ڕەشی ١٩٦٤ لەم شەقامەی دووچاری هات دووبارە بووە لە ٢٠٠٣ دا.
سوپای ئەمریکا سەرباری ئەوەی بە چڕی ئەم ناوچەیەی بۆردوومان کرد، (هێزی دەلتا)ش ئەرکدارکران بە کنە و پشکنینی ئەم ناوچەیە؛ پێیەی سوپای ئەمریکا و ناوەندی هەواڵگرییان (CIA) زانیاریی تەواویان هەبوو لەسەر ئەو ڕابردووەی (سەدام حوسێن) لێوەی دروستبوو بوو. بەجۆرێک تەنانەت ئاشنای ئەو نۆستالیژیایەش بوون کە سەدام بۆ شوێنەکانی ناو بەغداد هەیبوون، بە تایبەت شەقامی (نافع داود)!.
دەکرێت لەم باسەوە ئەوە هەڵهەنجێنین کۆمیدیای دیکتاتۆرەکان لە زۆرجێدا هاوشێوەن. تازەترین نموونەی ئەم کۆمیدیاشە، دەستگیرکردنی سەرۆکی فەنزوێلا ( نیکۆلاس مادۆرنۆ) لە مۆڵگەیەکی نهێنیدا لەلایەن هێزی تایبەتی دەلتای ئەمریکا هاوشێوەی ئەو چارەنووسەی کە بەرۆکی سەدام حسێن گرت. بەڵام چارەنووسی (مادۆرنۆ) کۆمیدیایەک بوو بۆخۆی، چونکە ئەوە ڤەنزوێلا بۆ ماوەی پێنج مانگە لە حاڵەتی ئامادەباشی جەنگدایە کە چی بە ئۆپراسیۆنێکی پێنج کاتژمێری سەرۆکەکەیان دەستگیرکرد. دامەزراوە هەواڵگرییەکانی فەنزوێلا شکستە بوون لە شاردنەوە و پارێزگاریکردن لە شوێنی خۆحەشاردانی سەرۆکەکەیان. سەربار، هەریەک لە بیرمەندان( ناتاشا ئیزرۆ) و ( ئیریکا فرانتز) لە چوارچێوەی ئەو پەرتووکە نایابەی کە نووسیویانە لەسەر دیکاتۆر و ڕژێمە دەسەڵاتگەراکان و سەرۆکەکانیان.
ئاماژە بەوە دەدەن سیستەمی زانیاری و هەواڵگری لەناو سیستەمە دیکتاتۆرییەکاندا زۆر لاوازە، سەرباری ئەوەی بە ڕووکەش بەهێز دەردەکەوێت و پشکی گەورەی لە بودجەی دەوڵەت بۆ تەرخاندەکرێت. ئەمەش بە هۆکاری ئەوەیە دیکتاتۆرەکان دەسەڵاتی تەواویان هەیە لە هەڵبژاردنی ڕاوێژکارەکانیان لەسەر ئەو بنەمایە نا توانست و لێهاتووی نا، بەڵکو لەسەر بنەمای ئەوەی کێ زیاتر دڵسۆزە و جێگای مەترسی نیە و دەتوانێت مەرایی کاربێت. ئەمەش هۆکارێکە دیکتاتۆرەکان بکەونە ناو خەیاڵی خۆفریودانەوە. چونکە ئەو زانیارانەی کە دەستدەخرێن و شرۆڤەدەکرێن بەناو سیستەمێکی هەرەمیدا ڕەت دەبن، تێیدا کارمەندی بندەستی بەرپرسەکان بەزۆری ڕاستیەکان دەشێوێنن کە چنگی دەخەن بۆ ئەوەی دڵی بەرپرسەکانی سەرووی خۆیانی پێ خۆشبکەن لەبەرامبەر ئەو سیاسەتەکەی کە وادەخوازێت هەموان خۆیانی لەگەڵ بگونجێنن چونکە سەرۆک پێی پەسەندە.
کاتێکیش زانیارییەکان دەگاتە لای سەرۆک، بەجۆرێکن وەک ئەوەی دونیا شامی شەریفبێت، هیچ جۆرە مەترسییەک لە ئارادا نەبێت کە دڵی سەرۆک بڕەنجێنێت و خەیاڵاتەکانی لەناو واقعدا سەراوبن بکات. بۆیە گرنگە ئەو ڕاستییە ئەفرۆز نەکەین؛ ئەمریکا بۆیە وڵاتێکی زلهێزە، چونکە خاوەنی کلتووری دامەزراوەییە و دونیابینی ستراتیژییە لە داڕشتنی ئەو سیاسەتانەی کە بەرژەوەندی ئەمریکی دەپارێزێت.
دواجار ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا گوتارەکانی گاڵتەجارانەبن، بەڵام لە واقعدا دۆناڵد ترامپ ناتوانێت، ئەو دیدگا ستراتیژییە نادیدە بکات، کە بازنەی ڕاوێژکار و دامەزراوە ئەمریکییەکان کاری لەسەر دەکەن بۆ پاراستنی ئەو پێگەیەی ئەمریکا لەناو سیاسەت و ئابووری ئیمڕۆی جیهاندا هەیەتی.
