سەبارەت بە دەسبەسەراگرتنی-استحواذ- فەنزویلا !
دوێنێ
سامان کەریم
سەرمایەداری فەنزویلا چی هەیە و سەرمایەدارانی ئەمریکی عاشقی چین؟!:زیاتر لە ٣٠٢ ملیار بەرمیل نەوتی یەدەک (یەکەمی جیهان)/ گازی سروشتی 197,087,000 ملیۆن قەدەم مکعبMMcf / ئاڵتون ٨ هەزار تۆن/ کانزاکانی وەک: ئاسن، ئەلبۆکسیت(ئەلۆمینۆم)، کۆڵتان( بۆ پیشەسازی ئەلکترۆنیات بەکاردێت)، هەروەها نیکڵ و فۆسفات/ئەمانە و جگە لە پێگەی جوگرافیایو ئاوی سازگارو دەوڵەمەند بە کشتوکاڵی هەمەجۆر). بەم هەموو ژێر بینا ئابورییە بەهێزەوە، خەڵکێکی هەژارو پرۆلیتاریایەکی هەرزان دەبینین.
سەرمایەدارییەکی فەرمانڕەوا- حاکم الولایــة-. باسکردن لە یاسای نێو دەوڵەتی و سۆڤەرجنتی-سەروەری- وڵاتان جگە لە خواستی سەرمایە بچووکەکان وڕیکلامی سەرمایە گەورەکان هیچی دیکە نیە.
سەرمایەداری ئەمریکا بۆ کەوتۆتە پەلامارو هەناسە بڕکێ؟!: دەرگیرە لەگەڵ قەیرانێکی ئابوری هەمەلایەنە و فراوانترو قوڵتر لە قەیرانی ساڵی ٢٠٠٨. هەڵئاوسانی-تضخم- لە کاڵا زۆر پێویستەکان بۆ ژیانی دانیشتوان، بەتایبەت خۆراک و وزە(کارەباو بەنزین و نەوت) ٣،٤ ڕێژەی هەڵوسانە، بەڵام خۆراکو وزەی تیانیە، کە لەهوو کاڵاکانی دیکە خواستی زیاتریان لەسەرە، واتە پڕۆلیتاریا و هەژارەکانی ئەمریکا توانایی کڕیاریان زۆر هاتۆتە خوارەوە/ ٦،٦ملیۆن کەس ناتوانن یان کۆسپیان هەیە بۆ دانەوەی قەرزی سولفەی خانووبەرە-قرض العقاری-/ ١٠،٦ ملیۆن کەس ناتوانن یان کۆسپیان هەیە بۆ پێدانی کرێخانووی مانگانە/ ٨٠٪ کۆسپیان هەیە لە پێدانی ٤٠٠ دۆلار بۆ حاڵەتی ئێمێرجنسی تەندروستی و پسوڵەی ئەمبوڵانس/ قەرزەکانی سەر دانیشتوان: ١٣،٧ تڕیلیۆن دۆلار قەرزی خانووبەرە-عقارات- ١،٢٣تریلیۆن قەرزی کریدت کارت، ١،٦٦ تریلیۆن قەرزی کڕینی ئۆتۆمۆبیل، ١،٦٥ تریلیۆن قەرزی خوێندکاران...
کۆی ئەوقەرزانە زیاترە لە ١٨ تریلیۆن دۆلار)/واتە بانکەکان ١٨ تریلیۆنیان داوە بە قەرز بەڵام چۆن وەریدەگرنەوە؟!!! / قەرزی سەر دەوڵەت زیاترە لە ٣٨ تریلیۆن دۆلار، دەکاتە نزیکەی ١٢٦٪ تێکڕایی بەرهەمی ناوخۆیی ئەمریکا – GDP-/ کورتهێنانی بازرگانی لەگەڵ چیندا سەڕەرای گومرگەکان بڕی ٢٩٥ ملیار دۆلارە و لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا بڕی ٢٣٥ملیار دۆلارە، تێکڕا دەکاتە ٥٢٥ملیار دۆلار/بەرزبوونەوەی ڕێژەی دەرکردن و بێکاری و کەمبوونەوەی لە ڕادەبەدەری شوێنیکاری تازە.
داتاکانی سەرژمێری هەلیکار و دەورانی پەیداکردنی کار (JOLTS) کە لەلایەن دەزگای ئاماری کار (BLS) بڵاوکراوەتەوە، دەریدەخەن کە کۆی گشتی دەرکردن –الفصل والتسريح- لە مانگی کانوونی دووەم تا ئابی 2025 گەیشتووەتە 13.8 ملیۆن کەس، ئەگەر تا کۆتایی ساڵی ڕابوردووی بخەینە سەر ئەوە بێگومان ١٥ ملیۆن دەرکراو تیپەڕدەکات/ ئەو ڕێژەیە هێجگار بەرزە، هیچ وەبەرهێنانێک ناتوانێت چارەکێکی پڕ بکاتەوە بەتایبەت لەسایەی بەکارهێنانی ڕۆبۆتو زیرەکی دەستکردا). / هێندە بەسەو کافیە ئەوەندە بزانین کە لە ٧٠٪ی ئابوری ئەمریکا لە ڕێگای بازاڕی ناوخۆەوە مەیسەر دەبێت و هاتنە خوارەوەی بێوێنەی توانایی کڕیاری دانیشتوانی ئەمریکا زەڕبەیەکی کوشندە لە سیسەمی سەرمایەداری ئەم وڵاتە دەدات. بەڵام ئەم قەیرانە ئابورییە یەخەی بە تەواوی سیستەمە جیهانیەکە گرتووە و خواستێکی –طلب- کەم بەهۆی هەژارییەوە بەرانبەر بە قەبارەیەکی هێجگار گەورەی خستنەڕووی-عرض- کاڵاکان.
کەڵەکە و چڕ بوونەوەی-ترکیز- سەرمایە بەهۆی گەشەو پێشکەوتنی لە ڕادەبەدەری زانست و لەسایەی کێبڕکێی توندی نێوان سەرمایەگەورەکانی جیهان، ڕێگای بۆ پشکی-سهم- سەرمایە بچووکەکان نەهێشتۆتەوە لە بازاڕی جیهاندا، مەگەر وەک فەرمانڕەوای دەوڵەت-حاکم الولایة-. سەرمایە لەم قۆناغەدا لە سایەی قەیڕانێکی قوڵو بونیادیی جیهانیدا، ناتوانێت لە ڕێگای پڕۆسەی تەقلیدی بازاڕەوە گەشەی ئابوری بکات، بێگومان بۆ لە زەویدانی حەریفەگەورەکانی میکانیزمی دیکەی پێویستە کە پەلامار و هەڵکوتانەسەرو چەتەیی و فڕاندنو جەنگەکانە... بەڵام ئەم میکانیزمانە بەشێکن لەهەمان پڕۆسەی گەشەو کەڵەکەی سەرمایە و خواردنی سەرمایە بچووکەکان، دروست هەمان پرۆسەی دەستبەسەراگرتنی - استحواذ- Acquisition کۆمپانیایەکی بچوکە لە لایەن کۆمپانیایەکی گەورەوە، قسەکانی ترامپ بەتەواوی ئەوە دەسەلمێنن.
ئەوەی لە فەنزویڵا ڕوویدا، هەرئەوەیە و هیچی دیکە. بەڵام لەهەمانکاتدا، پشکەکانی چین و ڕوسیا و سعودیەش دەخوات یان کەمیاندەکاتەوە، ئەوە باشترین مۆدێلی بۆڕسەی سەرمایەدارییە. سەرمایەی ئەمریکی پێویستی بە پاککردنەوەی حەوشی دوەروبەری خۆیەتی، کە تەواوی ئەمریکای لاتینی دەگرێتەوە، دورتریش موڕکی لە گریلاند گرتووەو پەلاماری دەدات.
