سەرۆک کۆماری عێراق: بەسیتە

دوێنێ



د سەردار عەزیز

بە پێی ئەو عورفەی لە عێراقدا دروستبوە، پۆستی سەرۆک کۆمار بەر کورد کەوتوە. جگە لە جەلال تاڵەبانی و بەرهەم ساڵەح، کورد هەتا ئێستا کەسی شیاویان بۆ ئەو پۆستە دانەناوە. لە خوارەوە چەند سەرنجێکی خێرا دەربارەی ئەم پۆست و هەڵایەی لە دەوری دەخەمە ڕوو.

یەکەم، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، کوردێنراوە. لە کولتوری سیاسی کوردیدا هەموو پۆستێک کاتێک دەکوردێنرێت، سوک دەکرێت. سوککردن لە ڕێگای زۆرکردنی کاندید، نەهێشتنی هیچ تایبەتمەندی و شارەزایی و سیمبولێک. دیارە دیاردەی زۆرکردن و بۆرکردن لە زۆری بواری تری وەک بڕوانامە، میدیا، ڕا و بۆچون دا لە کوردستان ڕودەدات.

دووەم، بەسیتبوون یان سوککردنی پۆستەکە پێش هەموو شتێک سروشتی سیمبولی بونی پۆستەکە دەکوژێت. لە ناو کەلتوری بەناو سیاسی کوردیدا، پۆستەکە وەها دەبینرێت کە تەشریفاتییە. بەو مانایە تەنها بۆنە و ئاهەنگ و واژۆکردنە. ئەمە تێنەگەیشتنە لە چەمکی سیمبول. سەرۆکی عێراق لە ڕێگای سیمبول بونیەوە، عێراق تیایدا بەرجەستە دەبێت. بەو مانایە دەبێت ئەو ببێت عێراق و عێراق ببێت بە ئەو. ڕێک وەک پادشاکان وەهایە. لە ناو کایەی سیاسیدا کاتێک دەسەڵاتەکان جودا دەکرێنەوە، پۆستی سەرۆک دەبێتە هۆی دەموچاو دەوڵەت. کە لە هەموان زیاتر بینراوە و دەربڕی ئەو خەسڵەتانەیە کە کاری ڕۆژانەی سیاسەت ناتوانێت دەربڕی بێت.

سێیەم، بونی کوردێک بە سیمبولی عێراق، بە مەبەستە. بەو مانایە عێراق لە عەرەبیبون و سوننی بون و شیعەبونی کەمێک دوور خاتەوە. بەوەی خەسڵەتی کوردیشی بۆ زیاد بکات. بەڵام سەرۆکە کوردەکان بە زۆرینە. نە توانای ئەم ڕۆڵەیان هەبوە و نە ئاگایان لەم ڕۆڵە هەبوە. چونکە بە گشتی دەرهاوێشتەی قەیرانی ناو یەکێتین لە بڕی ئەوەی بەرجەستە پرۆژەیەک یان دیدێکی ستراتیژی کوردی بن. دیارە ئەمە ئاسان بۆ گەلێک کە لە سەرتاپای مێژوی سیاسی بیرمەندێکی سیاسی نەبوە.

چوارهەم، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق زۆر ئاڵۆز و سەختە. چونکە کەسی سەرۆک کۆمار دەبێت خاوەنی چەندین جەستەی سیاسی بێت. لە کاتێکدا دەبێت بتوانێت لە هەناو ئاڵۆزی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراقدا یاری بکات لە هەمانکاتدا دەبێت یەک لایەن نەبێت هەتا بتوانێت ئەو سەنگەی هەبێت. پرۆسەی فرە جەستەیی سیاسی پرۆسەیەکی ئاڵۆزە.

پێنج، شیعە و ئێران پێیان باشە کوردێک سەرۆک کۆماربێت هەتا عێراق لە عەرەبیبون و سوننی بون دوورخاتەوە. ئەمە کار ئاسانییە. بەڵام لە هەمانکاتدا ئالانگاریشە. چۆن مامەڵەی لە گەڵدا دەکرێت. بەسیتە.

شەش، سیمبوڵبونی پۆستێک دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ کاراکتەری کەسەکە. کاتێک کەسێک بە توانایە لە پۆستێکی سیمبولیدا، ئەوا قورسایی زیاتر دەبێت. بەڵام کاتێک کەسەکە لاوازە، ئەوا سیموبلی بوون دەبێتە مایەی لاوازی. کورد ئەمەشی نەزانیوە هەتا ئێستا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار