بە بێ کرماشان، کوردستان چییە؟!

دوێنێ



ڕێوار ئاودانان
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان - پژاک

گەورە شاری کرماشان ناوەندی رۆژهەڵاتی کوردستانە و چارەنووسی سیاسی کوردان لە رۆژهەڵات لە کرماشان دیاری دەکرێ. ئیستاش کرماشان پێشەنگی سەرهەڵدانەوە و دەنگی ئازادیخوازانەی کوردانی لە سەرتاسەری ئێران بەرز کردووەتەوە.

گەلی شۆڕشگێری کرماشان و ئیلام و خوڕەماباد و کوهدەشت و ئەسەدئاباد و ئاودانان و دێلۆڕان و بە گشتی زاگرۆس‌نیشینەکان کە لەو رۆژانە شانبەشانی خەڵکی شوێنەکانی دیکەی ئێران دژ بە دیکتاتۆری و ستەم هەستاون و دەنگی ئازادیخوزانەی خۆیان بەرز کردووەتەوە،کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوەوە و دەرەوە هێزی لێ بڕاوە و بڕستی نەماوە. رۆژ بە رۆژ هیوای بۆ دریژەدان بە تەمنی کەمتر دەبێتەوە. یەکێتی و هاوئاهەنگی کورد و لوڕ و فارس و عەڕەب و گیلەک و ئازەری و بەلووچ دەتوانێ بۆ هەمیشە تەمەنی نگریسی دیکتاتۆری کۆتایی پێ بێنێ. 

دێمۆکراسی، ئازادی و ژیانێکی بە ڕوومەت و نان، مافێکی سەرەتایی و بێ ئەملاولای خەڵکە. بۆ گەیشتن بە ئەو مافانە تەنیا رێگە درێژەدان بە خەباتی بێ وچانە،ئەم ناڕەزایەتییانە درێژەی شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی »یە و بێ گومان، سەرەنجام نەتەوەی کورد و گەلانی ئێران ڕژێمی دیکتاتۆری تێکدەشکێنن و سەردەکەون،کرماشان و ئیلام لە شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی » لە ڕیزی پێشەوە بوون و پێشڕەوی شۆڕش بوون. کرماشان و ئیلام لە رۆژەسەختەکانی سەرهەڵدانی «ژن ژیان ئازادی » جوانڕۆ و مهاباد و سەقز و ورمێیان بە تەنیا جێ نەهێشت و هاتنە مەیدان. 

ئەمڕۆ کە کرماشان پێشاهەنگی شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستانە، پێویستە و بەجێیە کە شارەکانی دیکەی کوردستان کرماشان بە تەنیا جێ نەهێڵن،بە داخەوە میدیای کوردی هەر وەک حیزبە کلاسیکییەکان لە ئاست کرماشان و ئیلام و هەمەدان و لوڕستان بێ دەنگ و کەمتەرخەمن. هۆکاریش ئەوەیە کە «میدیایەکی نەتەوەیی و دیمۆکراتیکی کوردستانی»مان نییە. زاراوە چێتی، هەرێم چێتی، حیزب چێتی، هەموو میدیا کوردییەکانی گیرۆدە کردووە و تووشی نەخۆشی کردوون. 

ئەگەر لە گوندێکی چکۆلەی سنە و مهاباد یان هەولێر و سڵیمانی شتێک روو بدات هەموویان وا لە بوق و کوڕنای دەدەن دنیا گێژ و مەنگ دەکەن، بەڵام چونکە ئێستا کرماشان و ئەسەدئاباد و کوهدەشت و ئیلام لە ئارا دایە تێکڕا بێ دەنگییان لێ هێناوە و دەڵێی سڕیان کردوون،تا ئەو ساتە لە دەسپێکی ناڕەزایەتی و سەرهەڵدانی خەڵکی ئێران، نە تەنیا لە کرماشان و خەڵکی شۆڕشگێری ئەو شارە پشتیوانی نەکراوە بەڵکوو کەسانی پەیوەندیدار لە گەڵ حیزبە پاشکەوتووە کلاسیکییەکان دەستیان کردووە بە دژایەتی لە گەڵ کرماشان و هەوڵی شێواندنی ناو و ئاوازەی ئەم شارەیان داوە!. 

ئەم کردەوانەش لە ژێر ناوی کوردایەتی و ناسیونالیسمی کوردی دەکرێ!  دەڵێن: بۆچی کرماشان وێڕای تاران وەدەنگ هاتووە و دژ بە کۆماری ئیسلامی هەستاوە؟! بە ڕاستی کە ئەم شێوازە لە ئاخاوتن و هەڵوێست وەر گرتن ئەوپەڕی بێ مێشکی و لوتکەی نەزانینە! ئەم خۆبەزل زانە هیچ نەزانانە کە سەد  ساڵە بێجگە لە شکەست و ناکامی هێچ شتێکییان بۆ کورد بە ئەرمەغان نەهێناوە، نە شتێک لە کورد بوون و نەتەوەیی بوون دەزانن و نە شتێک لە سیاسەت و ژێئۆپلۆتیک سەریان دەچێ. 

رۆژێک پێویستی توانەوەی زاراوەی کوردی کەڵهوڕی لە ناو زاراوەی ناوەندی دێننە ئاراوە و رۆژێکی دیکە دەیانەوێ سەڕهەڵدانی دێمۆکراتیکی کرماشان بەرنە ژێر پرسیارەوە،گەورە شاری کرماشان ناوەندی رۆژهەڵاتی کوردستانەو چارەنووسی سیاسی کوردان لە رۆژهەڵات لە کرماشان دیاری دەکرێ. ئیستاش کرماشان پێشەنگی سەرهەڵدانەوە و دەنگی ئازادیخوازانەی کوردانی لە سەرتاسەری ئێران بەرز کردووەتەوە.  کرماشان و ئیلام بەو ڕادەیەی کوردستانین، بەو ڕادەیەش هاوچارەنووسی گەلانی دیکەی ئێرانن. بەو هۆکارە یەکدەنگ بوونی کرماشان و ئیلام و هەرێمەکانی لوڕستان و هەمەدان لە گەڵ تاران و ئەسفەهان و یەزد و شیراز کارێکی سیاسی ژیرانەو و ئاقڵانەیە. ئەو کەسانەی بێ ڕیزی بە کرماشان بە ڕەوا دەبینن، خیانەت لە نەتەوەی کورد دەکەن. 

کرماشان یار و نەیاری خۆی باش دەناسێ و لەبیری ناچێ لەو رۆژانە کێ دۆستی بۆوە کێ دوژمنی. بێ ڕێزی کردن بە کرماشان لە لای هەر کەسێکەوە بێت، لە لایەن گەلی کورد و کرماشان چاو پۆشی لێ ناکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار