بۆ مەلا بەختیار کاندیدی هاوبەشی هەمووان نەبێ؟
دوێنێ
هەڤاڵ کوێستانی
ئەگەرچی پۆستی سەرکۆمار، زیاتر پۆستێکی تەشریفاتی و پرۆتۆکۆڵیە، بەڵام لەهەمان کاتیشدا پۆستێکی زۆر باڵا و گرنگە و کۆمەڵێ دەسەڵات و بەرپرسیاریەتی دیکەشی لە ئەستۆدان کە هەر هەموویان لەدەستووردا ئاماژەیان پێکراوە، بۆیە زۆر گرنگە ئەو کەسەی ئەو پۆستە وەردەگرێ لەئاستی باڵایی و گرنگیی پۆستەکەدابێ؛ دەبێ ئەو کەسە:
کەسایەتیەکی کاریزمایی هەبێ کە هەموو لایەنە عیراقی و کوردییەکان حسابی بۆ بکەن و و پێی رازی بن ؛ خاوەنی پاشخانێکی سیاسی و رۆشنبیری پتەو بێ ؛ لە کاتی سەرهەڵدانی کێشە و گرفت لە نێوان لایەنەکان دا ؛ بایی ئەوە ئەزموون و دووربینی سیاسی هەبێ کە ببێتە مایەی خاوکردنەوەی کێشە و گرژییەکان ؛ شارەزایی لە زمان و کلتووری گەلانی عیراقدا هەبێ ؛ توانای نوێنەرایەتیکردیێکی بەهێزی عیراقی هەبێ لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا و پارێزەرێکی ئەمینی دەستوور و مافە دەستوورییەکانی کورد بێ لە عێراق دا .. بۆیە ، ئەگەر بڕیارە ئەم پۆستە پشکی یەکێتی بێ، ، هەقە یەکێتی، مەلا بەختیار وەک کاندیدی سەرەکی خۆی بناسێنێ. بەبڕوای من ، مەلا بەختیار تاکە کاندیدە کە هەموو ئەو سیفاتانەی تێدا کۆبوونەتەوە، هەر بۆیەش گونجاوترینی ناو هەموو کاندیدەکانە بۆ بوونی بە سەرکۆمار..
وێڕای ئەوەش، مەلابەختیار ، ئەگەرچی لەئێستادا لە ناو بازنەی دەسەڵاتەکانی یەکێتیدا نیە، بەڵام بەتەواوی هەست و هۆش و بیریەوە یەکێتیە ، یەکێتیەک کە لای پارتی بەتایبەتی و لای هێزەکانی دیکەش وەک رەگەزی تەبایی و ئاشتەوایی دەبینرێ.. بۆیە دەکرێ مەلا بەختیار ببێتە کاندیدی چارەسەر . ئەگەر یەکێتی ئەو کارە بکا، مەلا بەختیار دەتوانێ هەم نوێنەرایەتی یەکێتی بکا و هەم پارتیش وەک کاندیدی هاوبەش مامەڵەی لەگەڵدا بکا..بەمەش یەکێتی بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی پارتی بۆ پشتیوانیکردن لە کاندیدەکەی، لە بەرانبەر پارتیدا ناچاری سازشی زیاد لەپێویست نابێ .لە کۆتایشدا کورد بەیەک کاندیدی بەهێزەوە دەچێتە ناو پێشبڕکێیەوە کە بردنەوەی مسۆگەرە.
