ئیسلامی سیاسی و مەترسییەکانی

کاتژمێرێک لەمەوپێش



ئەیوب ئەحمەد قادر

توێژەران بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی پەیدابوونی چەمکی ئیسلامی سیاسی هەیە، هەندێکیان بۆ نووسینەکانی محەمەد عەبدەی میسری دەیگەڕێننەوە. عەبدە یەکەم کەسێک دەبێت، کە ئەم زاراوەیە بۆ گوزارشتکردن لە حکومەتێکی ئیسلامی بەکار دەهێنێت. ئیسلامی سیاسی، کۆمەڵێک بیر و ئایدیۆلۆژیایە لەسەر بنەمای شەریعەت دامەزراوە، واتە ئەم ڕەوتە تەنیا لەسەر بنەمای ئایین دانەمەزراوە، بەڵکوو گوزارشتە لە سیستەمێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و یاسایی و ئابووری، ئامانجیان گەیشتنە بە لووتکەی دەسەڵات. 

لە ڕووکاردا ئەوان بۆ ئایینی ئیسلام تێدەکۆشن، بەڵام ئایینی ئیسلام جودا لە ئامرازێک لە لای ئەوان هیچی تر نییە. بە واتایەکی تر ئەوان ئارگیومێنت و بەڵگەی کارکردنیان لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەوە لە ئایین وەردەگرن، چونکە خەڵکی ئاسایی تەواو قەناعەت بە ئایەت و فەرموودە دەکات. ئەم پشتبەستنە بە ئایەت و فەرموودە بۆ ئەوەیە بڵێن ئەو شتانەی ئەوان دەیکەن، مادام بە ئایەتی قورئان و فەرموودەی پێغەمبەری ئیسلام دەیسەلمێنن ئەوا جێگای گفتوگۆ و بیروبۆچوون نییە.

پەیدابوونی ئیخوان موسلیمین لە ساڵی ١٩٢٨دا دەکرێت وەک یەکەمین گرووپی ئیسلامی سیاسی و توندەڕەو هەژمار بکەین. لەناو کوردیشدا لە ماوەی چل بۆ پەنجا ساڵی ڕابردوو چەندان گرووپ و حیزب و ڕەوت و ڕێکخراوی ئیسلامی دروست بوونە. هەندێکیان جیهادی بوونە و هەندێکی تریان بەناو چاکسازیخوازن، بۆ نموونە یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، کە دواتر بوو بە کۆمەڵی دادگەری، بزووتنەوەی ئیسلامی، کۆمەڵی جیهادی ئیسلامی،حەماسی ئیسلامی، بزووتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی،بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی، بەرەی تەوحیدیئیسلامی، جوندئیسلام و ئەنسار ئیسلام، ئەمە جگەلەوەی سەلەفییەکان بەشێوەی ناڕێکخراو و گرووپی بچووک بچووک و لەسەر ئاستی تاک لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوەتا ئێستا لە بواری بانگەوازو پەروەردەی ئایینیدا کار دەکەن. 
لە ئێستا ئەوان لە کوردستان کەناڵی ئاسمانی و نێوخۆیی، ڕادیۆ، سۆشیالمیدیای تایبەت بە خۆیان هەیە. لەو ڕێیەوە کار لەبارەی کۆمەڵگەی کوردییەوە دەکەن. ئەم گرووپ و حیزب و ڕێکخراوە ئیسلامییانە هەموویان توندڕەون، بەڵام هەر یەکەیان فۆرمی جیاواز بۆ بانگشە و کارکردن بەکاردێنن. دەتوانم لەم خاڵانەی خوارەوە مەترسییەکانی ئیسلامی سیاسی بە جیهادی و ناجیهادییەوە بخەمەڕوو:

١. ئیسلامی سیاسی بە هەموو شێوەیەک دژ بە پڕۆژەی نەتەوەسازی و دەوڵەتی نەتەوەییە. ئەم گرووپ و حیزبانە ئەگەر بە ئاشکرایش نەیڵێن، بە ناڕاستەوخۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەوان بۆ زیندووکردنەوە و دامەزراندنی خەلافەت تێدەکۆشن. ئەوان هەموو مۆدێلێکی دەوڵەت و نەتەوە بە دروستکراوی کۆڵۆنیالیزم دادەنێن. بە بڕوای ئەوانیش ئامانج لەمە تێکدانی یەکڕیزی موسڵمانان و ڕێگرییە لە خەلافەت. کۆمەڵی ئیسلامی، یەکگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی و ڕێکخراوەکانی دیکەی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان ئەگەر لە گوتارەکانیاندا ئاماژە بۆ دەوڵەتی کوردی و سەربەخۆیی کوردستان بکەن، بەڵام مەرجیان ئەوەیە دەبێت شەریعەتی ئیسلام تێیدا سەروەر بێت.

٢. ئیسلامی سیاسی بەردەوام کار دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی چوارچێوە و قەوارەکان لە ناوەوە. هەرێمی کوردستان وەک جوگرافیا و هەرێمێکی دابپێدانراوی دەستووری لە عیراق، بەردەوا، لە لایەن گرووپ و حیزبە ئیسلامییەکان دەخرێتە بەردەم هەڵوەشاندنەوە. ئەم حیزبانە جیاواز لەوەی لە ناوەوە کار دەکەن، داردەستی دەوڵەتانی ئیقلیمین. کۆمەڵی دادگەری داردەستی ئێران و یەکگرتوو داردەستی قەتەڕ، سەلەفییەکان سعودییە پاڵپشتیان دەکات. ڕاستە حوکمڕانی لەم هەرێمە تا بینەقاقای پڕە لە گەندەڵی، بەڵام وەک قەوارەیەکی نەتەوەیی بۆ کورد زۆر گرنگە. لە بابەتی هێرش و مەترسییەکان بۆ سەر ڕۆژئاڤای کوردستان، باشووری کوردستان ڕۆڵێکی گەورەی بینی چ بە خۆپیشاندان، چ بە هاوکاری و کۆمەک کۆکردنەوە بۆ هاوڵاتییانی سڤیل.

٣. ئەوان بە هیچ شێوەیەک باوەڕیان بە چەمکی هاووڵاتی نییە. چەمکی هاووڵاتی یەکێکە لە چەمکە بنەڕەتییەکانی دەوڵەتی مۆدێرن، چونکە گوزارشتە لە پەیوەندی نێوان تاک و دەوڵەت، وەک لە یاساکانی هەر دەوڵەتێکدا پێناسەی بۆ کراوە. هاووڵاتیبوون لە سادەترین پێناسەیدا بریتییە لە بوونی بنەمای یەکسانی لە ماف و ئەرکدا. بەڵام لە لای ئەوان هاووڵاتیبوون بوونی نییە، چونکە دەوڵەت دواجار بەستراوەتەوە بە سیستەمی خەلافەتەوە. هەموو لەسەر بنەمای پابەندبوون بە بنەماکانی ئایین و شەریعەتەوە مافی هاووڵاتیبوونی هەیە. ئەوان وەک داعش نیشتمانێکیان دەوێت لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیای ڕێکخراوەکە دامەزرابێت.
٤. یەکێک لە ئامرازە هەرە کاریگەرییەکانی ئەم حیزب و گرووپە ئیسلامییانە بریتییە لە توندوتیژی و تیرۆر. لە ڕاستیدا توندوتیژی و تیرۆر، تەنیا ڕووە فیزیکییەکەی نییە، بەڵکوو توندوتیژی و تیرۆری فیکری و زەینیش هەیە.

ئەوان لە ڕێگای کارکردن لەسەر شۆردنەوەی مێشکی لاو و گەنجەکانمان چەندان ڕێکخراویان پێکهێناوە. بۆ نموونە لەناو قوتابخانە و زانکۆکان ڕێکخراوی قوتابیان و خوێندکارانیان هەیە. ڕێخکراوی بەناو خێرخوازیان هەیە، وەک ڕێکخراوی هانا و بەخشین و چەندان ڕێکخراوی تر. ڕاستە ئەوانە لە ڕووکاردا کۆمەلی خەڵکی هەژار دەکەن، بەڵام گوتاری ئیشکردنەکە ئەوەیە ئەوا خەڵکانە لە ڕووی فیکر و بیروڕاوە وایان لێ بکەن، ئینتیمایان بۆ ئیسلامی سیاسی و ڕێکخراوەکەی ئەوانەوە هەبێت. پێشتر حیزب و ڕێکخراوەکانی وەک: کۆمەڵی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی، جوندولئیسلام و ئەنسار ولئیسلام و...تاد کاری تیرۆریان ئەنجام داوە و هێزی چەکداریان هەبووە. هەموومان ئەوەمان بیر دێتەوە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە ڕێی تیزابەوە توندوتیژییان بەرانبەر کچان و ژنان بەکار دەهێنا. چەندان کەسیان لە کۆمۆنیستەکان و ڕۆژنامەنووسەکانیان لە شاری هەولێر و سلێمانی تیرۆر کرد.

٥. بڵاوکردنەوەی فیکر و بیری توندوتیژی یەکێکی ترە لە ئامرازەکانی ئیسلامی سیاسی، بە کاریگەرترین ئامرازیش دادەنرێت. ئەوان بە هۆی تاوانبارکردنی ئەوانی تر بە کافربوون وەک ئەوەی ئێستا مەلا هەڵۆ، کوڕی پاک و هاوئاوازەکانیان دەیکەن. وەک ئەوەی ئەو کەسانەی لەسەر خاک و نیشتمان گیانیان دەبەخشن شەهید نین، بەڵکوو شەهید ئەو کەسەیە لەپێناو ئاییندا بکوژرێت. بۆیەیش خۆیان وەک تاکە نوێنەری ئایین دەزانن و وا لە گەنجەکان دەکەن چەمکە وێرانکەرەکانی وەک حەکیمیە (سەروەری) و جاهیلییە (نەزانی خودا) وەرگرن. جگە لەوەش ئەو گرووپەئەو تێڕوانینە لە مێشکی گەنجاندا دەچێنێت کە بەتەنیا نوێنەرایەتی ئایین دەکات، هەر ڕەخنەیەک لێیڕەخنەیە لە ئیسلام و دەستبەسەرداگرتنی بە دەسەڵاتواجب و پایەی باوەڕی ئیسلامی دادەنرێت. بە ناڕاستەوخۆ بە گەنجەکان دەڵێن هەر کەسێک دژی ئێمە قسەی کرد دەتوانن توندوتیژی بەرامبەر بەکاربێنن. چاندنی ئەم فیکر و بیرە توندوتیژانەیە وا دەکات گەنجەکانمان بەلاڕیدا ببەن و دووریان بخەنەوە لە ژیانی کۆمەڵایەتی.

لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت بوونی ئەو گرووپ و حیزبە ئیسلامییانە مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر کۆمەڵگای کوردی و هاووڵاتیانی کوردستان. مەترسین بۆ سەر دەوڵەتی نەتەوەی و پڕۆژەی نەتەوەسازی. ئەو دەسەڵات و وڵاتەی ئەوان کاری بۆ دەکەن، بنەماکانی دژ بە بنەمای دەوڵەتی نەتەوەییە. ئەمەش وا دەکات بڵێین ئیسلامی سیاسی دەتوانێت ببێتە هەڕەشەیەک بۆ سەرئاسایشی نەتەوەیی، بە لەبەرچاوگرتنی هەوڵەکانی بۆتێکدانی سەقامگیری وڵات و بڵاوکردنەوەی ناتەبایی و ئیستغلالکردنی ئایین بۆ ئامانجە سیاسییەکانی و دامەزراندنی گەنجان بۆ ئەوەی دژی کۆمەڵگا و دەوڵەتەکانیخۆیان مامەڵە بکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار