قۆناغی ڕاگوزەر و هاوسەنگی سیاسیی

کاتژمێرێک لەمەوپێش



ئارێز عەبدوڵڵا

هەرچەندە قۆناغی ڕاگوزەری کوردستان زۆری خایاند، بەڵام بە هەر هۆکارێک بێ هێشتا درێژەی هەیە و چاوەڕوانیش ناکرێ بەم زووانە کۆتایی پێبێ. کەواتە دەبێ بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن ئەم قۆناغە تێپەرێنین. ئاشکرایە ئێستا لە کوردستان دوو ئاراستەی سیاسیی جیاواز هەن.

- ئاراستەیەکیان دەیەوێت سوود لەم هەلومەرجە وەربگرێ و کۆنترۆڵی تەواوی جومگەکانی دەسەڵات بکات و سیستەمێکی تاکحیزبی، تاکڕابەریی جێگیر بکات. ئەو ئاراستەیە سوودی لە نا هاوسەنگی سیاسی بینیوە و لەو پێناوەشدا ڕێکاری جۆراوجۆری گرتوونەتە بەر. 

- هەرچی ئاراستەی دووەمە پێی وایە کە بەهۆی لاسەنگبوونی هاوسەنگی بارودۆخەکە بە ئاقارێکی خراپدا ڕیشتووە و تەنانەت لەو هەنگاوانەش کە پێویستبوو بنرێن پاشەکشە کراوە. بۆیە ڕاستکردنەوەی باری لار و درووست کردنەوەی هاوسەنگی سیاسی بە پێویست دەزانێ. لەو بارەیەوە ئەگەر ئێمە ساڵانی ٢٠٠٥-٢٠٠٩ لەبەرچاو بگرین دەبینین هەم سیستەمی سیاسی و هەمیش حوکمڕانی زۆرباش بەرەو پێشەوە دەچوون. تەنانەت ئەو هەنگاوانەی لە سایەی هاوسەنگی سیاسی و بەیەکەوە کارکردنی یەکێتی و پارتی لەو ماوەیەدا نران زۆر گرنگ و بەرچاوبوون. 

دیارە دنیابینی ئەو دوو ئاراستەیە جیاوازە، بەڵام لێرەدا دەبێ تێبینی ئەوە بکەین کە ئەگەر لایەنگرانی ئاراستەی دووەم بە تایبەت یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێمان وابێ کە بەتەنیا دابەش کردنەوەی پۆست و کاروبارەکانی وڵات لە نێوان دوو هێز دەرمانە، ئەوە ئامانجەکەمان باش نەپێکاوە. 

یەکێتی چ لە ڕێگای هەڵبژاردن و چ لە ڕێگای هاوپەیمانی تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو هاوسەنگییە درووست بکاتەوە. کەواتە دەبێ چی بکرێ؟ 

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێم پێش هەموو شتێک دەبێ یەکێتی نەک هەر سەرکردایەتی ئەو ئاراستەیە بکات، بەڵکو دەبێ دڵنیایی بداتە هەموو ئەو لایەنانەی کە پێیان وایە ئەم قۆناغە ڕاگوزەرە پێویستی بە درووست کردنەوەی هاوسەنگی و دیموکراسیی سازان هەیە. لەوەش زیاتر پێویستە بۆ لایەنەکان و دەستەبژێری سیاسی ئەوە بسەلمێنن کە ئەو هاوسەنگیەی داوای دەکات پێویستیەکی قۆناغەکەیە، نەک بەرژەوەندی تایبەتی خۆی. ڕەنگە هەموو لایەنە سیاسیەکان  بە ئاسانی لە هەوڵێکی لەم شێوەیە نەیەنە پێشەوە، جا ئەوە بەهۆی فشاری دەرەوە بێ یان دڵنیا نەبوون لە ئامانجی پڕۆژەکە، کە ئەوەش ئاساییە، بەڵام دەبێ یەکێتی لەو ئاستەدا بێ دڵنیایان بکاتەوە لە درووست کردنەوەی هاوسەنگی سیاسیی ئەوانیش سوودمەند دەبن، کە لانی کەم کەشی ئازادی و دەربڕین و هەنگاونان بە ئاراستەی قوڵکردنەوەی دیموکراسی لێ دێتە بەر و وڵات لە بەرەو تاکڕەوی و دیکتاتۆریەت چوون دەپارێزرێ. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار