پاسەوانی سنوور: سنوورەکانی عێراق بەتەواوی پارێزراون و هیچ دزەکردنێک نییە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور جەختی کردەوە، سنوورەکانی عێراق لەگەڵ تەواوی وڵاتانی دراوسێ بەتەواوی پارێزراون و لەژێر کۆنترۆڵێکی ئەمنیی ورددان، هەروەها بوونی هەر ئۆپەراسیۆنێکی دزەکردن یان قاچاخچێتی لە کەرتە سنوورییە جیاوازەکاندا رەت کردەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 07ـی شوباتی 2026، فەریق محەممەد سوکەر، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیی راگەیاند، "سنوور لەگەڵ لایەنی سووریا بە درێژایی 620 کم بەتەواوی و بە ئاستێکی باڵای توندوتۆڵی پارێزراوە، بەهۆی بوونی قایمکارییە گەورەکان و سیستمی چاودێریی پێشکەوتووەوە هیچ دزەکردن و قاچاخچێتی یان هەڕەشەیەک لەو دیوەوە نییە".
فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور ئەوەشی خستە روو، "رووداوەکانی دوایی گرنگیی پتەوکردنی سنووریان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرخست بە درێژایی 1493 کم لە چوارچێوەی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە، لەو ناوچانە هێزەکانی پاراستنی سنوور بە هەماهەنگی لەگەڵ پاسەوانی هەرێم (پێشمەرگە و ئاسایش) بەهێز کراون".
روونیشی کردەوە، "ئەو دەنگۆیانەی باس لە دزەکردن دەکەن لە عێراقەوە بۆ ئێران راست نین، هەماهەنگی و پەیوەندیی بەردەوام لە نێوان فەرماندەکانی لیواکانی سنووری عێراق و هاوتا ئێرانییەکانیان هەیە، هاوکات سنوورەکان لە پارێزگاکانی دیالە و واست و میسان و بەسڕە جێگیرن و هاوکارییەکی پتەو لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە".
سەبارەت بە سنوور لەگەڵ کوێت فەریق سوکەر جەختی کردەوە، "رێژەی کۆنترۆڵکردن لە سنوورە وشکانییەکان بە درێژایی 200 کم زۆر نایابە و ناوچەکە بەتەواوی بە سیستمی چاودێری داپۆشراوە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی یەکەکانی سوپا لە قوڵاییدا بۆ پاراستنی هێڵی سنووری". ئاماژەی بەوەش دا، "هیچ حاڵەتێکی زێدەڕۆیی یان دزەکردن لە نێوان هەردوو وڵاتدا نییە، ئاستێکی باڵای هەماهەنگیی زانیاریش لە نێوان فەرماندەی لیوا سنوورییەکانی هەردوو لایەنی عێراقی و کوێتی بۆ وەڵامدانەوەی هەر دەنگۆیەک هەیە".
لە کۆتاییدا گوتی، "سنووری عێراق لەگەڵ ئوردن و سعوودییە رێژەیەکی کۆنترۆڵکردنی نموونەیی هەیە و دۆخی ئەمنیی سنوور لە باشترین حاڵەتدایە، هەر هێزێک سنوور لە لایەنی سووریاوە بگرێتە دەست بەپێی یاسا و لەپێناو کۆنترۆڵکردنی سنوور و رێگریکردن لە هەر رەفتارێک کاریگەری لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان هەبێت، مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".
