هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی وزەی ئێران جەنگەکە دەباتە قۆناغێکی نوێوە؟
8 كاتژمێر لەمەوپێش
هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرئیل بۆ سەر کەرتی وزەی ئێران رەنگە جەنگەکە بباتە قۆناغێکی نوێوە و کورتهێنانی حکومەت لە دابینکردنی پێداویستیی رۆژانەی خەڵک، حکومەت رووبەڕووی نەڕەزایەتیی جەماوەری بکاتەوە.
شەوی رابردوو، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی چڕیان بۆ سەر کەرتی وزەی ئێران دەستپێکرد و پاڵاوگە نەوتییەکانی تارانیش ئامانجی سەرەکیی هێرشەکان بوون. هەر زوو بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی ئێران لەبارەی هێرشەکانەوە هاتە قسە و بە ئاژانسی فارسی ئێرانی راگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی چڕیان کردووەتە سەر پاڵاوگە نەوتییەکان لە تارانی پایتەخت.
ئەو بەرپرسە بە ئاژانسەکەی وتبوو، هێرشەکان زیانی گیانیان نەبووە و کێڵگەکانیش زیانی لاوەکییان بەرکەوتووە و کارکردن تێیاندا بەردەوامە.
بەڵام ئەمڕۆ ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران قسەیەکی جیاوازی کرد، ئەو گوتی، بەئامانجگرتنی کەرتی وزەی ئێران و بڵاوبوونەوەی ماددەی ژەهراویی مەترسیدار تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە.
پێدەچێت قەبارەی زیانەکانی هێرشەکان بۆ سەر پاڵاوگە نەوتییەکانی ئێران گەورەتر بن لەوەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە باسیان دەکات. سوپای پاسدارانی ئێرانیش بێدەنگیی شکاند و لە راگەیاندراوێکدا هەڕەشەی تووندی لە ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر کەرتی وزەی ئێران بەردوام بن ئاوا ئەوانیش هێرش دەکەنە سەر پاڵاوگەی نەوتی حەیفا لە ئیسرائیل.
گوتەبێژی خاتەمولئەنبیا هەر بەوەوە نەوەستاوە و دەڵێت، ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن کارێک دەکەین نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێک لە بازاڕەکاندا بگاتە 200 دۆلار.
ترسی ئێران لە کوێوە دێت؟ پێدەچێت ئامانجی واشنتن-تەلئەبیب لە بەئامانجگرتنی کەرتی وزە لە ئێران بۆ دروستکردنی قەیرانی ناوخۆیی و کورتهێنانی حکومەت بێت لە پڕکردنەوەی پێداویستیی رۆژانەی هاوڵاتیان. ئەم قەیرانەش بگۆڕێت بۆ گردبوونەوە و ناڕەزایی جەماوەریی لە ئێران.
