گەورەترین جەنگی مووشەکی لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

کاتژمێرێک لەمەوپێش



لە کۆتایی مانگی شوباتى 2026, رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووه‌ گۆڕەپانی گەورەترین رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی راستەوخۆ، کە بە ئۆپراسیۆنێکی ئیسرائیل دەستیپێکرد و بە وەڵامی بێ پێشینەی ئێران گەیشتە لووتکە.

قۆناغی یەکەم: ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر"
 ئامانجی سەرەکی تێپەڕاندنی توانای هێرشبەریی ئێران بوو. ئیسرائیل بە بەکارهێنانی زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی لە جۆرەکانی (F-35 و F-15) نزیکەی هه‌زار و 600 لێدانى ئاسمانیی بۆ سەر ئامانجە ستراتیژییەکان ئەنجامدا. تیایاندا زیاتر لە چوار هه‌زار بۆمبی زیرەک و مووشەکی وردی وەک (Delilah) بەکارهێنران.

هێزە ئاسمانییەکان بە پاڵپشتیی موشەکی بالیستی یەریحۆ-٣ و زیاتر لە 200 موشەکی وەک (Rampage و Rocks)، گورزی توندیان لە ژێرخانی سەربازی، دامەزراوە ئەتۆمییەکان و ناوەندەکانی فەرماندەیی ئێران وەشاند. ئەنجامی ئەم هێرشە بریتی بوو لە تێکشکاندنی هه‌زار موشەکی بالیستی لە ناو کۆگا ژێرزەمینییەکان و لەناوبردنی 250 بۆ 300 سەکۆی هاویشتن پێش ئەوەی بتوانن هیچ جووڵەیەک بکەن.

قۆناغی دووەم: ئۆپەراسیۆنی "به‌ڵێنى راستگۆ 4"
ئێران ستراتیجى "تەوژمی چەک"ی پەیڕەوکرد و بە یەکێک لە گەورەترین هێرشە موشەکییەکانی مێژوو وەڵامی دایەوە. تاران نزیکەی هه‌زار و 100 مووشه‌ك و درۆنى ئاراستەی ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە (قەتەر، كوه‌یت، بەحرەین، ئوردن و ئیمارات) کرد. به‌مجۆره‌:

• درۆنەکان: ناردنی 800 بۆ دوو هه‌زار درۆنی خۆکوژ.
• موشەکی بالیستی: هاویشتنی 500 بۆ 570 موشەک، کە تێیدا بۆ یەکەمجار موشەکی هایپەرسۆنیکی (Fattah 1 & 2) لەگەڵ موشەکەکانی (خه‌یبه‌ر، عیماد و قەدر).
• موشەکی کرووز: بەکارهێنانی 50 بۆ 70 موشەکی کرووز لە جۆری (پاڤە) کە لە ئاستێکی نزمدا دەفڕین بۆ دەربازبوون لە رادارەکان.
• موشەکی فاتح-110: بۆ پێکانی وردی بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی دراوسێ.

قۆناغی سێیەم: شەڕی قەڵغانەکان و ئەنجامەکان
ئەم هێرشە چڕە تاقیکردنەوەیەکی سەخت بوو بۆ تەکنەلۆژیای بەرگریی. ئیسرائیل سیستەمەکانی  (تیر)ی بۆ دەرەوەی بەرگی هەوا و  (فلاخەی داود)ی بۆ موشەکە مامناوەندەکان بەکارھێنا. 
سیستەمە بەرگرییەکان توانییان نزیكه‌ى 95%ى هەڕەشەکان پوچەڵ بکەنەوە. به‌جۆرێك لە کۆی 550 موشەکی بالیستی، تەنها 31یان توانییان بگەنە ناوچە ئاوەدانەکان. بۆ گەیشتن بەم سەرکەوتنە، ئیسرائیل ناچاربوو لە نێوان 400 بۆ هه‌زار موشەکی بەرگریی گرانبەها بەکاربهێنێت، کە تێچووه‌كه‌ى بە سەدان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.

دیدگای داهاتوو.. هۆشدارییەکی مەترسیدار
سەرەڕای ئەو زیانە گەورانەی بەر ژێرخانی سەربازیی ئێران کەوتن، بەڵام راپۆرتەکانی سوپای ئیسرائیل هۆشداری دەدەن له‌وه‌ى پیشەسازییە سەربازییەکانی تاران نەوەستاون. پێشبینی دەکرێت تا ساڵی داهاتوو، ئێران کۆگای موشەکە بالیستییەکانی بگەیەنێتە هه‌شت هه‌زار مووشەک. 

ئەم ئامارانە ده‌ریده‌خه‌ن گه‌ر جەنگەکە زیاتر درێژەبکێشێ، بۆ ته‌واوى ناوچه‌كه‌ زۆر قورستر و وێرانکەرتر دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار