هاوڵاتی ئاسایشی سلێمانی رایگهیاند، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکان و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان شهش تۆمەتباری تەقەکەر و "ئاژاوەگێڕ"یان دەستگیرکرد. ئاسایشی سلێمانی له راگهیهندراوێكدا باسی لهوهكردوه، "دوای بیستنی دەنگی تەقە و تەقەکردن لەلایەن چەند چەکدارێکی نایاسایی و تێکدەر و ئاژاوەگێڕ و تەقەکەر لەباخێکدا لە سنوری ناحیەی شۆڕش لە قەزای چەمچەماڵ، کە هەستابون بە نانەوەی پشێوی و تەقەکردن و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ" لە راگەیێندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە، تۆمەتبارەکان "پێشینەی تاوانیان هەبووە و دەستگیرا بەسەر چەندین پارچە چەکی بێ مۆڵەت و سەدان فیشەک و هەشت (صمامی) گولەی هاوەن." ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، "لەکاتی جێبەجێکردنی فەرمانی دادگە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران، بە چەک رووبەڕووی هێزەکانمان بوونەوە و سەرئەنجام دەستگیرکران و بە بڕیاری دادوەر بە ماددەی (١٥٦) لە یاسای سزادان راگیران و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە. بهگوێرهی زانیاریهكان، شهوی رابردو له یهكێك له باخهكانی قەزای چەمچەماڵ ههریهكه له گۆرانیبێژانی میللی کاروان شارەوانی و (ئەحمەد سەنگاوی و هەڤاڵ چەمچەماڵی گۆرانیان وتوه و دوای ئهوهی چهند كهسێك له ئاههنگهكهدا تهقهیان كردوه هێزهكانی ئاسایش چونهته باخهكه و دهستگیریان كردون. زانیاریهكان باس لهوهدهكهن، ئهو كهسانه له باخهكهدا بە چەكی M4 تەقەیان كردوە و خەڵكی شۆڕش شكاتیان لێكردون و بە فەرمانی دادوەر هێزه ئهمنییهكان چونەتە سەریان و حهوت كهسیان دهستگیركردوه، گۆرانیبێژهكانیش لهنێو دهستگیركراواندا بون بهڵام دواتر ئازادكراون.
هاوڵاتی سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان- عێراق ڕایگەیاند کە داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە ھاوکارییان بکەن لە سەوزکردنی سێ ناوچەی ھەرێمی کوردستان، چونکە مەترسیی بە بیابانبوونیان لەسەرە. ئەمڕۆ یەکشەممە، وۆڕکشۆپێکی ئامادەکاری لە ھەولێر، بۆ کۆنفڕانسی گۆڕانی ئاووهەوا کە بڕیارە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە شاری دوبەی لە ئیمارات بەڕێوەبچێت، ئەنجام درا. عەبدولڕەحمان سدیق لە میانی وۆڕکشۆپەکەدا ئاماژەی بەوە کرد "لە ئێستادا، ئامارێکی دیاریکراو بۆ ھەبوونی رێژەی بە بیابانبوون لە ھەرێمی کوردستان لە بەردەستدا نییە و گوتی: "داوامان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە ھاوکارمان بکەن لە سەوزکردنی ناوچەی گەرمیان، باشووری دھۆک و ڕۆژئاوای ھەولێر، چونکە مەترسیی بە بیابانبوونیان لەسەرە." بڕیارە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، کۆنفڕانسی گۆڕانی ئاووهەوا لە شاری دوبەی لە ئیمارات بەڕێوەبچێت کە ھەر یەک لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان- عێراق و وەزارەتی ژینگەی عێراق تیایدا بەشداری دەکەن.
هاوڵاتی ئەمرۆ سێ شەممە کەسوکاری گۆهدار زێباری لەشاری هەولێر سکاڵایان لەدژی ئاسایشی گشتی هەولێر تۆمارکرد. زێدان زێباری، برای گۆهدار زێباری بە هاوڵاتی وت" براکەم ستەمێکی زۆر لێی کراوە،دەبوو پێش مانگێگ ئازاد کرابا بەڵام نەک ئازاد نەکرا بەڵکو 27 ڕۆژە لە ئاسایشی گشتی دەستبەسەرە نە ئازاد دەکرێت و نە دادگای دەکرێت". وتیشی ،" کەیسەکەی بەهەڵواسراوەی ماوەتەوه، بوویە ئەمرۆ بە فەرمی لەدەستەی مافی مرۆڤ لەشاری هەولێر سکاڵامان لەدژی ئاسایشی گشتی هەولێر تۆمارکرد" زێدان زێباری بەسیلەوەشکرد "دەمانەوێت کەیسەکەی یەکلایی بکرێتەوە، ناکرێت بەوشێوەیە بەردەوام بێت هەر خوڵەکێک بۆئێمە زۆرە نەک مانگێگ، داوا لەهەموو لەیەک دەکەین بە زووترین کات بێنە سەرخەت بۆ ئازادکرنی گۆهدار، ئێمە تاکەی چاوەروان بین" . سەبارەت بە هۆکاری ئازادنەکردنی براکەی وتی " دواینجار کەیسێکی تری بۆ کراوەتەوه ئەویش کەیسی چەکە،ئەوان دەڵێن لەکاتی دەستگیرکردنی گوهدار چەکێکیان لەو شوێنە دۆزیوەتەوە کە گوهداری لێگیراوە،بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە چەک نیە بەڵکۆ تاپڕە ئەویش هی گۆهدار نیە بەڵکۆ هی باپیرمانە". گۆھدار زێباری لە 16ی شوباتی 2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" لەگەڵ هەریەکە لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران.
هاوڵاتی درەنگانی شەوی رابردوو، بەشێک لە ھێزە سەربازییەکانی عێراق کە لە گەڕەکە کوردییەکانی کەرکوک جێگیرکرابوون، گەڕەکەکانیان بەجێھێشتووە. بەشێک لەو ھێزە ئەمنیانەی زیاتر لە ھەفتەیەکە لە گەڕەکە کوردییەکانی کەرکوک جێگیرکرا بوون، دەستیان بە کشانەوە کرد هاوکات بڕیاروایە ئەمڕۆ وەفدێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی ھەفتەی رابردووی کەرکوک، سەردانی ئەو شارە بکات. ڕۆژی دووی ئەم مانگە لە کەرکوک خۆپیشاندان دژی داخستنی رێگەی کەرکوک-ھەولێر بەڕێوەچوو، بەھۆی دروستبوونی گرژییەوە چوار ھاووڵاتیی کورد شەھید بوون و ١٤ کەسیش بریندار بوون و ھێزی ئەمنیی لە چەندین گەڕەکی کوردنیشین جێگیرکران.
هاوڵاتی پۆلیس و ئاسایشی راپەڕین رایانگەیاند، ئەو کەسە دەستگیرکراوە کە لەرۆژی ٧ی ئەم مانگە سێ هاوڵاتی قەڵادزێی کوشت، تۆمەتبارەکە بۆ سنوری کۆڕێی سەر بە قەزای شەقڵاوە رایکردووە و لە ماڵێکدا خۆی حەشاردابوو. ئەمڕۆ سێشەممە، 12ی ئەیلوولی 2023، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین بەهاوبەشی راگەیاندراوێکیان سەبارەت بە دەستگیرکردنی بکوژی سەرەکی سێ هاووڵاتییەکەی قەڵادزێ بڵاوکردەوە کە لە شەوی پێنج شەممە، 7ی ئەیلوولی 2023، لە قەڵادزێ سێ کەسی لە یەک کات و شوێندا کوشت. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد و بەدواداچوونی هێزە هاوبەشەکانی پۆلیس و ئاسایش لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباری نادیار، بەسوود وەرگرتن لە کامێراکانی چاودێریکردن لە ئەنجامدا تواندرا ناسنامەی تۆمەتبار ئاشکرابکرێت". هەروەها باس لەوەش کراوە کە بەپێی زانیارییەکانیا، تۆمەتبار دوای ئەنجامدانی تاوانەکە رایکردووە بۆ سنوری کۆڕێ سەر بە قەزای شەقڵاوە و "لە ماڵێك خۆی حەشارداوە." هاوکات دەشڵێن، دوای کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ناسنامەی بکوژەکە، تۆمەتبارەکە لەلایەن پۆلیسی کۆڕی و ئاسایشی سنوورەکە تواندرا دەستگیر بکرێت کە "ناوی (ق،هـ،ع) لەدایک بووی ساڵی 1994 پیشەی پێشمەرگە دانیشتوی سنوری قەزای پشدەرە."
هاوڵاتی د.پشدهر عهبدوڵا، بهڕێوهبهری نهخۆشخانهی د.جهمال ئهحمهد رهشیدی مناڵان له سلێمانی، هۆشداری ئەوە دەدات کە نەخۆشخانەکەیان بەهۆی نەهاتنی موچەوە لە بەردەم داخستندایە، دەشڵێت، "داوا لە حکومەت دەکەین هەرچی زووترە موچە دابین بکات." د.پشدەر عەبدوڵا لهپهیامێكدا دەڵێت، "بهداخهوه نهخۆشخانهی منداڵانی فێركاری دكتۆر جهمال ئهحمهد رهشید لهبهردهم داخستندایه بههۆی پێنهدانی موچه به پزیشكان و كارمهندانی تهندروستی و ئیداری و پهرستاران." لە پەیامەکەدا ئەوەش هاتووە کە ئەوان وەک ئیدارەی نەخۆشخانە بهتهواوی پشتگیری پزیشكان و كارمهندانی ئیداری و تهندروستی و پهرستاران ئهكهن، "داواش له حكومهت ئهكهین كه ههرچی زووتره موچه دابینبكات." د.پشدەر عەبدوڵا داوایەک ئاراستەی هاوڵاتیانیش دەکات و دەڵێت، "داوا له هاوڵاتیان ئهكهین تكایه لهكاتی سهردانی نهخۆشخانه ڕهچاوی بارودۆخی دهرونی پزیشكان و كارمهندهكانمان بكهن بۆئهوهی بتوانن بهردهوام بن، چونكه پزیشكانی گهنج و كارمهندهكان و پهرستاران جگه له موچه هیچ سهرچاوهیهكی داهاتیان نییە." ئەمە لەکاتێکدایە کە تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم موچەی مانگی تەمموز و ئابیان وەرنەگرتووە و حکومەتی هەرێمیش هیچ میکانیزمێکی نییە بۆ دابەشکردنی موچە. بەهۆی وەرنەگرتنی موچەکانیانەوە، تا ئێستا چەند فەرمانگە و بەرێوبەرایەتییەکی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە بایکۆتیان راگەیاندووە، ماۆستایانیش بەنیاز نین بچنە هۆڵەکانی خوێندنەوە تا موچە وەرنەگرن.
هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکانی کەرکوک و شەهید و بریندارکردنی کوردنی کەرکوک، لیژنەی ئاسایش و بەرگری گەشتە کەرکوک و هەوڵ دەدەن "راستی روداوەکان" دەستنیشان بکەن. مەریوان قەرەنی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە شەهید و برینداركردنی گەنجانی كوردی كەركووك و بەكارهێنانی هێز بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەرانی كورد و ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی كە لەم دواییانەدا لە شارەكە ڕوویان دا، وەك لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق گەیشتینە كەركوک." سەردانی لێژنەكە دوای ئەوە دێت كە سەرەتای ئەم هەفتەیە، پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا لێژنەیەك بۆ دەرخستنی راستییەكان لەبارەی ڕووداوەكانی كەركوك لە لایەن لێژنەی ئاسایش و بەرگری پێك بهێندرێت و سەردانی شارەكە بكات. مەریوان قەرەنی دەڵێت، "هەوڵ دەدەین لە سەردانی ئەمڕۆماندا ڕاستیی ڕووداوەكان دەستنیشان بكەین و ئەوانەش دەستنیشان بكەین كە بەرپرسن لە شەهیدكردنی ڕۆڵەكانی كەركوك و هەوڵی نانەوەی ئاژاوەیان داوە و لەسەر بنەمای تائیفی و بە كۆنەقین، ڕێگەیان نەداوە حزبە كوردستانییەكان بە ئازادانە لە كەركووك كاری خۆیان بكەن."
هاوڵاتی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، عێراق پابەندە بە رێککەوتنە ئەمنییەکەی لەگەڵ ئێران و رێکاری پیویستیان گرتووەتەبەر بۆ دوورخستنەوەی بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵات لە سنوری ئێران، دەشڵێت، "پێویست ناکات ئێران هەوڵی توندوتیژی و هەڕەشە بدات." ئەمڕۆ سێشەممە 12ی ئەیلولی 2023، فوئاد حوسێن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی نەمسا سەبارەت بە چەکداماڵینی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "عێراق دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکەی لەگەڵ ئێران و پابەندە بەو رێککەوتنەوە، سبەینیش سەردانی تاران دەکەم بۆ گەیاندنی ئەم پەیامانە." لە رێکەوتنەکەی عێراق و ئێراندا هاتووە کە دەبێت تا 19ی ئەم مانگە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان چەک بکرێن و بگوازرێنەوە. ئێران هۆشداریداوە کە ئەو وادەیە درێژناکاتەوە و هەڵوێستی تووندی دەبێت لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکەدا. وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوە کرد، "رێوشوێنى پێویستمان گرتووەتەبەر بۆ دوورخستنەوەى بنکە و بارەگاى لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لە سنوورەکانى عێراق-ئێران و ئێران ناکرێت لەرێی بەزاندنی سەرەوەری عێراق هەوڵی توندوتیژی و هەڕەشە بدات، ئەو هێزانە ئێستا لە هەرێمی کوردستان کەمپیان بۆ دروستکراوە و بەشێکیان لەو کەمپانە نیشتەجێکراون و لە سنوری ئێران دوورن، بۆیە بەو شێوازەیە کە ئێران داوای دەکات." فوئاد حوسێن وتیشی، "گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئێرانی دەکەین کە هەوڵ نەدات بۆ هەرەشە کردن و بەکارهێنانی توندوتیژی و بۆردومانکردنی هەندێ ناوچەی کوردستانی عێراق."
هاوڵاتی هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی گرتە ڤیدیۆکەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رەتیدەکاتەوە سەبارەت بەوەی کە ئەندامێکی ئەوان تەقینەوەکەی سەرەتایی ئەم مانگەی شاری هەولێری ئەنجامدابێت، دەشڵێت سکاڵا تۆمار دەکەن و "ئەمە سینارۆیەیە و بۆ بەلاڕیدابردنی نارەزایەتی خەڵک و لەبیربردنەوەی موچەیە." تارا حوسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی لەسەر تێوەگلانی ئەو کەسەی کە ئەنجومەنی ئاسایش دەڵێت ئەندامی تەڤگەری ئازادییە و تەقینەوەکەی ئەنجامداوە بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، "بە هیچ جۆرێک دوورو نزیک نایناسین و ئەندامێتی نییە لە تەڤگەری ئازادیدا. ئێمە دەمانەوێت سکاڵای یاسایی تۆمار بکەین لەسەر ئەو تۆمەتەی ئاڕاستەی تەڤگەر کراوە، کە پارتێکی سیاسی فەرمیە و خاوەن مۆڵەتە لەسەر ئاستی عێراق. کاری نا یاسایی لە لایەن ئەندامانی ئێمەوە بەڕێوە نەچووە." ئەنجومەنی ئاسایش لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا دەڵێت، "بۆمبەکە لەلایەن کەسێکەوە دانراوە بەناوی (ز. ج. خ)ە و ئەندامی تەڤگەری ئازادیی سەر بە پەکەکەیە و دانیشتووی ناحیەی تەکیەی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، بە مەبەستی ئەنجامدانی ئەو کردەیە هاتۆتە شاری هەولێر و گەڕاوەتەوە شاری هەولێر." تارا حوسێن راگەیاندراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایش بە سیناریۆ ناودەبات و دەڵێت، "دەسەڵات بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتی خەڵک و لە بیربردنەوەی دۆخی بێ مووچەیی و خراپی دۆخەکە ئەم سیناریۆیانە دادەڕێژن." هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی وتیشی، "پێمان وایە ئەمە هەر گرێدراوی ئەو پلان و سیناریۆیانەیە کە لە کەرکوک دایانڕشت، هەمان پلان و سیناریۆیە، چونکە ئێستا تەڤگەری ئازادی هیوای خەڵکە. ناڕەزایەتی خەڵکیش بەرامبەر دەسەڵات هەیە کە نەیتوانیوە مووچ و بوودجەو کێشەکانیان حەل بکات و کێشەی لەگەڵ عێراق هەیە و شکستی هێناوە." دەشڵێت،"پلانی داگیرکاری هەیە لە هەرێم بە تایبەت تورکیا و ئێران لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان پلانی ئاژاوەیان هەیە.ئەوەی بەرگری لە خاک و بەهاکانی کۆمەڵگە دەکات ئازادیخوازان وە ئەندامانی تەڤگەری ئازادین. هەمیشە دەبینین لە ناو سیناریۆکانی دەسەڵاتدا ئەندامانی ئێمە بە ئامانج دەگیرێن، خەڵکانی نیشتیمانپەروەر ە ئازادیخواز ئەگەر ئەندامی ئێمەش نەبن دۆستی ئێمەن، بۆیە ڕووی تیرەکە لە ئازادیخوازانە."
هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند؛ پشکی هەرێم لە بودجەدا 12.67٪ و بەپێی یاسا ناتوانین پارە بنێرین بۆ هەرێم بۆیە قەرزیان پێ دەدەین. محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ژمارەیەك كەناڵ و ڕۆژنامەنوسدا سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پشکی هەرێم لە بودجەدا رایگەیاند، كاتێك یاسای بودجە جێبەجێدەكەین رووبەڕووی كێشە و گرفت دەبینەوە. راشیگەیاند لەیاسای بودجە شتێك بەناوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نییە و بەپێی یاسای بودجەش ناتوانین لەناردنی پارە بۆ هەرێم بەردەوام بین. سودانی دەڵێت، "من و وتەبێژی حکومەت و وەزیرەکان هیچ بڕیارێک لە دەرەوەی یاسا نادەن، ئێمە یاسای بودجەمان هەیە، بچن تەماشای ماددەی 12 بکەن کە تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان، لە هیچ بڕگەیەکدا ئاماژە بە تەمویلی موچە نەکراوە، بەڵکو ئاماژە بە تەمویلی پشکی هەرێم کراوە کە 12.67٪ کە کۆی خەرجی گشتی دەوڵەت" هاوکات وتیشی:"مانگانە کۆی گشتی خەرجییەکانی دەوڵەت دەردەکرێت و لە کۆتایدا 12.67٪ رەوانەی هەرێم دەکرێت و من و وەزیرەکانیش پابەندین بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەوە" دوپاتیشی کردەوە کە هەردو وەزیری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق میوانداری دەکرێن و لەوێش زمانی ژمارەکان قسە دەکات.
هاوڵاتی حزبە کوردییەکانی ئێران دەڵێن گوشارەکانی سەرمان زیادیان کردوەو ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی سەرکردەکانمان دروست دەکرێت. ئەمجەد پەناهی، ئەندامی کۆمیسیۆنی نیزامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "گوشارەکانی سەرمان تەواو زیادیکردوە، ئۆردوگاکانمان لە سلێمانی لە ژێر فشاردایەو ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی سەرکردەکانمان دروست دەکرێت، دۆخەکە بەرەو ئاقارێک دەڕوات بێدەنگمان بکەن". تەنها ههشت رۆژی ماوە بۆ ئەو وادەیەی ئێران بۆ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی دیاریکردوە، تا حزبە کوردییەکانی ئێران لە چەک دابماڵن و لە نێو کامپدا کۆیان بکەنەوە. ئەمجەد پەناهی ڕاشیگەیاندووە "حکومەتی هەرێم ئاگاداری کردینەوە لە ناوچە سنورییەکان بکشێینەوە، هێزەکان چۆن و بۆ کوێ ببەین، هێشتا دیارنییە". هاوکات سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندوه، "ئێران 24 کاتژمێر شاندی لە هەرێمە و سەرجەم سەردانەکانیش گرێدراون بە دۆسیەی حزبە کوردییەکانەوە، هەڕەشەکانی ئێران جدین، بەڵام لە قۆناغی یەکەم و دوەمدا لەشکرکێشی ڕونادات، ڕەنگە بنکەو بارەگاکانیان موشەک باران بکات". هەروەها وتیشی، "جگە لە بافڵ تاڵەبانی، شاندێكی پارتیش ماوەیەک لەمەوبەر بە نهێنی ڕۆیشتونەتە ئێران، سەردانەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی حزبە کوردییەکانە". بەپێی وتەی خەلیل نادری، پێشتر لەلایەن هاوپەیمانانەوە ئاگادارکراونەتەوە ڕێگە بە هێرشی زەمینی ئێران نادرێت بۆ سەریان، وتی، "ڕەنگە هاوپەیمانان چاو لە هێرشی موشەکی و درۆن بپۆشن، بەڵام لەشکرکێشی قەبوڵ ناکەن".
هاوڵاتی تەڤگەری ئازادی ڕەتیدەکاتەوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە تەقینەوەکەی هەولێرەوە هەبێت و دەڵێت، "بۆ ڕای گشتی ڕای دەگەیەنین دوور و نزیک ئەو کردەوەیە پەیوەندی بە تەڤگەری ئازادییەوە نییە و کەسی ناوبراویش هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە". تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە ڕاگەیەندراویکدا ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە کە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی ههرێمەوە ئاڕاستەی کراوەو دەڵێت،" دەزگایەک بە ناو دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە داتاشینی سیناریۆی بێ بنەما و چەواشەکارانە بەرامبەر بە تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان دەیانەوێت ڕای گشتی کوردستان بە لاڕێدا ببەن و تەڤگەرەکەمان تۆمەتبار بکەن، ئێمە لێرەوە بۆ ڕای گشتی کوردستان و عێراق ڕای دەگەیەنین دوور و نزیک ئەو کردەوەی کە ڕۆژی ١ی ئەیلوول ئەنجام دراوە پەیوەندی بە تەڤگەری ئازادییەوە نییە". دوای ئەوەی ئێوارهی ڕۆژی ههینی 1ی (ئهیلول/9)ی 2023، له شهقامی 60 مهتریی شاری ههولێر لهسهر پردی پهڕینهوهی پیادهڕۆی نزیك مزگهوتی سپی تهقینهوهیهك ڕویدا و جگه له زیانی ماددی، خۆشبهختانه هیچ زیانێكی گیانیی لێ نهكهوتهوه ئێوارەی ئەمڕۆ ئهنجومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان راگهیهندراوێك لهبارهی تهقینهوهكه بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند،" تهقینهوهكه كردهوهیهكی تیرۆریستیی بوه و له ڕێگهی بۆمبێكی دهستكردی دانراو به كێشی نزیكهی یهك كیلۆگرام له ماددهی (پی ئی تی ئێن PETN) بوه، دوای لێكۆڵینهوه و كۆكردنهوهی زانیاریی دروست دهركهوت، كردهوهك له لایهن كهسێكهوه ئهنجام دراوه بهناوی (زیاد جهلیل خهڵهف) كه ئهندامی تهڤگهری ئازادیی سهر پهكهكهیه و دانیشتوی ناحیهی تهكیهی سهر به قهزای چهمچهماڵه له پارێزگای سلێمانی، بهمهبهستی ئهو كردهوهیه هاتوهته شاری ههولێر و گهڕاوهتهوه ناحیهی تهكیه". دەقی راگەیەنراوەکەى تەڤگەری ئازادی: بۆ ڕای گشتی ڕای دەگەیەنین دوور و نزیک ئەو کردەوەیە پەیوەندی بە تەڤگەری ئازادییەوە نییە و کەسی ناوبراویش هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە پارتی لە ئەنجامی شکستی خۆی لە بەڕێوەبردنی هەرێمدا، دەیەوێت بە سیناریۆ و پاساو هێنانەوە ناڕەزایەتی و بایکۆتی فەرمانبەران و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە لاڕێدا ببات، لە دوای هاتنی هاکان فیدان و داڕشتنی کۆمەڵێک پیلانگێڕی بۆ دروستکردنی ئاژاوە و فیتنەگەری لە ناوچەکەدا بینیمان لە ڕۆژانی ١ و ٢ ی مانگدا لە کەرکووک و دواتریش لە هەولێر سیناریۆیەکیان ئەنجامدا هەر لە سەرەتاوە خواستیان هەبوو ڕەوشی کەرکووک بخەنە ئەستۆی ئازادییخوازانی کەرکووک و ئامانجی بۆگەنیان پەردەپۆش بکەن، خۆشبەختانە بە هۆشیاری خەڵکی هەمیشە قوربانی کەرکووک سیناریۆکانیان ئاشکرا کرد و هەر زوو بوون بە وەڵام بۆ ئاژاوەگێڕ و هێزە وابەستەکانی داگیرکاران، لەم دۆخە نا سەقامگیر و بێ مافی و بێ موچەییەی خەڵکدا هەمووان دەزانین هەر دێت ناڕەزایەتییەکان قووڵ دەبنەوە و بەڕووی دەسەڵاتدا و ستەمکارانی دەسەڵات ترسی تۆڵەی گەلیان لێ نیشتووە لە بێ چارەییدا، دەزگایەک بە ناو دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە داتاشینی سیناریۆی بێ بنەما و چەواشەکارانە بەرامبەر بە تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان دەیانەوێت ڕای گشتی کوردستان بە لاڕێدا ببەن و تەڤگەرەکەمان تۆمەتبار بکەن، ئێمە لێرەوە بۆ ڕای گشتی کوردستان و عێراق ڕای دەگەیەنین دوور و نزیک ئەو کردەوەی کە ڕۆژی ١ی ئەیلوول ئەنجام دراوە پەیوەندی بە تەڤگەری ئازادییەوە نییە و کەسی ناوبراویش هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە و نەناسراوە لەلای ئێمە، تەڤگەری ئازادی هێزێکی فەرمی مۆڵەت پێدراوە لە ئاستی عێراقدا و لە چوارچێوەی یاسادا کار و خەباتی سیاسی و مەدەنی خۆی ئەنجام داوە، ئێمە پێمان وایە تەڤگەر بووە بە هیوای بێ هیواکان و نەکەوتووەتە ناو زەلکاوی خیانەت و گەندەڵییەوە و تەنیا بۆ خزمەتی گەل و دیموکراتیزە کردنی سیستم خەبات دەکات، بە ئامانج گرتنیشی لەو چوارچێوەدایە. تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ١٠/٩/٢٠٢٣
هاوڵاتی مامۆستایانی وانەبێژ لە ھەرێمی کوردستان بە ڕاگەیەندراویک ڕایانگەیاند لەگەڵ دەستپێکی خوێندن بایکۆتی دەوام دەکەن . لە ڕاگەیەندراوەکەی مامۆستایانی وانەبێژدا هاتووە، "بەکۆی دەنگی سەرجەم نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لەسەرجەم پەروەردەکان بڕیارماندا ھەر لەسەرەتای کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن لە ١٣ی٩ ڕۆژی چوارشەممە بایکۆتی پڕۆسەی خوێندنی ساڵی ٢٠٢٣_٢٠٢٤ بکەین نەچینەوە ناوەندەکانی خوێندن تا ئەوکاتەی حکومەتی ھەرێم بەکردار و بەکتابی فەرمی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بەیاندەکات ، لەھەمان ڕۆژ خۆپیشادان لەبەردەم پەروەردەکان ئەنجام دەدەین . " نوێنەری گشتی وانەبێژانی ناڕازییش دەڵێت، ناچنەوە ناوەندەکانی خوێندن تا ئەوکاتەی حکومەتی ھەرێم بە کردار و بە نوسراوی رەسمی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بەیاندەکات، لەھەمان ڕۆژیش خۆپیشادان لەبەردەم پەروەردەکان ئەنجام دەدەن. دەقی ڕاگەیەندراوەکەی مامۆستایانی وانەبێژ: بەناوی خودای دڵۆڤان بۆ / ڕای گشتی _ حکومەتی ھەرێم _ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بابەت { بایکۆتی پرۆسەی خوێندن } لەساڵی ٢٠١٤ حکومەتی ھەرێم بەبیانوی جۆراوجۆر ستەم لەمامۆستایانی وانەبێژ دەکات و وەڵامی داواکاریە ڕەواکانمان ناداتەوە کە بریتیە لە { دامەزراندن } . لای ھەمووان ڕوونە بەپێی ساڵنامەی خوێندن ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی٩ی٢٠٢٣ دەرگای ناوەندەکانی خوێندن دەکرێتەوە ، بەبێ ئەوەی حکومەتی ھەرێم ھیچ ھەنگاوێکی کردەیی نابێت بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکانمان . سەرەڕای ئەمەش وا ھەنگاو دەنێین بۆ مانگی دە ھیشتا مامۆستایان شایستەی مانگی حەوتیان وەرنەگرتووە ! بۆیە بەکۆی دەنگی سەرجەم نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لەسەرجەم پەروەردەکان بڕیارماندا ھەر لەسەرەتای کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن لە ١٣ی٩ ڕۆژی چوارشەممە بایکۆتی پڕۆسەی خوێندنی ساڵی ٢٠٢٣_٢٠٢٤ بکەین نەچینەوە ناوەندەکانی خوێندن تا ئەوکاتەی حکومەتی ھەرێم بەکردار و بەکتابی فەرمی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بەیاندەکات ، لەھەمان ڕۆژ خۆپیشادان لەبەردەم پەروەردەکان ئەنجام دەدەین . لێرەوە بەقوتابیان و کەس و کاری قوتابیان ڕادەگەیەنن ئۆباڵی پەکخستنی پڕۆسەی خوێندن دەخەینە پاڵ حکومەتی ھەرێم . لەکۆتایدا داواکارین لە لەسەرجەم چین و توێژە جیاوازەکان پشتوان و پشتگیرمان بن بەتایبەت بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن و بەڕێوەبەری پەروەردەکان و کەس و کاری قوتابیان و یەکێتی مامۆستایان . سوپاس و پێزانینمان ھەیە بۆ ھاوپیشەکانمان لەمامۆستایانی میلاک کەھەمیشە پشتگیر و پشتیوانی مامۆستایانی وانەبێژ بووە لەیاداشت و بەیاننامەکانیان داواکاری سەرەکیان بریتی بووە لە دامەزرادنی مامۆستایانی وانەبێژ . کارۆخ عبدالڵە گوڵاوی نوێنەری گشتی وانەبێژانی ناڕازی لە ھەرێم . دوو شەممە ١١ ی ٩ ی ٢٠٢٣ زاینی .
هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی هەرێم وەڵامی بەغداد دەداتەوە و دەڵێت: "دەبوو ئێستا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەکوو ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچەکانیان وەرگرتبا". پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری وت: "٩٠٦ ملیار دینارمان بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێویستە و نەدەبوو حکومەتی فیدراڵی ئەو بابەتە تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە بکات". لەبارەی ئەو 500 ملیار دینارەی کە بۆ سێ مانگ بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "حکومەتی فیدڕاڵی چەندین مانگی دیکەی ئەمساڵیان لەنێو پلانەکانیان لاداوە و باسیان نەکردوە، هەروەها نەشیانوتوە بۆ ئەو چەند مانگە هەقی هەرێمی کوردستان چەند بوە". ونیشیکردەوە: "هیواخوازین بە هەرجۆرێک بێت، پێداچوونەوە بەو ژمارانە بکرێت کە باس دەکرێن و پێداچوونەوە بەو بڕیارانەش بکرێت کە بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەدرێن". حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانی حکومەتی فیدراڵی لەبارەی داهاتە نەوتی و ناونەتییەکان داوەتەوە و لە بەرانبەر ورووژاندنی هەر پرسیارێکی دیکەش، وتەبێژی حکومەت دەڵێت: "کات کوشتنە".
هاوڵاتی بەرپرسێکی ئیدارەی مەدەنی لە مەنبەج رایگەیاند، زیاتر لە 500 خێزان لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا وچەکدارەکانی ئاوارەبوون و بەشێکیان لە چادردان و ئەوانی دیکە بەسەر گەڕەکەکاندا دابەشکراون. ئەسما رمۆ، هاوسەرۆکی لیژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە ئیدارەی شارەکە لە مەنبەج رایگەیاند، هێرش و بۆردومانە توندوتیژەکان بۆ سەر گوندەکانی مەنبیج لەلایەن تورکیاوە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی 524 خێزان لە گوندەکانی هێڵی بەرکەوتن. ئاماژەی بەوەشکرد، ئیدارەی شارەکە کامپێکی دامەزراندووە کە 44 چادر لەخۆدەگرێت لە باکووری شارەکە و ئەم چادرانە 117 خێزانیان لەخۆگرتووە، لەکاتێکدا خێزانەکانی دیکە بەناو گەڕەکەکانی شارەکەدا دابەشکراون. ناوبراو ئاماژەی بە توانا لاوازەکانی ئیدارەی مەدەنی کرد لە مەنبەج، کە کاریان بۆ دەستەبەرکردنی چادرەکان کردووە، هاوکات کۆمەڵەیەکی خێرخوازیی خۆراکیان بۆ خێزانەکان دابین کردووە، ئاماژەی بە شکستی رێکخراوە مرۆییەکان کرد لە پێشکەشکردنی هاوکاریەکاندا. رمۆ هۆشداری دا لە زیادبوونی ژمارەی ئاوارەکان لە گوندەکانی هێڵی بەرکەوتن لە مەنبیجەوە، بەهۆی پەرەسەندنە توندوتیژیەکانی تورکیاوە. هێرشکردنە سەر مەنبەیج هاوکات بوو لەگەڵ هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دێرەزوور . جێگەیباسە بەرەبەیانی رۆژی هەینی 1ی ئەیلول، لە هێرشێکی تورکیادا بۆ سەر گوندەکانی مەنبیج لە باکووری سوریا پێنج منداڵ گیانیان لەدەستدا ورۆژی دواتر ژنێک گیانیلەدەستدا و چواری دیکەش برینداربوون.
