هاوڵاتی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی لەبەرامبەر دواکەوتنی موچەکانیان هۆشداری دەدەن بە حکومەتی هەرێم کە ماوەی 72 کاتژمێریان پێدەدەن و ناوەندەکانی تەدنروتسی دادەخەن و دەوام رادەگرن. ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئەیلولی 2023، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەندیکای کارمەندانی تەدنروستی لە سلێمانی مۆڵەتی 72 کاتژمێریان دایە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی تا کێشەی موچە چارەسەر بکەن.  لە کۆنگرەکەدا سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی راشیگەیاند کە لە ئێستاتدا تەنها نیو دەوام دەکرێت و لەدوای ئەو سێ رۆژەی دیاریکراوە "هەواڵی دڵخۆشکەر" وەرنەگرن دەوام پەکدەخەن و کارەکانیان رادەگرن.  تا ئێستا موچەی مانگی تەمووز و ئابی فەرمانبەرانی هەرێم نەدراوە بەهۆی کێشەی بەغدا و هەولێرەوە. بەپێی زانیارییەکان هاوڵاتی، حکومەتی هەرێم هیچ میکانیزمێکی نییە بۆ پێدانی موچە و تاووتوێی گەڕاندنەوەی لێبڕینی موچە لە ئەنجومەنی وەزیران کراوە. 

هاوڵاتی  بەشێک لە کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی كۆمپانیاكان و دادگای سلێمانی و هەروەها پزیشکانی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کرد بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیان.  ئەمڕۆ 10ی ئەیلولی 2023، چەند کارمەندێکی دادگای سلێمانی و کارمەندانی بەڕێوبەرایەتی کۆمپانیاکان لە شاری سلێمانی بەهۆی وەرنەگرتنی موچەکانیانەوە بایکۆتی دەوامیان کرد.  هاوکات بەپێی زانیارییەکان، پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند و راهێنراوی گشتی بایکۆتیان دەستپێکرد و دوای کۆبونەوەیان لە هۆڵی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بڕیاری داهاتوویان دەدەن.  ئەمە لەکاتێکدایە کە مامۆستایانی هەرێم دوێنێ شەممە بە فەرمی بایکۆتی دەومیان راگەیاند بەهۆی وەرنەگرتنی موچەکانیانەوە.  تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان موچەی مانگی تەمووز و ئابیان وەرنەگرتووە و حکومەتی هەرێم هیچ میکانیزمێکی نییە بۆ دابەشکردنی موچە. حکومەتی هەرێم هێشتا بڕیارینەداوە کە قەرزەکەی حکومەتی عێراق وەربگرێت کە 500 ملیار دینارە. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، بەهۆی کێشەی نێوان بەغدا و هەولێر ئەگەری هەیە  لێبڕینی موچە بەڕیژەی %21 بگەڕێتەوە و ئەنجومەنی وەزیران تاووتووێی پرسەکەی کردووە. حکومەتی هەرێم پێویستی بە 940 ملیار دینار هەیە بۆ دابەشکردنی موچە و لە ئەگەری وەرگرتنی 500 ملیار دینارەکەی بەغدا، هێشتا 100 ملیار کورتهێنانی دەبێت.

هاوڵاتی میدیای فەرمی یەکێتی بڵاویکردەوە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەگەڵ چەند بەرپرسێک کۆبونەوە ئەنجام دەدات. ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئەیلول 2023، میدیای فەرمی یەکێتی رایگەیاند، بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکایەتی شاندێکی یەکێتی گەیشتە تاران و لە میانی سەردانەكەیدا بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران چەندین كۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وڵاتە  ئەنجامبدات. گەشتنی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئێران لەکاتێکدا کە تەنها نۆ رۆژ ماوە بۆ ئەو وادەیەی تاران دایناوە تا چەک دابماڵرێت لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و گواستنەوەیان بۆ چەند کەمپێکی تایبەت.  مانگی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە دوا وادە بۆ جێبەجێکردنی داماڵینی چەکی "حزبە دژبەرەکان"یان لە هەرێمی کوردستان 19ی ئەیلولە و ئەو وادەیە بەهیچ جۆرێک درێژناکەنەوە کە لە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ بەغدا ئەنجامدراوە.

هاوڵاتی  نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند لە کۆبونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بڕیاردرا کێشەی بارەگاکانی شاری کەرکوک چارەسەر بکرێت و گۆڕانکاری ئیداری لەو شارە ئەنجامبدرێت بە شێوەیەک لەگەل رەزامەندی هەموو پێکهاتەکان بگونجێت، دەشڵێت، "پێوستە هەر کەسێک سزا بدرێت کە سەلمێنرا تێوەگلاوە لە روداوەکانی کەرکوک." نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئەنجامی کۆبونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا کردوو و لە کۆوبونەوەکەدا لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن. یەکێک لەو خاڵانەی باس کراوە ئەوەیە پێکهێنانی لیژنەیەکە بۆ ناردنی بۆ کەرکوک تا لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان و سەرجەم پێکهاتەکان کۆبونەوە ئەنجامبدات و کێشەی بارەگاکان چارەسەر بکرێت.  لە کۆبونەوەکەدا بڕیاریدراوە کە پشتیوانی بکرێت لە "بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی لەپێناو لێکۆڵینەوە لە راستییەکانی کەرکووک و جەختکردنەوە لەسەر پێویستی ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە بۆ رای گشتی و سزادانى هەر کەسێک کە سەلمێنرا و تێوەگلاوە لە رووداوەکان و سەر بە هەر لایەنێک بێت." هاوکات باس لەوەش کراوە  گۆڕانکاری ئیداری ئەنجامبدرێت بە شێوەیەک جێگای رەزامەندی هەموو پێکهاتەکانی شاری کەرکوک بێت و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگای کەرکوک دوانەخرێت و لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت. یەکێک لە خاڵەکانی تریش راگرتنی شەڕی میدیا و گفتوگۆکردن لەسەر جیاوازیی ڕا وبۆچونەکان لە نێو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بوو.

هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی هەینی ٨ی ئەیلوول، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ( تویتەر) دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر " نازیلا مەعرووفیان" کچە رۆژنامەنووسی سەقزی ئیدانە کرد. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆیان لەم بارەوە ئەم کردەوەیان وەک کارێکی  پلان بۆ داڕێژراو و قیزەون ناو برد و دەڵێن :" بوێری ژنانی ئێران لە بەرامبەر ئەم کردەوانە، کە بەمەبەستی ترساندنیان بەکاردێت، زیاتر دەردەکەوێت". باسلەوەشکراوە کە " ئەمریکا بەردەوامە لە پشتیوانیکردن لە مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی خەڵکی ئێران و بەردەوامە لە هاوکاری کردنی هاوپەیمان و هاوبەشەکانی بۆ ئەوەی پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران وەڵامدەرەوە بن بەرامبەر بەم ئاکارەیان". نازیلا مەعرووفیان، کچە رۆژنامەنووسی سەقزی کە ٣٠ ئاب، بۆ جاری سێهەم لە ماڵەکەی خۆی دەستگیرکرا، رۆژی چوارشەممە ٧ی ئەیلوول، لە پەیامێکی دەنگی لە زیندانی ئیڤینەوە رایگەیاند :" لە حاڵێکدا دۆخی تەندروستی زۆر خراپ بووە" لە گرتووخانە " دەستدرێژی" کراوەتە سەری. نازیلا مەعرووفیان، کچە رۆژنامەنووسی سەقزی، بە ناڕەزایەتی بە هەڵسووکەوتی بەرپرسە حکوومییەکان و بەرپرسانی زیندان مانی لە خواردن گرتووەو لە پەیامێکدا  ئاماژە بە هەموو ئەو ژنانەی  لە "بنکەکانی پۆلیس، گرتووخانە و دادگاکان" رووبەڕووی توندووتیژی ئەبنەوە وتوویەتی :" مانگرتنی خواردنەکەی جگەلەوەی ناڕەزایەتییە بەرامبەر بە دۆخی خۆی، دەربڕینی دەنگی هەموو ئەو ژنانەیە کە لە ئێران لە خراپترین دۆخدا ئەژین". هاوکات سەرچاوەیەکی نزیک لە نازیلا مەعرووفیان، پێشتر بە بەشی فارسی دەنگی ئەمریکا راگەیاندبوو کە رۆژی ٣٠ ئاب کاتی دەستگیرکردنی ئەم رۆژنامەنووسە ٧ پۆلیس، دەرگاکەیان شکاندووە لە خەودا دەستگیریان کردووەو بە لێدان و ئەشکەنجە ، بە جلی خەوەوە لە ماڵ بردوویانەتە دەرەوە.  

هاوڵاتی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بڕیاریدا هه‌ریه‌ك له‌ ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی عێراق، ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بانگهێشت بكات، به‌مه‌به‌ستی خستنه‌ڕوی زانیاری و رونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌. د بریار رشید ئەندامی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەی موچەخۆرانی هەرێم، وەک پەرلەمانی عێراق بانگهێشتی هەردوو وەزیری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین. بانگهێشتکردنی وەزیری دارایی بەغدا و هەرێم بۆ پەرلەمانی عێراق هاوکاتە لەگەڵ نەناردنی پشکی هەرێم لەلایەن بەغداوە و حکومەتی هەرێم و عێرایقیش یەکتری تۆمەتباردەکەن بە پابەندنەبوون بە یاسای بودجەوە. تاوەکو ئەمڕۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئابیان وەرنەگرتووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەغدا بە پابەندنەبوون بە رێککەوتنەکان و یاسای بودجە تۆمەتبار دەکات. حکومەتی عێراقیش دەڵێت، هەرێمی کوردستان پابەندنی رێککەوتنەکان نەبووە.

هاوڵاتی به‌هۆی‌ دابه‌شنه‌كردنی‌ مووچه‌كانیانه‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ دوو مانگ، مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی‌ ناڕازی‌ بڕیاریاندا بایكۆتی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ كراوه‌ رابگه‌یه‌نن و ساڵی‌ نوێی‌ خوێندن به‌ بایكۆت ده‌ستپێبكه‌ن. ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 9ی‌ ئه‌یلولی‌ 2023 مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی‌ ناڕازی‌ بۆ بڕیاردان سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و باره‌ ئابوورییه‌ی ڕوبەروی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بۆتەوە بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان کۆبوونەوە . دوای‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوایەکیان ئاڕاستەی "مامۆستایان، فه‌رمانبه‌ران، خانه‌نشینان و خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان" كرد و تیایدا هاتووه‌ كه‌ "ئه‌م قۆناغه‌ چه‌فبه‌ستووه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌رئه‌نجامی‌ گه‌نده‌ڵ و فه‌سادی‌ 20 ساڵه‌یه‌ له‌ گوێنه‌گرتن و نه‌بیستن و نه‌بینین". مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی‌ ناڕازی‌ ده‌ڵێن: "له‌ رۆژی‌ 2023/9/13 ده‌رگای‌ ناوه‌نده‌كانی‌ خوێندن به‌ په‌روه‌رده‌ و خوێندنی‌ باڵا ناكه‌ینه‌وه‌ و بایكۆتی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ كراوه‌ راده‌گه‌یه‌نین". داواش له‌ سه‌رجه‌م مووچه‌خۆران و هاوڵاتیان و فه‌رمانگه‌كان ده‌كه‌ن كه‌ "له‌ سبه‌ی‌ یه‌كشه‌ممه‌وه‌ ده‌رگای‌ فه‌رمانگه‌كان دابخه‌ن و بایكۆت رابگه‌یه‌نن".  

هاوڵاتی لەڕێگەى درۆنەوە چوار بنکەى سەربازىی دەوڵەتى تورکیا لەناوچەکانى، بەرمیزە، ناوڕووبارۆک‌و دەریاسۆر لەسنوری برادۆست بۆردومانکران. بەگوێرەی زانیارییەکان ئەمڕۆ شەممە لە ناوچەی بەرمیزە و ناوروبارۆک و دەریا سۆر لە سنووری برادۆست، چوار بنکەی سەربازی  تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومانکران. هاوکات میدیا ناوخۆییەکان لە زاری چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە بڵاویان کردەوە،کە دوای بۆردوومانەکە تەقەیەکی زۆر لە دەوروبەرى بنکە سەربازییەکانى دەوڵەتى تورک بیستراوە و بەشێک لە بنکەکانیش ئاگریان گرتووە. ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ به‌یانی ئه‌مڕۆ فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وان له‌سنوری قه‌زای ماوه‌تی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی بۆردومانی ئه‌نجامدا و زیانه‌كان نه‌زانراون. توركیا له‌هه‌رێمى كوردستان زیاتر له‌ 40 بنكه‌ى سه‌ربازیى هه‌یه‌و ڕۆژانه‌ له‌ڕێگه‌ى ئه‌م بنكانه‌وه‌ هێرشى جۆراوجۆر بۆسه‌ر خاكى هه‌رێم ئه‌نجامده‌دات.

هاوڵاتی ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی عێراق ڕایگه‌یاند، هیچ ڕێككه‌وتنێك له‌ نێوان ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی فیدڕاڵی و هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ ستانداردكردنی نرخی گومرگی نییه‌. ته‌یف سامی له‌ میانی میوانداریكردنی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، "هیچ ڕێككه‌وتنێك له‌ گومرگی نێوان ده‌روازه‌ سنورییه‌ فیدراڵییه‌كان و هه‌رێمی كوردستاندا نییه‌، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه‌ باجی گومرگی هه‌رێم له‌ ده‌روازه‌كانی دیكه‌ی عێراق كه‌متره‌." جه‌ختیشكرده‌وه‌،کە "ده‌بێت كۆنتڕۆڵی ده‌روازه‌كان دوباره‌ رێكبخرێنه‌وه‌". هاوکات وه‌زیری دارایی ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕی بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌قی یاسای بودجه‌ی دارایی ، بۆ 50%ی داهاتی ده‌روازه‌ سنوورییه‌ فه‌رمییه‌كان بۆ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان بنێردرێت، وتیشی، "له‌ هه‌رێمی كوردستان پێنج ده‌روازه‌ی نافه‌رمی هه‌یه‌".  

هاوڵاتی وه‌زیرى كارو كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم ئەمڕۆ شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا  دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی ڕەتکردەوە. كوێستان محه‌مه‌د وه‌زیرى كارو كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا له‌سلێمانى كه‌ تیمی هاوڵاتی تێدا ئامادەبوو  له‌مه‌راسیمى كردنه‌وه‌ى خانەیه‌كى بەساڵاچوان ڕایگه‌یاند، "ئه‌و ده‌نگۆیه‌ى هه‌یه‌ له‌باره‌ى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى من ڕاست نییه‌و من هه‌ر وه‌زیرم‌و ده‌ستم له‌كارنه‌كێشاوه‌ته‌وه‌". وتیشى، "چوار ساڵه‌ وه‌زیرم، جگه‌ له‌وكاته‌ى هاوسه‌ره‌كه‌م كۆچى دوایی كردوه‌، هیچ مۆڵه‌تێكیشم وه‌رنه‌گرتوه‌، من به‌رده‌وامم له‌كاره‌كه‌م‌و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌شم پێشكه‌ش نه‌كردوه‌". ئاشكراشیكرد، "ئێستا له‌هه‌رێمى كوردستان‌و له‌چاكسازیه‌كانى سه‌ر به‌وه‌زاره‌تى كار، 550 كه‌س سزاى له‌سێداره‌دانیان هه‌یه‌".

هاوڵاتی وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند، لە سلێمانی زیاتر لە 100 حاڵەتی توشبون بە نەخۆشی کۆلێرا تۆماركراون، لە هەولێرش 10 حاڵەت و کۆلێرا نەخۆشییەکی گوازراوەیە. د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، یەکەمجارە نییە نەخۆشی کۆلێرا لە هەرێمی کوردستان بڵاوببێتەوە و ناوچەکانی عێراق هەرێم بە مۆڵگەی ئەو بەکتریایە ناسراوە و ژمارەی توشبوەکان لە سلێمانی زۆرە، بەڵام لە هەولێر و دهۆک کەمترە. وەزیری تەندروستی هەرێم باسی لەوەشکرد، کۆلێرا نەخۆشییەکی گوازراوەیە و لە سلێمانی زیاتر لە 100 حاڵەتی توشبوی تێپەڕاندوە و 10 حاڵەتیش لە شاری هەولێر هەیە و هەمو ساڵێک لە دوای مانگی ئایارەوە دەست بە بەرنامەی کۆنتڕۆڵی نەخۆشییەکانی سکچون دەکەن. ئەوەشی ئاشکرا کرد، یەکێک لە نەخۆشییە مەترسیدارەکانی سکچون کۆلێرایە کە لەوانەیە ببیتە هۆی وشکبونەوە یان وەستانی گورچیلەی توشبو و بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی تەندروستی لە رێگەی چارەسەرکردنی سەرچاوەی ئاو و سەوزەواتەوە رێگری لە بڵاوبونەوەی دەکەن. سەبارەت بە وەرگرتنی دەرمانیش بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشییە د. سامان بەرزنجی وتی، داوا لە هاوڵاتیانی هەرێم دەکەن لە دەرمانخانەی خاوەن مۆڵەت و متمانە و فەرمی دەرمان بکڕن و ئەگەر لە شوێنێک هەستیان بە جیاوازی نرخ کرد یاخود دەرمانی بێ ستیکەری وەزارەتی تەندروستی بینی لە رێگەی هێڵی گەرمی بەرێوەبەرایەتی تەندروستی ئاگاداریان بکەنەوە.

هاوڵاتی خانەوادەی ژینا ئەمینی رێوڕەسمی ساڵیادی ژینا لەسەر گۆڕەکەی لە شاری سەقز بەڕێوەدەبەن، داوا لە ھاووڵاتیان دەکەن لەکاتی بەڕێوەچونی رێوڕەسمەکەدا خۆیان لە ھەموو جۆرە توندوتیژییەک بپارێزن. ئەمجەد ئەمینی و موژگان ئێفتخاری باوک و دایکی ژینا ئەمینی راگەیەنراوێکیان سەبارەت بە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ساڵیادی ژینا ئەمنیی بڵاوکردەوە، ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، وەکو ھەموو خانەوادەیەکی بریندار، لە ساڵیادی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، لەسەر گۆڕەکەی رێوڕەسمێکی تایەت بە رێوەدەبەن. لە بەشێکی تری راگەیەنراوکەدا داوا لە ھاووڵاتیان دەکەن، لەکاتی بەڕێوەچونی رێوڕەسمەکەدا خۆیان لە ھەموو جۆرە توندوتیژییەک بپارێزن. ئەم راگەیاندنەی بنەماڵەی ژینا ئەمینی لەکاتێکدایە کە چەند ڕۆژێک لەمەوپێش و لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵڕۆژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی" شۆڕشی ژینا"،فشارەکان بۆ سەرخانەوادەی ژیناو خۆپیشاندەرانی تر دەستی پێکردووە. هاوکات  خاڵی ژینا ئەمینیش بە ناوی " سەفا عائلی" لە سەقز دەستبەسەر کراوە. ژینا ئەمینی لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا لە ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٢، لەلایەن پۆلیسی رەوشت لە تاران دەستبەسەرکرا، دوای سێ رۆژ لە ١٦ی ئەیلول لە نەخۆشخانەی کەسرا لە تاران گیانی لەدەستدا.  

هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، "هیچ هۆکار و بیانوویێک نابینین بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان"ز پێشه‌وا هه‌ورامانی له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا بڵاویكردۆته‌وه‌، "‏‎‏‎هه‌رێمی كوردستان به‌پێی خشته‌كانی یاسای بودجه‌ی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023 ، شایسته‌ی (16) ترلیۆن و (498) ملیار دیناره‌ كه‌ مانگانه‌ ده‌كاته‌ (یه‌ك)ترلیۆن و (375)ملیار دینار، له‌م بڕه‌ مانگانه‌ (906) ملیار دیناری ته‌رخانكراوی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانه‌." دەشڵێت، "به‌ڵام له‌ رۆژی ی (كانونی دوه‌م/1)ی2023 تا ئێستا وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ ته‌نها بڕی (دو) ترلیۆن و (598) ملیار دیناری بۆ هه‌رێمی كوردستان خه‌رج كردوه‌، كه‌ (400) ملیاری ئه‌م پاره‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مانگی (تشرینی دوه‌م/11 و كانونی یه‌كه‌م/12)ی ساڵی 2022 له‌ كاتێكدا به‌ پێی خشته‌كانی یاسای بودجه‌ تا مانگی (ئاب/8)ی ئه‌مساڵ بڕی 11 ترلیۆن ته‌رخانكراوی هه‌رێمی كوردستانه‌." پێشەوا هەورامی ئەوەشی ڕونکردۆتەوە کە  "حکومەتی هەرێم، هەموو پابەندییەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام هەمیشە بەبیانوویێک مافی هەرێم پێشێل دەکرێت و بەڕێز گوتەبێژ لە کۆتایی قسەکانی دەڵێت 'باشترین رێگەچارە بۆ چارەسەر جێبەجێکردنی دەستوور و رێککەوتنەکانە'، ئێمەش لەمەدا هاوڕاین لەگەڵتان، بەڵام دەشپرسین، کێ دەستوور و یاساکانی پێشێلکردووە؟ کێ رێکەوتنەکان دەگۆڕێت و پابەندییان نابێت؟"   دەقی راگەیەندراوەکەی پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان:   ‏‎ڕوونکردنەوەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وتەکانی وتەبێژی حکومەتی فیدراڵ لەبارەی ‏‎‏‎پابەندی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و دەرخستنی ڕاستییەکان. هەرێمی کوردستان بەپێی خشتەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٣، شایستەی (١٦) ترلیۆن و (٤۹۸) ملیار دینارە کە مانگانە دەکاتە (۱)ترلیۆن و (۳۷٥)ملیار دینار، لەم بڕە مانگانە (۹٠٦) ملیار دیناری تەرخانکراوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە. بەڵام لە ٢٠٢٣/١/١ تا ئێستا وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنها بڕی (٢) ترلیۆن و (٥٩٨) ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کردووە، کە (٤٠٠ ) ملیاری ئەم پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی یانزە و دوانزەی ساڵی ٢٠٢٢، لە کاتێکدا بە پێی خشتەکانی یاسای بودجە تا مانگی هەشتی ساڵی ٢٠٢٣ بڕی (١١) ترلیۆن تەرخانکراوی هەرێمی کوردستانە. * لە ٢٠٢٣/١/١ مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بەپێی ژمارەکانی هاتوو لە خشتەکانی یاسای بودجە، لە کاتی خۆیدا دابەش کراوە، کەچی تەنها بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێوەری ئینفاقی فیعلی پەیڕەو کراوە کە لەمەشدا کار لەسەر ڕێکارێکی جیاواز کراوە ئەویش میکانیزمی قەرزە، کە لە هیچ شوێنێکی دیکەی عێراق ئەمە ڕووی نەداوە بە قەرز ‏‎‏‎ماف و مووچە بدرێتە فەرمانبەر، بەڵكوو مووچەی مووچەخۆران بە پێی شایستەیی خۆیان دابەش کراوە. * دوایین بڕە پارە کە بڕیاری لێدراوە، (٥٠٠ )ملیار دینارە بە شێوازی قەرز. ئەوان دەڵێن داهاتی ئێمە بریتییە لە (٣٢٠) ملیار دینار،ئەگەر ئەم دوو بڕە پارەیەش کۆ بکەینەوە هێشتا ناکاتە کۆی گشتی شایستەی مانگانەی هەرێم کە دەکاتە (۱) ترلیۆن و (۳۷٥)ملیار دینار کە لە یاسای بودجەدا هاتووە. * لەبارەی داهاتی نەوت، لە مانگی سێی ئەمساڵەوە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە ناکرێت، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق خۆیان لە ٢٥\٦\٢٠٢٣ تا ئێستا ڕۆژانە تێکڕا بڕی ٨٥ هەزار بەرمیل نەوتیان وەرگرتووە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی و حکومەتی هەرێم ئامادەش بووە هەر بڕێک کە ئەوان بیانەوێت پێیان بدات، بەو ڕێژەیەی کە وەزارەتی نەوت داوای کردووە و لە توانای پاڵاوگە ناوخۆییەکاندایە، لە بەرانبەردا حکومەتی عێراقی فیدراڵ پابەندی سەرشانی بۆ خەرجکردنی تێچوونی ئەم نەوتە لە ئەستۆ نەگرتووەو یەک دیناری نەناردووە بۆ خەرجی دەرهێنان و بەرهەمهێنان ‏‎‏‎و گواستنەوەی نەوتەکە. ‏‎‏‎* لەبارەی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستانیش هەر لە سەرەتاوە شەفافانە هەموو داتا و ژمارەکان خراونەتە بەردەست وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ و وردبینییان بۆ کراوە، ئامادەییشمان نیشان داوە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان لەنێوانیاندا یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵ کە داهاتە نانەوتییەکانی فیدراڵی تەسلیم بکرێت، کەچی وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەفسیرێکی مەرکەزییان هەیە بۆ داهاتە نانەوتییەکان و هەمیشە زیاتر لەوەیان بڕیوە کە هەرێم هەیەتی لەناو ‏‎‏‎شایستە داراییەکاندا، ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و یاسا بەرکارەکانە. * لەکۆتاییدا ڕایدەگەینین هیچ هۆکار و بیانویێک نابینین بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پێویستە دوور لە ئینفاقی فیعلی بەبێ هیچ تێکەڵکردنێک هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچە بنێردرێت و بەپێچەوانەی قسەکانی وتەبێژ، مووچەخۆرانی هەرێم  نەک سێ هێندەی مافی خۆیان بۆ نەنێردراوە بەڵکوو لەژێر ناوی قەرزدا ئەوەی کە بۆشیان نێردراوە نیوەی مافیشیان نییە و مووچەی چەند مانگێک پەڕێندراوە و باسی ناردنیشی نەکراوە. حکومەتی هەرێم، هەموو پابەندییەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام هەمیشە بەبیانوویێک مافی هەرێم پێشێل دەکرێت و بەرێز وتەبێژ لەکۆتایی قسەکانی دەڵێت"باشترین ڕێگا چارە بۆ چارەسەر جێبەجێکردنی دەستوورو ڕێککەوتنەکانە"،ئێمەش لەمەدا هاوڕاین لەگەلتان بەڵام دەشپرسین،کێ دەستوورو یاساکانی پێشێلکردووە؟کێ رێکەوتنەکان دەگۆڕێت و پابەندییان نابێت؟

عەممار عەزیز ئەو 30 پردەی كە دەكەونە سەر رووباری هشكەڕوو لە سنوری پارێزگای دهۆک و بۆ پەڕینەوەی هاووڵاتیان دروستكراون ، نزیكەی 20 یان مەترسی رووخانیان لەسەرە، چەند جارێك هاووڵاتیان داوای نۆژەنكردنەوەیان كردووە بەڵام بێسوودبووە. ئاشتی جوبرائیل، خوێندنكاری قۆناغی ئامادەیییە ، ماڵیان نزیكی رووبارەكەیە بەهاوڵاتی وت، « چەند رۆژێكی تر دەرگای خوێندنگاكان دەكرێنەوە ، رۆژانە دوو جار بەسەر ئەو پردە هاتۆچوو دەكەین كەنزیكی ماڵمانە، ئەو پردانە هەموو شتێكن تەنها پرد نین، چونكە زۆر بەناڕێكوپێكی دروستكراون لەمەش خراپتر دەمێكە نۆژەن نەكراون». ئاشتی جوبرائیل دەشڵێت «ساڵی  2022 كەسێك لەیەكێك لەپردەكان كەوتووەتە خوارەوەو گیانی لەدەستدا، ئەمساڵ هیچ حاڵەتی مردن  نەبووە ، بەڵام زیاد لە سێ‌ كەس كەوتوونەتە ناو رووبارەكەو لەلایەن خەڵكەوە رزگاركراون، كێشەی سەرەكی ئەو پردانە زۆرینەی هیچ راگرێكیان نییە، بۆیە بەپێی تێپەڕبوونی كات و بوونی باران ئەملاو ئەولایان داڕووخاون ، مەترسی رووخانیان لەسەرە». رووباری هشكەڕوو كەدرێژییەكەی 15 كێلومەترە، بەشی زۆری ئاوی باران و  ئاوەڕۆی دانیشتووانی ناوشاری دهۆك پێیدا تێدەپەڕێت و دەچێتە دەرەوەی شار .  پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ بۆ چەمی هشكەڕوو بڕی 90 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانكرا بەڵام ماوەی 10 ساڵە پرۆژەكە تەواونەكراوەو پارەكەشی دیار نەماوە، پرۆژەكە درا بەكۆمپانیایەك و لەسەردەمی تەمەر كۆچەر، پارێزگاری پێشووتری دهۆك جێبەجێ‌كراوە، تەنیا لەسەدا 11ی تەواوكرا دوای ماوەیەك پرۆژەكە راگیرا. تائێستا هیچ وادەیەك دیارینەكراوە بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی پرۆژەكە.  بەڕۆژ بەرواری، ماڵەكەی تەنها 200 مەترێك لەڕووباری هشكەڕوو دوورە بەهاوڵاتی وت، «من لەناو خانوویەكی بەكرێ‌دام كەزۆر نزیكە لەرووباری هشكەڕوو، رۆژانە بەلایەنی كەمی دوو بۆ سێ‌ جار لەسەر ئەو پردانە هاتوچۆ دەكەین كە لەسەر رووبارەكە دروستكراون ، من باسی ئەوانە دەكەم كە لەدەوروبەری ئێمەن بەڕاستی مەترسی رووخانیان لەسەرە چەندینجار داوامانكردوە نۆژەنبكرێنەوە، بەڵام بێسوود بووە، لەوەرزی باران كاتێك ئاوێكی زۆری پێدا دەڕوات زۆر بەزەحمەت هاتوچۆی لەسەر دەكەین«. بەرۆژ بەرواری دەشڵێت «جگە لەمەش پردەكان لەڕووی پانتاییەوە زۆر تەسكن ئەگەر پێنج بۆ شەش كەس هاتوچۆی لەسەر بكەن دەبێت ئەوانەی لەلەلای تری پردەكە چاوەڕێ‌ بكەن تا ئەوان دەرباز بن ئینجا ئەوان بێن، خەڵك هەبووە كەوتوونەتە ناو رووبارەكە دڵنیام ئەگەر نۆژەن نەكرێنەوە رووداوی ناخۆشتر روودەدەن». شارەوانی دهۆك بەشێك لەو پردانەی نۆژەنكردوەتەوە بەڵام پارەی تەواو لەبەردەست نیە هەموویان نۆژەن بكاتەوە، لەبەرنامەیاندایە هەموو پردەكان نۆژەن بكاتەوە، بەڵام چاوەرێی‌ پارە دەكەن. ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی دهۆك بەهاوڵاتی وت، «بەشێك لەو پردانە شارەوانی دهۆك نۆژەنی كردووەتەوە، هەروەها لەچەند شوێنێكی سەر رووبارەكە دیواری پاڵپشتمان دروستكردوە بەدرێژایی زیاتر لە 500 مەتر، جگە لەمەش شارەوانی دهۆك هەموو ساڵێك پێش دەستپێكردنەوەی وەرزی سەرماو باران بارین رووباری هشكەڕوو پاكدەكاتەوە ئەمەش بۆ ئەوەی لەكاتی دروستبوونی لافاو زیان نەگاتە هاووڵاتیان». ئیسماعیل مستەفا دەشڵێت، «بۆ نۆژەنكردنەوەی هەموو پردەكان پێویستی بەپارەیە هەركاتێك بودجەی پێویستمان بۆ دابینكرا ئەوا بەدڵنیایەوە ئەو پردانەی مەترسی رووخانیان لەسەرە نۆژەنی دەكەینەوە». بێوار عەبدولعەزیز، بەرپرسی راگەیاندنی بەرگری شارستانی دهۆك بەهاوڵاتی وت» لەوەرزی هاوین ئەو ئاوەی پێیدا دەڕوات كەمە بەڵام لەوەرزی زستان ئاستی ئاوەكە بەرز دەبێتەوە، بۆیە لەكاتی راگەیاندنی شەپۆلێكی باران بارین لەلایەن كەشناسیەوە ئێمە دەكەوینە حاڵەتی ئامادەباشی و تیمەكانمان بڵاوە دەبن بەتایبەت لەدەوروبەری رووباری هشكەڕوو، ئێمەش پاڵپشتی ئەوەدەكەین كەهەر پردێك مەترسی لەسەربێت نۆژەن بكرێتەوە باشترە پێش ئەوەی رووداوێكی نەخوازراو لێی رووبدات.

هاوڵاتی میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، تورکیا لە دادگایەکی ئەمەریکا سکاڵایەکی لە دژی عێراق تۆمارکردوە و داوای 950 ملیۆن دۆلار قەرەبوو لە عێراق دەکات. ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای کە بارەگاکەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە راپۆرتێکی لەبارەی کێشەکانی نێوان حکومەتی تورکیا و حکومەتی عێراق پەیوەست بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە، حکومەتی تورکیا لە دادگەی ناوچەی کۆڵۆمبیا لە واشنتن دی سی پایتەختی ئەمریکا سکاڵای دژی حکومەتی عێراق تۆمارکردووە و تێیدا داوا دەکات، نەک تەنیا هیچ پارە بە عێراق نەدات، بەڵکو دەڵێت، پێویستە بەغدا 950 ملیۆن دۆلاری پێ بدات. بەپێی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس تورکیا دەبێت نزیکەی2.6 ملیار دۆلار قەرەبوو بداتە عێراق لەسەر ھەناردەی نەوتی کوردستان و چەند گرێبەستێک کە نزیکەی30 ساڵ لەمەوبەر لەنێوان ھەردوو وڵات ئەنجامدراوە، تورکیاش پێی وایە ئەو بڕیارە نادادپەروەرانەیە و دەبوو دادگا لە بەرژەوەندی تورکیا بڕیار بدات نەک عێراق. پارێزەرانی تورکیا عێراق تۆمەتباردەکەن بەوەی دادگاکانی ئەمریکا وەک ئامڕازێک بۆ سکاڵاکانی دژی تورکیا بەرکاردەھێنێت، بۆیە بڕیاریانداوە ئەمجارە ئەوانیش لە دادگاکانی ئەمریکاوە سکاڵا دژی عێراق تۆماربکەن و داوای قەرەبوو بکەن. بەگوێرە ئەو راپۆرتە، تورکیا دەڵێت، بە هەژمارکردنی رێژەی ئەو سوودەی کە دادگەی نێوبژیوانیی پاریس لەسەر ئەو قەرەبووە دیاریکردووە کە هەریەکەیان دەبێت بەوی دیکەی بدات، ئەو پارەیەی عێراق قەرزداری تورکیایە زیاترە لەو بڕەی کە دەبێت ئەنقەرە بە بەغدای بدات.  تورکیا دەڵێت، دوای هەژمارکردنی سوودی سەر قەرزەکان بە پێی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی پاریس، عێراق 2.6 ملیار دۆلار قەرەبووی بەردەکەوێت و تورکیاش 3.5 ملیار دۆلار. جێگەیباسە مانگی ڕابردوو، وەزیری وزەی تورکیا و وەزیری نەوتی عێراق کۆبونەوەیەکییان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ئەنقەرە ئەنجامدا و جەختییان لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کردەوە دوای تەواوبونی نۆژەنکردنەوەی بۆری نەوتەکان.