هاوڵاتی  منداڵێکی شیرەخۆرە بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە خێمەیەکی بەنابەرانی رۆژئاوا لە بەردەرەش گیانی لەدەستدا. دوانیوەرۆی ئەمرۆ هەیینی 8ی ئەیلولی 2023، ئاگر لە کەمپی بەنابەرانی رۆژئاوا لە بەردەرەش لە پارێزگای دهۆک کەوتەوە و موقەدم ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ بە هاوڵاتی راگەیاند، لە ئەنجامی روداوەکە "منداڵێکی کچ بەناوی دونیا حەسەن موسا، کە تەمەنی تەنها  ساڵ و نیوێکە و خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە، گیانی لەدەستدا." بەریوبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ وتیشی، "سەرەتا منداڵەکە بەهۆی ئاگرەکەوە دۆخی تێکچووە و نازانرێت کە جەستەی سوتاوە یان تەنگەنەفەس بووە، بەڵام دوای ئەوەی دایک و باوکی دەیبەن بۆ نەخۆشخانە، لەوێ گیانی لەدەست دەدات." ئیبراهیم فەریق لەسەر هۆکار و زیانەکانی روداوەکە باسی لەوە کرد، "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان تەنها یەک خێوەت لەکەمپی پەنابەرانی رۆژئاوا سووتاوە و زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، بەڵام ئاگرەکە کونتروڵکراوە، هۆکاری ئاگرەکەش شۆرتی کارەبا بووە."  

هاوڵاتی  وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، حکومەتی هەرێم داهاتی رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی نەکردووە و ئەو پارانەی لە مانگی حوزەیرانەوە لای هەرێمی کوردستان بووە سێ هێندەی پشکی حکومەتی هەرێم بووە. باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق سەرجەم پابەندییە داراییەکانی بەرامبەر ھەرێم جێبەجێکردووە، تا کۆتایی مانگی حوزەیران ئەو پارانەی لە ئەستۆی ھەرێمە سێ ھێندەی پشکەکەیەتی. باسم عەوادی دەڵێت، "حکومەتی فیدراڵی تەواوی پابەندبوونەکانی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان جێبەجێکردووە و هەوڵێکی زۆری داوە بۆ پێشکەشکردنی چارەسەرییەکان، تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران بڕی ئەو پارانەی لە لای هەرێمی کوردستان بووە زیاتر لە سێ هێندەی پشکی هەرێمی کوردستان بووە بەپێی خەرجی راستەقینەی دەوڵەت، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان هیچ داهاتێکی نەوتی و نانەوتیی رادەست نەکردووە." وتەبێژی حکومەتی عێراق وتیشی، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی ھەرێم داھاتی نەوتی و نانەوتی رادەستنەکردووە، بەڵام حکومەتی عێراق بڕیاریداوە لێکەوتەکانی پابەندنەبوونی ھەرێم نەخاتە ئەستۆی ھاوڵاتییان و قەرز بدەنە ھەرێم تا کێشە داراییەکان چارەسەر دەبن.

هاوڵاتی بەریوبەرایەتی ئاوی سلێمانی لەسەر پاکژی سەرچاوەی ئاوی سلێمانی رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئاوی پرۆژەکانی ئەوان پاکە و بەرپرس نین لە پێدانی ئاوی پیس بە هاوڵاتیان و سەرچاوەکانی ئاویان هۆکارێک نییە بۆ بڵاوکردنەوەی نەخۆشی کۆلیرا.  بەرێوبەرایەتی ئاوی سلێمانی لە روونکردنەوەکەدا دەڵێت، سەرچاوەی پرۆژەی ئاوی دوکانی یەک و دوو لە بەنداوی دوکانەوە دێن و دوای پاکژکردن و فلتەر کردن و بەکلۆر کردنیان دابەشی گەڕەکەکانی سلێمانی دەکرێن، رۆژانەش چەندین جار لە تاقیگەکاندا نمونەی وەردەگیرێت بۆ پشکنین، بۆیە ئاوێکی پاک و خاوێن و تەندروستە بۆ خواردنەوە.  لە روونکردنەوەکەدا ئەوەش هاتووە، "ئێمە بەرپرس نین لە چەند شەمعەیەکی نایاسایی لەسەر چەمی قلیاسان و چەمی تابجەرۆ یان بیری سەتحی ماڵەکان و شوێنە گشتییەکان" کە ئاوەکانیان شیاوی خواردنەوە نییە و تەنانەت هەندێک "شەمعە هەیە کە بەبێ چاودێری ئاوی لێ دەفرۆشرێت بەبیانوی باخداری یان بۆ کاری بیناسازی بەڵام بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت."  بەرێوبەرایەتی ئاوی سلێمانی دەشڵێت، بەرپرس نین لە سەرچاوەی ئەم ئاوە بێ چاودێریانە کە هۆکارێکە بۆ تووشبونی هاوڵاتیان بە پەتای سکچون و نەخۆشی کۆلیرا و هۆکاری ئەو نەخۆشیەش "ئاوی بەرهەمهاتووی پرۆژەکانی ئاوی سلێمانی نییە."  ئەمە لەکاتێکدایە کە دوێنێ پێنجشەممە سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، 117 حاڵەتی پشتڕاستکراوەی نەخۆشی کۆلێرا لە سلێمانی تۆمارکراون و هۆکاری سەرەکی گەڕاندەوە بۆ ئاوی پیس و وتی کە %20 دانیشتوانی سلێمانی سەرچاوەی ئاوی فەرمییان نییە.

هاوڵاتی  دادگای باڵای ئیداری فەرەنسا رایگەیاند ئەو تانانەیان رەتکردووەتەوە کە دژی لەبەرکردنی پاڵاپۆشی یان عەبا تۆمارکرابوون و دەڵێت، بڕیاری قەدەغەکردنی ئەو جۆرە جلە لە شوێنە گشتییەکاندا هیچ زیانێکی نییە و بێڕێزی نییە بۆ ژیانی تایبەتی موسوڵمانەکان. لە مانگی رابردوودا حکومەتی فەرەنسا بڕیاڕیدا کە باڵاپۆشی (عەبا) لە قوتابخانەکاندا قەدەغە بکات بەهۆی ئەوەی کە لەگەڵ یاساکانی سیکولاریزم یەکناگرێتەوە. پێش چەند ساڵێکیش لەچک لەسەرکردن لە شوێنە گشتییەکاندا قەدەغەکرا لە وڵاتەکەدا. چەندین رێکخراوی ئیسلامی و موسوڵمانان لە ئەنجومەنی دەوڵەت، ئەو دادگا ئیدارییەی کە باڵاترین دادگایە بۆ وەرگرتنی تانە لە بڕیارەکانی حکومەت، تانەیان لە بڕیارەکەی حکومەتی فەرەنسادا بەڵام دادگاکە تانەکانی رەتکردەوە. ئەو رێکخراوانە دەڵین کە بڕیارەکە دەبێتە هۆی دروستکردنی "جیاکاری" و "چاندنی رق" لە کۆمەڵگەی فەرەنسیدا. دادگاکە دەڵێت، ئەو تانانەی رەتکردووەتەوە کە داوایان کردبوو بڕیارەکە هەڵبوەشێنرێتەوە چونکە بڕیارەکە لەسەر یاسای فەرەنسا داڕێژراوە و "نابێتە هۆکار بۆ زیانگەیاندنی جدی بە تایبەتمەندێتی ژیانی تاکەکان، ئازادی ئایین و هەروەها مافی خوێندن." بەهۆی بڕیارەکەی حکومەتی فەرەنساوە، نارەزایەتی گەورە دروستبووە لەنێو موسوڵمانانی فەرەنسا و لە هەفتەی رابردوودا لەکاتی سەرەتایی ساڵی نوێی خوێندن 300 کچ دژی بڕیارەکە وەستانەوە و دواتر زۆربەیان رازیبوون کە عەباکانیان بگۆڕن، بەڵام 67 کەسیان بە بریارەکە رازی نەبوون و نێردرانەوە بۆ ماڵەوە. فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتە ئەوروپیانەی کە زۆرترین موسوڵمانی تێدا دەژی و ژمارەیان نزیکەی شەش ملیۆن کەس دەبێت.

هاوڵاتی  نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دوای بەرزبونەوەیەکی زۆر جارێکی تر دابەزی، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەبەرامبەر دراوەکانی تردا و بوژانەوەی ئابوری چین.  ئەمڕۆ هەیینی 8ی ئەیلولی 2023, ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە کە نرخی بەرمیلیک نەوتی خاوی برێنت 41 سەنت دابەزی و گەیشتە 89.51 دۆلار، هاوکات نرخی بەرمیلیک نەوتی خاوی تەکسایش کەمبوویەوە بۆ 86.36 دۆلار دوای ئەوەی 50 سەنت دابەزی.  لەم هەفتەیەدا نرخی نەوت بەرزترین ئاستی بەخۆیەوە بینی لە 10 مانگی رابردوودا دوای ئەوەی نزیکبوویەوە لە 91 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەهۆی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لەلایەن سعودیە و روسیاوە. بەڵام دابەزینی ئەمڕۆ پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی دۆلارەوە هەیە لەبەرامبەر دراوە جیهانییەکانی تر و بوژانەوەی ئابوری چین کە لە چەند مانگی رابردوودا سستی بەخۆیەوە بینی بوو.

هاوڵاتی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە ڕایگەیاند، گەریلاکانیان بۆ تۆڵەکردنەوەی شەهیدانی خەرزان هێرشیان کردووەتە سەر سوپی تورکیا لە شاخى جوودى و سێ سەربازی تورکیا کوژراون. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانى پاراستنى گەل- هەپەگە بڵاویکردەوە، گەریلاکان بۆ تۆڵەکردنەوەی شەهیدانی خەرزان لە شاخى جوودى هێرشیان کردە سەر سوپای تورکیا و سێ سەربازی تورکیا کوژران. وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە بەرامبەر هێرشەکانی گەریلادا، سوپای تورکیا ٢١ جار سەنگەرەکانى گەریلایان بۆردوومان کردووە.

هاوڵاتی لە قەزای قەڵادزێی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین شەڕ لەنێوان چەند گەنجێکدا دروستبووە و لە ئەنجامدا سێ گەنج کوژران. بە گوێرەی زانیاریەکان تەرمی هەر سێ کەسەکە ڕەوانەی نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێ کراون و پۆلیس سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیارییە و لە ڕوداوەکە دەکۆڵێتەوە. تا ئێستا هۆکاری کوژرانی ئەو سێ کەسە نەزانراوە و پۆلیس بەداواچون دەکات بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکەی و تۆمەتبارەکان. هاوکات بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، ئەو سێ کەسە، یەکێکیان کارمەندی ئاسایش بوە و دوو کەسەکەی دیکە پیشەیان کاسب بوە.  

ڤانە حەمە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی ٢١ مانگە هیچ ئامارێکی لەسەر ئەو توندوتیژیانە بڵاونەکردۆتەوە کە بەرامبەر ژنان دەکرێن، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمانیش لەسەر ئەو پرسە داوادەکات راستەوخۆ تەلەفۆنی بۆ نەکرێت، چاودرێرانیش دەڵێن پاشەکشەی ئاشکرا لەپرسی ژندا دەبینرێت لەم کابینەیەداو «گومانیان» هەیە لەوەی حکومەت خۆی بێدەنگ کردووە. میدیاکانی هەرێمی کوردستان پڕن لەو هەواڵانەی کەتاوان و توندوتیژیان تێدایە کە بەشێکیان پەیوەندیان بەژنانەوە هەیە، بەڵام کابینەی نۆیەمی حکومەت ماوەی نزیکەی دوو ساڵە هیچ ئامێرێکی فەرمی ناخاتە بەردەست، ئەوەش لەکاتێکدایە لەپیشتردا هەموو مانگێک ئامارەکان بەشێوەیەکی فەرمی بڵاودەکرانەوە لەسەر ماڵپەڕی تایبەت بە بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاری توندوتیژیی  دژی ژنان. لەماوەکانی ردابردوودا خوێنەران چەندین هەواڵی تاساویان بەرچاوکەوتووە لەماڵپەڕو کەناڵەکانی راگەیاندن، هەندێک لەو هەواڵانە جەرگبڕن. بۆ نموونە؛ هەواڵی کوشتنی ژنێک بە ١٧ فیشەک، هەواڵی کوشتنی ژنێکی تر بەچەقۆ، یەکێکی تر بەخنکاندن لەشوقەیەکدا، لەگەڵ جۆرەکانی تری کوشتن و ئازاردانی جەستەیی و دەرونی، بەبێ ئەوەی هیچ کام لەو کوشتنانە لەو ٢١ مانگەی رابردوودا لەلایەن حکومەتەوە تۆمارکرابن و بڵاویبکەنەوە. لەوبارەیەوە هاوڵاتی پەیوەندی کرد بە خانزاد ئەحمەد ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان بەڵام بەتوڕەییەوە وتی کەدەبێت «پێشوەخت» تەلەفون بۆ ئۆفیسەکەی بکرێت و داوای مۆڵەت بکرێت هەرەوەها وتی کەڕۆژنامەنوس نابێت راستەوخۆ تەلەفۆن بۆ خۆی بکات لەسەر پرسەکانی ژنان. تەنیا وتی رای «زۆرباشە» لەسەر کابینەی نۆیەم سەبارەت بەپرسەکانی ژنان، بەبێ ئەوەی هۆکاری نەبوونی ئامارەکانی توندوتیژیی بەرامبەر بەژنان بەشێوەی فەرمی روونبکاتەوە. خانزاد ئەحمەد رۆژانە ئەو هەواڵ و چالاکیانەی خۆی لەپەیجی فەیسبوکی ئەنجومەنی باڵای خانمان بڵاودەکاتەوە کەچۆن بۆ شاندە بیانەکانی رووندەکاتەوە کەپرسەکانی ژنان «پێشکەوتوون »لەهەرێمی کوردستان، بەڵام ریکخراوەکانی ژنان بەپێچەوانەوە پێیان وایە پاشەکشەی کردووە. بەپێی یەکێک لەو هەواڵانەی کە لەپەیجی ئەنجومەنەکە هەفتەی رابردوو بڵاوبووەتەوە، خانزاد ئه‌حمه‌د له‌گەڵ شاندێكی باڵای كه‌نه‌دا کۆبووەتەوە، كه‌پێكهاتووە له‌ ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار و سیاسه‌تمه‌دارو نوێنه‌ری پارته‌ سیاسییه‌كانی كه‌نه‌دا. لەهەواڵەکەدا هاتووە کەوا باسیان «لەو پێشکەوتنانە» کردوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا و بەتایبەت بۆ ئافرەتانی رەخساندوویەتی. بەڵام چاودێرانی مافەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم «کەمتەرخەمە» لەوەی کەتوندوتیژیی بەرامبەر ژنان کەمبکاتەوە بەوپێیەی نەیتوانیوە بازرگانیکردن بەچەکی بێمۆڵەت کۆنترۆڵ بکات کەئەو چەکانە هۆکارێکی دیاری کوشتنی ژنانن. شەدە بەشیر، چالاکوانی بواری ژنان و راگەیاندکار، بڵاونەکردنەوەی ئامارەکانی کوشتنی لەلایەن حکومەتەوە بە «جێگەی گومان» ناوبرد، هەروەها وتی بەپێی بەدواداچوونی ئەوان ئامارەکانی کوشتنی ژنان لەم کابینەیەدا روو لەبەرزبوونەوەیە. شەدە بەشیر  بەهاوڵاتی وت «بۆ ئێمە وەک چالاکوانی بواری ژنان پرسیارە کە بۆچی  حکومەتی هەرێم ئامارەکان بڵاوناکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی لەساڵانی رابردووشدا کە حکومەت بڵاویان دەکردەوە رەخنەمان لەسەر ئەو ژمارەیەش هەبوو چونکە ئەگەر تەنها بەراوردێکی ئەو ئامارەت بکردایە لەگەڵ هەموو ئەو ژمارەیەی کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و هەواڵەکان دەمانبیست، ئەوا جیاوازیەکەی زۆر بوو». وتیشی «حکومەت بۆیە ئامارەکان بڵاوناکاتەوە، چونکە حکومەت خۆی بەرپرسە لەوەی کەتاوەکو ئێستا دیاردەی بازرگانیکردن بەچەکی بێمۆڵەت هەیە، لەبەر کەمتەرخەمی خۆیەتی». جگە لەوەی نزیکەی دوو ساڵە حکومەت هیچ ئامارێکی بڵاو نەکردووەتەوە، هەروەها لەڕابردووشدا زۆرجار بەرپرسانی دازمەزراوە فەرمیەکانی حکومەت دوو داتای جیاوازیان بڵاوکردووەتەوە بۆ میدیا ناوخۆییەکان و میدیا جیهانییەکان. بەپێی دواین ئاماری حکومەت کە بۆ ساڵی ٢٠٢١ بڵاویکردووەتەوە لەماڵپەڕی  بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، تەنها «١٢» ژنکوشتن و خۆسوتاندن لەسەرجەم هەرێمی کوردستان تۆماکراون، بەڵام هەر بۆ هەمان ساڵ بەپێی لێدوانی هیوا کەریم جوامێر لەهەمان بەڕێوەبەرایەتی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کەئاژانسیکی جیهانیە تەنها « ٤٥ « ژن کوژراون. لەم بارەیەشەوە ئاری رەفیق، جێگری بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان، ئاگاداری لێدوانی ئەو بەڕێزە نیم و نازانم لەسەر چ بنەمایەکیش ئەو قسەیەی کردووە. هاوڵاتی لەبارەی بڵاونەکردنەوەی ئامارەکانی توندوتیژی دژ بەژنان  و حاڵەتەکانی کوشتنی ژنانەوە ئاری رەفیق وتی» ئەو ئامارانە لای ئێمە نەماون و لەلایەن ئێمەوە بڵاو ناکرێنەوە». بەڵام بەپێی لێدوانی ئاڤان جاف، چالاکوانی بواری ژنان بۆ دەنگی ئەمریکا لەساڵی ٢٠٢٢ دا ٤٤ ژن کوژراون، لەبەرامبەردا ئاژانسی هەواڵی ژن، کە تایبەتە بەکێشەکانی ژنان لەساڵی ٢٠٢٢دا ٢٩ ژن کوژراون کە پشکی شێر بەر هەولێرو دهۆک کەوتووە. هاوکات لەبارەی کارەکانی کابینەی نۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان  و گۆڕانکاری لەبەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان ئاری رەفیق وتیشی، بابەتی بەردەوامی حاڵەتەکانی توندوتیژی و تاوانەکان و تاوانی کوشتنیش لەپاڵیدا پەیوەندی بەکابینەیەک و کابینەکانی رابردوو نیە، بەڵکو پەیوەندی بەبارودۆخ و رەوشی کۆمەڵایەتی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ئەو گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیەوە هەیە کە لەکوردستان هاتووەتە ئاراوە. ئاماژەی بەوەشکرد کە بابەتی کوشتنی ژنان لەهەموو ساڵەکان وەک یەک نیە، هەر ساڵێک بەجۆرێکە، گەر لە ٢0١٠ تاوەکو ساڵەکانی دواتر سەیری بکەیت، بەوجۆرە نیە کە بڵێی ساڵ بە ساڵ بەرزبووەتەوە. ساڵی وا هەبووە ٥٠ حاڵەتی کوشتنی ژنان هەبووە، بەڵام ساڵی واش هەبووە ٣٣-٣٤ حاڵەتی کوشتنی ژنان هەبووە. ژمارەکان بەرزونزمی دەکەن، پێموایە هەڵەیەکی داتاییە کە بڵێی ساڵ بەساڵ زیادی کردووە، حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان ساڵ بەساڵ زیاد ناکات، بەڵکو لەساڵێک بۆ ساڵێكی دیکە بەرزونزم دەبنەوەو جیاوازە. لەبەرامبەریشدا شەدە بەشیر، چالاکوانی بواری ژنان و راگەیاندکار، لەبارەی بڵاونەکردنەوەی  ئامارەکانی کوشتن لەم ماوەی ئەم دوو ساڵەدا وتی «خۆی لەخۆیدا جێگای گومانە بۆ ئێمەش وەک چالاکوانی بواری ژنان پرسیارە کە بۆچی  حکومەتی هەرێم ئامارەکان بڵاوناکاتەوە ...  بەڕای من وەک چالاکوانێک، ئامارەکانی کوشتنی ژنان بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی ئێمە کردوومانە ئامارەکە لە بەرزبوونەوەدایە.»  

هاوڵاتی مەکتەبی سیاسیی پارتی  بە سەرپەرشتیی  مەسعود بارزانی کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، لەبارەی دۆخی کەرکووک، یاسای بودجە، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چەند پرسێکی دیکەیش گفتوگۆ کراوە. لە راگەیەندراوێكدا مەكتەبی سیاسی پارتی داوای لێكۆڵینەوە لەرووداوەكانی كەركووك و هەروەها پابەندبوونی بەغدا بەرێككەوتنەكان دەكات. به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، ئه‌مڕۆ له‌كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیدا داواكرا، لیژنه‌یه‌كی بێ لایه‌ن له‌ نوێنه‌رانی حكومه‌تی فیدراڵی و حكومه‌تی هه‌رێم بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ پێكبهێندرێت به‌مه‌به‌ستی دیاریكردنی هۆكاری ئاسته‌نگ دروستكردن بۆ جێبه‌جێنه‌كردنی بڕیاری سه‌رۆك وه‌زیران له‌ راده‌ستكردنه‌وه‌ی باره‌گاكانی پارتی له‌ كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا. هه‌روه‌ها لێكۆڵینه‌وه‌ بكرێت له‌" هانده‌رانی ئاڵۆزیی و ڕێگه‌گرتن له‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاری سه‌رۆك وه‌زیران كه‌ هه‌ندێكیان په‌رله‌مانتار و به‌شێكیشیان له‌ ئیداره‌ی كه‌ركوك به‌رپرسیارییه‌تیان هه‌یه‌،‌ دیاریبكرێن و بدرێنه‌ دادگا." لەبارەی یاسی بودجەش پارتی دەڵێت، "كاتێك كە حكومەتی فیدراڵی پڕۆژەیاساكەی ئامادەكرد بەرێكەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێم، پشكی هەرێم دیاری كرابوو، بەڵام لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران سەرلەبەری ئەم پڕۆژە یاسایه‌ گۆڕانكاری بەسەرداهات و غەدرێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان كرا، ئێستاش ئەوەی كە لە یاساكەشدا هاتووە جێبەجێناكرێت بەشێوەیەكی گونجاو كە ئه‌مه‌ش غەدرێكی گەورەیە لە مووچەخۆرانی كوردستان بە تایبەتی و خەڵكی كوردستان بەگشتی." دەقی راگەیەندراوەكە:  ڕاگەیاندراوی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان   ئەمڕۆ، ڕێككەوتی 7/9/2023، بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی ئەنجامدرا، دوای دەقیقەیەك وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی ڕووداوەكانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی كە لە شاری كەركوك شەهیدبوون، كۆبوونەوە چەند تەوەرێكی خستەبەر وتووێژ و گەنگەشەكردن و، لەسەر چەند بابەتێكی گرنگ و هەنووكەیی هەڵوێستەی كرد: 1- رووداوەكانی كەركوك: دوای ئەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڕێز محمد شیاع سودانی بەگوێرەی مافی دەستووری و ڕێككەوتنی ئیدارەی ئیئتلافی دەوڵەت و كارنامەی كابینە، بڕیاری ڕادەستكردنەوەی بارەگاكانی پارتیمانی دەركرد، بەڵام دەسەڵاتدار و كاربەدەستانی كەركوك بۆ جێبەجێنەكردنی ئەم بڕیارە هانی كۆمەڵێك خەڵكی گێرەشێوین و تێكدەریاندا و ئاستەنگیان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە دروستكرد و ڕێگای هاتوچۆی خەڵكیان داخست بێئەوەی بەرپرسانی حكومەت ڕێگایان لێبگرن، بەڵام كە ژمارەیەك خەڵكی دیكەی كەركوك لە هاووڵاتیانی كورد بەشێوەیەكی ئاشتییانە داوای كردنەوەی ڕێگاكەیان كرد كۆمەڵێك چەكدار لە پەنای دەزگا ئەمنیەكانی كەركوك بەبێ لەبەرچاوگرتنی داوای ڕەوای خەڵكەكە تەقەیان لێكردن و ژمارەیەك لاوی كورد شەهیدبوون و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون ئەمە لە كاتێكدا كە چەندین ڕۆژ ئەوانەی خۆیان هانیاندابوون لەو سەر جادە بوون هەتا داوای چۆڵكردنی ڕێگاكەشیان لێنەكردن. نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدەكان و داوای شیفای بە پەلە دەكەین بۆ بریندارەكان. كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی داوا دەكات لیژنەیەكی بێ لایەن لە نوێنەرانی حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم بۆ لێكۆڵینەوە لەم بابەتانەی خوارەوە پێك بێت: • دیاریكردنی هۆكاری ئاستەنگ دروستكردن بۆ جێبەجێنەكردنی بڕیاری سەرۆك وەزیران. • هاندەرانی ئاڵۆزیی و ڕێگەگرتن لە جێبەجێكردنی بڕیاری سەرۆك وەزیران كە هەندێكیان پەرلەمانتار و بەشێكیشیان لە ئیدارەی كەركوك بەرپرسیارییەتیان هەیه،‌ دیاریبكرێن و بدرێنە دادگا. • ئەو كەسانەی فەرمانی تەقەكردنیان دەركردووە كە بووە هۆی شەهیدكردنی ئەو هاووڵاتیانەی بە ئاشتیانە داوای كردنەوەی ڕێگایەكەیان كرد دەست نیشان بكرێن و بدرێنە دادگا. • ئەو كەسانەی تەقەیان كردووە و بوونە هۆی شەهیدبوون و برینداركردنی هاوڵاتیانی بێ چەك، دیاری بكرێن و بدرێنە دادگا. • لەسەر بنەمای ئەو لێكۆڵینەوانە بڕیاری قەرەبووكردنەوەی خانەوادەی شەهیدان و بریندارەكان بدرێت و، هەروەها ئەو هاوڵاتیانەی زەرەر و زیانی ماددیان بەركەوتووە.   2- سەبارەت بە پەیوەندی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ، دوای ئەوەی ئیئتلافی ئیدارەی دەوڵەت پێكهات و لەسەر بنەمای كۆمەڵێك بابەتی سیاسی و ئابووری ڕێككەوتن كرا، هەروەها كە ڕێككەوتن لەسەر كارنامەی كابینەی بەڕێز محەمەد شیاع سودانی كرا و لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەردرا بۆ جێبەجێكردن، بەڵام بەداخەوە ماوەی (9) مانگ بەسەر ئەم ڕێككەوتن و پێكهێنانی ئەم كابینەیە تێپەڕیوە، خاڵەكانی پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە جێبەجێنەكراون و ڕێگری لە جێبەجیكردنیان دەكرێت، له ‌نێو خاڵەكانی ئەم ڕێككەوتنانەش ئەم بابەتانەی خوارەوە بەپێچەوانەوە جێبەجێكراون یان هەر جێبەجێنەكراون، وەكو نموونە:   • یاسای بودجە، كاتێك كە حكومەتی فیدراڵی پڕۆژە یاساكەی ئامادەكرد بەرێكەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێم، پشكی هەرێم دیاری كرابوو، بەڵام لە ئەنجوومەنی نوێنەران سەرلەبەری ئەم پڕۆژە یاسایە گۆڕانكاری بەسەرداهات و غەدرێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان كرا، ئێستاش ئەوەی كە لە یاساكەشدا هاتووە جێبەجێناكرێت بەشێوەیەكی گونجاو كە ئەمەش غەدرێكی گەورەیە لە مووچەخۆرانی كوردستان بە تایبەتی و خەڵكی كوردستان بەگشتی. • ڕادەستكردنەوەی بارەگاكانی پارتیمان دوای دەركردنی بڕیارەكە ڕێگای لێگیرا و ئاڵۆزییان دروستكرد.   3- ‌ كۆبوونەوە لەسەر بنەمای ڕێككەوتنەكان داوا دەكات ئەم خاڵانەی خوارەوە جێبەجێبكرێن: • ئیدارەدانی حكومەت و بڕیار وەرگرتن، لەسەر بنەمای پڕەنسیپی (شەراكەت، تەوافوق و تەوازن) بێت و، ڕۆڵی نوێنەری پێكهاتە سیاسییەكان بنەڕەتی بێت لە بڕیارە چارەنوسسازەكاندا. • یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی وەك ئەوەی لە دەستووردا هاتووە و هەروەها لە بەرنامەی ئیئتلافی  ئیدارەی دەوڵەتدا هاتووە، بخرێتە بواری جێبەجێكردن و یاساكە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەربچێت. • پەلەكردن لە ئامادەكردنی پرۆژە یاسای نەوت و گاز بەگوێرەی ئەو ڕێككەوتنەی بەهاوبەشی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ كراوە بۆ ئامادەكردنی پرۆژە یاساكە و، بۆ كۆتایی هێنان بەكاركردن بە یاسای پێشوو. • بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان جیا بكرێتەوە و وەكو هەموو فەرمانبەرانی عێراق مانگانە مووچەی خۆیان وەربگرن،  ئەم بابەتە تێكەڵاو نەكرێت لەگەڵ كێشەكانی دیكە و بە سیاسی نەكرێت. • هەمواركردنی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی وەكو ئەوەی لە دەستووردا هاتووە و، جێبەجێكردنی. • پەلەكردن لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی شەنگال وەكو بەرنامەی بۆ دیاری كرابوو بەپێی رێككەوتنی حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم، هەر وەكو لە بەرنامەی ئیدارەی ئیئتلافی دەوڵەت و كارنامەی كابینەی بەرێز محمد شیاع سودانیشدا هاتووە. • گەڕانەوەی بارەگای پارتیمان و هێزە سیاسییەكانی دیكە لە پارێزگاكانی نەینەوا و كەركوك و دیالە بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكان بە ئازادی چالاكی سیاسی خۆیان ئەنجامبدەن.   4- عێراق و ناوچەكە بە بارودۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێ لە عێراق قەیران لە دوای قەیران لە سەر یەك كەڵەكەبوون و، لە ڕاستیدا قەیران دەخولقێندرێ بۆ ئەوەی قەیرانێكی دیكەی پێ داپۆشرێ. بۆیە دەتوانین بەڕاشكاوی بڵێین لەم وڵاتەدا چارەسەری قەیران ناكرێ، بەڵكو ئیدارەی قەیران و كێشەكان دەدرێ، بۆیە كوردستانیش لە بارودۆخێكی لەمشێوەیەی‌ عێراق و ناوچەكە بە قۆناغێكی هەستیار و گرنگدا تێدەپەڕێ. لە جیهاندا گۆڕانكاری زۆر و خێرا لە ئارادان  كە مەترسی و نیگەرانی بۆ قەوارەی هەرێم و مافەكانی خەڵكی كوردستان لەناو هەناوی ئەو قەیران و كێشانەی عێراق و گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی ناوچەكە و جیهاندا هەیە، ئەم بارودۆخە خەمخۆریی پێویستە بۆ پاراستنی یەك پارچەیی قەوارەی هەرێم و دەستكەوتەكانی گەلەكەمان كە بە خوێن و خەبات  بەدەست هاتوون، بەرپرسیاریەتی سەرشانی پارتیمان و تەواوی لایەنەكانی دیكەی كوردستان گرانتر دەكات و بارودۆخەكە لێماندەخوازێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیران و ئاڵنگاریەكان و چارەسەركردنیان، پێداچوونەوە بە هەنگاو و بەرنامەكاندا بكرێت و بەرپەرچی سیاسەتی دابیننەكردنی مووچە و ئاستەنگ خستنە بەردەم پێشكەوتنی كوردستان بدرێتەوە و دەستوور جێبەجێبكرێت بە مادەی (140)یشەوە. لە كۆتایدا، جەماوەری تێكۆشەری كوردستان، یەك هەڵوێستی و یەكڕیزی هەموو لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی و خەڵكی كوردستان بەگشتی پێویستە بۆ دەربازبوون لەم قەیران و كێشانەدا بۆ دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ گشت لایەك لە هەموو ڕوویەكەوە. هەروەها داوا دەكەین خەڵكی بەشەرەفی كەركوك بە هەموو پێكهاتەكانییەوە پشوودرێژ و ئارام بن، ئەم بابەتانە پێویست دەكات لە رێگای یاسا و دادگاكانەوە چارەسەر بكرێن، ئاڵۆزی دروست نەكرێت و ڕێگا نەدەن تێكدەر و ئاژاوەگێڕ بارودۆخی شارەكە بشێوێنن و، پێكەوەژیان پارێزراوبێت و ئاشتی كۆمەڵایەتی و سەقامگیری لە ئەولەویاتی هەموو كارەكاندا بێت.                          مەكتەبی سیاسی                     پارتی دیموكراتی كوردستان                                                  ٧ـی ئەیلولی 2023

هاوڵاتی لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی كه‌ركوك رایگه‌یاند، به‌ده‌ستپێشخه‌ری خه‌میس خه‌نجه‌ر سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی سیاده‌، سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم و یه‌كێتی و پارتی خۆپیشاندان و تێكدانی ئاسایشی هاوڵاتیانی كه‌ركوك ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیش گفتوگۆ به‌ گونجاو ده‌زانن. ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ـی ئەیلوولی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە لە هەولێر کۆبوونەوە. بە گوێرەی راگەیەندراوێکی ماڵپەری فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و  رووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکووک کراوە. هاوکات لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی كه‌ركوك له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی خه‌می خه‌نجه‌ر سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی سیاده‌ كه‌ هه‌وڵی زۆریدا و به‌رده‌وامه‌ له‌هه‌وڵه‌كانی بۆ پاراستنی ئاسایشی پارێزگای كه‌ركوك و له‌یه‌كتر نزیككردنه‌وه‌ی تێڕوانینی هه‌مو لایه‌نه‌كان، دوای دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاگاداری كردینه‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌ركردایه‌تی پارتی هه‌ر كارێكی خۆپیشاندان و گردبونه‌وه‌ یان تێكدانی ئاسایشی هاوڵاتیان ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌، پشتڕاستیانكردۆته‌وه‌، ناكۆكیه‌كان ده‌توانرێت به‌ گفتوگۆ و ڕێگه‌ی ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن". هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، "خه‌میس خه‌نجه‌ر دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاگاداری كردینه‌وه‌ كه‌ هه‌ر گروپێك خۆپیشاندان و گردبونه‌وه‌ و ئاژاوه‌گێڕی له‌ كه‌ركوك بكات نوێنه‌رایه‌تی ڕێكخراوه‌ حزبییه‌كان ناكات، نوێنه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش په‌یوه‌ندی پێوه‌كردین و له‌ هه‌مان بابه‌ت ئاگاداری كردوینه‌ته‌وه‌". ئەوە لەكاتێكدایە لەنێو شاری كەركووك و لەنزیك قەڵای شارەكە هێزی ئەمنی بڵاوەی پێكراوە و رێوشوێنی ئەمنی گیرایەبەر و دەنگۆی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندان هەیە، هاوكات دوو فەرماندەی باڵای سوپای عێراق گەیشتنە كەركووك.   هێزە ئەمنییەكان لە دەوروبەری قەڵای دێرینی كەركووك بڵاوەیان پێكرا دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانی نوێ لەئێوارەی ئەمڕۆ و هەوڵدان بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و داگرتنی ئاڵای عێراق. لای خۆیەوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی كەركووك، مازن غەریب، بە میدیاكانی ڕاگەیاند،" بڵاوەپێكردنی هێزی ئەمنی لە دەوروبەری قەڵا و بازاڕی حەسیر ڕێكارێكی سروشتییە، دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە كە خۆپیشاندان هەیە و هەوڵی تێكدانی دۆخی سەقامگیری كەركووك لە ناوچەكەدا هەیە".

هاوڵاتی  تەرمی پیاوێک کە خەڵکی باکوری کوردستانە لە گەڕەکێکی شاری دهۆک دۆزرایەوە و بەپێی زانیارییەکان کارەبا لێی داوە. دوای نیوەرۆی ئەمرۆ پێنجشەممە 7ی ئەیلولی 2023، تەرمی پیاوێکی تەمەن 50 ساڵ لەگەرەکی زرکای دهۆک لەناو شوقەیەکدا دۆزرایەوە و بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی ئەو پیاوە کارەباچی بووە  خەڵکی باکوری کوردستانیشە.  زانیارییە سەرەتاییەکان ئەوەدەخەنەڕوو کە ئەو پیاوە تەمەن 50 سالە کارەبا لێیداوە. پۆلیسی دهۆک گەشتوونەتە شوێنی روداوەکە و تەرمەکەش رەوانەی پزیشکی داد کراوە بۆ لێکۆڵینەوە تا پشتڕاستربکرێتەوە کە هۆکاری مردنەکەی بە کارەبا بووە.

هاوڵاتی  دوو رێکخراوی مافی مرۆڤ راپۆرتێکیان سەبارەت بە شاری جوانڕۆ بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە لەماوەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو، هێزە ئەمنییەکانی ئێران سەرکوتی خەڵکی شارەکەیان کردووە و توندوتیژیان دژیان بەکارهێناوە کە دەچێتە چوارچێوەی "تاوانی مرۆییەوە." بە پێی راپۆرتێک کە رۆژی چوارشەممە ٦ی ئەیلوول، بەشی فارسی دەنگی ئەمریکا بڵاوی کردۆتەوە، دوو رێکخراوی مافی مرۆڤ لە راپۆرتێکی هاوبەشدا و لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی دەستپێکی شۆڕشی "ژن، ژیان ، ئازادی" کۆمەڵێک بەڵگە و دێکۆمێنتیان دەربارەی " سەرکوتی توندووتیژیانەی هاوڵاتیانی جوانڕۆ" لە پاییز و زستانی ٢٠٢٢ خستۆتە روو و بڵاویان کردۆتەوە. لەو راپۆرتە ٩٤ لاپەڕەییەی کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێران و رایەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان کە سێ شەممە ٥ی ئەیلوول لە ژێر ناوی " جوانڕۆ، ئاگری جەنگی دەسەڵات دژی دەستی بەتاڵ و سەنگەری تووڕەیی خەڵک" بڵاو کراوەتەوە جگە لە " خستنەڕوو و تاوتوێکردنی سەدان وێنە و ڤیدیۆ" لەگەڵ ٣٨ کەس لە شاهیدەکان و ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکردوان و بریندار و دەستبەسەرکراوەکانی جوانڕۆ گفتوگۆ کراوە. لە راپۆرتەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە لە رۆژی ٨ی ١٠ی ٢٠٢٢ تا ٣١ی ١٢ی ٢٠٢٢، هێزە ئەمنیەتی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی بەچەکی جەنگی دەستڕێژیان لە خەڵکی ناڕازی ئەم شارە کردووە کە بە هۆی دەستڕێژی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ٨ کەس گیانیان لە دەستداوە کە یەکێکیان منداڵە و لانیەکەم ٨٠ کەس بریندار بوون و بە هۆی گەمارۆی شارەکەوە دەستیان بە خزمەتگوزاری پزیشکی نەدەگەیشت". بە پێی راپۆرتەکە، ٨٩ کەس لەوانە ٢٦ مناڵ بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەستگیرکراون و زۆربەیان بە تایبەت مناڵان، ئەشکەنجە دراون و هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسیان لێکراوە. هەروەها بنەماڵەی گیانبەختکردوەکان، بریندار و دەستبەسەرکراوەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە هەڕەشەیان لێکراوە کە ئەبێ بێدەنگ بن و نابێ هیچ شتێک دەربارەی دۆخی ئازیزانیان بۆ میدیاکان بدرکێنن. هادی قائیمی ، بەڕێوەبەری کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێران لەم بارەوە بە بەشی فارسی دەنگی ئەمریکای وتووە:" تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە جوانڕۆ ، تاوانێکن رێکخراو و لە رووی وشیارییەوە بووەو لە لایەن بەرپرسانی باڵای حکوومەتییەوە پلانی بۆ داڕێژراوەو بە شێوەیەکی بەربڵاو کەڵک لە چەک و چۆڵی جەنگی وەرگیراوە دژ بە خەڵک. ئەمە بەو مانایە سەرکوتی هاوڵاتیانی جوانڕۆیی تاوانە دژی مرۆڤایەتی". لەم راپۆرتەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە :" تا ئێستە هیچکام لە بەرپرسانی حکوومەتی بەرامبەر بە کوشتن و بریندارکردن خەڵکی ئاسایی جوانڕۆ وەڵامدەرەوە نەبوون و کەس لێی نەپرسیونەتەوە". هادی قائیمی، بەڕێوەبەری کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران بەجەتکردنەوە لەسەر سەرکوتی دڕندانەی شاری جوانڕۆ ئەڵێت:" کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەبێت زۆر وریا بێت و بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئاگادار بکاتەوە دەربارەی دەرئەنجامە سیاسی و ئابوورییەکان دوای دەرکەوتنی نیشانەکانی توندووتیژی حکوومەتی دژی خەڵک". هەرلەم بارەوە رێبین رەحمانی، ئەندامی بەڕێوەبەری رایەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە نیگەرانییەوە باس لە شەپۆلی نوێی سەرکوتی هاوڵاتیان و چالاکانی کورد لە شارە جیاوازەکان ئەکات و ئەڵێت :" پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانو بەلووچستان، کەمترین تێچووی هەیە بۆ کۆماری ئیسلامی و هەر ئەمەیە وا ئەکات تاوانی لە چەشنی تاوانەکانی جوانڕۆ و زاهیدان دووبارە ببێتەوە". لەم راپۆرتەدا داوا لە کۆمیتەی دەرخستنی راستییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ تاوتوێکردنی رووداوەکانی ئێران دەکات :" بە وردی لە رووداوەکانی جوانڕۆ بکۆڵنەوە" و داوا لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لێکۆڵەران کراوە " هەموو هەوڵی خۆیان بدەن بۆ بەدەستهێنان بەڵگە و راپۆرتە پزیشکییەکان و راپۆرتی شاهیدەکان" و بیگەیەننە دەست کۆمیتەی دۆزیننەوەی راستییەکانی نەتەوەی یەکگرتووەکان. بانگکردنی باڵێۆزەکانی کۆماری ئیسلامی و شەرمەزارکردنی ئەو تاوانەی لە جۆانڕۆ روویداوە، یەکێکیتر لە داواکارییەکانی ئەم دوو رێکخراوە مافی مرۆڤییەیە لە وڵاتان لە هەموو شوێنێکی دونیا و داوایان لە رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ کردووە  بە ئاشكرا پشتیوانی بکەن لەوە سزای بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی بدرێت بەم هۆیەوە". هادی قائیمی بەڕێوەبەری کەمپەینی مافی مرۆڤی کوردستان باس لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی هاوڵاتیانی ئێران دەکات وتوویەتی :" لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵوەگەڕی دەستپێکی ناڕەزایەتییەکانی ٢٠٢٢، ئەگەری ئەوە هەیە جارێکیتر ناڕەزایەتییەکان سەرهەڵبدەنەوەو کۆمەڵگای جیهانی تەنها بە یەک رێگا ئەتوانێت بەر بە دووبارە بوونەوەی تاوانی لەم چەشنە بگرێت، ئەوەیش ئەوەیە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری ئەم رووداوانە بزانێت و ناچاریان بکات وەڵامدەرەوە بن بەرامبەر رووداوی لەم چەشنە". عەدنان حەسەنپوور، رۆژنامەنگار و ئەندامی رایەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لەم بارەوە بە بەشی فارسی دەنگی ئەمریکای وتووە :" سەرکوتی خوێنینی جوانڕۆ" لە روانگەی مافی مرۆڤەوە " هاوتای تاوانی دژە مافی مرۆڤییە".

هاوڵاتی  د.سەباح هەورامی، بەرێوبەری تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی وەرنەگرتنی موچەکانیانەوە پزیشکانی سلێمانی نیازیانوایە کە بایکۆتی دوامەکانیان بکەن، ئەمەش مەترسی دروست دەکات لەسەر کەرتی تەندروستی بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلیرا لە سلێمانی ئەمڕۆ 7ی ئەیلولی 2023، سەباح هەورامی، بەرێوبەری تەندروستی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نەخۆشی کۆلێرا حاڵەتێکی لەناکاو بوو بۆیە پێویستی بەوە بوو "بودجەیەکی تایبەتی بۆ خەرج بکرێت، هەرچەندە ئێمە توانیومانە لەو بودجەیەی خۆمان پێداویستییەکان پڕبکەینەوە." بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی، تا ئێستا 117 حاڵەتی پشتڕاستکراوەی کۆلیرا لە سلێمانی تۆمارکراون.  بەرێوبەری تەندروستی سلێمانی ئاشکرایکرد، "بابەتی موچە کێشەیەکی زۆر گەورەی بۆ دروست کردون و  فشارێکی زۆرمان لەسەرە لەلایەن پزیشکان و کارمەندانەوە کە بەتەمان دەوام نەکەن ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەسەر نەخۆشی کۆلێرا و نەخۆشییەکانی تر." سەباح هەورامی داواشی کرد کە مووچەی وەزارەتی تەندروستی لە پیشینەی موچەی وەزارەتەکان بێت و ئەگەر نەشبێت بە هاوتەریب لەگەڵ وەزارەتەکانی تر رۆژانە چەند نەخۆشخانەیەک و دامودەزگایەکی تەندروستی موچەی بدرێتێ بۆ ئەوەی لەماوەی 10 رۆژدا موچەی وەزارەتی تەندروستی تەواو ببێت.  تا ئێستا دیار نییە کەی مووجە دابەش دەکرێت و فەرمانبەرانی هەرێم موچەی مانگەکانی تەمووز و ئابیان وەرنەگرتووە. لە راگەیاندراوەکەی دوێنێی حکومەتی هەرێمیش لەسەر کۆبونەوەی دوێنی ئەنجومەنی وەزیران هیچ ئاماژەیەک بەوە نەکراوە کە کەی لیستی موچە بڵاودەکرێتەوە.

هاوڵاتی  سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم، رایگەیاند تا ئێستا 117 حاڵەتی پشتراستکراوەی کۆلێرا لە شاری سلێمانی تۆمارکراون و هیچ گینالەدەستدانێک تۆمارنەکراوە.  ئەمڕۆ 7ی ئەیلولی 2023، سامان بەرنجی سەردانی شاری سلێمانی کرد بەمەبستی بەدواداجوون بۆ حاڵەتەکانی کۆلێرا و رایگەیاند, 117 حالەتی نەخۆشییەکە لە شاری سلێمانی تۆمارکراون و هیچ حاڵەتێکی گیان لەدەستدان بوونی نییە. وەزیری تەندروستی وتیشی، مەرج نییە تەنها ئەو حاڵەتانە هەبن بەڵکو حاڵەتەکان زیاترن بەوپێیەی "هەندێک نیشانە دیار نییە و حاڵەتی سکچون و رشانەوە زۆرن." سامان بەرزنجی ئەوەشی خستەڕوو کە هۆکاری ئەم حاڵەتانە ئەوەیە کە "%20 دانیشتوانی سلێمانی سەرچاوەی ئاوی فەرمی نییە و بەشێک لە گەرەکەکانی سلێمانی لە شەمعەکانەوە ئاویان بۆ دێت و بەشێک لە تانکەرەکان لە سەرچاوەی ناپاکەوە ئاو دەهێنن بۆ ماڵەکان و فەرمی نین." سامان بەرنجی وتیشی هۆکاری سەرەکی حاڵەتی زۆری سکچون و رشانەوە ئاوی خواردنەوەیە و دواتریش سەوزەواتە کە بە ئاوی پیس ئاو دەدرێن و "داوا لە هاوڵاتیان دەکەین کە وریابن لە کڕینی سەوزەوات و جوان بیشۆنەوە پێش خواردن، لە چێشتخانەکانیشدا نابێت بەکاربهێندرێن."

هاوڵاتی  هێز ئەمنییەکانی ئێران خاڵی ژینا ئەمینییان دەستگیرکرد و بەبێ فەرمانی دادگا ماڵ و ئۆتۆمبێلەکەی گەڕاون، دەستیشیان گرتووە بەسەر چەند بەڵگەنامەیەکی کەسی خاڵی ژینا ئەمینیدا. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی ئێران سەفا عەیلی، خاڵی ژینا ئەمینیان دەستگیرکردووە.  بەپێی وتەی سەرچاوەکە، "دوێنێ گروپێکی هێزە ئەمنییەکان چوونەتە ماڵی سەفا عەیلی و ماڵ و ئۆتۆمبێلەکەی گەڕاون بەبێ فەرمانی دادگا و دواتریش دەستگیریان کردووە، جگەلەوەی کە دەستیان گرتووە بەسەر چەند بەڵگەنامەیەکیشدا وەک پاسپۆرتەکەی."  سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە تا ئێستا نازانرێت خاڵی ژینا ئەمینی بۆ کوێ براوە و "پێش هەفتەیەکیش لە دەستگیرکردنی هێزە ئەمنییەکان چاودێریان کردووە و بەدوایەوە بوون." ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی تەنها هەفتەیەکی ماوە و لە ترسی هەڵگیرسانەوەی خۆپیشاندانەکان حکومەتی ئێران دەستیکردووە بە رەشبگیری و دەستگیرکردنی چەندین کەس لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی و چالاکوان و رۆژنامەنوسان. دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە 16ی ئەیلولی 2023, خۆپیشاندانی فراوان لە ئێران دەستیپێکرد کە تێیدا داوای رووخانی رژێمی ئێران دەکرا و بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هێزە ئەمنییەکان بە توندترین شێوە وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە و لە ئەنجامدا 500 کەس کوژران کە 71 کەسیان خوار 18 ساڵ بوون.  تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە سێشەممەی رابردوودا رایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران فشارەکانیان بۆ سەر ئەندامانی خێزانی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە زیادکردووە، ئەمەش لەرێی بانگکردن و هەڕەشەکردن و هەندێکجاریش دەستگیرکردنیان. لە بەیاننامەیەکدا تۆڕەکە باسی لەوەکرد، "بنەماڵەکان هەڕەشەیان لێکراوە تا داوای کۆبونەوە نەکەن و ساڵیادی ژیان ئەمینی نەکرێتەوە." لە راپۆرتێکیدا لە مانگی رابردوو رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە، بەرپرسانی ئێران "خێزانی قوربانییەکانیان رووبەرووی ڕەشبگیری و دەستگیرکردن کردووەتەوە و سنوردارییەتی توندیان چەسپاندووە کە نابێت لەسەر گۆرەکانیان گردبوونەوە ساز بکرێت و هەندێکجاریش گۆڕی قوربانییەکانیان شێواندووە." لە مانگی رابردووشدا ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، رووبەرووی تۆمەتی "پروپاگەندەکردن دژی سیستەمی دەسەڵات" کراوەیەوە و ئەگەر تاوانبار بکرێت ئەوا لەنێوان ساڵێک بۆ سێ ساڵ زیندانی دەکرێت. بەرپرسانی ئێران دەڵێن لە خۆپیشاندانەکاندا ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان لەلایەن "ئاژاوەچی و رێگرەوە کە پشتیوانی دوژمنی بێگانەیان هەیە" کوژراون.