دادگای باڵای فەرەنسا: قەدەغەکردنی باڵاپۆشی دژی ئازادی ئایینی نییە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دادگای باڵای ئیداری فەرەنسا رایگەیاند ئەو تانانەیان رەتکردووەتەوە کە دژی لەبەرکردنی پاڵاپۆشی یان عەبا تۆمارکرابوون و دەڵێت، بڕیاری قەدەغەکردنی ئەو جۆرە جلە لە شوێنە گشتییەکاندا هیچ زیانێکی نییە و بێڕێزی نییە بۆ ژیانی تایبەتی موسوڵمانەکان.
لە مانگی رابردوودا حکومەتی فەرەنسا بڕیاڕیدا کە باڵاپۆشی (عەبا) لە قوتابخانەکاندا قەدەغە بکات بەهۆی ئەوەی کە لەگەڵ یاساکانی سیکولاریزم یەکناگرێتەوە. پێش چەند ساڵێکیش لەچک لەسەرکردن لە شوێنە گشتییەکاندا قەدەغەکرا لە وڵاتەکەدا.
چەندین رێکخراوی ئیسلامی و موسوڵمانان لە ئەنجومەنی دەوڵەت، ئەو دادگا ئیدارییەی کە باڵاترین دادگایە بۆ وەرگرتنی تانە لە بڕیارەکانی حکومەت، تانەیان لە بڕیارەکەی حکومەتی فەرەنسادا بەڵام دادگاکە تانەکانی رەتکردەوە. ئەو رێکخراوانە دەڵین کە بڕیارەکە دەبێتە هۆی دروستکردنی "جیاکاری" و "چاندنی رق" لە کۆمەڵگەی فەرەنسیدا.
دادگاکە دەڵێت، ئەو تانانەی رەتکردووەتەوە کە داوایان کردبوو بڕیارەکە هەڵبوەشێنرێتەوە چونکە بڕیارەکە لەسەر یاسای فەرەنسا داڕێژراوە و "نابێتە هۆکار بۆ زیانگەیاندنی جدی بە تایبەتمەندێتی ژیانی تاکەکان، ئازادی ئایین و هەروەها مافی خوێندن."
بەهۆی بڕیارەکەی حکومەتی فەرەنساوە، نارەزایەتی گەورە دروستبووە لەنێو موسوڵمانانی فەرەنسا و لە هەفتەی رابردوودا لەکاتی سەرەتایی ساڵی نوێی خوێندن 300 کچ دژی بڕیارەکە وەستانەوە و دواتر زۆربەیان رازیبوون کە عەباکانیان بگۆڕن، بەڵام 67 کەسیان بە بریارەکە رازی نەبوون و نێردرانەوە بۆ ماڵەوە.
فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتە ئەوروپیانەی کە زۆرترین موسوڵمانی تێدا دەژی و ژمارەیان نزیکەی شەش ملیۆن کەس دەبێت.