هاوڵاتی میدیای پارتی بڵاویکردەوە، بە سەرۆکایەتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەشتە بەغدا و لەسەر داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان و پرسی داهات و گومرگ گفتوگۆ دەکەن. میدیای پارتی رایگەیاند، رێبەر ئەحمەد سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات و لەگەڵ عومەر وائلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق کۆدەبنەوە. هەروەها باس لەوەش کراوە، ساماڵ عەبدورەحمان بەڕێوبەری گشتی گومرکی هەرێم ئەندامی شاندەکەیە و ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەشداری کۆبوونەوەیەکی دەستەی گشتی خاڵە سنوورییەکانی عێراق دەکەن. چەندین جارە شاندی حکومەتی هەرێم دەچنە بەغدا بۆ مەبەستی دەستەبەرکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق، بەڵام هیچ جارێک بە ئەنجامێکی ئەرێنی نەگەڕاونەتەوە. دواینجار کە شاندەکەی هەرێم لە بەغدا گەڕایەوە، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "بەغدا سیاسەتی برسیکردن بەرامبەر هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکات."
هاوڵاتی ئاسۆ کەمال، بەرێوبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سڵێمانی رایگەیاند، لە درەنگانی شەوی رابردوو سێ بومەلەرزە لە هەرێمی کوردستان رویداوە و ناوچەکانی گەرمیانی گرتووەتەوە. ئاسۆ کەمال وردەکاری لەسەر بومەلەرزەکانی شەوی رابردوو خستەڕوو و رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو کاتژمێر 12:37 خولەک بومەلەرزەیەک بەگوڕی 3.8 پلە بە پلەی رێختەر رویداوە و دواتر لە کاتژمێر 12:42: خولەک و 12:43 خولەک دوو بومەلەرزەی تر رویداوە بە گوڕی 4.3 و 4.7 پلەی رێختەر. ئاسۆ کەمال باسی لەوەش کرد، بومەلەرزەکان ناوچەکانی گەرمیانی گرتووەتەوە، بەتایبەتی چەمچەمال و دووزخورماتوو و کەرکوک. ئاسۆ کەمال هۆکاری روودانی ئەم بومەلەرزە مامناوەندانەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "هەرێمی کوردستان نزیکە لە پلێتی عەرەبی و نزیکی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پلێتی فارسی و بومەلەرزەی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس."
هاوڵاتی دەیڤد بارنیا، بەرێوبەری گشتی دەزگای هەواڵگری مۆسادی ئیسرائیل هەڕەشەی توند لە ئێران دەکات و دەڵێت، ئەوانەی پلان داڕێژەری هێرشن بۆ سەر ئیسرائیل لە قوڵایی ئێران و "دڵی" تاران‌دا دەستیان پێیان دەگات. ئاژانسی ئەسۆشەیەتد پرێسی ئەمریکی لە راپۆرتێک‌دا بڵاوی کردووەتەوە، دەیڤید بارنیا لە کۆنفرانسێکی ئاسایش‌دا وتوویەتی:" ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی لە ساڵی رابردوودا 27 هەوڵی تیرۆریستیان لە ئەورووپا و ئەفریقا و باشووری ئاسیا و ئەمریکای باشوور پووچەڵکردۆتەوە کە لەلایەن ئێرانەوە پلانیان بۆ دارێژرابوو." بەڕێوەبەری گشتی مۆساد هەڕەشەی توندیش لە ئێران دەکات و لە کۆبونەوەکەدا وتوویەتی، "پەیامی ئێمە روون و ئاشکرایە، ئەوانەی بڕیاری وا ئەدەن و تیمی تیرۆر دەنێرن، دڵنیابن دەستمان پێتان ئەگات بۆ ئەوەی بزانن دادپەروەری چۆن جێبەجێ ئەکرێت." دەیڤد بارنیا، باسی لەوەش کردوە کە وڵاتەکەی "بە شوێن ئەوانەوەیە کە پلان داڕێژەرن و ئەوانەی کە کەس ئەنێرن دڵنیابن لە قووڵایی ئێران و لە دڵی تاران‌دا، دەستمان پێیان ئەگات." ئیسرائیل و ئێران ناکۆکی توندیان هەیە و هەریەک یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە تێکدانی سەقامگیری وڵاتەکانیان. ئیسرائیل، ئێران بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی خۆی بەهۆی هەوڵی تاران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی. هاوکات تەلئەبیب زۆرجار لە سوریا هێرش دەکاتەسەر هێزەکانی سەر بە ئێران و تارانیش دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل کار دەکات.
هاوڵاتی مەکتەب سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕسی ئەیلولدا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "جۆرێك له په‌شیمانبوونه‌وه له رێککەوتنەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی دەبینرێت" و هێزە شۆڤێنییەکان ناحەقی بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکەن و مافی خەڵکەکەی زەوت دەکەن. لە 62ەمین ساڵیادی شۆرشی ئەیلولدا مەکتەب سیاسی پارتی رایگەیاند، "له كاتێكدا یادی 62 ساڵه‌ی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلول ده‌كه‌ینه‌وه، عێراق و ناوچه‌كه به بارودۆخی دژوار‌دا تێده‌په‌ڕن، هه‌رێمی كوردستان لەلایه‌ن هێزه شۆڤێنییه‌كانه‌وه، ناهه‌قیی به‌رامبه‌ر ده‌كرێت و مافی خه‌ڵكی كوردستان زه‌وت ده‌كرێت." لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئێستا بۆ هه‌موو لایه‌ك ئاشكرا بووە كه په‌رته‌وازه‌یی ناوخۆیی ته‌نیا لاوازبوون و ماندووكردنی گه‌لی كوردستانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه." دەقی راگەیەندراوەکەی مەکتەب سیاسی پارتی لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلول: شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول، ڕووداوێكی گه‌وره‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م بوو، له ڕۆژگارێك شۆڕش به‌رپا بوو، كه شه‌ڕی ساردی نێوان به‌ره‌ی ڕۆژئاوا به‌سه‌ركردایه‌تی ئه‌مه‌ریكا و به‌ره‌ی رۆژهه‌ڵات به‌سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت (جاران) له‌وپه‌ڕیدا بوو، به‌م هۆیه‌شه‌وه، هه‌رچوار ده‌وڵه‌تی كوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه، به‌سه‌ر ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌دا دابه‌ش ببوون، بۆیه به‌رژه‌وه‌ندیی هێزه ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به جۆرێك یه‌كی گرتبۆوه، به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی كورد له‌و نێوه‌دا جێگه‌ی نه‌بوو. پارتی دیموكراتی كوردستان، دوای شۆڕشی 14ی ته‌ممووزی 1958 و كۆتایی هاتنی سه‌رده‌می پاشایه‌تی، به تایبه‌تیش دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانیی نه‌مر له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، ده‌رفه‌تی كاری سیاسیی له عێراق بۆ ڕه‌خسا و مۆڵه‌تی یاسایی كاركردنی به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا وه‌رگرت، به‌مه‌ش له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا، پارتی دیمووكراتی كوردستان، یه‌كه‌م پارتی سیاسییه له عێراقدا كه مۆڵه‌تی یاسایی كاكردنی وه‌رگرتبێت. گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌لا مسته‌فا بارزانی، ڕووداوێكی گه‌وره‌ی سه‌ره‌تای سه‌رده‌مێكی نوێی عێراق بوو، چونكه سێ مانگ دوای شۆڕشی 14ـی ته‌مموزی ساڵی 1958 گه‌ڕایه‌وه، له به‌غدا هه‌موو چین و توێژه‌كانی عێراق، وه‌ك قاره‌مان پێشوازییان له بارزانیی نه‌مر كرد. گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌لا مسته‌فا بارزانی و چڕكڕدنه‌وه‌ی چالاكیی سیاسیی له به‌غدا، بۆ گه‌لانی عێراق‌و به تایبه‌تیش بۆ گه‌لی كوردستان و پارتیمان، سه‌رچاوه‌ی هێز و ئاماده‌كاری بوو بۆ قۆناغێكی نوێ. به‌و پێیه‌ی له سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا 1921-1958 ، هیچ ده‌ره‌تانێك بۆ جموجۆڵی سیاسی، له كوردستان و عێراقدا نه‌بوو، ده‌وڵه‌تی عێراق هه‌موو هێز و توانای سه‌ربازیی، بۆ ناچاركردنی گه‌لی كوردستان ته‌رخان كردبوو، كه مل بۆ بڕیاری نێوده‌وڵه‌تیی لكاندنی كوردستان به عێراقه‌وه بدات، بۆیه هه‌موو هه‌ستان و شۆڕشه‌كانی ئه‌و ڕۆژگاره به ئاگر و ئاسن وه‌ڵام ده‌درایه‌وه، وه‌ك شۆڕشی كورد له ناوچه‌ی سلێمانی به سه‌ركردایه‌تی شێخ مه‌حموودی حه‌فید و شۆڕشی ئیبراهیم خانی ده‌لۆ له ناوچه‌ی كفری و هه‌ستانه‌وه و ڕاپه‌ڕینی ناوچه‌كانی زاخۆ و ئاكرێ. دوای ئه‌و شۆڕش و ڕاپه‌ڕینانه، دوو شۆڕش له ناوچه‌ی بارزان 1931 به‌سه‌ركردایه‌تی شێخ ئەحمەد بارزانی و شۆڕشی 1945 به سه‌ركردایه‌تی مه‌لا مسته‌فا بارزانی هه‌ڵگیرسان، كه حكوومه‌تی عێراق به پاڵپشتی به‌ریتانیا، هه‌موو توانای ماددی و مه‌عنه‌ویی بۆ كوژاندنه‌وه‌یان ته‌رخان كردبوو. پارتی دیموكراتی كوردستان، وه‌ك یه‌كه‌م حزبی مۆڵه‌ت پێدراو له عێراقدا، كاری بۆ پێكه‌وه‌ژیانی گه‌لانی عێراق كرده ئه‌وله‌ویه‌ت، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی عه‌بولكه‌ریم قاسم یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی سه‌رده‌می كۆماری، له هه‌موو ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی سه‌باره‌ت به مافه شه‌رعییه‌كانی كورد، به مه‌لا مسته‌فا بارزانی دابوو، په‌شیمان بۆوه، بۆیه بارزانی به ناچاری به‌غدای به‌جێ هێشت و گه‌ڕایه‌وه كوردستان، تا به‌وه گه‌یشت له ئاداری 1961 ڕۆژنامه‌ی (خه‌بات)ی زمانحاڵی پارتی له به‌غدا داخرا و ده‌ست به‌سه‌ر باره‌گا و چاپخانه‌كه‌یدا گیرا. كه له 11ی ئه‌یلوولی 1961دا شۆڕش هه‌ڵگیرسا، مه‌لا مسته‌فا بارزانی هه‌ر له سه‌ره‌تای شۆڕشه‌وه تا ساڵی 1975، هیچ كاتێك ده‌رفه‌تی گفتوگۆی له‌گه‌ڵ به‌غدا له ده‌ست نه‌داوه، بۆیه له 14 ساڵی شۆڕشی ئه‌یلوولدا، له كاتێكدا باسكی شۆڕش زۆر به‌هێز ببوو، به‌ڵام هیچ كات گفتوگۆ وه‌لا نه‌ندراوه. شۆڕشی ئه‌یلوول به ڕابه‌رایه‌تیی بارزانیی نه‌مر و سەرکردایەتیکردنی پارتیمان، ده‌سكه‌وتی زۆری بۆ گه‌لی كوردستان هه‌بوو، یه‌كه‌م شۆرش بوو كه كۆتایی به ناوچه‌گه‌ریی هێنا و شۆڕشێكی سه‌رتاسه‌ری بوو، له ناوچه ڕزگاركراوه‌كاندا لە ساڵی 1964 ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی شۆڕش دامه‌زرا، كه جگه له فه‌رمانده و به‌رپرسانی باڵای شۆڕش، كه‌سایه‌تیی ناوچه جیاجیاكانی كوردستانی له‌خۆ گرتبوو، كه وه‌ك كه‌سانی بێلایه‌ن كاریان ده‌كرد، پێكه‌وه‌ژیانی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی له كوردستان وێنه‌یه‌كی جوانی پیشانی جیهان دا، چونكه هه‌موو ئاین و نه‌ته‌وه‌كانی كوردستان له‌و ئه‌نجوومه‌نه‌دا نوێنه‌ریان هه‌بوو. ڕێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئاداری 1970، گه‌وره‌ترین ده‌سكه‌وت بوو، ڕاسته عێراق لێی په‌شمان بۆوه و جێبه‌جێی نه‌كرد، به‌ڵام به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی گرنگ بوو، ڕه‌وایه‌تیی به شۆڕشی كوردستان و مافه ڕه‌واكانی گه‌لی كوردستان دا. دوای دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش، دادگا و داموده‌زگای به‌ڕێوه‌بردنی بواری ته‌ندروستی و په‌روه‌رده گرنگییان پێ درا، به‌مه‌ش دادگاكانی شۆڕش ئیشی خۆیان ده‌كرد. له كاتێكدا یادی 62 ساڵه‌ی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول ده‌كه‌ینه‌وه، عێراق و ناوچه‌كه به بارودۆخی دژوار‌دا تێده‌په‌ڕن، هه‌رێمی كوردستان كه هێزی خۆی له گه‌لی كوردستان و خوێنی شه‌هیدان و ده‌ستووری عێراق وه‌رده‌گرێت، له لایه‌ن هێزه شۆڤێنییه‌كانه‌وه، ناهه‌قیی به‌رامبه‌ر ده‌كرێت و مافی خه‌ڵكی كوردستان زه‌وت ده‌كرێت. دوای ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵیی عێراق به سه‌رۆكایه‌تیی محه‌مه‌د شیاع سوودانی ڕێككه‌وتن، به‌داخه‌وه جۆرێك له په‌شیمان بوونه‌وه له رێککەوتنەکان ده‌بینین. وه‌ك ئاشكرایه، پێش ڕێككه‌وتنی به‌غدا و هه‌ولێر، ڕیككه‌وتنی لایه‌نه‌كان كرا، كه پارتی دیموكراتی كوردستانیش لایه‌نێكی به‌هێزی ئه‌و ڕێككه‌وتنه بوو، كه ئیئتلافی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی لێ كه‌وته‌وه. پێویسته سه‌یری مێژووی عێراق بكرێ، به‌درێژایی شۆڕشی ئه‌یلوول و دواتریش، گفتوگۆ و دانوستاندن هه‌بووه و به‌غدا پشتی تێكردووه، به‌ڵام ئه‌و پشتكردنه له زمانی گفتوگۆ و هه‌وڵی په‌راوێزخستنی گه‌لی كوردستان، نه‌ك هیچ ده‌سكه‌وتێكی بۆ عێراق نه‌بووه، به‌ڵكو بۆته مایه‌ی ناسه‌قاگیری و قه‌یرانی قووڵ. له یادی 62 ساڵه‌ی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلوول، جارێكی دیکە دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه و ڕایده‌گه‌یه‌نین، كه تاكه ڕێگه‌ی خۆشگوزه‌رانی و پێشكه‌وتنی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، لێكتێگه‌یشتن و ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانه، پێویسته له عێراقدا ده‌ستوور بكرێته حه‌كه‌م، ئه‌وه‌ی عێراقی دوای 2003ی به‌م ڕۆژگاره گه‌یاند، پشتكردنه ده‌ستوور بوو. بۆ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌روایه، كاری پێكه‌وه‌یی و پته‌ویی ناوماڵی كوردستان، كه ئه‌زموونی ڕابردوو سه‌لماندوویه‌تی، تاكه ڕێگه‌ی وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستانه، ئێستا بۆ هه‌موو لایه‌ك ئاشكرا بووە، كه په‌رته‌وازه‌یی ته‌نیا لاوازبوون و ماندووكردنی گه‌لی كوردستانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. به بۆنه‌ی ئه‌م یاده پیرۆزه‌وه، جارێكی دی دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه، كه پارتی دیموكراتی كوردستان، هه‌موو كات یه‌كگرتوویی لایه‌نه سیاسییه‌كان و شان دانه به‌ر به‌رپرسیاریه‌تیی، به لاوه كاری له‌پێشینه بووه، بۆیه هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه ده‌رگای گفتوگۆ و كاری پێكه‌وه‌یی، كه هه‌میشه باوه‌ڕمان پێی بووە، بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان كراوه ده‌بێت. سڵاو له رۆحی بارزانیی نه‌مر ڕابه‌ری كورد و شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول و، کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد. سڵاو له گیانی شه‌هیدانی شۆڕشی ئه‌یلوول و ته‌واوی شه‌هیدانی كوردستان. پیرۆزبێت 62 ساڵه‌ی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی سه‌رتاسه‌ریی كوردستان مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان 10ی ئه‌یلوولی 2023
هاوڵاتی سەرۆکی لقی یەکێتی مامۆستایانی دهۆک رایگەیاند، دەوامی ساڵی نوێی خوێندن لە سنوری پارێزگاکە بەشێوەیەکی ئاسایی دەبێت و هیچ هەوڵێک نییە بۆ بایکۆتکردن. وەهبی یونس، سەرۆکی لقی یەکێتی مامۆستایانی دهۆک لە لیدوانێکیدا بۆ هاوڵاتی رایگەیاند، "رۆژی چوارشەممە بەشێوەیەکی ئاسایی دەرگای خوێندنگاکان لەسنوری پارێزگای دهۆک دەکرێنەوە و مامۆستایان دەچنەوە ناوەندەکانی خوێندن، بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەت دیاریکردوە دەوام دەکرێت و بایکۆت ناکرێت." بڕیارە رۆژی چوارشەممە 13ی ئەیلولی 2023 ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکات. مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی بایکۆتی دەوامیان راگەیاندووە بەهۆی وەرنەگرتنی موچەکانی مانگی تەموز و ئابەوە. تا ئێستا حکومەتی هەرێم نەیتوانیووە موچەی ئەو دوو مانگە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات بەهۆی ئەوەی رایگەیاندووە کە پارەی پێویست لەبەردەستدا نییە بۆ موچە و بەغدا "سیاسەتی برسیکردن پەیڕەو دەکات." حکومەتی هەرێم تا ئێستا بڕیاری نەداوە کە قەرزەکەی حکومەتی عێراق وەربگرێت کە 500 ملیار دینارە و لەگەڵ داهاتی ناوخۆ دەتوانێت بەو بڕە پارەیە موچە دابین بکات و تەنها 100 ملیار دینار کورتهێنانی دەبێت. وەهبی یونس سەبارەت بە پرسی بایکۆت کردن لە پارێزگای دهۆک دەڵێت، ئەوان پەیوەستن بە سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایان و "تا ئێستا ئاگادار نەکراوینەتەوە لەبارەی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن."
هاوڵاتی د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، وەزیری دارایی پێی راگەیاندووە لە شەش مانگی سەرەتایی ئەمساڵدا بەشە بودجەی هەرێم زیاتر لە بڕە نێردراوە کە بۆی دیاریکراوە و ئێسستا حکومەتی هەرێم نزیکەی شەش ترلیۆن قەرزاری حکومەتی عێراقە. د. نەرمین مەعروف سەبارەت بە کۆبونەوەی وەزیری دارایی و لیژنەی دارایی پەرلەمان بە میدیای فەرمی یەکێتی راگەیاند، "وەزیری دارایی لەكۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەكەمان پێی راگەیاندین، كە شایستە داراییەكانی هەرێممان بە زیادەوە ناردووە، چونكە مامەڵەمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بەپێی رێككەوتن بووە نەك یاسای بودجە". لە کۆبونەوەکەدا وەزیری دارایی عێراق باسی لەوە کردووە، لەو ماوەیەدا حکومەتی هەرێم داهاتی نەوتی و نانەوتی هەشت ترلیۆن دینار بووە و تەنها دوو ترلیۆن و 500 ملیار دیناری شایستەیەتی بۆیە "پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێم پێنج ترلیۆن و 800 ملیار دینار بگەڕێنێتەوە بۆ حکومەتی ناوەند."
هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بۆ ماوەی شەش مانگ قەرزی سزاکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان بەڕیژەی %20 کەمبکاتەوە. بەپێی نوسراوێک کە واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی لەسەرە و ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کراوە، بڕیاردراوە بە "لێخۆشبوونی %20ی قەرزەکانی سزای هاتوچۆ بۆ ماوەی شەش مانگ لە رێکەوتی 28-8-2023 بۆ 28-2-2024." لە نوسراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە لەدوای كۆتاییهاتنی ئەو ماوەیە هەركەسێك پێبژاردن نەدات لەماوەی 30 رۆژدا ئەوا بەپێی بەشی 20 لە یاسای هاتوچۆ ژمارە 86ی ساڵی 2004 مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت. بەپێی ئەو بەندە لە یاسای هاتوچۆ هەر کەسێک لەماوەی دیاریکراودا بڕی پێبژاردنی دیاریکراو نەدات ئەوا پێبژاردنەکە بۆ یەک جار دەبێتە دوو ئەوەندە.
هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەدەست تورکیایەوە و پەیوەندی بە حکومەتی عێراق و هەرێمەوە نەماوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی ئەیلوولی 2023، عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، حکومەتی هەرێم رۆژانە 50 هەزار بەرمیل رەوانەی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات دەکات، بەڵام کێشەکە ئەوەیە "هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان راوەستاوە." لە 25 ئازاری 2023، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە، ئەمەش دوای دروستبوونی کێشە لەنێوان ئەقەرە و بەغدا لەسەر بردنەوەی سکاڵایەک لەلایەن حکومەتی عێارقییەوە دژی بەغدا لە ژوری بارزگانی نێودەوڵەتی لە پاریس کە تێیدا هاتووە پێویستە حکومەتی تورکیا بە یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلار قەرەبووی بەغدا بکاتەوە بەهۆی هەناردەکردنی نایاسایی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە لەنێوان ساڵانی 2014-2018. عاسم جیهاد لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەڵیت، ئەو پرسە "پەیوەندی بە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە نەماوە و ئێستا تۆپەکە لە یاریگای تورکیادایە، دەبێت ئەو رێگە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بدات. ئەگەر ئەو دەرگایە کراوە، هەموو کێشەکان چارەسەر دەبن." بەپێی وتەی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیانەکانی راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم زیاترە لە پێنج ملیار دۆلار.
هاوڵاتی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند سورن لەسەر پابەندبوون بە یاساى بودجە و لەسەر بنەماکانی یاسای بودجە مامەڵە لەگەڵ پشکى هەرێم دەکەن، دەشڵێت، چاوەڕوانی ئەنجامەکانی کۆبونەوەی وەزیری دارایی هەرێم و هاوتا عێراقییەکەی دەکات بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتەکە. ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئەیلولی 2023، محەممەد شیاع سودانی لەسەر ناردنی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەپێی یاسای بودجە مامەڵە لەگەڵ پشکی ھەرێمی کوردستان دەکەن و لەسەر ئەو بنەمایە پشکی هەرێم دەنێرن. سودانی باسی لەوەش کرد، چاوەڕوانی دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی ھەرێم و عێراق دەکەن، بەڵام لەو دۆسیەیەدا زمانی ژمارە لەئارادایە. پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق %12.6 کە دەکاتە زیاتر لە 16 ترلیۆن، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق و هەرێم رێککنەکەوتوون لەسەر یەکلایکردنەوەی ئەو بابەتە و هەردوولا یەکتری بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پابەندییەکانیان بە یاسای بودجە و رێککەوتنەکانەوە جێبەجێ نەکردووە. بەهۆی نەناردنی پشکی هەرێمەوە، کێشە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دروست بووە و تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم موچەی مانگی تەمووز و ئابیان وەرنەگرتووە. حکومەتی هەرێم دەڵێت، ناتوانێت موچە بدات بەهۆی ئەوەی پارەی پێویستی لەبەردەست نییە. حکومەتی هەرێم تا ئێستا بڕیاری نەداوە کە 500 ملیار دینارە قەرزەکەی حکومەتی عێراق وەربگرێت کە بەپێی بڕیارێکی بەغدا بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام دەبێت.
هاوڵاتی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دوو برای شاری دێولانی سەر بە پارێزگای سنەی ئێرانیان بە چەند تۆمەتێکی جیا دەستگیرکرد و سزای زیاتر لە شەش ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنرا. بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی کوردپا، رۆژی شەممە 9 ئەیلوول، دوو برای خەڵکی دێولان، بە ناوەکانی سیروس عەباسی و ئازاد عەباسی، لە چالاکانی مەدەنی و کەلتووری ئەو شارە و مامۆستای زمانی کوردی لە شاری دێولان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و گواستراونەتەوە بۆ زیندانی شاری قوروە. هاوکات فەریدە وەیسی، هاوژینی سیروس عەباسی، لە ئینستاگرامی خۆی هەواڵی دەستبەسەر کردنی ئەم دوو برایەی پشتڕاستکردەوە. دەستگیرکردنی ئەم دوو برایە دوای ئەوە دێت کە مۆڵەتی فەرمی چالاکی "رێکخراوی زانستی کوردستان" لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای سنەوە هەڵوەشێندرایەوە. رێکخراوی زانستی کوردستان ساڵی 2018 لە لایەن فەریدە وەیسی و سیروس عەباسی، دوو هاوژینی خەڵکی شاری دێولانەوە دامەزراو لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا لە بواری فێرکاری زمانی کوردی‌دا کاریان کردووە. بەپێی حوکمی دادگای بەرایی، سیروس عەباسی و ئازاد عەباسی، هەرکامیان بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی سیستم"، بە 10 مانگ زیندان، "تێکدانی سیستمی گشتی" بە 18 مانگ زیندان و "کۆبوونەوە دژی یەکپارچەیی نەتەوەیی" بە 48 مانگ زیندان حوکم دراون.
هاوڵاتی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی لەبەرامبەر دواکەوتنی موچەکانیان هۆشداری دەدەن بە حکومەتی هەرێم کە ماوەی 72 کاتژمێریان پێدەدەن و ناوەندەکانی تەدنروتسی دادەخەن و دەوام رادەگرن. ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئەیلولی 2023، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەندیکای کارمەندانی تەدنروستی لە سلێمانی مۆڵەتی 72 کاتژمێریان دایە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی تا کێشەی موچە چارەسەر بکەن. لە کۆنگرەکەدا سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی راشیگەیاند کە لە ئێستاتدا تەنها نیو دەوام دەکرێت و لەدوای ئەو سێ رۆژەی دیاریکراوە "هەواڵی دڵخۆشکەر" وەرنەگرن دەوام پەکدەخەن و کارەکانیان رادەگرن. تا ئێستا موچەی مانگی تەمووز و ئابی فەرمانبەرانی هەرێم نەدراوە بەهۆی کێشەی بەغدا و هەولێرەوە. بەپێی زانیارییەکان هاوڵاتی، حکومەتی هەرێم هیچ میکانیزمێکی نییە بۆ پێدانی موچە و تاووتوێی گەڕاندنەوەی لێبڕینی موچە لە ئەنجومەنی وەزیران کراوە.
هاوڵاتی بەشێک لە کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی كۆمپانیاكان و دادگای سلێمانی و هەروەها پزیشکانی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کرد بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیان. ئەمڕۆ 10ی ئەیلولی 2023، چەند کارمەندێکی دادگای سلێمانی و کارمەندانی بەڕێوبەرایەتی کۆمپانیاکان لە شاری سلێمانی بەهۆی وەرنەگرتنی موچەکانیانەوە بایکۆتی دەوامیان کرد. هاوکات بەپێی زانیارییەکان، پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند و راهێنراوی گشتی بایکۆتیان دەستپێکرد و دوای کۆبونەوەیان لە هۆڵی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بڕیاری داهاتوویان دەدەن. ئەمە لەکاتێکدایە کە مامۆستایانی هەرێم دوێنێ شەممە بە فەرمی بایکۆتی دەومیان راگەیاند بەهۆی وەرنەگرتنی موچەکانیانەوە. تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان موچەی مانگی تەمووز و ئابیان وەرنەگرتووە و حکومەتی هەرێم هیچ میکانیزمێکی نییە بۆ دابەشکردنی موچە. حکومەتی هەرێم هێشتا بڕیارینەداوە کە قەرزەکەی حکومەتی عێراق وەربگرێت کە 500 ملیار دینارە. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، بەهۆی کێشەی نێوان بەغدا و هەولێر ئەگەری هەیە لێبڕینی موچە بەڕیژەی %21 بگەڕێتەوە و ئەنجومەنی وەزیران تاووتووێی پرسەکەی کردووە. حکومەتی هەرێم پێویستی بە 940 ملیار دینار هەیە بۆ دابەشکردنی موچە و لە ئەگەری وەرگرتنی 500 ملیار دینارەکەی بەغدا، هێشتا 100 ملیار کورتهێنانی دەبێت.
هاوڵاتی میدیای فەرمی یەکێتی بڵاویکردەوە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەگەڵ چەند بەرپرسێک کۆبونەوە ئەنجام دەدات. ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئەیلول 2023، میدیای فەرمی یەکێتی رایگەیاند، بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکایەتی شاندێکی یەکێتی گەیشتە تاران و لە میانی سەردانەكەیدا بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران چەندین كۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وڵاتە ئەنجامبدات. گەشتنی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئێران لەکاتێکدا کە تەنها نۆ رۆژ ماوە بۆ ئەو وادەیەی تاران دایناوە تا چەک دابماڵرێت لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و گواستنەوەیان بۆ چەند کەمپێکی تایبەت. مانگی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە دوا وادە بۆ جێبەجێکردنی داماڵینی چەکی "حزبە دژبەرەکان"یان لە هەرێمی کوردستان 19ی ئەیلولە و ئەو وادەیە بەهیچ جۆرێک درێژناکەنەوە کە لە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ بەغدا ئەنجامدراوە.
هاوڵاتی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند لە کۆبونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بڕیاردرا کێشەی بارەگاکانی شاری کەرکوک چارەسەر بکرێت و گۆڕانکاری ئیداری لەو شارە ئەنجامبدرێت بە شێوەیەک لەگەل رەزامەندی هەموو پێکهاتەکان بگونجێت، دەشڵێت، "پێوستە هەر کەسێک سزا بدرێت کە سەلمێنرا تێوەگلاوە لە روداوەکانی کەرکوک." نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئەنجامی کۆبونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا کردوو و لە کۆوبونەوەکەدا لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن. یەکێک لەو خاڵانەی باس کراوە ئەوەیە پێکهێنانی لیژنەیەکە بۆ ناردنی بۆ کەرکوک تا لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان و سەرجەم پێکهاتەکان کۆبونەوە ئەنجامبدات و کێشەی بارەگاکان چارەسەر بکرێت. لە کۆبونەوەکەدا بڕیاریدراوە کە پشتیوانی بکرێت لە "بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی لەپێناو لێکۆڵینەوە لە راستییەکانی کەرکووک و جەختکردنەوە لەسەر پێویستی ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە بۆ رای گشتی و سزادانى هەر کەسێک کە سەلمێنرا و تێوەگلاوە لە رووداوەکان و سەر بە هەر لایەنێک بێت." هاوکات باس لەوەش کراوە گۆڕانکاری ئیداری ئەنجامبدرێت بە شێوەیەک جێگای رەزامەندی هەموو پێکهاتەکانی شاری کەرکوک بێت و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگای کەرکوک دوانەخرێت و لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت. یەکێک لە خاڵەکانی تریش راگرتنی شەڕی میدیا و گفتوگۆکردن لەسەر جیاوازیی ڕا وبۆچونەکان لە نێو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بوو.
هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی هەینی ٨ی ئەیلوول، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ( تویتەر) دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر " نازیلا مەعرووفیان" کچە رۆژنامەنووسی سەقزی ئیدانە کرد. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆیان لەم بارەوە ئەم کردەوەیان وەک کارێکی پلان بۆ داڕێژراو و قیزەون ناو برد و دەڵێن :" بوێری ژنانی ئێران لە بەرامبەر ئەم کردەوانە، کە بەمەبەستی ترساندنیان بەکاردێت، زیاتر دەردەکەوێت". باسلەوەشکراوە کە " ئەمریکا بەردەوامە لە پشتیوانیکردن لە مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی خەڵکی ئێران و بەردەوامە لە هاوکاری کردنی هاوپەیمان و هاوبەشەکانی بۆ ئەوەی پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران وەڵامدەرەوە بن بەرامبەر بەم ئاکارەیان". نازیلا مەعرووفیان، کچە رۆژنامەنووسی سەقزی کە ٣٠ ئاب، بۆ جاری سێهەم لە ماڵەکەی خۆی دەستگیرکرا، رۆژی چوارشەممە ٧ی ئەیلوول، لە پەیامێکی دەنگی لە زیندانی ئیڤینەوە رایگەیاند :" لە حاڵێکدا دۆخی تەندروستی زۆر خراپ بووە" لە گرتووخانە " دەستدرێژی" کراوەتە سەری. نازیلا مەعرووفیان، کچە رۆژنامەنووسی سەقزی، بە ناڕەزایەتی بە هەڵسووکەوتی بەرپرسە حکوومییەکان و بەرپرسانی زیندان مانی لە خواردن گرتووەو لە پەیامێکدا ئاماژە بە هەموو ئەو ژنانەی لە "بنکەکانی پۆلیس، گرتووخانە و دادگاکان" رووبەڕووی توندووتیژی ئەبنەوە وتوویەتی :" مانگرتنی خواردنەکەی جگەلەوەی ناڕەزایەتییە بەرامبەر بە دۆخی خۆی، دەربڕینی دەنگی هەموو ئەو ژنانەیە کە لە ئێران لە خراپترین دۆخدا ئەژین". هاوکات سەرچاوەیەکی نزیک لە نازیلا مەعرووفیان، پێشتر بە بەشی فارسی دەنگی ئەمریکا راگەیاندبوو کە رۆژی ٣٠ ئاب کاتی دەستگیرکردنی ئەم رۆژنامەنووسە ٧ پۆلیس، دەرگاکەیان شکاندووە لە خەودا دەستگیریان کردووەو بە لێدان و ئەشکەنجە ، بە جلی خەوەوە لە ماڵ بردوویانەتە دەرەوە.
